ھێشتا بۆم نەلواوە تەواوی بەرگەکانی "رۆژژمێری پێشمەرگەیەک"ی حەمەی حاجی مەحمود بخوێنمەوە. بۆ خۆم بەرگی٢ م ھەیە و بەرگی چواریشم بەر لەچەند ساڵێ بەقەرز وەرگرت بۆ خوێندەوە .ئەم ھۆکارە وا دەکات تەواوی باس و ڕووداوەکانم لەبەرچاو و دەست نەبێت و نەتوانم تەقەڵ لەباسەکان بدەم و پێکەوەتان بنووسێنمەوە.. بەواتایەکی تر وەک دەنکی تەزبیح بیانھۆنمەوە.. کەواتە هەر لە پێشڕا دەست کورتی خۆمان ڕادەگەیەنم.
بەڵام ئەو ڕاستییەم لا بەرجەستەیە کە رۆژژمێری پێشمەرگەیەک زیاتر لەزۆر بیرەوەریی و ژیاننامە و بەسەرھاتی تری نووسراو، ڕاستی لە خۆ گرتووە و ڕووداوەکانی تۆمار کردووە...
ئەم ڕاستییەش زۆرینەی ئەوانەی خوێنەری رۆژژمێرەکەی حەمەن جەخت لەسەر ئەم حەقیقەتە دەکەنەوە..بەڵێ لێرە ڕاستی گەر لە شوێنی تر دەست نەوێ، لێرە ھیچ پەردەیەکی سیاسی بەسەر ڕووداوەکان دراوە و ھیچ بەرگێکی لەبەر نەراوە، راستییەکان ڕووت و قووتن . ڕۆژمێرێک ڕۆژانە باسەکانی تێدا نووسراوە و گەلێک لەم ڕووداوانە سەرنج لێ گیراوە و بەپێی توانا تاوتوێیان بۆ کراوە..
مامۆستا مەسعوود وتەنی: ڕاستی شەرەفی نووسینە...
لەم کۆنتێکسەدا ڕاستی ئەوەیە: ھەرچی ڕوویداوە و تۆ تێیدا بەشدار بوویت باسی بکەیت، بە ئازایەتی و ترسنۆکی، سەرکەوتن و ژێرکەوتن، چاکی و خراپی یاخود جوانی و ناشیرینییەوە. هەروەها تووشی پەتای، ھەر من و من و من و منت نەبێ ، خۆی لە ھەقتقەت نەدزێتەوە و لایەنی نەرێنی لەملی کەس نەپێچیت و چیرۆک نەھۆنیتەوە و بەختان بۆ کەس دانەتاشی...