ھەولێر، دوای ساڵی١٩٩١

Monday, 02.21.2022, 17:21

1355 بینراوە


دەست بەسەرا داگرتن و تاڵان کردن و تاپۆ کردنی خانووی ئەمین عامە حکومیە بێ ساحێبەکان


دوای ساڵی١٩٧٥ئەو دەمەی حکومەتی بەعس بۆ ماوەیەک دەستی بەسەرتاپای کوردستان گرتەوە وەک خۆی دەیەویست لە درێژکراوەی ئیتفاقیەی یازدەی ئازاری ساڵی١٩٧٠(کردستان منطقة الحكم الذاتى)بە بێ کەرکوکی ئیعلان کرد و ھەولێری کردە پایتەختی ھاوینە یان دووەمی عێراق.
دەستی بە ڕێکخستنەوەی پاشا گەردانی بەتاڵاییەکەی باکوری عێراق( کوردستان )کرد.
لە پاڵ ئەوەش مەرامە گڵاوەکەی لە(تەعریب و تەرحیل و تەبعیس)دەست پێکرد و بە قووڵایی زیاتر لە سی کیلۆمەتر بە پانی، شریتی حدودی سەر سنوورەکانی کوردستانی باکور و ڕۆژھەڵاتی بە تەواوی چۆڵ کرد وکانی ئاوەکانی بە داینەمێت تەقاندەوە و ئەوانی تریشی کۆنکرێت کرد و پێنج ھەزار گوندی ئاوەدانی بە مزگەفتەوە بە سەر یەک داڕماند و خەڵکەکەی ئاوارەی ئۆردوگا زۆرە ملێیەکان کرد کە تا ئێستاش ماون! گەلێکیان بوونەتە شار.
بە سیستەمێکی ناوازەی مۆدێرن بە ستایلی ئاوروپای ڕۆژھەڵات دەستی کرد بە دروست کردنی باڵەخانەی (مەجلیس تەشریعی و تەنفیزی) پارلەمانی ئێستای سەر جادەی شەست مەتری ڕووە و مەوقیعی مەعەسکەری ھەولێرێ لە پشت چایخانەی باییز، کە ھەموو بەشێکی ئیدارە و بەڕێوەبردنی حوکمڕانی خۆجیێتی لە خۆ گرتبوو بە کەرەستەی بینا کردنی زۆر ناوازە کە ئێستاش دوای زیاتر لە چڵ ساڵ ھەر لەسەر نەزمی خۆی ماوە زۆربەی کەرەستەکانی ھەرە پێشکەوتی ئیتاڵی و بیانی بوو.
لە ھەمان کات بۆ بەرپرسە باڵاکانی ئەو دوو ئەنجومەنی(یاسا دانان و ڕاپەڕاندن)(مجلس التشريعي والتنفيذي)لە شوێنێکی دڵگیری ھەولێرێ لە سەر زەویێکی ڕوو تەختی فراوان ھەر لەسەر جادەی شێست مەتری لە ڕۆژھەڵاتی ھەولێرێ لە نێوان گەڕەکەکانی ئیسکان و بەلاشاوە و باداوە و گڵکەند. دەیان ڤێلای یەک نھۆمی دەگمەنی فراوان یەک دۆنمی بە ستایلێکی ڕۆژاوایی بە دار و بەردی بە نرخ بە چوار دەورە دەورو دراوی باغچە و چیمەن و حەوزی ئاو و مەلەوانگە و پارکینی ئۆتۆمبێل ئاوا کرد.
ھەموو ئەو چەند دانەی کەوتبوونە سەر جادەی شێستی جیا کراوە و سەرنج ڕاکێش تر بوون کە ھی سەرۆکی(مەجلیس تەشریعی و تەنفیزی)بوون . جادە و شۆستەی بۆ بڕدرا و لە چەند شوێنێکی کەم پاسەوانت دەکەوتە بەر چاو. عارەبانە دەستگێڕاکانی فرۆشتنی سەوزە و میوە و دۆندرمە و منداڵە شەعربەنات و کرێمستی فرۆشەکان بە ئاسایی لە نێو ماڵەکان بێ سانسۆر دەگەڕان و لە ژێر سێبەری باغچەکانی دەرەوە دەحەسانەوە.
ھیچ یەک لەو خانوانە ھی پارێزگار و بەرپرسی حیزبی مەنزومە و جەیشی شەعبی و ئەمنەکان و سەرۆک جاشەکان نەبوون، ئەوان ھی خۆیان لە شوێنی خۆیان ھەیان بوو، ئەوانە تەنیا ھی بەڕێوە بردنی ئەو دوو ئەنجومەنە بوون بە یاسا کرابوو. لەسەر ھیچ کەسیان تاپۆ نەکرابوو. کەسیش زاتی زێدەڕەوی و داگیرکردنی نەبوو.
لە تەواو بوونی ئەرکەکەی دەبوا جێی بێڵێ و کەسێکی تر دەھاتە شوێنی.
ھەر یەک لە شێخ ئەحمەد عەبدولقادر نەقشبەندی و سیروان جاف و دکتۆر نیھاد ئەبتەر زەنگەنە وموحەمەد پیرۆز ڕۆستەم و دکتۆر عەبدول ڕەزاق و جەمال ڕەشید و دەیانی تری تیا بوون.
ڕاستە ئەوانە ھەر ھەموویان بەعسی دڵسۆز بوون بەڵام لە بواری ئەرکەکانیان لێزان بوون. چونکە بەعس سەرەتا خۆی بۆ کەسێکی ھیچ پێ نەبوو قەت شەرمەزار نەدەکرد.
 دوای ڕاپەڕین و بە جێ ھێشتنی حکومەت و گوستنەوەی ئیدارەی کوردستان بۆ موسڵ و کەرکوک. بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی و پارتی بە تەواوی دەستیان بەسەر داگرت و ئەوەی لە بەریان ماویەوە دایانە بەرپرسی یەکەمی حیزبەکانی بەرەی کوردستانی و بارەگای بەرەی کوردستانی و دادگای شۆڕش و ھێندێک بارەگای حیزبی خۆیانیان لێ دانا.
لەوانە نێچیرڤان بارزانی لە خانوویێکیان بوو هەموو جار بە مەرسیدسێکی تەختە و تەنیا یەک لاندکرۆزی عادی حیمایەی بارزانی بە جادەی شێستی لە مەسیفی ڕا دەگەڕایەوە وێ.
ھەردوو خانوەکەی سەرۆکی مەجلیس تەشریعی و تەنفیزی لە لایەن کۆسرەت ڕەسول و دکتۆر ڕۆژ دەستی بەسەر داگیرا و دواتر بە بڕیارێکی خۆیان بەناوی خۆیان کرد و تاپۆیان کرد. تا ئەو دەم و ئێستاش بە ناوی ھیچ کەسێکی دەمی بەعس نەبوو.
دوای شەڕی شیراتۆن و خەستەخانەی ڕزگاری لە ساڵی١٩٩٥ پارتی بەتەواوی ھەولێری جێ ھێشت و خانووە گەورەکەی دکتۆر ڕۆژ بە ھەموو ئەو حەیوانە کێویانەش کە لە حەوشەکەی بوون بۆ جوانی و بۆ داوەت و خواردن بەجێماو لە لایەن پاسەوانەکانی کۆسرەت ڕەسول دەپارێزران. دوای٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ ئەوجارەیان یەکێتی و حیزبەکانی تر ھەموو ماڵەکانیان بە جێ ھێشت و پارتی بە تایبەت ئاوارە بەرپرسەکانی پارتی تا ئێستاشی لەگەڵ دابێ دەستیان بەسەر ھەموویان داگرت و زۆریان ڕماندو خانووی تازەتریان لەسەر دروست کرد و ئێستا زیاتر وەک مۆڵگەیەکی تەنراو بە یاساوڵ بەرچاو دەکەوێ، دەیان نووسینگەی کۆمپانیا بازرگانیەکانی خۆیانیانی تیایە و لە ئاشت بوونەوە و گەڕانەوەی یەکێتی کۆسرەت ڕەسول خەستەخانەی پاری بۆ کەس و کاری شەھیدان! لە سەر ماڵەکەی خۆی دروست کرد دوای ئەوەی نەیتوانی بای پێویست خەستەخانەکەی بە ئاسانی فراوان بکات چونکە پارتی بە ئانقەست دنەی کەسێکی سەر بەخۆیانی دەدا بۆ چۆڵ نەکردنی خانوویێکی جیرانی. بەڵام دیارە دواتر دەبێ بە پارەیەکی خەیاڵی یان چاوپۆشی کردن لە شوێنێکی گرنگی وەک ئەو زەویە چۆڵە ستراتیژیەی قاطعی جەیشی شەعبی کۆنی سەر ڕێگای عەینکاوە وەرگیرا.
لە پاشەوان خەڵک فێربوو خانووی دکتۆر و موئەزینی مزگەفتێ و باغچەی پێش دەرگە و موڵکی گشتی یان زەفت دەکرد.
گرنگ لە بۆ مێژووی شار ھەر یەک لەو خانووانە موڵکی ھیچ یەک لەوانە نیە، بۆ ئاییندە بزانرێت چونکە ھیچ یەک لەو شوێنانە ناقرسێندرێت و مەزەندە ناکرێت بە پارە.