پارتی و سیاسەت ، ڕقێک لە خۆمان ڕقێک لە عێراق

Sunday, 27/02/2022, 22:18

4148 بینراوە


لە دونیای ئەمڕۆو دەوڵەتە هاوچەرخەکاندا شتێک نەماوە بە ناوى هاوبەشی لە زمان و مێژوو و ڕەگەز و ئایین و خاکدا بۆ دروستکردنی دەوڵەت ، ئەم تێگەیشتنە سەرەتایییە کلاسیکییە بۆ پرسی نەتەوە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە ، لە دونیای ئەمڕۆدا دروستببونی دەوڵەت هیچ پەیوەندییەکیان بە مێژوو و ڕەگەزو ئایین و خاکی هاوبەشەوە نییە ،بەڵکو ستراکچەری نەتەوە ڕەهەندی نوێی بۆ زیاد بووە کە ئەویش ڕەهەندی دامەزراوەییی و ئابوری بەهێزە ، ئەم تێزە بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتی وەکو ئێمەی کورد کە خاوەنی دام دەزگای دامەزراوەیی نیشتیمانی و یاسایی نین گرنگی خۆی هەیە ، بەڵام بەر لە ڕەهەندی بە دامەزراوەییکردنی دام و دەزگاکان پێویستیمان بە پرۆسەی نەتەوەسازیش هەیە ، میللەتانی دونیا بەر لەوەی دەوڵەت دروست بکەن نەتەوەسازییان بونیاد دەنێن و دواتر دام و دەزگای یاسایی و نیشتیمانی و ژێرخانی و سەرخانی پتەو بۆ کۆمەلگا دەستبەر دەکەن ، پرسی دەوڵەت و سەربەخۆیی سیاسی دوایین پرۆژەیە ئەنجامی ئەدون ، ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە نەتەوەسازیش پێویستی بە ژینگەیەکی دیموکراسییە کە تێدا ئازادی و ماف و کەرامەتی هەمووان پارێزراو بێت ، پاشان دەوڵەت دروستکردن پێویستی بە گفتوگۆی قوڵ و دەیان و سەدان  پانێڵ و سیمینار هەیە لە بوارەکانی دادپەروەری و یەکسانی و ئازادی و ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری یاساو بەها دیموکراتیەکان دوای هەموو ئەمانە ئینجا دەوڵەت شەرعییەتی ناوخۆی پێدەدرێت . 
هوشیاری سیاسی پارتی و هێزە سیاسییەکان زۆر لاوازە نەگەیشتووتە ئەو ئاستەی تا بتوانن لە ناوچەیەکی گرنگ و هەستیاری وەکو کوردستان دەوڵەتێکی کوردی دروست بکەن، پارتی وەکو هیزێکی سیاسی و بارزانیش وەک کەسایەتی و سەرۆکی حیزبێک خاوەنی پلان تەکنیک و ستراتیژی سیاسی نین بۆ ئەوەی کورد بگاتە سەربەخۆیی سیاسی و ئیداریی ، لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 وە خەمی پارتی نەتەوەسازی و بە دامەزراوەیی و نیشتیمانیبوونی دامەزراوەکان نەبووە کە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی پێویستن ، بەڵکو پارتیسەرقاڵی ناکۆکی سیاسی و ناکۆکی کەسی  و ناکۆکی خێزانی بووەو زیاتر لە خەمی بەهێزبوونی خۆیان و هەژموونی حیزبی خێڵچیتیدا بوون کە چۆن کۆمەلگای کوردی لەناو بۆتەی مێنتەڵیەتی خێڵایەتیدا بهێڵنەوە بچوکی بکەنەوە و پایەکانی نەتەوەیی تێک بشکێنن  ،خۆ ئەگەر نا دەوڵەت لای خەڵک و بۆ خەڵکی کوردستان گرنگە ،بەڵام خەڵکی کوردستان مانای ژیان، ئاییندەی منداڵەکانیان، کار و کاسبیی، ئازادیی و کەرامەتی مرۆییان بەلاوە گرینگترە! 
پاشان پارتی وەکحیزبێکی رقاوی کینە لە دڵ کار لەسەر بەرهەمهێنانی نەتەوەیەکی ڕقاوی کینە لە دڵ و دوژمن بە پێکهاتەی ئیتنی ناوچەکە دەکات، مەسەلەن پارتی دەیەوێت کۆمەڵگای کوردی هەڵگری رقێک بێت دژ بە خۆی رقێکیش دژ بە نەتەوەکانی ترو عەرەب بە تایبەتی! کورد بە رقەکەی خۆی ڕۆحیەتی کوردبوون و ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی لەناو بەرێت، ڕق لە کوردبوون ،ڕق لە ئاڵا ، ڕق لە خاک ، ڕق لە زمان، دواجاریش ڕق لە دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆیشی بە تورێکی قوڕاوی نەوێت ! لەپای ئەم هەموو شکست و قەیرانە سیاسی و ئابورییە و نەبوونی ئینتیما لای خەڵک و خولقاندنی ژینگەیەکی سیاسی پڕ لە ترس لە هێرش و پەلاماردان و سەرکوتکردن و پاشەکشەی ئازادیدا ،پێویستیمان بە ڕوانینێکی عەقڵانییە کە ناوەوی کۆمەلگا گیرۆدەی ڕق و نائارامی نەکرێت ، نەوەک لە پێناو مەسڵەحەتی حیزبی و خێزانیدا بواری بیرکردنەوەی رقی بۆ بڕەخسێت ، پارتی لە هونەری بەڕێوەبردندا لێبووەتەوەو هیچ نەما خراپی نەکات ، کاری ئێستای پارتی خراپکردنی فەزای ناوەوەی کۆمەڵگایە لەڕێگای شەڕی دەروونی و هەواڵی فەیك و ناوزڕاندن و ڕقڕشتنەوە . 
هێشتا کۆمەڵگای کوردی لەناو بەدبەختییەکانی خۆیدایە (بەدبەختی ڕق لە خۆبوونەوە ) کەچی پارتی رقێکی تری لە ناو حەماقەتی قەومیدا بۆ قووت کردووەتەوە کە زۆر بە یەقینەوە کاری لەسەر دەکات ، ئەویش ڕقبوونە لە نەتەوەکانی تر و ڕقبوونە لە عێراق! پرۆژەی ڕقبوون لە نەتەوەکانی تر لە عێراق کە پارتی سپۆنسەری دەکات خەریکە ھەموو چوارچێوەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و بەھایەکی سیاسی و ئەخلاقی تێدەپەڕێنێت، فۆکسی میدیاکانی پارتی بەردەوام لەسەرئەم تێزە کاردەکات ،پارتی وەکو هێزێکی سیاسی ئازادە دەست لەگەڵ كێ تێكەڵ دەكات، بەڵام لەو دەستتێكەڵکردنەدا نابێ شعوری خەڵك و ڕەمزە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بخاتە نێو ململانێی حیزبی و سەفەقاتی سیاسی و یاری بە چارەنوسی میللەتێکەوە بکات و خەڵک هانبدات بۆ تۆخكردنەوەی زۆنچێتی و ڕقبوون لەخۆیان و لە عێراق، ئەم برینە لە ڕووی سیاسی و سۆسیۆلۆژییەوە برینێکی قوڵە و خەنجەری پارتییە لە ڕۆحی کوردبوون و تەبایی و پێکەوە ژیانی نێوان کوردو عەرەبی دەدات ، شەراکەتی ڕاستەقینە لە عێراقدا بە کۆنە قین و خەیاڵی پێش سایکس پیکۆوە ناکرێت ، پارتیش ئەگەر لە بەغداد شەڕ لە پێناو کورداتیدا دەکات دەبێ نییەتی پاك و ئیرادەی پاكی هەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە