مرۆڤایەتی و نزیکبونەوە لە جەنگێکی تری جیهانی

Thursday, 17/02/2022, 1:20

4138 بینراوە


نیچە دەڵێت ؛ جەنگ قوتابخانەی ژیانە و هەر شتێک نەمکوژێت بەهێزم دەکات . جەنگ هەمیشە بەشێک بووە لە سروشت و ژیانی مرۆڤ ، جەنگ ڕوویەکی ڕاستەقینەی ژیانە و پانتاییەکی بەرفراوان بۆ مرۆڤ و خەریزەکانی دەڕەخسێنێت ،دەبێتە دەستکەوت بۆ بەهێزەکان و لاوازەکانیش لە ناو دەبات ، لەجەنگدا کەس خەم بۆ پارەو سامان ناخوات تەنها خەمی ژیانی خۆیەتی ، هەموو جەنگێک کاولکاری، ئاوارەیی، کوشتن و دەردەسەری زۆر لەگەڵ خۆی دێنێ و ئیدی هیچی دیکە نامێنێتەوە ، کاتێک جەنگ هەڵدەگیرسێ زمان و دیالۆگ و گفتوگۆو جوڵەی سیاسی کتیبەکان بێدەنگ دەکات، کەس گوێی لە قسە نامێنێ، ئینسانەکان تەنها فریای ئەوە دەکەون یا لە بەرەی جەنگدا بن، یا خۆیان لە ئافاتی جەنگ بپارێزن ، ئەتوانین بڵێن جەنگ ئەو ئاژەڵە ئەفسانەییە ناو بەناو لە خەو هەڵدەستێ و هەموو شتێک لووش دەدات ،بیرمەندی ئەوروپی كلاوزڤیتز دەربارەی جەنگ دەڵێت؛جەنگ درێژەپێدەری سیاسەتە بە شێوازێكی تر.
 سەدەی بیستەم کە بە سەدەی زانست و تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی فکرو فەلسەفەو عەقلانیەت ناسراوە سەدەی جەنگە گەورەکانەو مرۆڤایەتی شەڕی گەورەی بە خۆیەوە بینی ، هیچ جەنگێک هێندەی جەنگی یەكەم و دووەمی جیهانی تۆقێنەر نەبووە ، جەنگی یەكەمی جیهانی (١٥٦٥) ڕۆژی خایاند، لە ئابی ساڵی (١٩١٤) زاینیدا رووی دا و لە ١١ـی تشرینی دووەمی ١٩١٨ كۆتایی هات،لەم جەنگەدا (١٠) ملیۆن کەس بوونە قوربانی و (٦)ملیۆن کەس بێ سەروشوێن بوون و (٢٤)ملیۆن کەسیش کەمئەندام بوون ، دوای جەنگی جیهانی یەکەم مرۆڤایەتی کەوتە ناو جەنگێکی تری جیهانیەوە کە ئەویش جەنگی دووەمی جیهانی بوو،جەنگی دووەمی جیهانیش لە ساڵی (١٩٣٩) دەستی پێكرد و دوای شەش ساڵ کۆتایهات ، لەم جەنگەشدا (٣٦) ملیۆن کەس بوونە قوربانی و(٢٤) ملیۆن کەسیش کەمئەندام بوون ، (٧١) هەزار شارو گوندیش وێران بووزیاتر لە  (٣٢) هەزار کارگەیش تێکشکێندرا سەرباری زیانە ئابورییەکان کە پسپۆرانی بواری ئابوری بە بە (١٠٠ بۆ ٢٠٠ ) مليار دولار خەمڵاندیانە ،بەگشتی لە مێژووی پێنج هەزار ساڵی مرۆڤایەتیدا زیاتر لە ١٤ هەزار جەنگ تۆمارکراون کە بەهۆیەوە زیاتر لە (٤) ملیاركوژراون كە دەكاتە 3/2 ی كۆی سەرجەم ژمارەی مرۆڤایەتی ئەمرۆی سەر زەوی.
دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی دووەمی جیهانی لە کۆتایی چلەکاندا جەنگی سارد دروست بوو، جەنگی سارد ئیمپریالیستەکان ئەمریکا دژ بە یەکێتی سۆڤیەت گرتییەبەر ، ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت دوو وڵاتی زلهیزی  دوای جەنگ بوون ، هەریەک لە ئەمریکاو یەکێتی سۆڤیەت ھاوپەیمانی تایبەت بە خۆیان هەبوو، وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژھەڵات ( ئۆکرانیا ، بیلاڕوس ، کۆماری چیک ، ڕۆمانیا ، لیتوانیا ،لاتیڤیا، مۆلدۆڤا، پۆڵەندا ، مەجارستان و ئەستۆنیا )ھاوپەیمانی ڕوسیا بوون و وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاواش  ئیسپانیا ، پورتوگال ، فەرەنسا ،ئیتالیا، ئەڵمانیا، نەمسا، سویس،بەریتانیا ، ئیرلەندا،دانمارک ، هۆلەندا، بەلجیکا،ماڵتاو چەند وڵاتێکی تر پشتیوانی ئەمریکا بوون، پرۆژەی مارشاڵی ئەمریکا لەساڵی ١٩٤٧ هەژموونی سیاسی ئەمریکا بوو بەسەر وڵاتانی ئەوروپادا لەپاڵ بانگەشەی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوریدا  ، ستالینیش لای خۆیەوە دژ بە هەنگاوەکانی هاری ترۆمان سەرۆکی ئەمریکاو پرۆژەی مارشاڵی ١٩٤٧  پلانی مۆنۆلۆڤی بەکارهێنا کە پلانێک بوو بۆ بەرەنگاربونەوەی پرۆژەکەی مارشاڵ، دواتر ململانێی نێوان ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت و هاوپەیمانەکانی درێژە دەکێشێ بۆ پرسی دروستبوونی هاوپەیمانیەتی ناتۆ ١٩٤٩ و پرۆژەی مانهاتن و پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و جەنگی ناوخۆی چین و جەنگی کۆریاو جەنگی ڤێتنام و ئەفغانستان هەتا بۆشایی ئاسمانیشی گرتەوە کە دواجار لەسەردەمی گۆرباچۆف یەکێتی سۆڤیەت شکست دەهێنێت و لە ساڵی ١٩٩١ هەڵدەوەشێتەوە ، جەنگی جیهانی یەکەم نەخشەی سیاسیی و جوگرافی و کلتوری جیهانی گوڕی بەلام جەنگی دووەمی جیهانی نەخشەی کیشوەرەکانی ئەوروپای گوڕی . 

دوای ئەوەی جەنگی سارد کۆتاییهات، جیهان ئومێدی دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی پڕ لە ئاشتی کرد، بەڵام ئەوەی مرۆڤایەتی ئومێدی بۆ دەخواست بەدەستنەهات، لە دوای رووخانی یەكێتیی سۆڤیەت و كۆتایی جەنگی سارد، لە كۆی چوار سەرۆكی ئەمریكا، سێیان رووبەڕووی مەترسی بەرپابوونی جەنگی سێیەمی جیهانی یان قۆناغێکی تری نوێ لە جەنگی سارد بونەتەوە هەریەک لە (بیل کلنتین ) ١٩٩٣ و ( جۆرج دەبلیو بووش) ٢٠٠١ و (باراك ئۆباما ) هۆشداری سەرهەڵدانی جەنگی جیهانیی سێیەمیان داوە ، ئەو جەنگەی کە ئیستا لە سوریا و لیبیاو عێراق و یەمەن و فەلەستین و بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە جەنگێكی نێوخۆیی نییە، بەڵكو جەنگێكی بەوەكالەتی نێودەوڵەتییە، هەموو ئەو جەنگانە چەند لۆکاڵی و ناوچەیی بوون، دوو هێندە نێودەوڵەتی بوون و وڵاتانی هەرێمیهێڵی سووری خۆیانی تێدا دەكێشن بەڵام زلهیزەکان بە تایبەتی ئەمریکاو ڕوسیا دەسەڵاتی یەكەمی كێشانی ئەم هێڵە سوورەیان لەدەستە، ئیستا زیاتر لە سێ دەیە بەسەر رووخانی دیواری بەرلیندا تێدەپەڕێت و شەڕەکان زیاتر ئاڵۆزتر بوون، لەپاڵ دیمەنە سیاسیەکاندا جەنگەکان سیمای جیاوازیان هەیە ، یەکێک لە سیماکانی دیاری هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانی سێیەم ئەوەیە کە نوێترین تەکنەلۆژیا و چەکی بایۆلۆجی تێدا بەکاردەهێنرێت کە جیاوازە لە جەنگە کلاسیکییەکان زۆرترین زیان بە مرۆڤایەتی دەگەیەنێت ، دواجار هەموو جەنگێک کۆڵەکەکەی بریتی یە لە ئابوری و سیاسەت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە