له‌ئه‌گه‌ری شكستی روسیا چی روو ده‌دات؟

Monday, 03.07.2022, 20:09

5386 بینراوە


روسیا وه‌ك گه‌وره‌ترین زلهێز له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و براوه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانی له‌ته‌ك هاوپه‌یمانانی ئه‌و كاته‌دا، ئێستایش به‌هه‌مان گڕو تینه‌وه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌ولێنه‌ی بۆ پاراستنی هه‌یمه‌نه‌ی خۆی له‌ناوچه‌كه‌ ده‌یدات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژموونی ڕۆژئاوا ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌ نه‌گرێ و وه‌ك تاكه‌ زلهێز گه‌مه‌ به‌چاره‌نووسی گه‌لان نه‌كات، به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی هاوسنووره‌ به‌و وڵاته‌، له‌وانه‌ ئۆكڕانیا كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ئه‌مریكا به‌نهێنی و ناڕاسته‌وخۆ ختووكه‌ی ده‌دات و به‌پێی نه‌خشه‌ رێگایه‌كی درێژ خایه‌ن كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات له‌خۆی نزیك بكاته‌وه‌و بیكاته‌ چه‌قی ململانێكانی خۆی له‌گه‌ڵ رووسیا تا له‌و ده‌رچه‌وه‌ پیلانه‌كانی خۆی له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پیاده‌ بكات.
هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مریكا له‌م ڕوانگه‌وه‌ وێڕای په‌لكێش كردنی ئه‌و وڵاته‌ بۆ نێوجه‌نگێكی نه‌خوازراو به‌نه‌قیزه‌دان و پێدانی چه‌ك و یارمه‌تی دارایی و له‌و لاوه‌ به‌پێدانی به‌ڵێنی قه‌به‌و ناقۆڵا هه‌وڵه‌كانی چڕ كردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دوورو نزیك وه‌ك ئه‌ندام له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا وه‌ربگیرێ، كه‌چی ئه‌و شه‌ڕه‌ بۆ رووسیا بووه‌ ئه‌مری واقع كه‌ ده‌بێ شانی بداته‌ به‌رو ببێته‌ براوه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ له‌كاتێكدا زلهێزه‌كانی دونیا ده‌زانن روسیا پاروویه‌كی ئه‌وه‌نده‌ چه‌ور نیه‌ وابه‌ئاسانی قووت بدرێ به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ پێشكه‌وتوو نیه‌، وه‌لێ له‌ڕووی ته‌كنه‌لۆجیه‌وه‌ خاوه‌نی گه‌وره‌ترین چه‌كی ئه‌تۆمی و كیشوه‌ربڕو ژێرده‌ریایی به‌هێزه‌ ده‌توانێ له‌ماوه‌یه‌كی كورت و كه‌مدا گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی مرۆیی له‌سه‌ر زه‌وی بخوڵقێنێ، بۆیه‌ وڵاتان نایانه‌وێ راسته‌وخۆ خۆیان په‌لكێشی ئه‌وجه‌نگه‌ بكه‌ن له‌كاتێكدا به‌ئاشكرا هه‌موو هاوكاریه‌كی دارایی و لۆجستی و سه‌ربازی ئۆكرانیا ده‌كه‌ن و وه‌ك سه‌یركه‌رێ ته‌ماشای ڕووداوه‌كان ده‌كه‌ن ئاخۆ بزانن له‌و هه‌وڵانه‌ تا چه‌ند سه‌ركه‌وتوو ده‌بن، بۆیه‌ له‌هه‌ر بردنه‌وه‌یه‌كی ئۆكرانیا بۆ پێشڕه‌ویان كه‌ دڵنیایی ته‌واویان بۆ خۆ مسۆگه‌ر كرد ئه‌وه‌ قۆڵی فیشاڵیان هه‌ڵدماڵن و دێنه‌ مه‌یدان، خۆیان به‌خاوه‌نی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌زانن و ده‌ستكه‌وته‌كان ده‌كه‌نه‌ سه‌رجه‌له‌ی هه‌وڵه‌كانیان كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بوونایه‌ ئه‌وه‌ ئۆكرانیا نه‌یده‌توانێ بچووكترین به‌رگری بكات، خۆ له‌ئه‌گه‌ر شكست دوای شكست په‌تی ئه‌و په‌یوه‌نده‌ی خۆیان بایی ئه‌وه‌نده‌ی تێدا ده‌هێڵنه‌وه‌ كه‌ دوای كۆتایهاتن به‌شه‌ڕ بتوانن سه‌ره‌داوێ به‌ده‌سته‌وه‌ بگرن و له‌گه‌ڵ رووسیا دا بكه‌ونه‌ دانووستان و گفتوگۆ كرد.
رووسیا وێڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌نی چه‌كی سووكی ئه‌وه‌نده‌ پێشكه‌وتوو نیه‌ به‌ڵام له‌ چه‌كی قوورسدا هه‌موو دونیا له‌به‌رامبه‌ری ده‌سته‌وسانن و ناتوانن جه‌نگی ده‌سته‌و یه‌خه‌ی له‌هه‌مبه‌ر جاڕ بده‌ن.
سه‌یر لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌مریكا داگیری كردوون یان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌یمه‌نه‌ی ئه‌مریكادان، ئه‌و وڵاتانه‌ بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كانیاندا هه‌بێت به‌یه‌ك قوومه‌ ئاو كه‌وتوونه‌ته‌ مه‌له‌ مادام ئه‌مریكا دژی روسیایه‌، ئه‌وه‌ ده‌بێ ئه‌وانیش دژایه‌تی خۆیان بۆ رووسیا ده‌رببڕن له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر مێژووی ئه‌مریكا بخوێنیه‌وه‌، له‌وه‌ تێده‌گه‌ی ئه‌و زلهێزه‌ی دنیا جگه‌ له‌پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی دیكه‌ له‌به‌رچاوناگرێ و له‌هه‌موو ئه‌و داگیركاریه‌ی له‌وڵاتان كردوویه‌تی تا به‌رژه‌وه‌ندی له‌مانه‌وه‌ی خۆی به‌دی كردبێ، ئه‌وه‌ تا دواسات له‌وپێناوه‌ جه‌نگه‌وه‌، وه‌ئه‌گینا بارو بنه‌ی تێكناوه‌و گوێ به‌و هاوپه‌یمانیه‌ نه‌داوه‌ كه‌ سالانێك به‌یه‌كه‌وه‌ له‌یه‌ك سه‌نگه‌رو به‌یه‌ك ئه‌جێندا به‌رنامه‌رێژی بۆ ئه‌و پڕۆژه‌ كردووه‌.
مرۆڤ هه‌رگیز نابێ ئاواتی جه‌نگ و خوێنڕشتن بكاته‌ سه‌رتۆپی كاره‌كانی، چونكه‌ هیچ كات جه‌نگ خۆشبه‌ختی ناهێنێ، وه‌لێ ده‌بێ بزاندرێ كێ له‌و مه‌یدانه‌ ده‌توانێ ببێته‌ فریادڕه‌س و به‌خته‌وه‌ری بۆ مرۆڤایه‌تی بگه‌ڕێنێته‌وه‌؟!