نەوت، دۆسییەی دوو گرد و دوو بنەماڵەیە!

Friday, 02.25.2022, 8:23

1311 بینراوە


بەپێی ڕاسپاردە نەتەوەیی و دەستوورە کوردستانییەکانی( مامۆستا مەسعوود محەمەد)، ئەم دەستە و تاقمە شێت و وێتانەی فەرمانڕانی بەشێکی نیشتمانی ئێمەن، ھەرچییەکیان وت و کرد، پێچەوانەکەی دروستە. واتە ئەو بەشە لە نەتەوەکەمان لە باشووردا( نابێت بە قسەیان بکات).
• ئەگەر گەلەکەمان لە باشوور ئەو فەرمان و دەستوورانەی مامۆستای فەرامۆش کرد و لەبەر ھەر ھۆیەک، چوویە ژێرباری (گفتار و ڕەفتاری) ئەو دەستە و تاقمانەوە، ئەوە گومڕا بووە و خۆی تووشی ڕووڕەشیی دەکات، ئەم گومڕابوون و ڕوو ڕەشییەشی چەندین جار ئەزمواندووە و ئەوانی بە زیندوویی ھێشتۆتەوە و لەمەرگ قوتاری کردوون،خۆشی بە دیار حەسرەت و نەھامەتی و کڵۆڵییەکانییەوە بە تاقی تەنیا ماوەتەوە.
• ھەر بڕیارێک و ھەر ھەنگاوێک، ھی ھەر کەس و تاقمێک بێت، سەرچاوەکەی بیرێکی کوردستانی و ئامانج ومەرامەکەی چاککردنی گوزەرانی نەتەوەکە نەبێت، بەتاڵ و بێبایەخە و دژ بە نەتەوەکەیە. 
• بۆیە ڕەتکردنەوەی ئەرکێکی نەتەوەییە.
• ئەم کێشەی نەوتەش کە سەرمایەیەکی زەبەلاحی بۆ دەستە و تاقمەکان، بە تایبەتی سەرکردەیەتی 
(پارتی ویەکێتی) خڕ کردۆتەوە و بۆ ئەو بەشە لە نەتەوەکەش، بوویە برینێک کە تاسەر ئێسقانی ڕۆ چووە، کێشەی دوو گرد ودوو بنەماڵەیە و لە دوور و لە نزیکەوە، کێشەی نەتەوەکە نییە.
ئێستا کە دادگایەکی یاسایی و بەرزترین دەسەڵاتی یاسایی لە عێراقدا، بڕیاری پووچ کردنەوەی گرێبەستەکانی سەرکردەیەتی، پارتی و یەکێتی دەرکردووە، لە دوور و لە نزیکەوە، پەیوەندی بە نەتەوەکەوە نییە.
چوونکە ئەگەر ئێمە لە باشووردا دادگایەکی ھەرێمیمان ھەبایە، (زۆر زووتر و زۆر توندتر) دەبوو لەوسەرکردەیەتیانەی بپرسیایەتەوە و دادگایی بکردبان، لە پای ئەو هەموو خیانەتە نەتەوەییانەی بەناوی کوردستان و کوردەوە ئەنجامیان داوە، چ لە باشوور و چ لە بەشەکانی تری نیشتماندا.
• لەبەر نەبوونی دادگایەکی سەربەخۆ لە ھەرێمدا و بە پێی قسە و کرداری ئەو دوو حیزبەش، کە ھەمیشە وتوویانەھەرێم بەشێکە لە عێراقی فیدراڵ، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای بەرزی عێراق یاسایایە و دەبێت ھەردووگردەکە(سەری ڕەش و دەباشان) بە ھەردوو سەرکردایەتییەکەیانەوە گوێڕایەڵی بن و ئەوە کێشەی خۆیانە و خۆیاندەبێ لەپای خیانەتەکانیاندا لە نەتەوەکە بەرپرسیاریی لە ئەستۆ بگرن.
لە کۆنی کۆنەوە، لە حەفتا ساڵ لەمەوبەرەوە، ئەم دەستەو تاقمانە، ھەمیشە بە دروشمی بریقەداری،(کورد وکوردستان) ئەو بەشە لە نەتەوەکەیان، بە دوای مەرامی بنەماڵە و خێڵ و سەرکردەیەتی خۆیاندا، کێش کردووە بۆناو کڵۆڵییە یەک لە دوای یەکەکان، گرفت دوای گرفت و کێشە دوای کێشە، تا گەیشتۆتە ئەو ڕادەیە، کە ئەمپرسیارەی دروست کردووە:  ئایا کێشەکە سەرکردەیەتی ئەو تاقم و دەستانەن، یا کێشەکە بیرکردنەوەی ئەو بەشەیەلە نەتەوەکە، لە ئامانج و ھۆکانی تێکۆشانەکەی خۆی؟! چوونکە کۆتایی ھەموو ھەوڵ و تێکۆشانەکانی گەڕانەوە بووە بۆ سەرەتای ڕێگاکە.
 کە بۆ سەرەجەم ھەوڵ و تێکۆشانەکانی خەڵک دەڕوانی، کوردستانی و بێگەرد و  خۆبەخشانە بووە، کەچی نەی گەیاندۆتە مەبەست.
کە لە سەرکردەیەتی تاقم و دەستە و بنەماڵەکانیشیان دەڕوانی، عێراقی و ئێرانی و تورکی بوون و بە ھەموومەبەستەکانیشیان گەیشتوون!!. 
ھاوکێشەیەکی پێچەوانەیە و لەکەم شوێنی جیھان و خەباتی میللەتاندا، نموونەی لەم جۆرە دەبینی.
• ھۆکەی ئەوەیە، کە ئەو بەشە شوێن درووشمەکانی ئەوان کەوتووە و کردارەکانی ئەوانی فەرامۆش کردووە، لەسەرمەرامی خێڵەکی و بنەماڵەیی ئەوان، لە ناوخۆیدا، پەلاماری خۆی داوە و بەھەزارانی لە خۆی کوشتووە، واتە ئەوانی ئاوەدان کردۆتەوە و خۆی وێران کردووە، کەواتە خەباتە کوردستانیی و بێگەردەکەی خۆی لەکەدار و خوێناوی کردووە بە قووربانی کردنی ڕۆڵەکانی خۆی لە پێناوی گەشانەوەی کوڕ و کچی ئەواندا، کە بەھەزاران داوی سیخوڕیی، بازرگانی و فێڵی سیاسی بەستراونەتەوە، بەو دەسەڵاتانەی بەشێک لە نیشتمانەکەی ئەمیان داگیرکردووە.
کەواتە بەم پێیە بێت، ئەو بەشە لە نەتەوەکە، ھێشتا لە ژێر دەواری خێڵی حیزب و سەرکردەیەتی خێڵەکی حیزبدا، ماوەتەوە و ھەنگاوی نەناوە بۆ چوونە ناو نەتەوەکەوە، با لە ڕواڵەتیشدا، باسی نەتەوە بکات و جلی کوردی بپۆشێ وجەژنی ئاڵا بگێڕێ!! بەڵام چوونکە ھێشتا، سەرکردەیەتی حیزبی حەفتاساڵە نوێنەرایەتی ئەو دەکات وسەرکردەیەتی حیزبی حەفتاساڵە دەمڕاستی ئەوە و گەلیش ئەم نوێنەرایەتی و دەمڕاستییەی بە بێدەنگی  قەبوڵکردوە و تا ئێستا شەڕی لەسەر دەکات، کەواتە جێگای سەرسوڕمانیش نییە:
• کە کۆتایی ڕێگا پڕ لە نەھامەتییەکانی، بۆی ببێتەوە بە سەرەتای ڕێگایەکی نوێی پڕ لە کڵۆڵییەکان!!.
کام بەرەبەیانە لە خەو ڕابوویت و نەتبیست، کە حوکومەتی ھەرێم گرفتێکی نوێی بۆ ساز نەکردووی؟! مانگان دێن وساڵان تێدەپەڕن، گوزەرانت خراپتر و چاوەڕوانییەکانت درێژتر دەبنەوە، منداڵانی سەرکردەیەتی  حیزب ( خەپەتر) و منداڵەکەی تۆش ( لەڕتر ) دەبن. ئەوان پێدەکەنن و منداڵانی شەھیدانیش ...... دەگرین.
ئەو مامۆستا کوردستانییەی بەبەرچاوی حوکومەتی ھەرێمەکەتەوە، درایە بەر شەق و کەس لێی نەپرسییەوە، بەدەم ئازاری شەقی شەلاتییەکانی حوکومەتەکەتەوە، ئەمساڵ چوویەوە بەردەم بارەگای یەزدان!!.
تۆ ئێستا بە خەیاڵی بڵاوی خۆت لەسەریاسایی نەبوونی بڕیارێکی دادگای فیدراڵ، کوردایەتی قێزەوونی سەرکردەیەتی خێڵ بە نەتەوەکە دەفرۆشییەوە: قەڵەمی شکاو و فشنبیری بێ غیرەت!

سەرنج:

لەو سەرەتایانەی ڕاگەیاندنی پڕوپاگەندەی، ئابووری سەربەخۆ، کە درۆیەکی تورکی  بوو، بە بۆیاخێکی کوردایەتی ناشرینەوە، سەرکردەیەتی پارتی ڕایگەیاند، من لەو بارەیەوە ئەمەم نووسی:  حوکومەت بەم کارەی دووجار دزی لە خەڵک دەکات: جارێک بەناوی ئەوەوە کەقەرزاری  کۆمپانییا نەوتییەکانە و جارێک بە ناوی ئەوەوە کە قەرزەکەیان پێ دەداتەوە.
بە بڕوای من گرێبەستەکانی پارتی، ڕێککەوتنی ژێر بە ژێرە لەگەڵ  ئەو کۆمپانیا نەوتیانە کە پارەکەیان پێشەکی وەرگرتووە و  ئێستا ئەوە چەند ساڵە لە قووتی خەڵک، دزییەکی تر دەکەن و پشکی کۆمپانییەکانی لێ دەدرێت، ئەم ساخەتەکارییە درەنگ یا زوو، بۆ نەتەوەکەمان و دادگای فیدرالی دەردەکەوێت..
بەبڕوای من، نەوتیش وەک بەرهەمێکی خۆماڵی، وەک گەنم وایە، دەبێت گەل لە ئەندازە و نرخ و داهاتەکەی ئاگادار بێت، هەرەوەها ئەم دۆسییەیە، ساڵانێکی زۆر دەبێت دادگای گەل لێکۆڵینەوەی لێ بکات، چوونکە نەوت یەکێکە لە هۆ گەورەکانی فەسادی: کۆمەڵایەتی، سیاسی، بازرگانی، ڕەوشت، بە عەرەبکردن، فرۆشتنی نیشتمان و خیانەتێکی سی ساڵەیە، کە دەبێ بە دەیان هەزار کەس لەسەر مەسەلەی هەڕاجکردنی نیشتمان و بڵاوکردنەوەی فەساد و کوشتنی ژنان و نابووتکردنی کلتووری کوردی لە باشووردا، دادگایی بکرێن و بەیاسا و دادپەروەرانە مافی خۆیان پێ  بدرێت و مافی ئەو بەشە لە نەتەوەکەیان لێ بسەندرێتەوە.