بێ ووڵاتیمان

Friday, 18/02/2022, 19:54

3474 بینراوە


لە نەوت و غازی دوو سەدەی بیستەم و بیست و یەکەم لە سەد ساڵی ڕابردوو لە نێوان(١٩٢٧و٢٠٢٢)دا


لەسەدەی بیستەم کە مۆدیلی دروست کردنی دەوڵەت لەبۆ گەلانی بن دەست لە ئارا دا بوو لە ساڵی ١٩٢٧ نەوت لە کەرکوک دۆزرایەوە و ململانێی کورد و عارەب سەرەتا لە جیاوازی پێکردنی لەسەر ئیش پێ نەکردنی کرێکاری کورد لە شەریکەی نەفتی شیمال دەستی پێکرد لە بەرامبەر کرێکای عارەب و تورکمان و پڕیشکی گەیشتە شەڕی(کورد و عارەب) لەسەرەتای ساڵی ١٩٦١ و دواتر تاکۆتایی ساڵی ١٩٧٤ و ئاش بەتاڵ پێکردنی خەونی کورد لە نەوتی خۆمان بۆ خۆمان لە بەرامبەر نفط العرب العرب پاشانیش لە ساڵی ١٩٧٦ هەتا ساڵی ١٩٨٨ و ئاشبەتاڵی دەستە جەمعی بەرەی کوردستانی.
ئەو جارەیان سەرەتا لە سەرەتای ساڵی٢٠١٢ی سەدەی بیست و یەکەم بە هەڵەیەکی کوشندەی ئیتیفاقیەی نهێنی ستراتیجی نێوان پارتی یەکیتی نەوت دەرهێنرا و سوکانەکەی بەدەستی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی سوڕێنرا.
هەتا جارێکی دی ئیتیفاقیە پەنجا ساڵیە نهێنیەکەی نێوان مەسعود بارزانی و ئاردۆغان بە ناوی ئابووری سەربەخۆ نێچیرڤان بارزانی هەڕاجی کرد بە کەمترین نرخ و زۆرترین تێچووی دەرهێنانیشی بەسەرداهات. قەرزێکی زۆری بەسەردا کەڵەکە کردوین و گەلێکیان گرەوی دۆسیەی دادگایان لە غەشیمی وان بردەوە و ملیاردێری خۆیانیان پێ ڕاگەیاند.
یەکەم بە سوودی وڵاتی تورکیاو پارتی ئاکەپە دووەم بە سوودی کۆمپانیاکان و بە تەنیا خودی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و بە گشتی بە زیانی خەڵکی کوردستان کە سەرەتایەکەی بە بڕینی مووچە دەستی پێکرد بەناوی پاشەکەوت لە ساڵی ٢٠١٦و دواتر فێڵی ڕیفراندۆم و لەدەست دانی کەرکوک لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی٢٠١٧.
ئەو جارەیان جیا لە هەموو جارەکانی تر گەمەیەک نا بەڵکو شەڕێکی ڕاستەقینەی زۆر ترسناک لەسەر غاز دەستی پێکردووە سەرەتا لە نێوان یەکێتی و پارتی و پەلی هاویشتۆتە ناو عێراق و کوردستان.
گەمە پێکەرەکانی زۆر زۆرتر و زیاتریشن کە تورکیاو و قەتەر و ئیمارات بە ئاشکرا و بە نهێنیش ئیسرائیل لە بەرەیەک و ئێران و عێراقیش لە بەرەیەک. هەڵسوڕێنەرەکەشیان کوڕ و برازایەکەی مەسعود بارزانیە بە ناوی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت. بێ دەخل ترین و بێ ئاگا ترینیشیان میللەتە بێ ئاگا و دابەشکراوەکەی نێوان لایەنگیرانی پارتی و یەکیتی و خەلکی تری بێ لایەنە کە ئەوەی دواییان کەمترین دەسەڵاتی هەیە لە فشار و بەشی زۆرینەی کۆمەڵگاشن لە کوردستان.
ئەمەش هەموو بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە هەتا ئێستا نەتوانراوە بەرەیەکی سیاسی ڕاستەقینە جیا لە پارتی و یەکێتی دروست بکرێت کە بتوانی کاریگەری هەبێت لەسەر شەقامی بێ ئاگای کوردی و فشار بخاتە سەر تاڵانکەرانی نەوت و غازی کوردستان کە چیتر بۆ مەرامی دوژمنان بە کار نەبرێت.
دەنا سەد ساڵی تریش دەبێ چەندان نەوەی ترمان لە ناو وەهمی دروست کردنی دەوڵەت بخولێتەوە لە چاوەڕوانی دەیان کارەساتی تری وەک هەڵەبجە و ئەنفال و ئەو جارەیان کاریگەری نەرێنیان بۆ پارچەکانی تری کوردستانیش دەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە