ئایا رۆژهەڵاتی کوردستان وەک باشووری کوردستانی بەسەردێ؟

Wednesday, 23/02/2022, 16:57

4812 بینراوە


پێشگووتن:

1: لەو رۆژانەدا کتێبێکی مەسعود بارزانی بڵاو بۆتەوە کە بەشێک لەو کتێبە بە ئاشکرا باسی تاقمێک سەرکردەی حیزبیی لەو بەشە لە وڵات دەکا وبە پیاوی سەددام وبەعس وبەکرێگیراوتەنانەت وەک جاش ناویان دێنێ.ئەو شێوە هەڵوێست گرتنە بۆ بنەماڵەی بارزانی مایەی گاڵتەوپێکەنینە بۆ خەڵك.چون بۆ خۆیان پەرێزیان زۆر پاک وخاوێن نییە کە خەڵك بەوجۆرە تاوانبار بکەن.جگەلەوانەش لە باشوور ورۆژهەڵاتی کوردستان بە دەگمەن حیزب وکەسایەتی سیاسیی هەبووە کە یارمەتی لە سەددام وەرنەگرتبێ.ئەوە روون وئاشکرایە.حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێڕان بە رێبەرایەتی قاسملوو، هەروەهاکۆمەڵەش کاتی خۆی راستەوراست چەک وپارەیان لە سەددام وەرگرتووە وبە بیانووی ئەوەی کە دیفاع لە خۆیان بکەن لە بەرابەرهێرشەکانی کۆماری ئیسلامی.
2: لە ١٩ی مانگی ٢ی ساڵی ٢٠٢٢دا قەرار بووکومیتەی هاوبەشی دوولایەنی کۆمەڵە / کۆمەڵەی زەحمەت کێشانی کوردستان بە سەرگەورەیی عومەر ئیلخانیزادەوکۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەت کێشانی کوردستانی ئیڕان بە سەرگەورەیی عەوڵا موهتەدی / پێكەوە بۆ ساڵیادی خۆیان مەراسیمێکی هاوبەش لە شاری سلێمانی لە هۆتیلی های کرێستی پێک بێنن ویادی دامەزراندنی کۆمەڵە بکەنەوە.بەڵام بە هۆی هەڕەشە هێزە ئەمنیەکان ئەو مەراسیمی نەکرایەوە ورێگەی پێنەدرا!پێیان گووتون بارودۆخ لەبار نییە وکۆماری ئیسلامی ئیزن بەوجۆرە مەراسیمانە نادا!پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کۆبوونەوەیەکیان بۆناکرێ باسی رزگاریی رەنجدەروزەحمەتکێش دەکەن!؟

شای ئیڕانیان چۆن رووخاند؟

کۆنفڕانسی گوادلوپ کۆبوونەوەیەک بوو کە لە ٤تا٧ی ژانویە لە شاڵی ١٩٧٩ زایینی/١٤تا١٧ی بەفرانباری ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی / لە نێوان ٤ زلهێزیی سەرەکی کە بریتی بون لە ئامریکا وئینگلستان وفەڕانسە وئاڵـانی رۆژئاوایی / لە دوورگەیەک بەرێوە چوو بەناوی گوادلوپ.
مژاری سەرەکی دەستبەردان بوولە شای ئیڕان،بۆئەوەی دەسەڵات بکەوێتە دەستی کۆماری ئیسلامی.بڕیاری دواییش بەوشێوەیە درا: شای ئێڕان دەبێ هەرچی زووتر وڵات بەجێ هێلێ!هەرچەند تاقمێک لە بەرپرسانی باڵای ئەڕتەشی ئێڕان داوایان لە شا،کرد وڵات جێ نەهێڵێ،بەڵام سوودی نەبوو!
گومان لەوەدانییە خومەینی رۆڵی سەرەکی هەبوو لەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە ئێڕاندا روویانداوە،زۆر زیرەکانە توانی خەڵک بێنێتە سەرشەقام دژی بنەماڵەیە پەهلەوی.ئەگەر کۆنفڕانسی گوادلوپ نەبوایە خەڵكی ئێڕانیش ئەو ڕۆڵەی پێ نەدرا کە بەشداریی لە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیدا بکا.
دەمێنێتەوە حیزبە کوردیەکانی چەپ وراستی رۆژهەڵاتی کوردستان،کاتێک خلۆر بوونەوە ناووڵات کە کار لە کار ترازابوو،بۆیە ئەوانیش رۆلێکی ئەوتۆیان نەگێڕالە رووخانی شای ئێڕان.رۆڵێ جەماوەریی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر مەزنتر بوو لە خەبات وتێکۆشانی ئەو حیزبانەی کە خۆیان بە نوێنەریی خەڵک دەزانی.
چەمکوواتای شۆڕش لە ناو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە گشتی ولە کوردستان بە تایبەتی دەکەوێتە ژێڕ پرسیار؟ئاخۆ تایبەتمەندیی شۆڕش وسەرهەڵدان،گەڕانەوەیە بۆ دواوە؟ ئەوەی لە وڵاتێکی وەی ئێڕان روویدا/ شۆڕش/ بووەو؟ سرووشتی شۆڕش وئاڵوگۆڕەکانی بنەڕەتی بۆ دابینکردنی ژیانێکی پێشکەوتووترە لە ژیانی دوای شۆڕش.لێرەدایاسا سەردەمیەکان بۆ دامەزراندنی دامودەزگاکانی سەردەمیانە رۆڵی سەرەکی دەڕێژێ.ئەوەی لە ئێڕان روویدا گەرانەوە بووە بۆ ئەو یاسایانەی کە ١٤٠٠ساڵ لەوەی پێش رەچاکراون.
لەوەها کەش هەوایەکدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان حیزبیی چەپ ونیوە چەپ وسەر بە ئیدۆلۆژیایەک سەریان هەڵدا کە لەدەرەوەی چوارچێوە هزروڕامانی کۆمەڵگا هاوردە کرابون!کومونیزم ومائۆییزم وخۆجەییزم ئەو دیاردانە بون کە لەلایان بەشیک لە کۆمەڵگای حیزبیی کە چەکیان بە دەستەوە بوو،سەپێندرابون.لەلایەکی دیکەشەوە سیستمێک کە پێشینەیەکی لە دەسەڵاتداریەتی لە خۆیدا شک دەبرد کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەویەکانی سەر بە ئایینی شیعە کە مێژوویەکی ٥٠٠ ساڵە لە خۆی دەگرێ دەسەڵاتی گرتە دەست وناوی خۆی نا کۆماری ئیسلامی.
گەرانەوەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای رووخانی شای ئێڕان،پتانسیەلێکی مەزنیی خوڵقاندکە / خەڵك / ودانیشتوانی ئەو بەشە لە وڵات خاوەنی ئەوپتانسیەلە بون نەک ئەو حیزبانەی کە وێنەی قارچک سەریان هەڵداوخۆیان بووژاندوە.حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێڕان بە پشت بەستن بە رابوردووی خۆی حەولی دەدا خۆی وەک نوێنەری راستەقینەی گەل نیشان بدا،ئەوان خۆیان بە خاوەنی کۆمارو خەباتێكی ٣٤ ساڵە دەزانی.کۆمەڵەش کە بەفیتی جەلال تاڵەبانی خۆی خزاندبوویە ناو رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵكیان هاندەداکە ئێمە لایەنگریی رەنجدەروزەحمەتکێشین وحیزبی دێمۆکڕاتیش سەر بە بورژەوازی وسەرمایەداریە!دەیانگوت: با گەنجەکان چەک بۆ کۆمەڵە دەشان بکەن چون پێشکەوتووترە.

داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستان:

دێمۆکڕاتەکان وکۆمەڵەکان سێ دەیە زیاترە کە ژیانی کەمپنشینیان بەسەرداسەپاوە!ئەو ژیانە بە دووقۆڵی لە نیوان زۆنی سەوز وزەرد کە کورد بەرێووەی دەبا ولەلایان کۆماری ئیسلامی، داسەپاوە.هەرمرۆڤێک یان رێكخراوەیەک کە بە زۆرداریی جوغڕافیای ژیان وهەڵسوکەوتی لێ بەرتەسک کرایەوە وزەمینگیرکرا،بە بێ گومان تووشی جۆرهانەخۆشیی دەروونیوجەستەیی دەبێتەوە.
لەوماوەیەشدا جگە لە هیندێک کۆبوونەوە وراگەیاندن هیچ کارێکی ئەوتۆیان لە دەست نەهاتووە.جار جار بۆ فریودانی ڕای گشتی باسی یەکبوونمان بۆدەکەن ومژدە دەدەنە خەڵكی ساویلکە کە یەک دەگرینەوە!وەها لە رابوردووی خۆیان نوقم بون کە بە هیچ شێووەیەک دەست لە بە خۆزلزانی بەرنادەن.مرۆڤ ئەگەر سرنج دەداتە ئاخاوتنەکانیان وا تێدەگا لەوانەیە هەر ئان کۆماری ئیسلامی بڕووخێ وئەوانیش بە کۆلێک ئەزموونی خەبات وتێكۆشان خەریکی خۆ تەیارکردنن بۆ گەڕانەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان!
هەڵکەوتەی جوغڕافیای وڵاتی ئێڕان وێنەی عێڕاق وتورکیە وسوریە نییە.لە ئێران نەتەوەی کورد وفارس وعەڕەب وبلوچ وتورکمەن وئازەری ودەیان ئایین وئایین زای لێ دەژی.دەسەڵاتەکانی پێشووی دەسترۆیشتوولە ئێڕانداییم سیاسەتێكی سەرەکیان هەبووە وگووتوویانە،هەرمافێک بدڕێ بە کورد،نەتەوەکانی دیکەش داوای دەکەن.جێ بە جێ کردنی ئەو کارەش دەبێتە هۆی لێكترازانی ئێڕان وپارچە بونی ئەو وڵاتە.
لەوەها جوغڕافیایەکداتێکۆشان وخەبات هاسان نابێ،بە تایبەت بۆ کورد کە خاوەنی ئۆپۆزیسیوێنێکی بە هێز نییە.لە ٤٣ ساڵی رابووردووداسەلمێنراوە ئەوحیزبانەی لە کەمپەکاندا زەمینگیرکراون،جێگای هۆمێد نین بۆ گەلی کورد.مێژووی کورد بە درووشم وخۆبەزلزانی ناگاتە ئامانج.
بۆیە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک باشووری کوردستانی بەسەر نایە،بەڵكوم سەت جار بارودۆخەکە خراتر دەبێ وزیانی مەزنیش وەبەر دانیشتوانی ئەو بەشە لە خاکی پیرۆزی وڵات دەکەوێ.بۆ وشیار کردنەوەی کۆمەڵگا لەو مەترسیە رووناکبیرونووسەروزانای کوردوزانکۆکارەکانی کورددەبێ ئەرکداربن.بەداخەوە ئەوچین توێژەش وەها گیرۆدەی پرسە لاوەکان بون کە راستیەکان نابینن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە