یۆکرانیا، ڕوسیا و ئەمریکا

Saturday, 26/02/2022, 18:30

8690 بینراوە


ململانێی زلهێزەکان هەمیشە لەو وڵاتانەدا قوڵ دەبێتەوە کە لاوازن، واتە لە خۆیان زۆر لاوازترن، دەرەقەتیان دێن و دەتوانن خاکەکەیان بکەن بە گۆڕەپانی جەنگێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی نێوانیان، وەک جەنگی سوریا، جەنگی عیراق و کوردستان، گڕژیەکانی نێوان تایوان و چین، هەنووکەش مەسەلەی یۆکرانیا و ڕوسیا، کە لە هەموو  ئەزموونەکاندا ئەمریکاش بەرامبەر ڕوسیا و چین سەنگەری گرتووە و نازانرێت لە ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکانیش چی دەگوزەرێت. 
وڵاتە لاوازەکان بەرامبەر زلهێزەکان تەنیا کێشەی ئەوەیان نییە کە وڵاتەکەیان بکرێتە گۆڕەپانی جەنگ، بەڵکو مەترسی ئەوەشیان هەیە کە، زلهێزەکان وەک کارتی فشار بەکاریان بێنن لە گفتگۆی ئاشتیانەی سەر میزەکان و ڕێککەوتن و سەپاندنی مەرجە ئابووریی و سیاسیەکانیان بەرامبەر بە یەکتر.  
هەڵکوتانە سەر یۆکرانیا هۆی ئابووری بەهێزی هەیە، لەبەرئەوەی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی دنیادا بە پلەی دووەم دێت لە یەدەکی زێبەق. لە 71.3% زەویەکەی بۆ کشتوکاڵ دەشێت، پلەی دووەمی هەیە لە ئابووری ئەو وڵاتەدا و لەسەر ئاستی جیهاندا بە پلەی شەشەم دێت لە بەرهەم هێنانی گەنم. لە 7%ی بەرهەمی ماسی لە دنیادا لە یۆکرانیایە. گەورەترین وڵاتە لە یەدەکی کبریت و کانزاکانی دی وەک گاز، ئاسن، مەگنیسیۆم، تیتانیوم، نیکل، خوێ نەوت بەتایبەتی خەڵوز ساڵانە ١١٧بیلیۆن تەن بەرهەم دێنێت. خێروبێری یۆکرانیا خاڵێکی بەهێزی تەماحی ڕوسیایە، ئەگەر چی هەرگیز مۆسکۆ ددان بەو هۆیەدا نانێت، هەموو بیانوەکانی دەگەرێنێتەوە بۆ هۆ و ئامانجە سیاسیەکان، مەترسی بەهێزبوونی پێگەی ئەوروپا و ئەمریکا لەو وڵاتەدا کە ئاسایشی نەتەوەیی ئەو دەخاتە مەترسیوە.  
لەگەڵ لەشکرکێشی ڕوسیا بۆ سەر یۆکرانیا نرخی نەوت و گاز لە بازاڕی جیهانیدا بەرز بۆیەوە، کە ئەمە لە بەرژەوەندیی مۆسکۆیە، لەبەرئەوەی یەک لەسەر سێی گازی ئەوروپا لە ڕوسیاوە دێت، کە کۆمپانیای گازپرۆمی حکومەتی ڕوسیا بەڕێوەی دەبات. تەنیا لە 7%ی نەوتی خاوی ڕوسیا بۆ ئەمریکا هەناردە دەکرێت. ئەگەر ئەمریکا سزای ئابووری بخاتە سەر ڕوسیا، جارێک ڕوون نییە چەند وڵاتێک لە دنیادا پابەندی ئەو بڕیارانەی ئەمریکا دەبن، هەروها جێگرەوەی ڕوسیا بۆ مەسەلەی ئابووریی ئەوروپا و وڵاتانی دی دەتوانرێت بدۆزرێتەوە یان نا. دواتر تا ئێستا ڕوون نییە کە چەندێک ئەمریکا لەو کێشەیەدا لایەن دەبێت، لەبەرئەوەی ئەمریکا ئەگەر ئەمڕۆ دەرگەی جەنگێک لەگەڵ ڕووسیادا بکاتەوە، ئەوە بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندیی ئەودا نییە، لەبەرئەوەی چینیش ئەگەر هەڵکوتێتە سەر تایوان، ئەمریکا لەوێش ببێت بە لایەن، ئەوا لە یەک کاتدا دەرگەی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ دوو وڵاتی بەهێزدا لە دنیادا دەکاتەوە کە چین و ڕوسیایە، ڕوون نییە هاوپەیمانەکانی ئەمریکاش لەو ڕووداوانە هەڵوێستیان چۆن دەبێت، ئایا بەبێ سێودوو لێکردن پشتیوانی ئەمریکا دەبن؟ یان خۆیان لەو بەڵایە دوور دەگرن، بۆیە ئەگەری ئەوەی هەیە هەڵوێستی ئەمریکا بەو جۆرە نەبێت کە بە دڵی یۆکرانیا بێت.  
مەسەلەی ئابووریی بۆ هەڵگیرسانی جەنگی نێوان دەوڵەتان خاڵێکی بنەڕەتییە، بە هەڵگیرسانی جەنگ بازاڕی چەک فڕۆشتن گەرم دەبێت. پشێوی دەکەوێتە نێو وڵات و ڕێگەیەکی ئاسان دەبێت بۆ مامەڵە کردن بە مادە هۆشبەرەکان، کە ئێستا لە جیهاندا گەورترین دەرامەتە و زۆربەی حکومەتەکانی وڵاتان بە نهێنی تێوە گلاون. 
بێ گومان هۆی سیاسی بەدەر نییە لە پلانەکەی ڕوسیا و هێڕش کردنی بۆ سەر یۆکرانیا. کێشەی نێوان یۆکرانیا و ڕوسیا ڕەگێکی مێژووی هەیە، لە قۆناغی جیاوازدا گەیشتۆتە لوتکە و دواتر هێور بۆتەوە، بەڵام هەرگیز نێوانیان ئاسایی نەبۆتەوە، لەبەرئەوەی ڕوسیا هەمیشە بە مافی خۆی زانیوە ئەو وڵاتە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، بۆیە بە دڵنیاییەوە یۆکرانیا ئەگەر دەستی ڕاگرتبا ڕوسیا لەسەری بڕوات، ئەوجاش مۆسکۆ هەرگیز دەستبەردای ئەو پلانەی نەدەبوو و لە دەرتانێک دەگەڕا بۆ ئەوەی پلانەکەی بخاتە بواری جێبەجێ کردن، ئەم ساڵیش نەبوایە ساڵێکی دی یۆکرانیا دووچاری هەمان چارەنووس دەبوو.
 لە ساڵی ٢٠١٤وە کاتێک کە یۆکرانیا حکومەتی سەر بە ڕوسیای خست، سەڕۆکەکەی ڕایکردە مۆسکۆ، کێشەی دروست بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی سەر بە ڕوسیا لەو وڵاتەدا سەریهەڵدا، بە تایبەتی لەو ناوچانەی کە سنووریان بە سنووری ڕوسیایە، لەو دیوی سنوریش هەمیشە ڕوسیا هێز و تەقەمەنیەکی زۆری جێگیر دەکرد،  تا هەنووکە ١٤ هەزار کەس لەو ململانێیەدا کوژراون، واتە حکومەتی ناوەند لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی لێ دەکرا، جوڵانەوەکانیش لەلایەن ڕوسیاوە. بە واتەیەکی دی وڵاتەکە لەنێو خۆیدا ببوو بە دوو بەرەی سەرەکیی.  زێتربوونی هەژموونی ئەمریکا لە ئەوروپا، بەهێزبوونی ناتۆ و بوونی دوو بنکەی بەهێزی ئەو ڕێکخراوە لە بولغاریا و ڕۆمانیا، هەمیشە مایەی نیگەرانی ڕوسیا بوو، ئەو پێ وابوو یۆکرانیا خاڵێکی لاوازە بۆ ڕوسیا، ڕێگەیەکی ئاسانا بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ دژایەتی کردنی ڕوسیا، بەهێز کردنی پێگەیان لەو  وڵاتەدا کە لەبن پاڵی وڵاتەکەی ئەو دایە.    
لە ساڵی٩/ ٢٠١٤دا یۆکرانیا لەگەڵ ڕوسیا لەسەر دەستی فرەنسا و ئەڵمانیادا ڕێککەوتنی مینسکی واژۆ کرد، بەڵام دواتر ئەو ڕێککەوتنە دەرکەوتی باشی نەبوو، بۆیە لە ١٢/٢٠١٥دا ڕێککەوتنی مینسکی دوویان واژۆ کرد، کە تێیدا هاتبوو هەموو زیندانی جەنگ ئازاد بکرێن، هەموو چەکە قورسەکان لە ناوچەکەدا بگوازرێنەوە، حکومەتی یۆکرانیا چاکسازی لە دەسەڵاتی سیاسیدا بکات، لە دەستوری وڵاتدا ددان بە دەسەڵاتی سیاسی یۆکرانیا بنرێت. ئەم ڕێککەوتنانە هەرگیز کێشەکەی چارەسەر نەکرد. لە ٢/٢٠٢٢دا پوتین لە میدیاکاندا بە وتارێک ئەو ڕێککەوتنەی پوچەڵ کرد و ددانی بە سەربەخۆی دۆنێتسک و لیوهانسک هێنا و ڕێگەی هەڵکوتانە سەر یۆکرانیای خۆش کرد. 
گۆڕانی هاوکێشەی هێز و نەخشەی جوگرافیا و جیوگرافیای سیاسیی دنیا و ناوچەیەکان، کە لە ئەنجامی گۆڕینی بارودۆخ و زەمینەی تایبەتی، بە گوێرەی بەرژەوەندیی زلهێزەکانی دنیا و داپلۆسێنی گەل و نەتەوە ژێردەستەکان و خواردنی مافی هەژارانی سەر زەمین لە سەد ساڵی ڕابردوودا سەقامگیر بووە، ئەمڕۆ دووبارە بە گۆڕینی هاوکێشەی هێز و بەرژەوەندیی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەیەکان کولتوورێک سەریهەڵداوە، کە هەر وڵاتێک بەهێزتر بێت لەوی تر،  زەفەری پێ دەبا و بە زەبری هێزی سەربازی هەڵدەکوتێتە سەری، ئێستا دەیان نمونە بە بەڵگەوە لەبەردەست و لە پێش چاواندا هەیە، وەکو پوتین دەیەوێت دووبارە یەکێتی سۆڤیەت ڕێکبخاتەوە، ئەو وڵاتانەی کە دوای ڕووخانی ئەو یەکێتیە لەژێر هەژموونی کۆنتڕۆڵی ئەودا نەمان، بەخۆشی یان بە ترشی بێت بیانگەڕێنێتەوە بۆ نێو ئەو چوارچێوەیە.  ئەردوغان دەیەوێت ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە، بە پراکتیک بەشێک لە عیراق و سوریا و کوردستانی داگیرکردوە، هێز و سوپا و میلیشیاکانی بە چوارمشقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاو کردۆتەوە.  ئیران دەیەوێت ئیمپراتۆریەتی سەفەوی بژێنێتەوە بۆیە دەبینین کە کۆنتڕۆڵی تەواوی عیراق و بەشێک لە کوردستان و سوریای  کردوە، تورکیا ئاسا هێز و میلیشیاکانی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاو کردۆتەوە.  چین دەیەوێت تایوان وەک جاران ببێت بەبەشێکی نەپساوە لە چین، ئەو زۆربەی دورگەکانی نێو ئۆقیانووسەکان بەکڕین بێت یان بە داگیرکردن کۆنتڕۆڵ کردوە.  ئەمریکا لە عیراق و سوریا و دەیان وڵاتانی دی بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەی خستۆتە ژێر هەژموونی خۆی. ئەم نمونانە و سەدانی دی، ئاماژەی ئەوەن کە زلهیزەکانی دنیا و ناوچەیەکان خەریکی گۆڕینی نەخشەی جوگرافیا و جیوگرافیای سیاسین، بۆ ئەو مەبەستە ئەوان هێزی سەربازیان لە دنیادا بەگوێرەی خواستی بەرژەوەندییەکانیان بڵاو کردوە و هێزە ناوچەیەکانیش خۆیان بۆ ئەوە ئامادە کردوە، بۆیە ڕوسیا هەڵکوتانە سەر یۆکرانیای بە ئاسایی وەرگرتووە و هەر وەک چۆن بوونی لە سوریاش هەر بە مافی خۆی دەزانێت. 
پوتین لە وتارەکانی دەربارەی ئەو مەسەلەیە کە لە میدیاکانی دنیادا بڵاوبۆیەوە ڕایگەیاند، کە ئەمریکا بەهەقی خۆی زانی بێتە سوریا و عیراق، بۆ دەبێت ئێستا ئەوان مافی ئەوەیان نەبێت هەڵکوتنە سەر یۆکرانیا کە ئاسایش و بەرژەوەندیی نەتەوەیی ڕوسیای خستۆتە مەترسیەوە. زیندوکردنەوەی ڕابردوو بەوشێوەیەی کە بگوجنێت لەگەڵ بەرژەوەندیی و سەپاندنی دەسەڵات و بەگوێرەی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی ئەمڕۆ، بە دڵنیاییەوە  پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و گەڕانەوەی مێژووی مرۆڤایەتیە بەرە و دواوە، ژیاندنەوەی دیکتاتۆریەتی ئیمپراتۆریەتەکانی سەدان ساڵ پێش ئەمڕۆیە، کە مرۆڤ بەرەو کۆیلە بوون دەبات، ئەوەی شمشێر بەدەست بێت سەری ئەوانی دی دەپەڕێنێت. سەیرە وڵاتانی زلهێز باسی شارستانیەت، سیستەمی دیموکراتی و ڕێزگرتن لە مافی خەڵک دەکەن، ئەوان بە هەزاران ڕێکخراوی مەدەنیان دامەزراندوە کە دروشمی ڕێزگرتن لە مافی تاکەکانی سەر گوێ زەمینیان هەڵگرتووە، کەچی  کلتووری 'ماسی گەورە ماسی بچووک قوت بدات"یان قبوڵە، کە سورسور دەزانن ئەو جۆرە کلتوورە دنیا بەرەو وێرانبوون و نەهامەتی دەبات، سەرەتایەکە بۆ ژیاندنەوە دیکتاتۆری و داپلۆسین و لەنێوچوونی میللەتان و نەتەوە ژێردەستەکان. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە