رۆژژمێرێک کە بۆنی ئێران وئێرانی بوونی لێنایە!

Tuesday, 03.01.2022, 20:01

1829 بینراوە


دیاردەی بێکاری ودانیشتن لە بندیوارەکانی شارەکانی وڵاتی عەرەبستان وبە دەستەوە گرتنی تەسبیح وباری خراپی ئابووری کەشوهەوایەکی وای خوڵقاند کە پاش پەرەگرتنی ئیسلام لەو وڵاتە بیر لە دەستدرێژیی بکرێتەوە سەر ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی ئابووریەکی بەهێزو فەرهەنگێکی بەتوانا وکتیبخانەکانی پڕلە کتێبی زانستی بون. 
دوای سەردەمی نەزانیی وجاهیلیەت لە عەرەبستان مێژوویەکی نوێ بە هاتنی محەممەد وەک پەیامبەردەستی پێکرد. ئیدی بۆ بژیوی ژیان وپەرەپێدانی ئایینی ئیسلام بیر لە هیرشکردن کرایەوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە ئایینی ئیسلامیان قەبوڵ نەدەکرد. یەکێک لەووڵاتانە وڵاتی ئێران بوو، کە دوای بەرپەرچ دانەوەیەکی کورتخایەن مەجبورما مل بۆ داخوازیەکانی هێرشبەرانی عەرەب بۆ سەر وڵاتەکەی بنێ وئایینی ئیسلام قەبوڵ بکا ومحەممەدیش وەک نوێنەری خودا پەیامبەر وەربگرێ و یاساکانی ئیسلام بکاتە رۆژژمێری وڵاتەکەی خۆی! ئیتر رێورەسم وئایینی زەردەشت وکتێبی ئاوێستا و رێنمانییەکانی زەردەشت، بە زۆرەملێ جێگای خۆیدا بە ئیسلام و کتێبی قورعان ولە پێغەمبەرایەتی محەممەد.
خاڵی سرنجڕاکێش ئەوەیە کە لە سەردەمی داگیرکردنی ئێراندا کاتی جەلەکردنی شەڕکەری عەرەب لە سەرشەقامەکانی شارەکانی ئێران کە تووشی ئێرانیەک دەبوون، هەر کەس (سڵاوی) لە شڕەخۆرەکانی عەرەب نەکردایە بە قامچی لێی دەدرا. چون سڵاو واتای دەست بەرزکردنەوە و تەسلیم بوونی دەدا و ئێرانیەکانیش تەسلیمی هێرشەکانی وڵاتی عەرەبستان ببوونەوە! لەوکاتەوە تا ئێستێی نزیکەی ١٤٠٠ساڵ تێدەپەڕێ. 

رۆژژمێرێک کە بۆنی ئێرانیبوونی لێ نایە!

ئێرانییەکان بە کوردیشەوە لە ئێران، یەکەم نەتەوەن لەم جیهانەدا کە بکوژەکانی خۆیان ستایش دەکەن و رێزی لێ دەگرن! بۆیە خاوەنی رۆژژمێرێکی سەیروسەمەرەن. بە تایبەت دوای کۆتایی هاتنی ٢٥٠٠ساڵ لە دەسەڵاتداریەتی شاهەنشایی لە ئێران وهاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ٤٢ ئەو رێگوزەرە زۆر زەقتر دەرکەوتووە وخۆی خستۆتە ناو تان وپۆی ژیانی رۆژانەی خەڵكی بێ دەرەتان و بەدیلکراو. ئیدی ئیسلام بۆتە کەرەستەیەک بۆ سیاسەتکردن وکوشتنی هەست وسۆزی خەڵكی بێچارە! دوای ١٠٠ ساڵێش لە مردنی محەممەد دوو رێبازی شیعە وسوننە وەک ئامرازێک بە چنگی زلهێزەکانەوە کایەی سیاسی لە سەر بەرێوە دەبردرێ و بەرژەوەندییەکانی خۆیانی پێ مسوگەر دەکەن. 
1: ئێرانیەکان تەنیا نەتەوەیەکن کە لە رۆژژمێری وڵاتەکەیاندا رۆژی پیاوبە ناوی حەزرەتی عەلی دیاری کردووە!
2: رۆژی ژن لە ئێران، رۆژی لە دایکبونی فاتمەیە!
3:رۆژی گەنجەکانی ئەو وڵاتە، رۆژی لە دایکبونی عەلی ئەکبەرە!
4: رۆژی پەرەستار، رۆژی لە دایکبونی زەینەبە!
5: ساڵوەگەڕی کوژراوەکانیان، رۆژی لە دایکبونی ئەبولفەزلە!
6: رۆژی کچ، رۆژی لە دایکبونی مەعسوومە!
7: رۆژی منداڵ لە ئێران رۆژی لە دایکبونی عەلی ئەسغەرە!
8: رۆژی کەرامەت وگەورەیی رۆژی لە دایکبونی ئیمام حەسەنە!
9: رۆژی پاسدار، رۆژی لە دایکبونی ئیمامی حوسێنە!
هەر دەڵێی لەو وڵاتەدا نەپیاوێک هەبووە، نە ژنێک! سەرنج ڕاکێشە بۆ ئەو کەسانەی، کە ناویان لێرەدا هاتووە لە وڵاتەکەی خۆیان (عەرەبستان) وەها جێگە و پێگەیان پێ نەدراوە، بەوجۆرەی کە لە ئێران هەیانە.
لە وڵاتی ئێران جگە لە جەژنی نەورۆز تەواوی جەژنەکانی دیکە بۆنەی ئایینین! تەنانەت رۆژانی پشووی نەتەوەییشان نییە، کە بە جەژن دابنرێت و ئاهەنگی بۆ بگێرێ. مرۆڤ بیر ئەکاتەوە کە قارەمانێکی نەتەوەیی لە ئێران بونی نییە، کە یادی بکەنەوە و ئاهەنگی بۆ بگیرێت. 
رۆژی ژن هی ژنانی عەرەبستانە.
رۆژی پیاوهی پیاوانی عەرەبستانە.
رۆژی کچ هی کچانی عەرەبستانە.
رۆژی گەنج هەر هی عەرەبەکانە.
تەنانەت رۆژی مردنی ئەو کەسانەش بۆتە رۆژی ماتەمینیی ئێرانیەکان!
ئەمە وەک ئەوەیە، ئێڕە ئێران نەبێ وهیچ ناسنامەیەکی ئێرانی بە ناوی ئێرانیبوونی نەبێت و وڵاتی ئێران بوونی نییە.
بەڕاستی ئێرانیەکان کێن؟ ئایا ئەو ئێرانە هەمان ئەو ئێرانەیە کە 7000 ساڵ مێژووی هەیە؟
کورتە مێژووی 2500 ساڵەی شاهەنشایی لە ئێران
تا پێش هاتنە سەرکاری کۆماری مەلاکان لە ئێران، بە تایبەت لەسەردەمی دەسەڵاتداریەتی بنەماڵەی پەهلەوی وشەخسی محەممەد رەزاشای ئێران، گوێچکەی ئاسمانیان کەڕکردبوو، کە وڵاتی ئێران خاوەنی 2500 ساڵ دەسەڵاتی شاهەنشایی بووە. شای لە پشت سەری شا لەو وڵاتەدا دەسەڵاتی هەبووە. 
ئەگەر بە وردیی پێداچوونەوە بە مێژووی دەسەڵاتی پادشایەتی بکەین لە ئێران، لەو ماوەیەدا بە دەیان کەس لەو کەسانەی کە وەک شای ئێران خاوەن دەسەڵات بون، بە رەگەز کورد بون. بەڵام کوردێکی بێ ڕیشە ودوور لە ناسنامەی نەتەوایەتی خۆیان کە هیچکات هەولیان بۆ رزگارکردنی کورد و نەتەوەی کورد نەداوە. تەنیا شەڕیان لە پێناو پاراستن ومەزنرکردنی خاکی ئێران داوە. کەچی تا ئەوڕۆش هیچ نووسەر و رووناکبیر و دەسەڵاتداری ئێرانی ئاماژە بەو راستیە ناکات و دانی پێدا نانێ. بەداخەوە کۆماڵگای خامە بەدەست و رووناکبیر و حیزبیی کوردستانیش لەو بوارەدا زۆر کڵۆڵ و خامە کولن. سەلاحەدینی ئەیوبی کاتی خۆی چەندی بۆ کورد هەولدا ئەو کەسانەش، کە لە ئێران کورد بون پاشایەتیان هەرئەوەندەیان هەول بۆدا !

تێبینی:

دوای ئەوەیە کە محەممەد خۆی وەک پەیامبەری خودا بە خەڵك ناساند، زۆر زیرەکانی مێژووی پێش هاتنی ئیسلامی بە سەردەمی جاهیلیەتیان نەزانی پێناسە کرد. بۆ ئەوەی بە دونیا رابگەیەنێ، کە سەرهەڵدانی ئیسلام بوو بە هۆی پێشکەوتن و گەشەکردنی کۆمەڵگا، چون پێش هاتنی ئیسلام سەردەم سەردەمی خوڕافە و نەزانی بووە. ئەو بۆچوونە هیچ راست نییە وتەنیا بۆ هەڵخەڵەتاندنی مێژوویە و بۆبە ساویلکەکردنی کۆمەڵگای ئەو وڵاتانەیە، کە باوەڕیان بەو رابوردوویە هێناوە. نموونەی هەرە بەرچاو هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییە، کە گەڕانەوەیە بۆ 1400 ساڵ لەوە پێش. تەواوی نەتەوەکانی دیکەی سەرخاکی ئێران، ئێرانی بن، کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئێرانی نییە و کوردە.