مووسا عەنتر، چارەنووسی " کوردبوون" کردیە "ئاپێ موسای کوردایەتی"، نووسەر و رۆشنبیر و تێکۆشەر و ڕۆژنامەنووس،ئەکتەر و شانۆنووس لە مەودای تەمەنی تێکۆشان و خزمەت و شەڕی کوردایەتی و بەربەرەکانی ستەمکاری و چەشتنی ئازار و زیندانی کردن و ئەشکەنجەخواردن و هەڕەشی مەرگ و پلانی لەناوبردندا بەتێکڕای ئەم پرۆسێسەی پێیدا تێپەڕیوە، کەسایەتی مووسا عەنتەر بۆتە بەشێکی زیندووی مێژووی نەتەوەی کورد . شەهیدکردنیشی پلەی شەهادەتی کوردایەتی گەیاندە ئاستی زنجیرەی سەروەرەکانی سونبوڵی مێژووی نەتەوەییمان : شێخ سەعید و سەید ڕەزا و د. ئیحسان و مەزڵوم دۆغان و هەزاران سەرکردەی نەمری ڕێی خەباتی سەختی ڕزگاری و سەربەخۆیی کورد و کوردستان.
مووسا عەنتەر دوای خۆی جگە لەناوێکی گەورە، خێزانێکی کوردپەروەر و ڕێبازێکی جوانی کوردایەتی، کۆمەڵێ کتێب و نووسین و هەزاران یاد و یادگاری گەشی بە میرات بۆ نەوەکانی دوای خۆی گەنج و لاوانی نەتەوەکەی بەجێهێشتووە. بەڕادەیەک هەرگیز ناو و ڕێچکەی بەکەس کوێر ناکرێتەوە.ئاخر ئەو داکۆکیکارێکی سەرسەختی نەتەوە و خاکەکەی بوو، نزیکەی 11تەمەنی لە زینداندا بەسەر برد و هەر کەس و لایەک بە پێوەری کوردایەتی لەم دوو شتەوە دوور بوونایە و دژایەتییان کردایە، مووسا عەنتەر وەک چیا بە ڕوویان ڕادەوەستایەوە. هەڵوێست و تێکۆشانی عەنتەر بەوە گەیشت، دەوڵەتی ستەمکاری تورک سڵی لە کەسایەتی دەکردەوە.