ئەو هەواڵەی کە دەبوو پێمان ناخۆش بێت بەڵام..

Friday, 18/02/2022, 20:19

3695 بینراوە


دوێنێ  دادگای فیدڕاڵی عێراق له‌بڕیارێكدا رایگه‌یاند کە {یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستوری نییه‌.}
گەر ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت{ئومێدەوارم جێبەجێ بکرێت}،ئەو دەمە مافی فرۆشتنی نەوت و غاز لە حکومەتی هەرێم وەردەگیرێتەوە .
بە پێی  بڕیارەکە، فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم تەنها لە دەسەڵاتی بەغدا دەبێت و هەر حکومەتی بەغداش مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەکات.
دڵنیام کە زۆربەی تاکی کورد [جگە لە سەرانی یەکێتی و پارتی و کۆمپانیاکانیان  کە ئەم بڕیارە لە بەرژەوەندیان دەدات]،خۆشحاڵن بەم هەواڵە.  خەمساردی تاکی کورد لە ئاست ئەم بڕیارەدا ،یا خود باشتر بڵێم خۆشحاڵییان پێی  ،بێگومان  سەبەبکار دەسەڵاتی گەندەڵە ،بەوەی ئەم دەسەڵاتە نەیتوانیوە یا نەیویستوە گەر بڕێکی کەمیش بێت لەو داهاتە لەخزمەتی هاوڵاتیاندا بەگەڕ بخات. ئاشکرایە  هاوڵاتی هەرێم هەرگیز سودمەند نەبووە لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و غاز،بەڵکو چووەتە گیرفانی دووبنەماڵە و کۆمپانیاکانیان و مافیاکانیانەوە.
گەر چووت حیزب یا ڕوونتر بڵێم جووت بنەماڵە دۆسیەی نەوت و عاز،لە گرێبەست و دەرهێنان و داهاتی فرۆشتنی بە شەفافانە ئاشکرا بکردایە ،نەک تەنها چەند کەسێک ئاگاداری ئەو دۆسیە هەستیارو پڕ داهاتەبن ،یاخود بە عادلانە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان و پشکەوتنی بژێویان خەرج بکرایە ، بەدڵنیاییەوە ئەو دەمە هاوڵاتیانی هەرێم دژی ئەو بڕیارە دەوەستانەوە  بە حەماسەوە دەڕژانە سەرشەقامەکان و خۆپیشاندانیان دەکرد.مەخابن ئەوە ڕوونادات ،چونکە وەک پێشتر ئاماژەم پێدا لەبری خێروسود ، نەهامەتی و نەداری بەشیان بووە ،  وەک هاوڵاتیان خۆیان دەڵێن دووکەڵ و ژەهرەکەی بۆ ئێمەیەو پارەکەشی دەچێتە گیرفانی مافیاکان.
ئاخر  لۆژیک چۆن قەبوڵی دەکات هەرێمێک هەشت ساڵە ڕۆژانە نزیکەی 700000 بەرمیل نەوت بفرۆشێت کە لەئێستادا نرخێ بەرمیلێک نزیکەی 100 دۆلارە ،بەڵام نەتوانێت  بێ کێشەو بەڕێکوپێکی مووچەی مووچەخۆران بدات ؟ئەوەتە  تا ئێستاش  دەسەڵات مووچەی 32 مانگی مووچەخۆران قەرزدارە،لەولاشەوە سەدەها پرۆژە ڕاگیراوە، خزمەتگوزاریەکان لە خراپترین و داماوترین دۆخدان،باج و ڕوسومات لە هەڵکشاندایە،سەرباری ئەمانەش [30] ملیار دۆلار قەرز بخەنە ملی هاوڵاتیان ،کەکەس نازانێت بۆچی و لە کوێ قەرزکراوە.ئەمانە  هەموو سیمای دیاری ئەم دەسەڵاتە شکستخواردوەیە ، ئیدی بۆچی خەڵک بەوبڕیارە  دڵخۆش نەبێت؟
وەک لە میدیاکانەوە باسی لێوە دەکرێت، تەنها لە ٪٣٠ لەداهاتی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت  و ئەوی تری  دەچێتە گیرفانی دووکۆمپانیای بنەماڵەیی {یەکێتی و پارتی}.
ئاخر لە چ شوێن وسیستەمێکی حوکومڕانی دونیادا هەبووە کۆمپانیا لە حکومەت دەوڵەمەندتر بێت؟لەکوێ ڕویداوە کۆمپانیای حیزب بەشی شێری داهاتی نەوت و گومرگ و داهاتەکانی تر بۆ خۆی بەرێت و هاوکات کۆنترۆڵی سەرجەم کایە ئابووریەکانی وڵات بکات؟
من دەزانم شرۆڤەکارە عەبقەریەکانی هەردوولا {ئەوانەی بەفەرمان دەنووسن و دەدوێن}دێنە سەر شاشەکان و قسەی بێ بایەخ فڕێدەدەن و دەڵێن ئەم بڕیارە نایاساییە،دژی بەرژەوەندی {خەڵکی کوردستانە}،هەرێم هەڵوێستی بە هێزە، ئەو پەرەگرافانەی بڕیارەکە پشتی پێ بەستوون هەرێم ناگرێتەوە و چەندین پاساوی لاوازی تر.
بەپێی هاوکێشەی هێز لە عێراقدا دەسەڵاتی هەرێم شتێکی ئەوتۆی پێ ناکرێت ،چونکە تەرازووی هێز بەلای ئەواندا دەشکێتەوە،جگە لەمە دەسەڵاتدارانی ئێراق چاک دەزانن کە یەکێتی و پارتی پارەیەکی زۆریان لەفرۆشی نەوت دەست دەکەوێت و لە خۆشگوزەرانی خەڵکدا خەرجی ناکەن بەڵکو دەیخەنە گیرفانی خۆیانەوە ،هاوکات دەبینن کە گوزەرانی خەڵک ڕۆژبەڕۆژ سەختترو دژوارتر دەبێت،بۆیە پێدەچێت ئەو بڕیارە لەو ڕوانگەوە وەرگیرابێت.
دەسەڵاتی هەرێم هێندە بێ باوک و هاوکات بێ ڕووئیای سیاسیە  و هیچ خوێندنەوەی لۆژیکانەی بۆ ئایندە  و پێشهاتەکان نیە،وادەزانن ئەو دۆخەی کە لە ئارادایە تاسەر دەمێنێت.
ئەم دوو حیزبە هێندە ئازاری خەڵکیان داوە ،هێندە  سوکایەتیان بە هاوڵاتیان کردوە ،هێندە کێشەو گرفت و نەداریان خولقاندوە ، تا بەوە گەیشت کە هەر زیانێک یا نشوستیەک بچێنێتەوە ،خەڵک خۆشحاڵی دەرببڕن ،چونکە دڵنیان لەوەی دەسەڵاتی  هاووڵاتیان نیە و لە بەرژەوەندئ ئەوان کارناکات ،بگرە هاوڵاتیان  وەک دووژمن لێی دەڕوانن کەهەروایشە.
ئەمە دووەم ڕاچڵەکینە بۆ دەسەڵاتی کوردی، پێشتر ڕیفراندۆم ئێستاش ئەمە ،بۆیە هیوادارم دەرس و پەندی لێوەربگرن{کەبڕوام نیە ئەوە ڕووبدات} ،ئومێدەوارم  وەک کاری هەمیشەییان ئەم شکستیەش نەکەنە سەرکەوتن،یاخود بەهانەی پڕووپووچ نەدۆزنەوە کە گوایە ئەم بڕیارە نادادپەروەری و نا یاساییە یا مەرامی سیاسی لە پشتە.من نکولی لەوە ناکەم لە عێراق و کوردستاندا زۆربەی بڕیارو ڕووداوەکان سرووشتی ڕوونادەن، بەڵکو هەردەم ئامانجی سیاسیان لەپشتەوە بووە،جا لەوانەیە مەبەستێکی تایبەت لە پشت ئەم بڕیارەبێت ، و دەشێ  دەستی سەدری لە پشتەوە بێت ،ئەویش بەمەبەستی ملکەچکردنی پارتی بۆداخوازیەکانی ڕەوتەکەی لە مەسەلەی پێکهێنانی حکومەتدا . بەڵام مەبەست و مەرام و هۆکار هەرچیبن ،ئەوەی گرنگەو  ڕوونکراوەتەوە  ئەوەیە کە خودی بڕیارەکە یاساییە ،بۆیە هیوادارم ئەم بڕیارە ڕایانچەڵەکێنێت بەوەی چاوەڕێی خراپتر بکەن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە