جەنگی ڕوسیا چیمان پێدەڵێت؟

Saturday, 26/02/2022, 4:41

8101 بینراوە


جیهان لەقەیراندایە و دڵتەزێنترین ڕوی قەیرانەکە  ئامادەیی زۆربەی مرۆڤەکانە بۆ قوربانیکردنی ئازادی و ئەخلاق لەپێناو گەیشتن بە چێژو ئاسایش. لویی فیشیر


دواجار پۆتینی دیکتاتۆری ڕوسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و مرۆڤایەتی شەرمەزارکرد ،ئەم پیاوە کەپێدەچێت لە توخمی شەیتانەکەی میلتۆن بێت، ڕەنگە ئەگەر ئیمکان هەبوایە مرۆڤ ببێتە خودا ،دەیویست ببێت بەخودا وەک برتراند ڕاسڵ دەڵێت :مرۆڤ بەهۆی خەیاڵەوە ،ئەو مەیلەی هەیە ببێت بەخودا. 
من وەک شرۆڤەکاری سیاسەتی ڕوسیا و زلهێزەکان نادوێم ،ئەوە ی پۆتین دەیکات هەموزلهێزەکان دەیکەن،ئەوە کاری کەسانێکە کە سەرقاڵی سیاسەتی ڕۆژن یان وەک دەڵێن چاودێری سیاسین.
 ئەو جەنگە پێماندەڵێت :مرۆڤ لە گێژاوێکی گەورەدایە ئایندەی مرۆڤ نادیارە و ڕەنگە بەهۆی مێشک بچوکی سیاسیەکان مرۆڤایەتی وەک داینەسۆڕەکان لەناوبچێت. ئەوجەنگە پێماندەڵێت:هیچ گرەنتیەک نیە کە ململانێی نێوان دەوڵەتان دواجار شەڕێکی ئەتۆمی لێبکەوێتەوە،بێگومان ئەمڕۆنا!،ئەوهەوڵانەی لەلایەن دەوڵەتانەوە ئەدرێت تەنها دواخستنی ئەوجەنگە ماڵوێڕانکەرەیە کە لەوانەیە دوسیاسی سەرشێت بەرپای بکەن.
 جۆن ئادامز ڕاستیکرد کە وتی : مرۆف لەهەموشتێکدا داهێنانی گەورەی هەبوە،لەسیاسەت دا نەبێت،ئێستاش سیاسەت وەک پێنج هەزارساڵ لەمەوبەرە. ململانێ،جەنگ،داگیرکاری ،و وێرانکردنی شارەکان ،وەک سەردەمی پاشا خواوەندەکان.ئەمڕۆ لە جیهانی پێشکەوتودا، تەیموری لەنگ و حەجاج و جەنگیزخانی مۆدێرن هەن، ئەم خوێنڕێژانە جیاوازیان ئەوەیە لەجیاتی ئەسپ سواری فڕۆکە دەبن...ئەمانە جیاوازییان ئەوەیە کە دەتوانن وێرانکاری زیاتربکەن،چونکە لەجیاتی شمشێر بەهێزترین تەکنەلۆجیای جەنگیان لەبەردەستە.بەڵێ ئەم جەنگە پێماندەڵێت :کە ئیدی خەریکە لێڤی ئەتهانەکەی ناو ئەفسانەی  تەوڕا ت لەدەریا بێتە دەر وهەموان قوتبدات. واتا دەوڵەت  کە بە لێڤی ئەثهان  دەچوێندرێت ، بەڵێ ئەم ئامێری قڕکردنە لەڕاستیدا بۆکۆمەڵێک زۆرو بۆ ر دروستکراوە ،وەک نیچەی مەزن دەیگوت:ئەوانەی گەلانیان دروستکرد کتێبێکیان لەپشت سەر هەڵواسین،ئەوانەش دەوڵەتیان دروستکرد شمشێر.و دەوڵەت بۆ مرۆڤە زیادەکانە.
هەموو ئاماژەکان پێماندەڵێن چارەنوسی مرۆڤ بەستراوەتەوە بەدەوڵەتەوە. بێ تێپەڕکردنی دەوڵەت مرۆڤ لەمەترسی لەناوچون قوتارنابێت. یان دەبێت گەلان خاوەنداریەتی لەمافی ژیان و ئازادی خۆیان بکەن،یان مرۆڤایەتی دەبێتە قوربانی خەیاڵی هەندێ سیاسی شێتی نەخۆش و نزم لەڕوی مرۆڤایەتی.  ئەمە کێشەی سەرەکی سیستەمی سەرمایەداری ئەمڕۆیە لەگەڵ داهێنانی تیۆری کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی و ئازادی گەلانی بەڕێز ئۆجالان .ئەمە ی ئۆجالانکردویەتی لەزیندنەوە دزینی ئاگرە بۆ مرۆڤایەتی و دوبارەبونەوەی ئەفسانەی پڕۆمیتۆسە  لەکەسێتی ئۆجلاندا،کە ئەربابەکانی شارستانیەت وخواوەندە دەمامکدارەکانی سیستەم خستیانە ژێر ئەشکەنجە.تادێت بایەخی دەوڵەت کەمدەبێتەوە لە دیدی مرۆڤە ئازادەکان. دەوڵەت و دەسەڵات مەترسیدارترین دوژمنی مرۆڤایەتین. کاتێک فۆکۆ دەڵێت:دەسەڵاتی مۆدێرن بیۆدەسەڵاتە،واتا مرۆڤی ئاسایی بەرهەمدێنێت،کۆمەڵگاکان دەکاتە مێگەل واتای ئەوەیە سەدوچل ملیۆن کەس لەڕوسیا توانای وەستاندنی پۆتینیان نییە،یاخود وەک کۆیلەکانی سەردەمی ئیمپراتۆریەکان ئیتاعەی دەکەن.لەلایەکیتر ملیاران مرۆڤ سەیری ئەوجەنگە دەکەن بێ ئەوەی بتوانن چارەسەرێک و ڕێگرێک لەبەردەم دەستەی دەسەڵاتداری وڵاتان دابنێن!مرۆڤ شتێکە دەبێت تێپەڕبکرێت،بەڕاستی مرۆڤ بونەوەرێکی هیچوپوچە لەچاوی مرۆڤی باڵای نیچەوە لێی بڕوانین . تائێستا فیزی هێزو خۆنواندن لەخوێنی مرۆڤگەلی بەربەری وەک ئاردۆغان و پۆتین و بایدندا یە.
نیچە لەسەرزمانی زەردەشت دەیگوت:وەک چۆن با کە ئێمەنایبینین دەتوانێت درەختەکان بجوڵێنێت و ڕایان وەشێنێت،ئاوا دەستانی نادیار مرۆڤایەتی ڕادەوەشێنن!بەڕاستی ئاوایە،ئەمڕۆ کۆمەڵێک دەستی نادیار،ئەقڵی شەیتانی، مرۆڤایەتی ڕادەوەشێنن. تەنیا یەک چارەسەر هەیە ئەویش شۆڕشێکی جیهانی گەلانە بەسەردەسەڵاتەکانیاندا کۆتایی سیستەمی دەوڵەت و دەسەڵات ڕابگەیەندرێت،ئەگەر دەرفەتی ئەوەش مابێت ،بەهۆی ئەم هەموو تەکنەلۆژیا و چەکەی لەبەردەست خواوەندەکانی چاخی سەرمایەداریدایە. ئەوەی ڕودەدات پێماندەڵێت :پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا و دەوڵەت نەک مرۆڤی لەدۆخی سروشتی ڕزگارنەکرد،بگرە بەپێچەوانەوەیە توانای دەوڵەت بۆبەربەریەت و ئامادەیی زیاترە لەدۆخی سروشتی. ئەمڕۆ هەموو گەلان کۆیلەی حکومەت و دەسەڵاتدارە هەڵبژێردراوەکان یان دیکتاتۆرەکانیانن. مرۆڤایەتی چارەنوسی خۆی داوەتە دەسەت دەوڵەت واتا ئامێری قڕکردن.بێگومان وەک ئاپۆدەڵێت:ئەم ڕەوشە بەپلەی یەک زانایان لێی بەرپرسن،زاناکان هەمان ڕاهیبەکانی سەردەمی سۆمەڕن کە لەگەڵ خواوەندە پاشاکان دەوڵەتی کۆیلەداریان دروستکرد. ئەو جەنگە پێماندەڵێت: کە تاکە پێویستییەک فڕێدانی تیۆرەکانی دەوڵەتی مۆدێرنە .مرۆڤ گورگی مرۆڤ نیە،ئەوە هەندێ شەیتانی سیاسین کە ئامێری توندوتیژیان کۆنتڕۆڵکردوە،واتا دەوڵەت لەوڕێگەیەوە یاری بە چارەنوسی مرۆڤایەتییەوە دەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە