بیرەوەرییەکانم (مووسا عەنتەر) بەشی ٢ ـ ٢

Thursday, 03.03.2022, 1:05

1892 بینراوە


ناساندن و خوێندنەوەی کتێب:
بیرەوەرییەکانم   
( مووسا عەنتەر)  
{ ئەگەر زمانی ڕەسەنی من، بناغەی 
دەوڵەتی تۆ دەهەژێنێت، مانای وایە کە تۆ دەوڵەتەکەت
 لەسەر خاکی من دروست کردووە. مووسا عەنتەر}.

لە تورکییەوە: محەمەد عزەدەین
بڵاوکراوەی:  دەزگای "فام" بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە
چاپی یەکەم 2021 628  لاپەڕە
ئیسماعیل بێشکچی و سینەم خان جەلادەت بەدرخان پێشەکییان بۆ نووسیووە.
یاشار قایا و سەعید ئەلچی و چەندانی تر ھاوڕێی زیندانی دەبن.. زۆریش بەدەمیانەوە دەبێت و خزمەتیان دەکات. بەواتای ئەوەی خۆنەویست بووە و ڕۆحی خزمەتی ئەوانی دیکەی ھەبووە..
بەختمان وەک ڕووباری نیلە ..... بەڵام ئەم دیجلە و فوراتین      مەلای جزیری
لە باسێک دا دێتە سەر خاڵێکی گرنگ باس لەوە دەکات کەوا، لەسەر بیروباوەڕ لەزینداندا کوردان دابەشی بەرەی شۆڕشگێڕ/ چەپ و پارێزگار/  کوردایەتی دەبن، ئەو خۆی لەبەرەی یەکەمدا دەبینێتەوە. شۆڕشگێڕانی کورد بەداخەوە لەسەر پرسی بچوک و وشکە ئایدۆلۆژی لەسەنگەرە سەختەکان لێک جیا دەبنەوە. ڕەنگە ئەمە ھەڵەیەکی گشتگری باوی نێو تەواوی کوردان بێت. مووسا لە شوێنێکدا لەمەڕ خۆیەوە دەڵێ: "من بە چەپ دەناسرێم و کوردایەتیشم لەسەر ماڵە" ل ٣٠٢ ئەوەیشی ئێمە تێیدەخوێنینەوە کوردایەتییەکەی تۆخترە، باڵێین چەپێکی کوردستانی تەواوە. 
مووسا لەژیانیدا تەنیا لەڕیزەکانی " پارتی کرێکارانی تورکیا" دا ئەندام بووە.. پێی وابوو ئەم چەپە تورکانە دۆستی کوردن. لەم ڕێگایەشەوە زۆربەی کەسایەتییە دیارەکانی تورک لە سیاسی و ئەدیب و ڕۆشنبیران دەناسێ..عەزیز نەسین یەک لەوانە. بۆ بوونە ئەندامی ئەم حیزبەش چیرۆکێکی دوورودرێژ دەگێڕێتەوە ل ٣٤٣-٣٤٥... دواجار دەڵێ: "  کوردپەروەرییەکی بە نامووس و شەرەفمەندانە پاڵی پێوەنام تا ببمە چەپ".   لەو رۆژەوە دیسان بە پشت بەستن بە ویژدان و زانیارییەکانم ھەموو ئەو بۆچوونانەم دەنووسم کە سوود بە گەلەکەم و مرۆڤایەتی بگەیەنێت". ل ٣٨٩
ئەم بیرەوەرییانە بەسەرھاتی شڤان و سەعید ئەلچی کوشتنەکەشیان و رۆڵی بارزانی دەگرێتە خۆی و زانیاری خۆی لەمەڕ ئەم چیرۆکە تاڵەوە دەنووسێ.
ھەر لەم ڕووپەڕانەدا باسی ئیسماعیل بێشکچی دەکەوێتە بەرچاو." من چەندان ساڵ بوو بە تۆمەتی کوردایەتی و کۆمۆنیستی دادگایی دەکرام( ...) ئیسماعیل بێشکچی بە تۆمەتی ھاندان بۆ خەباتی کوردایەتی تۆمەتبار کرابوو". تەنانەت لە ل ٥٣٨ باس لەوە دەکات ساڵی 1972 لە دادگای ئەو تۆمەتەی درایە پاڵ بێشکچی لەوەی ئێمە زیاتر بوو. تۆمەتە ھەرە دیارەکانیش( دابەشکردنی تورکیا و پاڵپشتی کۆمەنیستی و کوردپەرستی) بوو. 
کەواتە لەسەر کوردبوون ـ کە بێشکچی نزیکەی 17 ساڵ زیندانی کراوەـ تاوانی بێشکچی قورستر بووە لەتاوانی  کوردێک. ھەڵبەت خوێنەر دەزانێ بێشکچی بەدەیان ساڵی ژیانی لەزیندان لە پێناوی داکۆکی لە کورد بەسەر بردووە و بەتێکڕا سەروو سەد ساڵ حوکمی زیندانی دراوە... ئیدی لەئاکامی گوشاری ناوخۆ و دەرەوە ئازاد کراوە. دەنا دەبوو دوو جار بمرێ و زیندوو  بێتە تا ساڵەکانی زیندانی تەواو بکات. چ گاڵتەجارییەکە؟ حوکمی قەرەقووشی تورکیا. بێشکچی ئێستا نزیکەی 40 بەرهەمی لەسەر قەدەغەیە بڵاو بێتەوە.
بەدرێژیش باس لەدیدارەکەی لەگەڵ رۆشنبیرانی رۆژئاوا جگەرخوێن و عوسمان سەبری جەلادەت بەدرخان و چەندانی تر دەکات. دەبێ ئەوە بڵێین،کە مووسا عەنتەر کەناڵی پەڕینەوەی شیعرەکانی جگەرخوێن بووە بۆ باکووری وڵات.
لە ل ٥٤٧ باسی ھەوڵێکی کوشتی دەکات، چونکە مەترسی کەسایەتی مووسا عەنتەر لەسەر تورکیا تا دەھات زیاد دەبوو، دەیانەوێ  بەھەر شێوەیەک بێت ڕزگاریان بێت لەدەستی... لە تەمەنێکی پیری 77 ساڵیدا دەگیرێ و ئازار و ئەشکەنجە دەدرێ.. بەرادەیەک یەکێک دەستی نەگرتایە توانای ڕێ کردنی نەبووە. بەڵام دەسەڵاتی تورکی شەرمی بۆ ھیچ شتێ نەبووە و ڕق و نامرۆڤی خۆی نەشاردۆتەوە. تاوەکو لە ڕۆژی 20.9.1992 لەناو شاری ئامەد، نامەردانە و ترسنۆکانە نامرۆڤانە دەستیان چووە گیانی ئەم کەسایەتییە گەورەی کورد تیرۆریان کرد. گیانبەختکردنی مووسا عەنتەر، بووە مایەی ئەوەی فریا نەکەوێ کارەکانی تری بنووسێتەوە، بەوەش کورد کەسایەتییەکی گرنگی خاوەن ئەزموونی لەدەستچوو، کۆمەڵێ باس و رووداویشی لەگەڵ خۆیدا بردە ژێر خاکەوە.
ل ٤٣٣ چیرۆکێکی تەواو خەمگین پێشکەش بە خوێنەر دەکات پوختەکەی : لە ئیستامبووڵ رۆژێ دەچێتە بازارێکی ھەفتانە و کۆمەڵێ پێداویستی دەکڕێ، پیاوێکی پیری بەلەنگازیش دەگرێ وەک کۆڵکێش/حمال..شتەکانی دەداتێ ھەڵگیرێ. لە ڕێگا بەزەیی بە کابرای بەتەمەندا دێتەوە و بەتایبەت کاتێ دەبینێ دەستی چەپی گرمۆڵە کردووە وەک بۆکس. لێی دەپرسێ: ئەوە خێرە دەستت، سەرەتا کابرا نایەوێ ھیچ بڵێ دواتر کە دەزانێ ئەویش کوردە، دەست بەگێڕانەوەی چیرۆکەکە دەکات بەم شێوەیە: " ساڵی١٩٣٩ - شۆڕشی سەید ڕەزا- سەرباز بووم نەقیب کەنعان لەسەربازە کوردەکان تیمێکی کوشتنی دروست کرد بوو بۆ کوشتی ئەو ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتانەی خۆیان لەشاخ و نێوئەشکەوت و دەشت و ھەردا حەشاردابوو و دەگیران بیانکوژین. ئەو دیمەنی گریان و ھاوار و زریکەیە منی تووشی داڕووخانێکی دەروونی کرد. بیرم لە خۆکوشتن کردەوە! بەڵام دوایی بیرم لە شتێکی ئاسانتر کردەوە. سەربازە بریندارەکانی ھاوڕێمیان دەبردە نەخۆشخانەی ئەرزرووم. ڕۆژێ کەوتینە شەڕەوە بەدەرفەتم زانی چەکەکەم خستە سەر دەستی چەپم، بە ڕاست تەقەم کرد و دەستی چەپمم ھەلاھەلا کرد. ئیدی وەک بریندارێک برامە ئەرزرووم و ڕزگاربووم لە سزادان و کوشتنی ھاوخوێنەکانم.... ل ٤٤٢-٤٤٣بەراستی ئەم دیمەنە شایانی ئەوەیە نووسەرێکی وەک میخائیل شۆلۆخحڤ بیکاتە رۆمانێکی جیھانی.. ئای لەم ئازار و تاڵاوە کوشندەیەی ئێخەی تاکی کوردی گرتووە و بەدەست داگیرکەرە نامرۆڤەکانییەوە دەیچێژێ؟!.. ئازیزان ستەمی لەم چەشنە لە مێژووی ھێندەھەزاران ساڵەی مرۆڤایەتی نییە یاخود زۆر دەگمەنە..
داگیرکەرانی کۆلۆنیالیستی جیھانی ئینگلیز و فەرەنسا تاوانباری سەرەکی ئەم مێژووە ڕەش و ناخۆشەن، میللەتانی سەردەستی تورک و فارس عەرەب جێبەجێکەری پلانی ھێزە کۆلۆنیالیستەکان و شۆڤێنێت و دڵڕەقی و نامرۆڤایەتی خۆشیان بۆ زیاد کردووە.. پەردەیەک لە دیمەنی لەسێدارەدانی سەید ڕەزا:" دوای دەرچوونمان لە دادگا ئوتومبێلەکەمان لە مەیدانەکەی تەک قەرەقۆلی ژەندرمە وەستا، سەید رەزا کاتێک پەتی سێدارەی بینی لە دۆخەکە تێگەیشت. ئینجا ڕووی لە من کرد و گووتی: " ھەڵدەواسرێم؟" بەردەوام بوو لە قسەکانی: تۆ لە ئەنقەرەوە بۆ لەسێدارەدانی من ھاتووی؟ سەیرێکی یەکدیمان کرد، یەکەم جار بوو لەگەڵ کەسێک کە لەسێدارە دەدرێت ئاوا چاو لەچاوی یەک بنێین. ئینجا سەید ڕەزا بە من پێکەنی. داواکاری گشتی پرسیاری ئەوەی لێ کرد ئایا دەتەوێ بەر لە سێدارەدانت نوێژ بکەی؟ بەڵام ئەو نەیویست. لێمان پرسی دوا قسەت چییە؟ سەید ڕەزا وەڵامی داوە: چل لیرە و سەعاتێکم ھەیە بیدەنە کوڕەکەم. (...) سەیدڕەزامان بردە مەیدانەکە کەشوھەوا زۆر سارد بوو، ھیچ کەسیش لە دەوروبەرەکە نەبوو، بەڵام وەک ئەوەی مەیدانەکە تژی خەڵک بێت، سەید ڕەزا بە تۆنێکی بەرز وتاری دەدا:" ئێمە منداڵی کەربەلاین و تاوانمان نییە، بۆیە ئەمەی ئێوە دەیکەن شەرمە، زوڵمە تاوانە".. لەگەڵ وتەکانی ئەودا تەزوو بە ھەموو گیانمدا دەھات. ئەو پیاوە بەتەمەنە ڕەپ ڕەپ دەڕۆیشتە بەردەم پەتی سێدارە. جەللادەکە ھاتە بەردەمی تا بیباتە سەر ژورسییەکە و پەتەکەی کە مل بژا، بەڵام سەید ڕەزا پاڵی پێوەنا و خۆی پەتی سێدارەی لە مل کرد، شاپێکی لە کورسییەکەی دا و خستیە خوارەوە. واتە خۆی بڕیاری لەسێدارەدانەکەی خۆی جێبەجێ کرد"... 
قەومی کورد ئیسپاتی کرد بۆ عالەمی سەر ڕووی زەمین
میللەتێکی قارەمانن هەر ئەبێ سەربەست بژین
میللەتێ لاوی لە ڕێگەی سەربەخۆیی نیشتمان
بێتە بەر سێدارە،بێ ترس> دەم بەخەندە و پێکەنین
بێکەس
محەمەد ئەمین بۆزئارسلان کەسایەتییەکی ترە ناو و باسی لەم بیرەوەرییانەدا ھاتبێت.  رۆژێ کۆمەڵێ شیعری کە بە تورکی نووسیویەتی دێنی نیشانی مووسا عەنتەری دەدا.. ئەمیش وەک مامۆستا و قاڵبوویەکی کوردایەتی ئامۆژگاری دەکات:" کە ئێمەی کورد چەندی بە تورکی شیعر بنووسین ، ناتوانین شاعیرانی تورک تێپەڕێنین . لە ھەموو ڕوویەکەوە ئێمەی کورد وەکو چینی دووەم و سێیەم سەیر دەکرێین، بۆیە گەر بەزمانی شیرینی کوردی خۆمان بنووسین زۆر زیاتر جێی پەسەندی دەبێت ".ل٤٩٨-٤٩٩
ئیدی ئەم ئامۆژگاری دەبێتە ئەڵقەیەکی زێڕ بۆزئارسلان بە دروستی دەیکاتە گوێی و دواتر ئەو کەسایەتییەی لێ دەردەچێت بە خزمەتەکانی کە پێگەی گەورە لە پانتایی ڕۆشنبیریی کوردیدا داگیر دەکات..
ساڵی ١٩٩١ مادام میتران لە گەشتێکیدا بۆ باکووری کوردستان داوای دیداری ئاپێ مووسا دەکات... گفتوگۆی چڕوپڕ دەکەن و دواتر داوەتی فەرەنسای دەکات، دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕێی پێ نادەن گەشت بکات... لێرەشدا باسێکی جێی سەرنج بەسەر دەکاتەوە: کاتێ بە جووتە مووسا و میتران دەدوێن ، باڵیۆزی فەرەنسا دەچێتە ژوورەکەیان تا گوێ لە قسەکانیان بێت ، مادام دەری دەکاتە دەرەوە. مووسا دەپرسێ بۆ؟ مادام دەڵێ :" ئەوە پیاوێکی باش نییە". ئەمەش نیشانەی ئەوەیە باڵیۆزی ناوبراو خۆی فرۆشتبێ بە دەسەڵاتی تورکیا و بەرژەوەندی خۆی گەشە پێ بدات.. یاخود دژی کورد بووبێت. هاوکات بەڵگەیەکیشە کەوا ئەو دەوڵەتانە دەتوانن خەڵک بکڕن.
لە بەرەو کۆتایی کتێبەکەیدا جارێکی تر دێتەوە سەر باسی 30 ساڵەی پەیوەندی بە بێشکچی گەورەوە. رۆڵ و خزمەتی بە کورد و خۆی وتەنی: ھەموو بێشکچی و ئەم لایەی دەزانین، بەڵام لایەنە نەزانراوەکانی قورسن و ن باسیان دەکەم. ... ھەر لەم کایەوە دێتەوە سەر باسی چەپ و چەپایەتی و ھەڵوێستیان بەرانبەر بە کێشەی کورد، کە جۆرێک لە ئەفسووس و حەسرەتی پەشێمانی تێ ئاڵاوە.
"  لە تورکیا کەسانی ئەکادیمی و ئەھلی زانستی بەشەرەف و نامووس زۆر کەمە. بۆیە لەناو توێژی خوێندەوار و ئەکادیمیەکانیش کەم کەس لە بێشکچی تێدەگەن". ل٥٣٦ . دەربارەی چەپی تورکیش دەنووسێ:" لەڕاستیدا بۆ ئەو پرسە پێویستە چەپی تورک بۆ سەر دوو بەرە دابەش بکەین: یەکەم: چەپی ڕاستەقینەکان، دووەم: چەپە ساختەکان...زۆر بەداخەوە ئێمە بۆ ماوەی چەندان ساڵ ئەو دوو جۆر چەپەمان لەیەک جیا نەکردەوە. بۆ نموونە کەسانی وەک: بولونت ئەجەڤید و ئیلھان سەکچووک و چەتین ئاڵتان و ئوغور مومجومان بە چەپ ھەژمارد دەکرد".. ل ٥٣٧ بێگومان چ ئەمانە چ چەپی فارس و عەرەبیش لەم ڕاستییەوە دوور نین و ھاوشێوەی ئەمانە نووقمی شۆڤێنیزم و دوژمنی سەرسەختی کوردانن.. بە ھەزاران نموونە و سەرگورزشتە و چیرۆکی بەڵگەنەویست و واقعی ھەیە.. 
باسی "یەشار کەمال و فایەق بوجاک " دەکەوێتە دامێنی ئەم بیرەوەرییانەوە بەتایبەت بوجاک کە لە زیندانیش پێکەوە بوون لەدامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دا پرس بە مووسا دەکا بۆ بەشداری ، مووسا بەشدار نابێت، لێ ھاوکاری دەبێت. دواتر چەند لاپەڕەیەکی تایبەتی چڕ بۆ شۆڕشی شێخ سەعید تەرخان دەکات.
لە ل ٥٧١-٥٧٦ لەزمانی عەلی ڕەزا ئەفەندی کوڕی خوالیخۆشبوو شێخ سەعید ەوە چەند دیوێکی شۆڕشەکە تۆمار دەکات. عەلی ڕەزا و مووسا عەنتەر وەک باوک و کوڕ ئاوێتەی یەکتر دەبن و ئەم باسانە دەگێڕێتەوە: "کوڕم مووسا عوسمانییەکان لە کۆتا سەردەمی دەسەڵاتداریەتی خۆیاندا ، بە پشتبەستن بە تیۆرێکی بێ مانای دروستکراو، تورکایەتییان چووە ناو خوێن و بوونە نەژادپەرست. ئەو بیرۆکەیە لەسەردەمی سوڵتان حەمید دەستی پێ کرد، کوردیش بەرانبەر ئەو کردەوانە کاردانەوەیان نواند و چوونە ناو پارتی ئیتحاد و تەرەقی و بوونە بەشێک لە دامەزرێنەرانیشی. بەڵام دواتر کورد بینی ئیتحاد و تەرەقی زۆر لە سوڵتان حەمید زیاتر و توندتر دوژمنایەتی کورد دەکەن بۆیە کۆتایی ئیتحاد و تەرەقی ھەموومان دەزانین چۆن بوو". لێرەدا داماوی و بێبەرنامەیی و سەرلێشێواوی کورد بەدیار دەکەوێ! لە ڕقی عوسمانی دەچنە ئیتحاد و تەرقی دادەمەزرێنن. ئەوانیش لەعوسمانی زیاتر دژە کوردن، چونکە دەوڵەتی تورکیای نوێیان لەسەر جەستەی کورد دامەزراند و بیری کەمالیزمیان بەرجەستە کرد. کەواتە کورد ویستی لە نەخۆشی شیرپەنجە خۆی ڕزگار بکات، چوو تاعوونی ھەڵبژارد.. ئەم ئەقڵێتە لە نێو کورددا تا ئیستاش بەرقەرارە. ئەوجا دێتە سەر باسی ئەتاتورک ، ویستراوە بیکوژن،کەچی کورد رزگاریان کردووە، وەک لە پێشەوە ئاماژەمان پێدا
ئەوجا باسی باوکی بۆ مووسا دەگێڕتەوە: "باوکم چاوەڕوانی زۆر شتی باشی لەدەوڵەتی تورکیای تازە ھەبوو، کەچی بەرانبەر بەوە، زۆر زاڵمانە ڕووبەڕووی بوونەوە". باسەکە درێژ دەبێیتەوە تا دەگاتە شێوازی لەسێدارەدانی شێخ: " باوکم لە دەروازەی دەری دیاربەکر لە سێدارە درا. گۆڕەکەشی لەناو چاڵێکی ئەو دارانەی ناوچەکەیە، ئینجا دوای بەپەتەوەکردنیشی بە کراسە سپیەکەی بەری، بێ ئەوەی ھیچ ڕێوڕەسمێکی ئایینی لەسەر بە پەتێک دەیخەنە ناو ئەو چاڵە قووڵەی لەوێ بووە. ئینجا بەخۆڵ سەری شادەپۆشن و جێی دەھێڵن. (..) کاتی خۆی لە دەروازەی چیای دیاربەکر تا کەناری ڕووباری دیجلە، قەبرستانێکی کۆن ھەبوو،بەڵام دوای شۆڕشەکەی شێخ سەعید شوێنەکە بۆ مەبەستی دیکەی گەشتیاری و ئاھەنگ و سەیران گۆڕانی بەسەردا ھێنرا. دواتر ئەو شوێنەی کە تەرمی شێخ سەعید و سەید عەبدولقادر و سەید محەمەدی کوڕی و دکتۆر فوئاد و چەندان کەڵەپیاوی دیکەی کوردی لێ ژێر خاک کرابوو، لەلایەن حکومەتەوە کارگەی عارەقی دیاربەکریان لەسەر دروست کرد. (...) ئەتاتورک لەسەر ئەو بابەتە گوتبووی: ئەو گەوادانە پێم دەڵێن سەرخۆش، بۆیە لەوێ کارگەی عارەق دروست بکەن بۆئەوەی تا ھەتایە ھیسکشیان سەرخۆش بێت لەژێر خاک ". 
زیاگۆک ئالپ سەرەتا وەک ناوێکی گەورە و دیاری رۆشنبیری کوردی دێتە گەشانەوە، وەک دەزانین ناوبراو خاوەنی چەندین کتێبە بە کوردی لەسەر زمانی کوردی و باسی مێژوویی. دواتر دەتۆرێ یاخود بێزار دەکرێ و جێی نابێتەوە لەناو کوردا، روو دەکاتە تورک و دەبێتە داڕێژەری بنەماکانی " کەمالیزم". بەواتای ئەوەی لە کوردایەتییەوە ھەڵدەگەڕێتەوە بۆ تورکچێتی. ئەمەش دیاردە و ھاوکێشەیەکی نامۆ و سەختە!.. ئەگەرچی وەک عەنتەر لێردا بنەمایەکی تیۆرییەکەی ئالپ دەردەخا" ئەو تورکەی کوردی خۆش نەوێ تورک نییە، ئەو کوردەی تورکی خۆش نەوێ کورد نییە". ل ٥٨٣ بەڵام ئێمە ئەوانمان خۆشویستووە و ھاوکاری و پشتیوانیمان کردوون و خزمەتیشمان کردوون، ئەوان بە پێچەوابەوە.. ئێستا ئەوان سەردەست و ئێمە بندەستی چەوساوەی ھەڕەشەلێکراوین. واتە ھاوکێشەکە بەم ئاڕاستەدا ڕۆیشتوو،...
لە دوا لاپەڕەکانت 584-586 وەک بڵێی پوختەی بیروبۆچوونی سیاسی خۆی فۆرمەلە دەکات و قسە دێنێتە سەر باسی ئەو ھەڵمەتە داگیرکارییەی دەوڵەت ناوی ناوە" لەناوبردنی تیرۆر"...دەوڵەتی تورک دەیەوێ بەزەبری ھێز بیکات " وەک ئەوەیە بتەوێت بە کوتەک پێشکە بکوژی".. ئیدی کورد لەھە کوێیەکەوە ھاتبن" لەدێرزەمانەوە لە ئاسیا ھاتبێت یان لە ئەفەریقا ئەمڕۆ لەناو دەوڵەتی تورکیا بە زمان و شارە کوردییەکان خۆی کردۆتە واقعی حاڵ".. لەڕاستی تا ئێرە گەر کۆمێنتمان ھەبێت، بریتییە لەوەی دەوڵەتی تورک خۆی تیرۆریستە و سیاسەتی تیرۆر پێڕەو دەکات و ئەوە تورکن بێگانەن لەسەر خاکی کوردستان و تەواوی ئیمڕۆی تورکیا. ئەوان وەک پاشماوەی لەشکری تەتەر و مەغۆل ھاتوونەتە خاکی کورد و ئەرمەن و لاس و چەرکەز و یۆنانی و.... بوونیشیان وەک تەنێکی نامۆیە نووساوە بە ناوچەکەوە..
مووسا عەنتەر داوای " خۆ گۆڕین" بەرز دەکاتەوە داوای " ڕاستگۆیی" دەکات . پێی وایە " گەر تورکیا لە چوارچێوەی دیموکراسی مافە ڕەواکانی کورد بدات" تورکیا بەھێزتر دەبێت کوردیش دەبێتە بەشێک لێی. بەڵام لە ئیستا شتێکی وا نییە چونکە " خزمەتگوزاری" لە نێوان شارەکانی کوردستان شارەکانی تردا لە رووی ئابووری و سەربازی و سیاسەتەوە جیاوازن جیاوازیان تێدا دەکرێت. کورد زمانی دایکی قەدەغەیە، بە تورک دەکرێ، ناوەکان دەگۆڕدێ .. ئیدی ئەو درۆ زلەی بانگاشە دەکات ئێمە" براین و کورد و تورک وەک نینۆک و گۆشتن " کەی ڕاستە؟.. برایەتی ڕاست نییە گەر وەک گۆشت نینۆکیش بین، تورک گۆشتە و کورد نینۆکە، کەدرێژ دەبێت ئێوە دێن کورتی دەکەنەوە و دەیبڕن.
" کەی یەکسانی و برایەتی ئاوایە، ئەی ھاوار!!"...
بانگەوازێکی پڕ بە گەرووی ئازاری واقعە،و ئەوان برایەتی و دۆستایەتی و دراوسێیەتی نازانن... ھەوڵی گەوھەری ئەوان بۆ قڕکردنی کوردە. " دەزانم گەر بیانەوێت سبەی لەسەر ( جیاخوازی) یەخەم دەگرن. کەچی من تا ئێستا کوردێکی عاقڵم نەبینیوە داوای دابەشکردنی تورکیا بکات". بەھەرحاڵ ئەم دەربڕینانە بە پێوەری کوردایەتی، کورت دێنن و چۆن دەکرێ کەسێ داوای سەربەخۆیی بکات کە لەدیدی تورکیاوە ئەمە جیابوونەوەیە، بێ ئەقڵ بێت!.. یان دەڵێ:" کورد نایەوێت لە تورک جیابێتەوە". ئەمەش دەربڕینێکی ترە لەگەڵ مێژووی خەباتی کورد و خودی عەنتەریش دا جووت نایەتەوە... ئازادی سەربەخۆیی کە زامنی کەسایەتی کورد و فەرھەنگەکەیەتی لە قەوارەیەکی سەربەخۆدا بەرقەرار دەبێت. ئیدی بۆ کورد نایەوێ لە تورک جیا بێتەوە؟!. ھەرکاتێ تورک بووە ئەڵمان و فەرەنسی و ئیتالی سویسرا و تورکیاش گەیشتە ئاستی پێشکەوتن و دیموکراسی  سویسرا، ئەوسا با کورد و تورک و ئەوانی دیکە لە ناو تورکیا وەک ئەوانەی ناو سویسرا بژین... ئەمە کرۆکی پرسەکەیە! نەک هەردەم چاوەڕێ بین بەدیار داری زڕەوە بەرمان بۆ بگرێ!.
بە پێچەوانەوە ھۆکارێکی گەورەی کورد لەو کوێرەوەرییەی تێی کەوتووە ئەوەیە دەیەوێ وەک زیندانییەک لە زیندانی (تورکیا و ئێران وعێراق وسووریا) دا بمێنێتەوە... کەواتە ئاقڵ ئەوەیە دەیەوێ جیابێتەوە بەمانای سەربەخۆیی و ئازادی....
پرسیار ئەوەیە..ئایا ئەو چەند ڕستە و بۆچوونە قەناعەتی تەواوی مووسا عەنتەرە؟، ئەوە چەپێتی دوور لە کوردایەتی زاڵە بەسەریدا و کە ئێمە وامان نەناسیووە و خەباتی خۆیشی وا بەرچاو ناکەوێ!.. یان ڕەنگدانەوەی تەمەن و ناساخی و ھەڕەشە و گوشارە. ئەوەیان ئەگەرێکی کراوەی جێی مشتومڕە و شایانی ساخ کردنەوەیە...
مووسا عەنتەر.. پیاوێک بوو، ھەمیشە سەربەرزانە بە پارەی خۆی ژیاوە و زۆر جۆر کار و کاسبی کردووە. ماوەیەک خاوەنی ریستەورانتێک دەبێت لە ئیستانبووڵ و بە دەستڕەنگینی خۆی زوو ناوبانگ دەردەکات. "رۆژێ دوو ئەفەندی بەتەمەن دەچنە لای بۆ نان خواردن یەکێکیان پرۆڤیسۆر تاھیر تانەری مامۆستای خۆی بووە لە زانکۆ وئەوی تر نومان مەنەمەنجی ئۆغلووی وەزیری پێشووی دەرەوەی تورکیا١٩٤٢-١٩٤٤. ھەردوو خانەنشین. مووسا خۆی خزمەتیان دەکات و پارەیەکی کەمیان لێ وەردەگرێ. جووتە ئیدی فێری ریستەورانتەکە دەبن و زوو زوو دەچن. ئەم دوانە لە ڕێکەوتنامەی لۆزان ڕاوێژکاری یاسایی عیسمەت ێینۆنۆ بوون. جارێک ئۆغڵوو یادەوەرییەکی خۆی بەو شێوەیە گێڕاتەوە:
" چەرچڵ و ڕۆسڤێڵت لە ساڵی ١٩٤٣ بۆ بەشداریکردنی تورکیا لە دووەمین جەنگی جیھان، من و ئینۆنۆیان بانگھێشتی قاھیرە کرد.ئینۆنۆ نزیکی جەنگەکە نەدەکەوتەوە، چونکە تیۆری ئەو لە کۆبوونەوەی ئەدەنە و قاھیرە بەو شێوەیە بوو، حاڵی حازر سوپاکەمان لەو ئاستە نییە بەشداریی جەنگ بکات.(...) چەرچڵ و ڕۆسڤێڵت بڕوایان بە تورک نەبوو، چونکە دەیانگووت ئەی گەر دوای ئامادەکردن و پڕچەککردنیان تورک چوونە پاڵ ئەڵمانیا؟. ئینجا لە لایەکی ترەوە لێمان سووڕانەوە و پرسی کوردیان ھێناتە سەرمێزی دانوستاندنەکەمان و بە ڕووداوێکی لەو شێوەی خوارەوە ویستیان چاوترسمان بکەن: شاندە ئینگلیزییەکە لەبەرئەوەی ھاتبوونە جیھانی ئیسلامی ، بۆیە لەناو شاندەکەتان چەندان ڕۆژھەڵاتناسیان لەگەڵ خۆیان ھێنابوو، کە زۆر زمانیان دەزانی. سەرەتا چەرچڵ بە ئینۆنۆی گوت:
" پاشا تۆ کوردی دەزانی؟ عیسمەت پاشا سەری سوڕما، چونکە نەیدەزانی چ بڵێ، بەر لەوەی ئینۆنۆ وەڵام بداتەوە من سەری قسانم وەرگرت و گوتم: گەورەم ئێمە کوردی نازانین، لای ئێمە بە کوردیش قسە ناکرێ، زمانێکی ئاواش لە تورکیا نییە". چەرچڵ لە یەکێک لە پیاوەکانی پرسی : مستەر ئەو قسەیە ڕاستە؟ ئایا زمانێک نییە بەناوی کوردی؟" چەرچڵ کە ئەو پرسیارەی لەو پیاوە کرد کە بە مستەر بانگی کرد، دیار بوو بە ئامادەکارییەوە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە ھاتبوو، بۆیە ھەستاوە سەرپێ و وتی: " چۆن ئەو زمانە نییە گەورەم، بەڵکو زمان و ئەدەبێکی زۆر دەوڵەمەندیشیان ھەیە. گەر بتانەوێت شیعرێکتان لە دیوانی جزیری بۆ دەخوێنمەوە؟ چەرچڵ گووتی:" بیخوێنەوە" لەشیعرە تێنەگەیشتین، بەڵام زمانەکە لە فارسی نزیک بوو، ئاوازێکی بە ئاھەنگیشی ھەبوو. کە لە شیعر خوێندنەوەکە بۆوە، مستەر گووتی ئەوە شیعرێکی کوردی بوو گەورەم. چەرچڵ گوتی:  مادەم وایە شیعرەکەمان بۆ بنووسەوە و بۆشمان وەربگێڕە سەر زمانی ئینگلیزی". لە ماوەیەکی کورت وەرگێڕانەکەی تەواو بوو، ئنجا سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گوتی دە بیکەنە فەرەنسیش، کردیانە فەڕەنسیش، ئینجا وەریانگێڕایە سەر تورکی. جا چەرچڵ ئاوا لەسەر قسەکانی ڕۆیی:" جەناب وەرە پێم بڵێ لەو سێ زمانە بۆ ئەوەی ھەمان ھەستی زمانە ئۆرجیناڵەکەی تێدا دەرببڕدرێت ئایا وەرگێڕ ناچار بووە چەند وشەی بێگانە بە زمانەکەی خۆی تێدا بەکار بھێنێت؟". 
دەستمان بە ژماکردنی وشە بێگانەکان کرد. لە وەرگێڕانە فەڕەنسییەکەدا ھیچ وشەیەکی بێگانە نەبوو، لە ئینگلیزییەکە چوار پێنج  وشەی بە بنەچە لاتینی ھەبوو. لە تێکستە کوردییە ئۆرجیناڵەکە سێ چوار وشەی عەرەبی دۆزرایەوە، بەڵام کە ھاتینە سەر وەرگێڕانە تورکییەکە، جگە لە ئامڕازەکانی لکاندن،ھیچ وشەیەکی تێدا نەبوو کە تورکی بێت، بەڵکو ھەموو وشەکان عەرەبی و فارسی و زمانە جیاوازەکانی ئەوروپا بوون.. چەرچڵ ھەر چوار وەرگێڕانەکەی لەسەر چوار پەڕ لە پێش ئێمە دانا و گوتی: " شەرم نییە بەڕێزینە، سەیرکەن ئەوەش دەوڵەمەندی زمانی کوردییە کە ڕێژەیەکی زۆری گەلەکەتان زمانی دایکیانە و ئێوە دەڵێن نییە".
دواتر نومان مەنەمەنجی ئۆغڵوو پێی گوتم:" لەو ماوەیەی وەزیری دەرەوە بووم، ھیچ ڕۆژێک ھێندەی ئەو ڕۆژە بەسەر خۆمدا نەشکامەوە و بێزار نەبووم". ل ٢٠٧-٢٠٨
لێرەدا سیاسەتی شۆڤێنیزم و ناسیونالیزمی یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە و یەک زمانی دەوڵەتی تورکی وەک ناسنامەی کەمالیزم بەدیار دەکەوێ.. بێشەرمی سیاسەتیان و چاوقایمی و نیگاتەسکی تێڕوانینیان بۆ میللەتانی دیکە...ھێزە کۆلۆنیالیستەکان پێشوەختیش شارەزای دۆخی کورد بوون ،کە خاوەن مێژوو و فەرھەنگی دەوڵەمەندترە لە ھی تورک، کەچی کردیانە قوربانی بەرژەوەندی گڵاویان.. کورد بەھیچ سیاسەتێکی زەبروزەنگ لەناوناچێت و قەڵای زمانەکەی ھێندە سەختە بەرگەی سەختییەکانی ژیان و دڕندایەتی داگیرکەران دەگرێ.
 بەتێکڕا ئەم بەرهەمە شوێنێکی بەرز لە نێو کتێبخانەی کوردیدا بەدەست دێنێ.  هەوێنی نووسینی چەندین چیرۆک و ڕۆمانی تێدا هەیە.. دەکرێ بکرێتە فیلم و لە تیڤی و شانۆش دا پێشکەش بکرێ. مەگەر ژییاننامە و بیرەوەرییەکانی د. نورەدین زازا، هێندە تژی بێت، لەم کەرەسە ئەدەبی و هونەرییانە. بەداخەوە دەستی چەپەڵی داگیرکەری تورک و تیرۆر کردنی دەرفەت نادەن، نووسەر بەشەکانی تری بیرەوەرییەکانی بنووسێ. بێگومان ئەوانیش دەبوونە ڕووپەڕێکی تری گەشی مێژووی نەتەوەکەمان و تێکۆشانەکانی ئاپێ مووسا.  
هەروەها ئەم بیرەوەرییانە بێبەشە لە وێنە و هەندێ بەڵگەنامەی گرنگ و نامە ئاڵوگؤڕکراوەکانی نێوان نووسەر زۆر لەو  کەسایەتییانەی باسی کردوون،بۆ نموونە قاسملوو.. پێدەچێت هۆکارەکەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێی دا، لەمەشدا ڕۆڵی گێرا بێت.
مووسا عەنتر، چارەنووسی " کوردبوون" کردیە "ئاپێ موسای کوردایەتی"، نووسەر و رۆشنبیر و تێکۆشەر و ڕۆژنامەنووس،ئەکتەر و شانۆنووس  لە مەودای تەمەنی تێکۆشان و خزمەت و شەڕی کوردایەتی و بەربەرەکانی ستەمکاری و چەشتنی ئازار و  زیندانی کردن و ئەشکەنجەخواردن و هەڕەشی مەرگ و پلانی لەناوبردندا بەتێکڕای ئەم پرۆسێسەی پێیدا تێپەڕیوە، کەسایەتی مووسا عەنتەر بۆتە بەشێکی زیندووی مێژووی نەتەوەی کورد . شەهیدکردنیشی  پلەی شەهادەتی کوردایەتی گەیاندە ئاستی زنجیرەی سەروەرەکانی سونبوڵی مێژووی نەتەوەییمان : شێخ سەعید و سەید ڕەزا و د. ئیحسان و مەزڵوم دۆغان و هەزاران سەرکردەی نەمری ڕێی خەباتی سەختی ڕزگاری و سەربەخۆیی کورد و کوردستان.   
مووسا عەنتەر دوای خۆی جگە لەناوێکی گەورە، خێزانێکی کوردپەروەر و ڕێبازێکی جوانی کوردایەتی، کۆمەڵێ کتێب و نووسین و هەزاران یاد و یادگاری گەشی بە میرات بۆ نەوەکانی دوای خۆی گەنج و لاوانی نەتەوەکەی بەجێهێشتووە. بەڕادەیەک هەرگیز ناو و ڕێچکەی بەکەس کوێر ناکرێتەوە.ئاخر ئەو داکۆکیکارێکی سەرسەختی  نەتەوە و خاکەکەی بوو، نزیکەی 11تەمەنی لە زینداندا بەسەر برد و هەر کەس و لایەک بە پێوەری کوردایەتی لەم دوو شتەوە دوور بوونایە و دژایەتییان کردایە، مووسا عەنتەر وەک چیا بە ڕوویان ڕادەوەستایەوە. هەڵوێست و تێکۆشانی عەنتەر بەوە گەیشت، دەوڵەتی ستەمکاری تورک سڵی لە کەسایەتی دەکردەوە. 
 مووسا بە شەش مانگ پێش گیانبەختکردنەکەی لەناو شاری ئیستانبووڵدا، بۆ ماوەی 48 کاتژمێر مانگرتن لە خواردن دەست پێدەکات،دژ بە سیاسەتی توندوتیژ و تیرۆری تورکیا. بەواتای ئەوەی ئەم خەباتگێرە هەرگیز کۆڵی نەداوە.
ئەم کتێبە ،کتێبێکی ستانداردی کوردی تژی لە کوردبوونە.بۆیە خوێندنەوەی جگە لە سوود و چێژەکەی ، تێگەیشتنێکی نوێیە لە خود و ئەوانی تری داگیرکەر و دوژمن!!..
پێش کۆتایی جێی خۆیەتی دەستخۆشی لە وەرگێر بکەم، بە کوردییەکی تەڕ و پاراو کارەکەی ئەنجام داوە. پیرۆزە لە وشە و ڕۆشنبیری و کتێبخانەی کوردی...