گوێ بگرە ئەی پیاوی بچووک

Thursday, 17/02/2022, 1:23

18368 بینراوە


خۆت لێ لە قەبارەی خۆت گەورەتر نەبێت. قەبارەت هەر ئەوەندەیە کە ئێمە ئەیبینین، کە لە دەرەوەی تۆوە تەماشات دەکەین، نەك بەو چاو و ئیدراك و مێشکەی خۆت کە خۆتی  پێ ئەپێویت. هەستەکانت لە نیشاندانی قەبارەی  خۆت، دڵنیابە درۆت لە گەڵ ئەکەن، چونکە گوێچکەکانت پڕ بوون لە پیاهەڵدانی درۆ و بە پارە کڕدراو. ئەو بودەڵانەی کۆمەڵگا کە بێ شەرم بۆت ئەنووشتێنەوە، مرۆڤی تەواو نین و بۆ هەر نووشتانەوەیەک چەردەیەک پارە لە سەر ڕاستگۆکان کەوتووە. خۆ ئەگەر ئەو پارانە دادپەروەرانە دابەشبکرابان، ئەو دەم لە بەر چاوی هەموواندا، بە بێ ئەوەی ئاوێنە بۆ خۆبینین بگەڕێی، گەورە دەبووی. ئەوانە تۆیان لە بەر چاوی خۆتدا گەورە کردووە و لە بەرچاوی زۆربەش بچووک. بزانە یان کۆنە خائینن یاخود جەردە و ناکەس بەچەن. بۆیە وا باشتر بوو بە چاوەکانت و مێشک و ئیدراکیشت هەڵنەخڵەتێی و خۆت وەکو خۆت ببینی یان چاوەڕوان بی بزانی زۆرینە چۆن ئەتبینن. باوەڕ ناکەم  (ڤیلیام ڕایش)یش بناسی. بە هەر حاڵ دکتۆرێکی دەروونناسە و کاتی خۆی کتێبێکی نووسی بوو. ئەگەرچی  کۆنە، بەڵام بۆ ئەمڕۆ و دۆخی بەڕێزتان زۆر گونجاوە، چونکە وا هەستەکەم بە پیاوە بچووکەکەی ناخی خۆت هەڵخەڵەتابی، ئەو پیاوە بچووکەی ناخی مرۆڤە دۆڕاو و بودەڵەکان کاتێ پیاوە مرۆڤانەکەی دەرەوە کۆنتڕۆڵ ئەکەن. ئەمە وتەی من نیە، ئەمەیان قسەی ڤیلیام ڕایشە لە کتێبە بەناوبانگەکەی کە ناونیشانەکەی (تەماشایەکی سەرەوە بکە تا لە یادەوەریت بچەسپێت)، چونکە کاتم نیە ئەوەشت بۆ ڕوون بکەمەوە. بەڵام ئەتوانی تەکلیفێک لە یەکێک لە کۆڵکە خوێنەوارەکانی دەوری خۆت بکەی، کە لە جیاتی شیکردنەوەی درۆ گەورەکانی مێژوو ئەم کتێبەت بۆ بخوێننەوە. 
بەڕێز هەرگیز هەست بە ئیهانە مەکە، بەم قسانە. چونکە ئەمەی من ئەیڵێم دڵسۆزییە نەک دوژمنایەتی. بە خوێندنەوەی ئەم نووسینە بچۆرە بەردەمی ئاوێنە و تەماشایەکی خۆت بکە.  بزانە خۆت بە چی دێتە بەر چاو؟ ئەگەر چی ئەو مادەیەی شووشەی ئاوێنەی پێ داپۆشراوە ئەوەندە وردە هەر ڕووناکییەکی بەر بکەوێت ڕێک هەمان ڕووناکی و وێنە دەداتەوە بە چاوەکانمان. واتا ئەگەر پشیلە بیت، پشیلە و ئەگەر شێریش بیت شێر ئەبینیت.  بەڵام  من سەیرم لێ نایەت کە جەنابتان پشیلەش بن و هەر خۆتان بە شێر دێنە بەرچاو. چونکە ئەوەندە قان بوون بە وەسفی درۆی بە شێر بوونی خۆتان و ئەوەندەش بە پێشڕەو و پاڵەوان کراون، بۆیە لە ئاوێنەدا خۆتان هەر بە شێر دەبینن. بەڵام هەوڵ بدە  دوو کەسی ڕاستگۆ و دوور لە حاشییە و خەدەم و حەشەم بدوێنی یان بگەڕێ بە دوای ئەوانەی زۆرت ئامۆژگاری ئەکەن یان ڕەخنەی توندت ئەکەن، بزانە ئەوانە چۆن ئەتبینن. دڵنیابە ئەمڕۆ زۆرینە وەکو خۆت کە پشیلەی، وات ئەبینن نەوەکو شێر. چونکە لە ڕاستیدا تۆ شێر نیت. چونکە شێر شێرە و بێ منەتە لەوەی خۆی وا ببێنێ و پێویستی بە وەسف کردن نیە  و ئاوێنەشی نەگەرەک بۆ خۆ بینین، بڕوانە ماندێلا و گاندی. خۆ ئەگەر هەر خۆتان بە شێر دەبینن، کەمێک بیر بکەنەوە و بزانن کە بە درێژایی ژیانتان کام بەردی زلتان هەڵگرتووە و هاویژتووتانە و قورستر ڕوو بە ڕووی خۆتان نەگەڕابێتەوە. هەر بۆ زانیاریشتان کە بەردی شێر بە پشیلە ناهاوێژرێ و چونکە گەر بەر هەر دیوارێکی کەمێک ڕەق بکەوێت و نەیبڕێت، ڕوو بە ڕووی خۆی لە کاردانەوە و بە هێزێکی دوو بەرانبەر بەر خۆی ئەکەوێت. ئەمەش یاسایەکی فیزیکییە. بیر بکەرەوە بزانی چەند بەردی وات بە سەر خۆتدا کێشاوە؟ هیوادارم بەو کبریائەی ناخی خۆت بڵێی: دە گوێ بگرە ئەی پیاوی بچووك، تاوەکو کەمێک گەورەتر بنوێنی لە چاوماندا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە