نەوت دزەکان .. باڕەیان لێهەستاوە

Wednesday, 02/03/2022, 0:10

6463 بینراوە


لەدوا ڕۆژى مانگى شوباتدا چوار سەرۆکایەتیەکەى هەرێمى کوردستان دژ بەبریارى دادگاى فیدراڵى عێراق کۆبونەوە و ڕاگەیەندراوێکى لەرزۆک و بێناوەرۆکیان دەرکرد کەدورە لەهەموو ئەتەکێتێکى حوکمدارى ، بڕیارى دادگاى بەپێچەوانەى دەق و گیان و بنەما ڕاستەقینەکانى سیستەمى فیدراڵى دائەنێت ، شەرمنانە بریارى دادگاى فیدراڵى ڕەت ئەکاتەوە . 
 بڕیارى دادگاى فیدراڵى لەیەکەم هەنگاودا دوو بەرەى جیاکردەوە : بەرەى نەوت دزەکان و بەرەى پشتگیرى بڕیارى دادگا ، نەوت دزەکان .. وەها شپرزەبون و دۆزەکەیان لێئالۆسکاوە خۆشیان نازانن چۆن سەرى لێدەربکەن و ئێستا لەدەستەیک چەتەى یاخى ئەچن و پەنا بۆ هەموو وەسیلەیەک ئەبەن هەتا سەرچاوەى بەتاڵانبردنیان وشک نەکات و پاش ئەوەى کۆمپانیاى نیشتمانى نەوتى عێراق ( نوسینگەى سەرۆک ) بەفەرمانى کارگێڕى ژمارە ( ٤١ ) لە ٢٦ ى شوباتدا لیژنەیەکى تایبەتمەندى داناوە بۆ جێبەجێکردنى بریارى دادگاى فیدراڵى .
 دادگاى بالاى فیدراڵى عێراق بە داواى ژمارە ٥٩ / اتحادیە /٢٠١٢ لە ١٥ / ٢ / ٢٠٢٢ بڕیارێکى گرنگ و پڕبایەخى دەرکرد , بە کورتى : حوکمیدا بە پوچەڵکردنەوەى یاساى نەوت و غازى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە ژمارە ٢٢ى ساڵى ٢٠٠٧ بەهۆى ئەوەى پێچەوانەى حوکمەکانى مادەى دەستورە ، بڕگەى دووەمى ئەو حوکمە پابەندکردنى حکومەتى هەرێمە بەڕادەستکردنى تەواوى بەرهەمى نەوتى بەحکومەتى ناوەند لەڕێگەى وەزارەتى نەوتى عێراق بڕگەى سێیەم مافى بەوەزارەتى نەوتى عێراق داوە کە بەدواداچون بۆ پوچەڵکردنەوەى هەموو ئەو گرێبەستانەى حکومەتى هەرێم کردونى لەدەرهێنانى نەوت و غاز و فرۆشتن و گواستنەوەى لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیاکان .
ئەوەى گرنگە : بڕیارى ئەم دادگایە هیچ جۆرە تانەیەکى لێنادرێت و ئیلزامیە کە هەموو بڕگەکانى جێبەجێبکرێت ، گەرچى ئەم داوایە لەساڵى ٢٠١٢ وە لەلایەن وەزیرى ئەوکاتەى نەوتى عێراقەوە بەرز کراوەتەوە بەڵام بەهۆى تەکنیکى و تەوافقى حیزبەکان و سەرۆکى ئەوکاتەى دادگا بەناوى (مەدحەت مەحمود) کە دادوەرێکى کۆنەبەعسى و بێ شەخسیەت و ملکەچ لەئاستى نورى مالکى وهێزە شیعەکاندا و بونى کەموکوڕى لە یاساکەدا یەکلایکردنەوەى داواکە دواکەوت ، یاساى دادگاکە کەپێشتر لەساڵى ٢٠٠٥دا دەرچوبوو لە مانگى ئازارى ساڵى پاردا هەموارى یاساکە کرا و دەستەیەکى نوێ لەدادوەران دەستبەکاربون ، ئەوەى سەیرە قەوارەى پارتى لەپەڕلەمانى عێراق دەنگى بەهەموارى ئەو یاسایە نەدا و ئەیویست بەڕیتمى پێشوو بمێنێتەوە بەڵام دواى هەموارى یاساکە هەریەک لەپارتى و یەکێتى بەپەلەو بێدواکەوتن سەرو دادوەرییان بۆ ئەو دادگایە ناردووە . 
