پەیامی بەرەی یەکگرتووی کورد بەبۆنەی "ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک"

Monday, 21/02/2022, 17:44

6212 بینراوە


ڕۆژی دووی ڕەشەمە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە گەلی کورد و هەموو گەلانی ستەملێکراوی جیهان پیرۆز بێت.
ڕۆژی دووی ڕەشەمە، واتە 21ی مانگی دووهەمی زایینی لەلایەن یونسکۆوە وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک International Mother Languge Day پێناسە دەکرێت.
گەلی کورد بەهۆی پارچە پارچەبوون و ژێردەستەیی نەیتوانیوە زمانەکەی لە ژێر گوشار و زەبر و زەنگ دەربهێنێ. 
سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستانە و بە دانی باجی زۆر، گەلی کورد توانیویەتی زمانی خۆی بپارێزێت و گەشەی پێ بدات بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە زاڵبوونی زمانەکانیتر بەتایبەت لەبواری پەروردەوە کاریگەریی نەرێنی نەبووبێت. 
بەداخەوە لە 100ساڵی ڕابردوودا و دوای دروستبوونی چەمکی دەوڵەت- نەتەوە و یەکسانکردنی زمانی پەروردە بەسوودی زمانی نەتەوەی باڵادەست و بەزیانی زمانی نەتەوەکانیتر و لە نێویاندا زمانی کوردی بووە و ئەم زمانە یەکێ لە هەرە خەسار لێکەوتووەکان بووە. 
هێژموونی سێ زمانی فارسی، عەرەبی و تورکی و هێرشیان لە هەموو لایەکەوە، تەنگی بە زمانی کوردی هەڵچنیوە و زۆربەی کات لەسەر سایکۆلۆژی تاکی کوردیش، کاریگەریی قووڵی بووە و خۆبەکەمزانی لە ناخی تاکی کورد دروست کردووە. بۆ ئەوەی ئەم تاکی کوردـە خۆی یان منداڵەکەی بتوانێت لە نێو نەتەوەی باڵادەست جێ  پێی بکاتەوە، ناچار بووە زمان و کولتووری خۆی وەلا بنێت و ڕێ و ڕەوشت و زمانی نەتەوەی زاڵ وەک ئامرازی پێشکەوتن وەربگرێت. 
بەڵام لە دنیای ئەمڕۆدا و بە هەبوونی کەرەستەکانی پێوەندی و لێک ئاگاداربوون و لێک حاڵیبوون، هەرچەندە گوشار و پیلان بۆ فەوتان و تواندنەوەی زمانی کوردی لەئارادا بێت؛ هەر بەو ڕادە و بگرە زیاتر پەرچدانەوە و هەوڵ و تێکۆشان بۆ گەشە و نەشەی زمانی کوردی لەئارادایە. گەلی وشیار ئەستەمە ڕێگە بە فەوتان و لەناوچوونی زمانی دایکی خۆی وەک ناسنامەی لە مێژینەی بدات.
مامۆستایانی زمانی کوردی وەک خاتوو زارای محەمەدی ئامادەن خۆبەخشانە منداڵانی کورد فێری زمانی دایکی خۆیان بکەن و تەنانەت ئامادەن لەپێناویشیدا بچنە زیندان.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێوەری هەموو یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، ئەرکی دەسەڵاتە کە بەڕادەی زمانی هاوبەش بۆ زمانی نەتەوەکانیتریش هەلی پەروەردە و فێربوون بڕەخسێنێت و بەداخەوە تا ئێستا دەسەڵات بەپێچەوانەوە هەڵسوکەوتی کردووە.

بەرەی یەکگرتووی کورد
دووی ڕەشەمەی 2721ی کوردی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە