بەداخەوە لە 100ساڵی ڕابردوودا و دوای دروستبوونی چەمکی دەوڵەت- نەتەوە و یەکسانکردنی زمانی پەروردە بەسوودی زمانی نەتەوەی باڵادەست و بەزیانی زمانی نەتەوەکانیتر و لە نێویاندا زمانی کوردی بووە و ئەم زمانە یەکێ لە هەرە خەسار لێکەوتووەکان بووە.
هێژموونی سێ زمانی فارسی، عەرەبی و تورکی و هێرشیان لە هەموو لایەکەوە، تەنگی بە زمانی کوردی هەڵچنیوە و زۆربەی کات لەسەر سایکۆلۆژی تاکی کوردیش، کاریگەریی قووڵی بووە و خۆبەکەمزانی لە ناخی تاکی کورد دروست کردووە. بۆ ئەوەی ئەم تاکی کوردـە خۆی یان منداڵەکەی بتوانێت لە نێو نەتەوەی باڵادەست جێ پێی بکاتەوە، ناچار بووە زمان و کولتووری خۆی وەلا بنێت و ڕێ و ڕەوشت و زمانی نەتەوەی زاڵ وەک ئامرازی پێشکەوتن وەربگرێت.
بەڵام لە دنیای ئەمڕۆدا و بە هەبوونی کەرەستەکانی پێوەندی و لێک ئاگاداربوون و لێک حاڵیبوون، هەرچەندە گوشار و پیلان بۆ فەوتان و تواندنەوەی زمانی کوردی لەئارادا بێت؛ هەر بەو ڕادە و بگرە زیاتر پەرچدانەوە و هەوڵ و تێکۆشان بۆ گەشە و نەشەی زمانی کوردی لەئارادایە. گەلی وشیار ئەستەمە ڕێگە بە فەوتان و لەناوچوونی زمانی دایکی خۆی وەک ناسنامەی لە مێژینەی بدات.
مامۆستایانی زمانی کوردی وەک خاتوو زارای محەمەدی ئامادەن خۆبەخشانە منداڵانی کورد فێری زمانی دایکی خۆیان بکەن و تەنانەت ئامادەن لەپێناویشیدا بچنە زیندان.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێوەری هەموو یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، ئەرکی دەسەڵاتە کە بەڕادەی زمانی هاوبەش بۆ زمانی نەتەوەکانیتریش هەلی پەروەردە و فێربوون بڕەخسێنێت و بەداخەوە تا ئێستا دەسەڵات بەپێچەوانەوە هەڵسوکەوتی کردووە.