 بریارى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق لەدواى خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانى ١٧ى شوبات دووەم بومەلەرزەیە عەرشى خیانەت و چەتەییى هێناوەتە لەرزە .
 دزى و تاڵانى .. بەشێکن لە چیرۆکى سی ساڵەى حوکمڕانى حیزبى کوردییە . دزى نەوت بە قاچاخبردنى جیا لەدزییە جۆرا و جۆر و ڕەنگاوڕەنگ و بێنشانە و نیشانەدار زۆر زەبەلاحترە , بنەماڵەى بەرزانى و بەبەرهەمى ئەم دزییە حیزب و دوکانچەى حیزبى و حیزبى شاگرد و حیزبى بێ بنکردایەتى ... هەمویانى بەکلکى خۆیەوە گرێداوە بە بەشەئاخوڕى مسۆگەرەوە . 
 سەرکردەى دز و حیزبى دز و بارەگاى دز ئەگەر بەرگرى و شین و شەپۆڕ بۆ نەوت دزین نەکەن چ خەمێکێتریان هەیە ، شاگردە حیزب و بێچولە دزى سەرکردە و حیزبى دەستى دوو سێ و حیزبى سفر کورسى .. ئەگەر دواى مەرجەعى دزو جەردە نەکەون چۆن پاشماوەخۆرییان پێئەبڕێت .. 
شاعیرێکى دێرینى عەرەب بەناوى (سبط التعاویذي ١١٢٥- ١١٨٧ ) لەدێرە شیعرێکدا ئەڵێت :
اذا کان رب البیت بالدف ناقرا     فشیمة اهل البیت کلهم الرقص
 واتە: ئەگەر (باوک) گەورەى ماڵ دەفى لێدا یا دەفلێدەر بوو ئەوە خوو یا نەریتى کەسانى ماڵەکەى سەماکردنە.
بەداخەوە لەسایەى حیزبى کوردى و سەرکردە بێمۆراڵەکانیەوە هەریکەى بەجۆرێک بۆ مەسعود بەرزانى چەمینەوە وهاتنە سەرچۆک ، مەسعود ئەگەر لەهیچدا سەرکەوتوو نەبێت لەوەدا شکستى نەهێناوە کە لێشاوێک لەحیزب و کەسانى سیاسى و لاکەوتە و قەڵەمفرۆش و نوسەرى بودەڵەو ناخ ڕزیوى بۆسەنگەرى خاکفرۆشى و نەوتفرۆشى ڕاکێشاوە و هەریەکەى بەجۆرێک پاساوى بۆ ئەهێننەوە . ئێستا کە کەوتۆتە دەف ژەنین دژ بەبڕیارى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق هەموو بەدوایدا کەوتونەتە سەما و بادانى کوردایەتى ، نازدار حەیرانى جاشولکەکەى مەسرور ئەڵێت : (خۆى لەڕاستیدا کوردستان هى پارتیە ئەویش نوێنەرایەتى دەکات بەناویەوە جا ( باش یان خراپ !) تێهەڵدەچێتەوە . ئێستا ئەگەر قەرار بێت مەسەلەن ناتۆ بەتانک و تەیارەوە ، یان ئێران و تورکیا و حەشدى شەعبى بەهەمان جبەخانەوە ، هێرش بکەنە سەر کوردستان ، ئیدى خۆ ڕونە کە پارتى دەرەقەتیان نایەت ، بەڵام هەر ئەو بەشێوەیەکى کەلامیش بێت ، ئەبێ و نابێ ملە جیرەیەکیشیان لەگەڵ دەکات ...).
 بێشەرمى سنورێکى نەماوە - ڕاستە پارتى هەموو چەمکەکانى حوکمى هەرێمى کوردستانى قۆرخ و داگیر کردووە - وەرە زەلام کوردستان بەمڵکى پارتى بزانیت نەک خەڵکەکەى ئەوە ماهیەتى پارتى و پارتیبون و پاراستن بونە ، بەڵام پاریتبون بەفشەکردنەوە خۆشیەکى هەیە ، پارتى و ناتۆ و تانک و تەیارە وەک ئەوەى لەسەرى ڕەش کڵاوەى ئەتۆمى چەکى لیزەرى موشەکى کیشوەر بڕ دروستبکەن ، خۆخەڵەتاندن کەلتورى پارتیبونە . نێچیر ئەڵێت بەشێکین لە شۆرشى ئیسلامى ئێران ، ئێران غەزەبى لێگیراوە هێرشبکاتە سەربەشێکى خۆى ، ئەبوایە شەعبێک داواى لە پارتى بکردایە ناوى حەشدى شەعبى بهێنێ خۆى کەڕ بکردایە بەربەستى ئەمریکا نەبوایە بەپڕمەیەکى حەشد هەولێر چۆڵئەکرا . ئەوە تورکیا لایەک لەکوردستانى داگیر کردووە ٣٢ بنکەى سەرباز و سیخوڕى تێدا دامەزراندووە بەبێ ئەوەى مەسعودى سەرۆکى ئیدارەى شیمالى عێراق – وەک ئەوەى ئەردۆغان ئەیڵێت - ئەبێت و نابێیەک بکات ، هیچ نەبێت ملەجیڕەیەک ، وەکو ئەوەى دژ بەبریارى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەیکات . 
بەرەى نەوت دزەکان هەریەکەى بەجۆرێک پرتە پرتێتى ، لەلایەک هێمن هەورامى ئەلێت هەرچوار سەرۆکایەتیەکەى هەرێم کۆکن کەپێکهاتەى دادگاى فیدراڵى عێراق هەڵبوەشێتەوە و دوبارە بەیاسایی دابرێژرێتەوە ، وەزیرى ئەوقافیش کۆمەڵە مەلایەکى خڕکردۆتەوە و بەدادگاى فیدراڵى ئەڵێت دادگاى دیکتاتۆر و مەجموعە خەڵکێکى نەشارەزا لە یاسا ... پەرلەمانتارە نیوە زمانەکەى گۆڕانیش ئەڵێت : بریارەکەى دادگاى فیدراڵى بریارێکى سیاسیە و دژى بەرژەوەندییەکانى گەلى کوردستانە ئەوانە چەند نمونەیەکى زۆر کەمن لەچاو کاروانى خیانەت و نەوت دزى ، لەناو نوسەراندا نمونەیەک ئەهێنینەوە و ئەویش:
عەتا قەراغی یەکێکێکە لەو جاشقەڵەمانە ، ئەڵێت :
(هەندێک خۆفرۆشى کورد لایەنگیرى بڕیارەکەى دادگاى شۆڤێنى عێراق دەکەن)
سەبارەت بەدادگاکە ئەڵێت :
(دادگاى فیدراڵى عێراق جیاوازییەکى ئەوتۆى نیە لەگەڵ مەحکەمەى سەورەى سەردەمى بەعس).
کاک عەتا بە کتێب و نوسین و قسەکانى میدیاى زەرددا ئەیەوێت وەکو لێکۆڵەرێک خۆى نمایش بکات، بەڵام کە تەرمۆمەترى نەوتى کوردایەتى بەرز ئەبێتەوە ئەیبزڕکێنێت، ئەگەر هەندێک خۆفرۆش لایەنگیرى بڕیاى دادگا بکەن واتە هەندێک خۆفرۆشیتر لایەنگیرنین ئەبێت جەنابیان لەکام بەرەى خۆفرۆشیدا بۆنى نەوتى لەدەستچوو ئەکات؟ لایەنگیرى چ مانایەکى هەیە ئەوە بریارێکە و بەپێیى یاسا ئەبێت جێبەجێبکرێت ئەبوایە بیوتایە پشتگیرى ، کە تێکراى خەڵکى کوردستان پشتگیرى ئەم بڕیارە و جێبەجێکردنین جگە لەوانەى ٣٠ ساڵە کوردستان بەسەر زەوى و ژێر زەوییەوە تاڵان ئەکەن، ئێ کاکى قەرەداغى ئەگەر دادگایەکى شۆڤێنیە بۆ پارتیەکەى تۆ و یەکێتى خزمت یەکى دادوەرێکیان لەوێدا هەیە ، دادگا بەپێى مادەیەکى دەستورى حوکمى دەرکردووە، ئەو دەستورەى مەسعود مستەفا و جەلال حسامەدین دنیایەک سواڵى دەنگیان لە کوردستان بۆکرد .
 دادگاى فیدراڵى باڵاى عێراق زۆر جیاوازە لەگەڵ دادگاى سەورەى سەردەمى بەعس شەرمە بۆ لێکۆڵەرێک ئەو دوو دادگایە بەیەک بشوبهێنێت، وا باشترە قانونى دادگاى فیدراڵى بخوێنێتەوە ، دادگاى سەورە بەهەموو ناقانونى بونى و نائینسانى بونى بەئاشکرا حوکمى دەرئەکرد یەک دادگا لەعێراقدا هەبو،و بەڵام لە هەرێم دەسەڵات کەى ویستى دادگاکان ئەکات بەدادگاى سەورە و بەدادوەرەکان ڕۆڵى دڕندانەتر لە عەواد بەندەرى سەرۆکى دادگاى سەورە ئەبینن و باشترین نمونە حوکمدانى چالاکوانانى بادینانە.
هەروەها عەتاى قەرەداغى لەتویتێکدا ئەڵێت :
( لەدەرچونى یاساى دادگاى داگیرکەرى عێراقیەوە لەدوێنێوە ، هەنێ حیزب و کەسایەتى و کۆنەو تازە خۆفرۆشى کورد بەعێراق لە شۆفێنیست و ئیسلامیە کونە پەپوەکانى عێراق زیاتر لایەنگیرى بڕیارەکەى دادگاى شۆفێنى عێراق و بەکرێگیراوانى ئێران دەکەن دژى کورد . ئەمەش بەڵگەى لاوازى کەسێتى کوردى و ناهۆشیاریەتى
عەتا وەها سەرى لێشێواوە شپرزەبووە بڕیارەکەى دادگاى لێبووە بەیاسا لە کاتێکدا ئەوانە هەریەکەى گوزارشت لە چەمکێکى جیاواز ئەکەن ، مەلاش هەڵە ئەکات مەلا عەلى قەرەداغى سەدان هەڵە ئەکات ئەی بۆ عەتا قەرەداغیش نەیکات ؟ گرنگ ئەوەیە پەیامە ستراتیژییەکەى لەڕێگەى سەرى ڕەش تەپوتۆزئەکات .
 قەرەداغى کە ئەڵێت : (ئەمەش بەڵگەى کەسێتى کوردى و ناهۆشیاریەتى) سى ساڵە دەسەڵاتى چەتە و سەرکردەى دز و سەرکردەى گرد و سەرکردەى مزگەوت کەسێتى کورد تێک ئەشکێنن و هۆشیاریان بەسەدان جۆر سڕئەکەن بەڵام نەیانتوانیوە بەئامانجى قێزەونیان بگەن و باشترین بەڵگەش بایکۆتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، کە ئابڕوى حیزبى کوردیان نایە ژێر پێوە ، پشتگیرى بریارى دادگا و چاوەڕوانى و پەرۆشى بۆ جێبەجێکرنى هوشیارییە کە سەدان پاشماوەخۆرى وەکو عەتاى تۆقاندووە.
ئەپرسم : 
• بەقاچاخبردنى ڕۆژانەى نەوت و غاز بە کاروانى سەدان کیلۆمەتریى بۆ ئێران و پاکستان و تورکیا و ئەفغانستان ..
• تێچوى شەرى سوپاى تورک لەسەر فرۆشتنى نەوتى کوردستان دژ بە ڕۆژئاواى کوردستان .. 
• ئەردۆغانێکى فاشى ئەڵێت بەغازى شیمالى عێراق هەموو ماڵێکى تورکیا گەرم ئەکەینەوە .. 
پشتگیرى ئەم دزییە چەپەڵ و قێزەون و بێئابڕوانە، ئایا ئەوە نیشانەى .. کەسێتى بەهێز و هوشیارییە !؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە