ئەبێت بێدەنگ بین

Saturday, 26/02/2022, 4:21

3930 بینراوە


ئەم بەڵا یە چیە روى تێ كردوین؟
ئەبێت هیچ نەڵێن، ئەبێت بێدەنگ بین، ئاخر ئەبێت بترسین لە گروپى مێسنجەر و وەتس ئەپ و ڤایبەر، لە نوسەرەوە ئەمان كاتە تیرۆریست.
لە خەم خۆرى خاك و نیشتیمانەوە ئەمان كاتە دوژمن و تیرۆریست .
نەكەن نامەیەك وەڵام بدەنەوە، نەكەن لایكێك بكەن بۆ نوسینێك؟؟
ئەوان ئێمەیان ئەوێت بێ دەنگ بین، زۆر نەڕۆن باسى خەمى گشتى بكەن، تەنها بۆمان هەیە دەسكەوتەكان باس كەین، هەمو ئازارەكان بە خۆشى و سەفاوە باس بكەین .
نەكەن پرسیار بكەن، نەكەن باسى گرفتەكان بكەن، سبەى لە دادگا لێت ئەپرسنەوە!!
چۆن داواى موچەت كرد؟ چۆن باست لە دەربار كرد، سەركردەى وڵات بۆت نیە باس بكەى، ئێوە تابورى پێنجن، ئێوە تیرۆریستن !
نەك پرسیار بكەن، خەونیش بۆتان نیە ببینن ....
كە خەبەرتان بوەوە، بڵێن ئەوە چى بو، خوا بمان گرێت ئەم خەوە دەغەزارە چى بو بینیمان .
خۆزگە ئەم پێشكەوتنى تەكەنۆلۆجیایە لە وڵاتى ئێمە نە ئەما، ئاخر بە پەنمان ئەدات .
وڵات ئەبێت بێ دەنگ بێت، هیچ نوزەیەك نابێت ببێت، نەوت ئەنێرێت بۆ بەغداد یان نا تۆ بۆت نیە بپرسى،سەركردەمان لە هەمو خەم خۆرترە، موچە دواكەوت بڵێ شوكر بۆ خوا ئێمە بەرگەى هەمو شت ئەگرین بەس سەركردەمان ساخ و سەلامەت بێت.
ئەوەتى دونیا هەیە عەوام هەر بوەو ئەبێت بێ دەنگ بین ....
ئەوەتا چاكسازى ئەكرێت ئیتر پرسیارى چى ئەكەن . مێسنجەر  بۆتە مەنزڵگاى چاكسازى ؟؟
گومان بۆ ئەكەن، ئەوەتا بەغداد مافمان ناداتێ، ئێوە بۆ پرسیار ئەكەن، ئەوانەى گومان ئەكەن ئەبێت دادگایى بكرێت .
ببورن ئەو رۆژە چومە خۆ پیشاندانێك، ببورە نەم پرسى كوا مۆڵەتەكە، دەستم هەڵوەرێ نەم كرد وێنەكان خۆم بیهێنم، ئەزانم وێنەتان زۆر گرتین بۆ كاتى دادگا؟؟
ئەوترێت بۆ خۆ پارێزى لە كۆرۆنا باشترین كار بێ دەنگیە؟؟
لەم دەڤەرە ئاوێنە و هاوڵاتى لە دایك بو !!!
كە چونە ئەوبەر مۆبایلەكەت زۆرینەى شت بسرەوە، تەنها لایكى گۆرانى بهێڵنەوە، گروپەكان جێ بهێڵە..
دەستخۆشى بنێرە بۆ ئەو خانمە كە جوانكاریەكەى وا كردوە گۆرانى شاعیر لە ژێر پەچەوە ئەو هۆنراوە جوانەى نوسى، گەر بمایە ئەبوایە ئێستا چى بۆ ئەم خانمانە بنوسێت؟؟
لایكت لەوە تێ نەپەرێت .
بێ دەنگ بن، ئەوە قسەى سەركردە پر حیكمەتەكانن، وڵات بدەنە دەست سەركردەكان .
نەتان بیستوە كە وەسفى كەسێك ئەكرێت ئەوترێت زۆر بێ دەنگە، نەتان بیستوە كە باسى جوانى خانمێك ئەكرێت ئەوترێت زۆر بە ویقار و بێ دەنگ و شەرمنە ...
زۆر حەزتان لە قسەیە بە هێمنى بچنە شوێنیك دور لە چاوى خەڵك و دەزگاكان، زۆر باش ئەبێت مۆبایلەكان بكوژێننەوە، بە بادە خۆتان مەست كرد، گەر قسەیەك تان كرد پرسیارێكتان كرد، دواتر بڵێن خوا ئەم بادەیە بگرێت، بە پەنى داین و دەردە دڵێكمان كرد.
بێ دەنگ بن .....
ئەمە دوا قسەى وتەبێژ بو ...
بێ دەنگ بن ...
ئەمە دواقسەى كۆبونەوەى دەڤەرى ئەو بەر بو، ئەوان خەریكى خۆپارێزى هاوڵاتیانن ....
بێ دەنگ بن ...
ئەمە دوا دروشمى قۆناغەكەیە

هەڵگورد کەمال



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە