سیناریۆکانی کۆتایی هاتنی گەردوون لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە

Monday, 14/02/2022, 21:50

6875 بینراوە


کلۆد لێڤی ستراوس: "گەردوون بەبێ مرۆڤ دەستی پێ کرد، بەبێ مرۆڤیش کۆتایی پێ دێت."


مرۆڤی مێژووی دێرین کاتێک سەرنجی داوەتە دەوروبەر و ئاسمانی بێسنوور و خۆر و مانگ و ئەستێرەکان، بە هزر و هۆشێکی ئەندێشەیی کۆمەڵە ئەفسانە و داستانێکی داهێناوە، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانەی دەکرێن دەربارەی چۆنیەتی سەرهەڵدان و کۆتایی هاتنی تەنەکانی گەردوون. ئەمڕۆکە بە پێشکەوتنە مەزنەکەی زانست، مرۆڤ گەلەک نێزیک بۆتەوە لە تێگەیشتنێکی وردی پەیدابوونی گەردوون و دانانی چەند سیناریۆ
یەک بۆ ئەگەرەکانی نەمانی، ئەمەش بە پشتبەستن بە ڕاستییە زانستییەکان، نەک بە بیرکردنەوەیەکی ئەفسانەیی.
گومانی تێدا نییە، ڕۆژێک دێت ئەم هەسارەیەمان لەناو دەچێ و نامێنێت، لەوانەیە پاش ملیۆنان، یاخۆ ملیاران ساڵ بێت، بەڵام پێویستە بزانین کە زەوی تاکە هەسارە نییە، خۆرەکەشمان ئەستێرەیەکە لە یەکێک لە ملیاران ئەستێرەی گەلەستێرەکەمان، ئەمەشیان یەکێکە لە ملیاران گەلەستێرەی دیکەی ئەم گەردوونە.
لێرەدا دەشێ پرسیارێک بێتە پێشمان: ئەم گەردوونە فرەوان و مەزنە چۆن کۆتایی پێ دێت؟ 
زاناکان پێیان وایە وەک چۆن گەردوون سەرەتایەکی هەیە، ئاواش دەبێ کۆتایی هەبێت. بەپێی ئەو زانیارییە زانستییانەی ئەمڕۆکە لەبەردەستن، گەردوون کۆتاییەکەشی هاوشێوەی سەرەتاکەی ڕووداوێکی سەرسڕکەر و ناوازە دەبێت.

ئەگەرەکانی کۆتایی هاتنی گەردوون

زۆربەی هەر زۆری گەردوونناسان وای بۆ دەچن، ئەگەرەکانی چارەنووسی گەردوون بەندن بە شێوازی بەرەوپێشەوە چوون و پەرەسەندنەکەی، بەو واتایەی یان خێڕایی فرەوانبوونەکەی پتر دەبێ و هەتاهەتایە دەکشێت، یانیش بەرەبەرە بەرەو سستی دەڕوات، تا ئەو دەمەی بەتەواوی دەوەستێت. ئەمانە جارێکی دیکە دەوەستنە سەر چەند تایبەتمەندییەکی سەرەکی وەک، شێوەی و چڕی ماددەی ئاسایی و بڕی ماددەی تاریک لە گەردووندا.
بە ڕەچاوکردنی کۆی ئەو فاکتەرانە لەلایەن زاناکانەوە، کۆتایی هاتنی گەردوون بە یەکێک لەو سیناریۆیانە دەبێت؛
 

1- هەڵدڕانی مەزن (Big Rip)

ئەمەیان کاتێک ڕوو دەدات، گریمان فرەوانبوونی گەردوون بەردەوام ببێ هەتا ڕادەیەک گەلەستێرە، ئەستێرە، هەسارە و گشت ماددەکانی گەردوون (ماددەی هەرە وردی ئاستی ژێر گەردیلەکانیش)، نەتوانن پێکەوەبوون و لێکگیرییان بپارێزن، دەرەنجام گەردوون هەڵ بدڕێت.
بۆ تێگەیشتن لە پێوەندی نێوان ئەم ئەگەرە و چڕی گەردوون، پێویستە سەرەتا بزانین چەمکی (چڕی شلۆقی گەردوون) چی دەگەینێت؟ بە پێناسەیەکی سادە، چڕی شلۆقی گەردوون چڕییەکی سنووردار و دیارکراوە، بەوەی هەر دەمێک چڕی ڕاستەقینەی گەردوون گەورەتر بێت لەو ئاستە، ئەوا گەردوون دەبێتە چەماوەیەکی داخراوی وەک ڕووی ناوەوەی گۆیەک، بەمەش هێزی بەکێشکردن دەتوانێت هەموو شتەکان بەرەو یەکدی ڕابکێشێتەوە، لە شێوەی پێچەوانەبوونەوەی تەقینەوەی مەزن کە پێی دەگوترێت داتەپین، یاخۆ داڕمانی مەزن. بە یەکسانبوونی چڕی گەردوون و ئەو چڕییە شلۆقە، وا لە گەردوون دەکات هاوشێوەی ئەوەی پێشوو بەردەوام بێت لە فرەوانبوون، بەڵام بە تێپەڕبوونی ماوەیەکی دوورودرێژ فرەوانبوونەکەی بەرەبەرە خاو ببێتەوە، تا دواجار بەتەواوی بوەستێت. خۆ ئەگەر چڕی ڕاستەقینەی گەردوون بچووکتر بێت لە چڕی شلۆق، گەردوون بەردەوام دەبێت لە فرەوانبوون بە پتربوونێکی یەکجار زۆری خێراییەکەی، تا ڕادەی هەڵدڕانی تێکڕای شتگەلەکان لە گەلەستێرە و ئەستێرەکان و خودی شانەی کاتشوێن (Spacetime)، ئەوەش ناونراوە بە هەڵدڕانی مەزن.
گریمان لێرەدا دوا ئەگەر و هەڵدڕان بۆ چارەنووسی گەردوون بووە ڕاستی، دەبێ هەوڵ بدەین ئەوە تووشی دڵەڕاوکێمان نەکات، چونکە بۆ گەیشتن بەو ڕووداوە ماوەی 22 ملیار ساڵمان لەپێشە، هاوکات خۆرەکەشمان لەو دەمەدا گەلەک لەمێژە بووە بە زەبەلاحێکی سوور و گڕی بەرداوەتە زەوی و پاشان گۆڕاوە بۆ کورتەباڵایەکی سپی. بەهیوای ڕزگاربوونیشمان لەو هەموو گۆڕانکارییانەی بەسەر خۆردا دێن، دیسانەوە زەوییەکەمان 30 خولەک پێش هەڵدڕانی گەردوون دەتەقێتەوە. 

2- بەستانی مەزن (Big Freeze)

بەپێی ئەم سیناریۆیەی کە بە مردنی گەرمیی، یان ساردی مەزن دەناسرێت، گەردوون بە زێدەبوونی خێراییەکەی فرەوان دەبێ و دوورکەوتنەوەی هێشووە گەلەستێرەکان و ئەستێرە و هەسارەکان بەردەوام دەبێت، بەمە بەرەبەرە پلە گەرمییەکەی دادەبەزێ هەتا دەگاتە سفڕی ڕەها (-273 پلەی سەدی)، ئەمەش واتە ئەو قۆناغەی کە گەردوون ناتوانێ هیچ کار و فەرمانێک ئەنجام بدات. بە درێژەکێشانی فرەوانبوونی گەردوون، هەسارەکان زیاتر دوور دەکەونەوە لە ئەستێرەکان، پەرتوبڵاوی گاز و گەردەکانیش لە گەلەستێرەکاندا، دەرەنجام دەبنە هۆی لەدەستدانی سەرچاوەی کەرەستەی خاوی پێویست بۆ چێبوونی ئەستێرەی نوێ.
لەو ڕۆژگارەدا گەردوون دەگاتە بەرزترین و کۆتا ئاستی ئینترۆپی (بەپێی یاسای دووەمی دینامیکی گەرمیی، ڕێژەی ئینترۆپی بەردەوام بەرەو زیادبوونە، هەمیشە گەرمیی لە تەنە گەرمەکانەوە دەگوێزرێتەوە بۆ ساردەکان، تا گەیشتن بە هاوسەنگی گەرمیی)، ئەو ئەستێرانەشی ماونەتەوە بۆ ماوەیەک دسووتێن و دواجار دەکوژێنەوە. گەلەستێرەکان دەبنە گۆڕستانێکی پڕ لە لاشەی ئەستێرە مردووەکان، کاتێکیش شارستانیەتییەکی ژیری گەردوونێکی دیکە دەڕوانێتە ئەوەی ئێمە، هەست دەکەن کە تەنیان، چونکە تیشکی گەلەستێرەکانی گەردوونەکەمان هێندە لاوازە هەرگیز بەوان نەگات. زاناکان زۆربەیان پێیان وایە ئەگەری ئەم سیناریۆیە ئەمڕۆکە لە هەموو ئەوانەی دی پترە.

 3- داڕمانی مەزن (Big Crunch)

ماوەیەکە زاناکان وای بۆ دەچن، داڕمانێکی گەورە دەرەنجامێکی ڕاستەقینە و مسۆگەری تەقینەوەی مەزن دەبێت. بەگوێرەی ئەم سیناریۆیە، گەردوون هەتاهەتایە بەردەوام نابێ لە فرەوانبوون، بەڵکوو بۆ ماوەیەکی نەزاندراو دەکشێ و پاشان دەوەستێت. وەک گوتمان ئەگەر ڕێژەی چڕی گەردوون هێندە بێت کە بتوانێ فرەوانبوونەکەی ڕابگرێت، ئەوا گەردوون دەست دەکات بە داتەپین بۆ نێوخۆی و نێزیکبوونەوەی سەرلەبەری پێکهاتە و تەنۆلکەکانی، هەتا دەگاتە دۆخێکی ناوازە و بێپایان لە چڕی، وەک ئەو خاڵە تاکایەتییەی (Singularity)، لە سەرەتای گەردوون و ناخی چاڵی ڕەشەکاندا هەیە.
زاناکان دەڵین، لەوانەیە ئەم شتە لە ڕابردووشدا ڕووی دابێت، بەوەی گەردوونەکەمان دەرەنجامی ئەڵقەیەکی چەندجارەبووەوەی تەقینەوە و داڕمانە مەزنە یەک بەدوای یەکەکانە. پێویستە بزانین، ئەم سیناریۆیە بەپێچەوانەی دوو ئەگەرەکەی پێشوو، بەندە بە شێوە ئەندازەییەکەی گەردوون، وەک پێشتر ئاماژەمان پێی کرد، تەنیا ئەو دەمە دێتە دی کە گەردوون هاوشێوەی ڕووی گۆیەکی داخراو بێت.
لێرەدا گەردوونناسان، تەقینەوەی مەزن وەک کرداری هەناسە وەرگرتن و ئاوسانی سییەکان دەبینن بۆ گەردوون، پاشان بە هەناسە دانەوە دێتەوە یەک و بچووک دەبێتەوە و ...هتد. ئەم بابەتە لەلایەن زاناکانەوە خراوەتە چوارچێوەی بیردۆزێک، بەو جۆرەی کە گەردوونەکەمان بەشێکە لە سووڕێکی بەردەوامی ملیار و ملیارانبارە لە هاتنەوەیەک و فرەوانبوون. هاوتای ئەفسانەی باڵندەی قەقنەس، ئەوەی لەگەڵ هەموو ئێوارەیەک دەمرێ و بەهاتنی هەموو بەیانییەکیش دەژیێتەوە.

4- هەڵلووشینی مەزن (Big Slurp)

ئەم ئەگەرەمان بۆ دواجار هێشتەوە، لەبەرئەوەی باشترینەکەیانە، هەرچەندە دەشێ لای هەندێکمان خراپترینەکەیان بێت. ئەم بیردۆزە بە تێپەڕبوونی ماوەیەکی کەم بەسەر دۆزینەوەی تایبەتمەندییەکانی بۆزۆنی هیگز (Higgs boson)، ئەوەی کە تەنۆلکەیەکی سەرەتاییە و بارستایی دەداتە ماددە، سەری هەڵدا.
بۆچوونی زاناکان دەربارەی ئەم سیناریۆیە ئەوەیە، ئەگەر بارستایی تەنۆلکەکانی هیگز بۆزۆن یەکسان بێت بەو بارستاییەی زاناکان پێشبینی دەکەن، ئەوا گەردوونەکەمان تووشی کێشەیەکی گەورە دەبێتەوە. ئەمەش بەلایەنی کەمەوە لە ڕوانگەی زانای فیزیکی تیۆریی لە ئەزموونگەی فێرمی (FERMI) کە دەڵێت: کاتێک بە پشتبەستن بەو زانستە فیزیاییانەی هەتا ئێستە دەیزانین، بێین و ژمێرەکردنێکی ڕوون و ئاشکرا ئەنجام بدەین، ڕووبەڕووی هەواڵێکی زۆر ناخۆش دەبینەوە. لەبەرئەوەی ئاماژەیەکە کە لە بنەڕەتەوە خودی بۆشایی سروشتێکی ناجێگیری هەیە. واتە بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک، لەوانەیە لەناکاو و بە خێرایی تیشک لە شوێنێکی ناو گەردوونەکەمان، بڵقی بۆشاییەکی ڕاستەقینەی گەردوونێکی دیکە سەرهەڵ بدات، هەر دەمێکیش چڕی بڵقەکە کەمتر بێت لە چڕی گەردوون، دەبێتە هۆی هەڵلووشین و لەناوچوونی تەواوی گەردوونەکەی ئێمە. بەراستی ئەمەیان کارەساتێکی یەکجار مەزنە، دەزانن بۆ؟ چونکە وا دەکات پرۆتۆنەکانی ناو گشت ماددەکانی گەردوون لێک هەڵبوەشێنەوە. بێگومان ئەمەش شتێکی لەڕادەبەدەر مەترسیدارە، لە شوێنێک و چرکەساتێکدا بڵقێک بێتە کایەوە و بەخێرایی تیشک بڵاو ببێتەوە، دەرەنجام سەرلەبەری گەردوون قووت بدات.
دواجار دەبێژین، ئێمە لە ماوەیەکی گەلەک کورتی مێژووی گەردووندا دەژین، گەردوونێک کە گومانی تێدا نییە، بە یەکێک لەو کارەسات و سیناریۆ ناخ هەژێنانە دەمرێت. بەڵام پاش ئەو هەموو ئەگەرە تۆقێنەرە، یەک شت دەمێنێ بۆ دڵخۆشکردنمان ئەویش، ئەم چەرخەمان باشترین و گونجاوترین کاتە بۆ ژیان کە هەرگیز بەو شێوەیە نەبووە و نابێت، تەنیا ئێستە تاکە سەردەمی زێڕینی گەردوونەکەمانە.
..........................

سەرچاوەکان؛


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە