پەکەکە لە شنگال ڕاستیکەی مەترسیدار ئاشکرا دەکات

Monday, 21/02/2022, 15:39

4735 بینراوە


 بەگوێرەی لێدوانی کاوە شێخ موس ئەندامی کۆمیتەى پەیوەندییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی هەیە لە دەستنیشانکردنی پێگەکانیان لەشەنگال و دهۆک و پێدانی زانیاریی بە سوپای تورکیا بەبەمەبەستی بەئامانجگرتنیان.
 بەپرسەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان لەلێدوانێکدا بە پێگەی "مەعلوومە"ی راگەیاندووە: پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامەکانیان کاری سیخوڕیی بۆ سوپای تورکیا ئەنجام دەدەن، بەشێوەیەک بنکە و پێگەکانی پەکەکە لە شەنگال و گوندەکانی دهۆک دەستنیشان دەکەن تاوەکو لەلایەن سوپای تورکیاوە بەئامانج بگیرێت.
 بە وتەی ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی پەکەکە، بەشی هەرەزۆری ئەو پێگانەی پەکەکە لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بەئامانج گیراون، لەلایەن ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستنیشان کراون، کە ئەوەش سەرشۆڕیی و ناپاکییەکی نیشتیمانیی و نەتەوەییە.
 لەماوەی رابردووشدا، کاوە شێخ موس لەچاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی "فوڕات نیوز"دا رایگەیاندبوو کە زانیاریان هەیە و زانیارییەکانیان ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان (ئاسانکاریی پێویستی بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی سەرکردەکانی ئێزدی لە شەنگال بۆ سوپای تورک کردووە و زانیارییەکانی بە دەوڵەتی تورک داوە و دواتر لەلایەن سوپای تورکی داگیرکەرەوە کراونەتە ئامانج".
 شێخ موس هەروەک وتبووی: "پارتی جگە لە هێرشکردنە سەر شەنگال، ئاسانکاریی بۆ هێنانی سوپای تورک کردوە بۆ ناوچە سنووریەکانی عێراق و بە ئاسانکاریکردن لە پێدانی زانیاری بە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، سوپای تورک ئەو ناوچانە بۆردومان دەکات".
 ئەو لێدوانەی بەرپەسەکەی پەکەکە لەکاتێکدایە کە بەشێوەیەکی رۆژانە فڕۆکەکانی تورکیا بەسەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا دەسووڕێنەوە و لەماوەی رابردووشدا چەندین جاریش پێگەکانی گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە پەکەکەیان لە شەنگال بەئامانجگرتووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە