بۆچی فیل، کە سێ ئەوەندەی ژمارەی خانەکانی مێشکی مرۆڤە، وەکو ئێمە زیرەکتر نییە؟

Wednesday, 02.23.2022, 17:08

1624 بینراوە


بۆچی فیل وێڕای ئەوەی ژمارەی دەمارەخانەکانی مێشکی، سێ ئەوەندەی ژمارەی دەمارەخانەکانی مێشکی مرۆڤە، وەلێ لە ئێمە زیرەکتر نییە؟


فیل بەراورد بە مرۆڤ مێشکێکی گەورەتری هەیە، کە ژمارەی دەمارەخانەکانـ(neurons، نۆرۆنەکان)یشی زیاترە. کەواتە بۆچی توانستی تێگەیشتنی مرۆڤی نییە؟
لە مێژە کە وەکوو مرۆڤ، بەراورد بە زیندەوەرانی تر، خۆمان لە لوتکەی تواناییی تێگەیشتنەوە ئەبینین، وەلێ «لوتکەی پەرەسەندوویی» واتایێکی جیاوازی هەیە. پەرەسەندن هاوواتای پێشکەفتن نییە، بەڵکوو بە تێپەربوونی کات دەگۆڕێت. تەنانەت مرۆ گەنجترین و نوێترین جۆری پەرەسەندوو نییە. وەکوو مارک تواین لە ساڵی ١٩٠٣ ئاماژەی پێ کردووە، پەرەسەندن ڕێگەیێکی دوور و درێژە، کە مرۆڤ بە کۆتا ئاستی دەسکەوتی خۆی ئەگەیێنێت.
مێشکی ئێمە تایبەتمەندییەکی بێھاوتا لە پێکھاتەکەیدا هەیە، کە ئەتوانێت بیر لە یاسا بنەڕەتییەکان بکاتەوە و کۆمەڵێک بەڵگە بھێنێتە بەرچاوی، کە مێشکی وی بە فەرمانڕەوایێک بەسەر جۆرەکانی دیکەوە بزانێت. لەو ڕووەوە کە مرۆڤ ئەتوانێت ئاژەڵانی دی بۆ ژێر میکرۆسکۆپ ببات، واتە مەغزی وی خاوەنی کۆمەڵێک توانستە، کە مەغزی جۆرەکانی تر خاوەنی نین.
بارستەی سافی مێشک، یەکێکە لەو بابەتانەی کە شایانی سەرنجە. ئەگەر مێشک ئەتوانێت تێگەیشتنی ئاگایانە دروست بکات، کەواتە هەبوونی مێشکێکی قورستر سەبەبی توانستی تێگەیشتنی پتر ئەبێت، وەلێ فیل بە پێچەوانەی مرۆ، ڕەوتاری ئاڵۆز لەخۆی نیشان نادات و نەرمیی فیکریی ئەوی نییە.
هۆکارێکی دی کە ئەشێت لەم جیاوازییەدا لەبەرچاو بگیرێت، ژمارەی دەمارەخانەکانی مێشکە. لەو ڕووەوە کە نۆرۆنەکان بایسی دروستبوونی «تێگەیشتنی ئاگایانە» ئەبن، هەرچی ژمارەیان زیاتر بێت، تواناییی تێگەیشتنی زیاتر دروست ئەبێت.
ئامێرەکانی دەسکردی مرۆ، پێکهاتەیێکی ئاڵۆزیان هەیە و بە بەکارهێنانیان ئامێری ئاڵۆزتریش ساز ئەبێت، وەلێ چیمپانزی لە لقی دار وەک ئامێرێک بۆ هەڵکەندنی مێروولەی سپی کەڵک وەرئەگرێت.
مەیموون فێر ئەبێت، کە چۆن ئامێری چنگاڵ بۆ هەڵگرتنەوەی خواردنێک کە لێیەوە دوورە، بەکار بێنێت. قەلەڕەش، جگە لە شکڵدان بە سیم و تەل، کە وەک ئامێرێک بۆ وەچنگخستنی خواردن کەڵکی لێ وەرئەگرێت، ژبۆ بەکارھێنانەکانی دواتریش لای خۆی گلی ئەداتەوە. ئەلێکس، توتییەکی خۆڵەمێشیی ئەفریکایی، کە هی دەروونناسێک بەناوی «ئایرەن پێپێربێرگ» بوو، فێر بوو ژبۆ شتەکان، وشەگەلێکی هێمایی بسازێنێت. لەلایێکی ترەوە، چیمپانزی و گوریل، ئەگەرچی بە هۆی دۆخی پێکهاتەی لەشەوە -بەتایبەت مێشک و گەرو- ناکارن بە شێوەی دەنگی مەبەستەکەیان بگەیەنن، وەلێ ئەتوانن فێر ببن کە بە زمانی ئاماژە پەیوەندی ببەستن.
چیمپانزی ئەتوانێت فێری زنجیرەی پلەبەندی ببێت. ئەو یاریگەلێک ئەنجام ئەدات کە تێیدا ئەبێ ئەو چوارگۆشانەی کە ژمارەیان لەسەر نووسراوە، لە بچووکەوە بۆ گەورە، دەستی لێ بدات و بە هەمان خێراییی فێربوونی مرۆڤ، فێر ببێت. چیمپانزی و فیل، بۆ دەستەبەرکردنی خۆراک لە شوێنە دوورەدەستەکان، هاوکاری یەکدی ئەکەن.
وا دێتە بەرچاو کە چیمپانزی و شیردەرەکانی دی، تەنانەت توانایی ئەوەیان هەیە کە پەی بە دۆخی دەروونیی ئەوانی تر ببەن، یان ئاگاداری ڕەوتاری فریوکارانەیان ببن. تەنانەت ئەم ئاگایییە زێھنییە لە باڵندەیەکی وەکوو «قاژ» کە باڵندەیێک لە تیرەی قەلەڕەشە ئەبینرێت. ئەو خواردنەکەی خۆی بە ئاشکرا و لەبەرچاوی ئەوانی دیکەدا ئەشارێتەوە و پاش ڕۆشتنی وان، سەرلەنوێ شوێنی خواردنەکەی ئەگۆڕێت! چیمپانزی، گوریل، فیل، دولفین و هەروەها قەلەباچکە، ئەکارن لە ئاوێنەدا خۆیان بناسنەوە و ئەم ئەزموونە لە بیرەوەریی خۆیاندا بھێڵنەوە.
ئەمانە وەدەستخراوە سەرەتایییەکانی ئێمەیە سەبارەت بە توانای مێشکی جۆرە نامرۆیییەکان. وەلێکانێ ئەو پرسیارەی کە گەڵاڵە ئەبێت ئەمەیە کە، مەغزی هەر جۆرێکی تایبەت چۆن ئیش ئەکات، کە جۆرێک زیندەوەر بە خاوەنی ئەو توانستانە ئەبێت و ‌جۆرێکی تر لێی بێبەش ئەبێت.
لە ساڵی ٢٠١٤ لێکۆڵینەوەیێک کرا تاکوو باسی «کۆنتڕۆڵی خود، self-control» کە توانایییەکی تێگەیشتنە و تایبەتە بە توێژی پێشەوەی مێشک، لە نێوان جۆرە جیاوازەکانی زیندەوەراندا تاوتوێ بکرێت. زۆربەی ئەم زیندەوەرانە لە دەستەی شیردەرانی وەک: مرۆ و مەیموون بوون. هەروەها جۆرەکانی تری وەک: جوویینەرە بچووکەکان، فیل و جۆرەها باڵندەی جیاواز، تاوتوێ کران. توێژەران بەم ئەنجامە گەیشتن کە باشترین هۆکاری پەیوەندیدار لە تاقیکردنەوەی «کۆنتڕۆڵی خود» قەبارەی مێشکە، ئەڵبەت تەنیا (ئاوارتە - استثنا)ی ئەم ئەنجامە فیل بوو، کە سەرەڕای مێشکە گەورەکەی، ئەنجامی نائومێدانەی لە خۆی نیشان دا. لەم ڕووەوە توێژەران بڕیاریان دا کە لەسەر مەغزی فیل کۆمەڵێک توێژینەوە ئەنجام بدەن. لێرەدا پرسیارێکی گرنگ لە ئارادا بوو، ئاخۆ مەغزی فیلی ئەفریکایی، کە سێ ئەوەندەی مەغزی ئێمە قورسترە، ژمارەی نۆڕۆنەکانیشی لە نۆرۆنەکانی ئێمە زیاترە؟ ئەگەر وڵامەکەی ئەرێنی بێت، کەواتە ئەم گریمانەیەی کە ئەڵێت: تواناییی تێگەیشتن پەیوەندیی بە ژمارەی نۆرۆنەکانە، هەڵەوەشێت. وەلێ ئەگەر ژمارەی نۆرۆنەکانی مەغزی ئینسان زیاتر بێت لە مەغزی فیلی ئەفریکایی، بەشێکی تری گریمانەکە هەڵەوەشێت، واتە ژمارەی نۆرۆنەکانی مەغز، پەیوەندی بە قەبارەی مەغزەوە هەیە. نیوەگۆی مێشکی فیلێکی ئەفریکایی، زیاد لە ٢٫۵ کیلۆگرام کێشی هەیە، پاش ئەوەی بەوردی ژمارەی نۆرۆنەکانی مێشکی فیلیان بژارد، دەرکەوت کە ژمارەی ئەم نۆرۆنانە، لە هی مرۆڤ زیاترە و ئەم جیاوازییە بە هیچ شێوەیێک چاوپۆشی لێ ناکرێت! لە ڕاستیدا، کۆی ئەم نۆرۆنانە ٢۵٧ میلیارد نۆرۆن بوو، کە لەچاو ٨٦ میلیارد نۆرۆنی مێشکی ئێمە، سێ ئەوەندەیە. بەڵام خاڵی گرنگ ئەمە بوو کە ٩٨٪ی نۆرۆنەکانی مێشکی فیل لە مێشکۆڵەدا -کە وا لە بەشی پشتەوەی مێشک- قەراریان گرتووە. لەهەر شیردەرێکدا کە تا ئێستا تاوتوێ کراون، نموونەیێک نەبینرا کە پتر لە ٨٠٪ی نۆرۆنەکانی لە مێشکۆڵەدا قەراری گرتبێت. ئەم دابەشکردنە تایبەتەی نۆرۆن لە مێشکی فیلدا، بایس بووبوو کە تەنھا ۵٫٦ میلیارد نۆرۆن بەشی توێکڵی مێشک بێت. لەم ڕووەوە، ئەم بڕە لەچاو ١٦ میلیارد نۆرۆنی توێکڵی مێشکی مرۆڤ جیاوازییەکی زۆری هەیە. ئالێرەدا بوو کە بە وڵامی پرسیارەکە گەیشتین. بە گشتی ژمارەی دەمارەخانەکانی مێشکی مرۆڤ لەچاو مێشکی فیل زیاتر نییە، بەڵکوو ژمارەی دەمارەخانەکانی توێکڵی مێشکی مرۆڤە، کە سێ ئەوەندەی ژمارەی دەمارەخانەکانی توێکڵی مێشکی فیلە. لەم ڕووەوە، توانستە باڵاکانی مرۆڤ، بەراورد بە زیندەوەرانی دی، پەیوەندیی بە ژمارەی دەمارەخانەکانی توێکڵی مێشکەوە هەیە.

سەرچاوەی بابەت:


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر