پرسی فێمێنیزم و کێشەکانی ژنی کورد

Tuesday, 03.08.2022, 11:55

1886 بینراوە


جیهانی واقیع جیهانێکە، کە یەکەم مەرجی ژیانەوەی لە ڕووی سیاسەیەوە هەبوونی دوو ڕەگەزی باڵادەست و بندەستدا بووە؛ هەبوونی چینایەتی و دابەشکردنی مرۆڤەکان لە ڕووی ڕەگەز، بنەچە، ڕەنگی پێست، زمان، ناوچە و تاد.. بۆ کەسانی خاوەن دەسەڵات بناغە و بنیاتی دەسەڵاتی مادیی پێوە بووە، وەکوو بە کۆیلەکردنی ڕەشپێستەکان بۆ بەکارهێنانی هێزی کاری ئەوان؛ لە زیادکردنی سامان بۆ خاوەن دەسەڵاتەکە. سیاسەت هەر لە سەرەتای بوونەوە لە دوو چەمکی دەسەڵاتی زاڵ و بن دەست پێکهاتووە  و کەسێک کە بن دەستە قەد ناتوانێت و نەبووە کە دەوری دەسەڵاتداری زاڵدا، بگیڕێت. سیاسەت لە شێوەی زاڵیدا دەتوانێ دەگیرکار بێ لە شێوەی چینایەتی، ڕەگەز، ئیتنیک و تاد... بزوتنەوەی فێمێنیزمی و شوناسخوازی کوردیشی لە بەر گرتووە و ئەم بازنەیە بە لە بەرچاو نەگرتنی ئەم چەمکانە دەبێتە هۆی ناڕەزایەتی و هەبوونی بزافێک بۆ پێناسە و بوونی خۆی دەردەبڕێ. داخوازییەکانی ژنی کورد لەم بازنەیەدا؛ ڕۆژانە بەهۆی شوناسی کوردبوون و ڕەگەزی ژنبوونی لە بەر چاو ناگیردرێت. توندوتیژی چەند لایەنە بە سەر ژنانی کورددا زاڵە؛ بە پێچەوانە هەندێ ڕوانگە کە بەس توندوتیژی لە لایەنی نەتەوەیی و شوناسەوە لە بەر چاو دەگرن و لایەنی ڕەگەزی ناخەنە بەر چاو. بە بڕوای من دەبێ کۆمەڵناسان و دەرووناسەکان و لایەنە بزاڤییە ئازادیخوازەکان خۆیان لە تێۆری  و پێناسە دەقکراوەکان خۆیان بپارێزن و چەمکی فمنیزمی کوردی  وەکو چەمکێکی زیندوو کە لە چەند لایەنەوە دەدرێتە بەر توندوتیژی، لێکۆڵینەوەی بۆ بکەن و وەکوو دیاردەیەک کە زیندووە و بەردەوام لە گۆڕاندایە چاوی لێ بکەن و شێوەی لە شێوەکانی ئایین و داخوازییەکانی ڕەگەزی بەردەوام لە گۆڕاندایە. توندوتیژی لە دژی ژنی کورد و ئەو ئەزموونە لە لایەن ژنی کورد هەموو توندوتیژییەکان لە خۆ دەگرێ بەهۆی ڕەگەز و چینایەتی و شوناس و ناوچە و جوگرافیا و نەبوون و نەهیشتنی دەرفەتی ئاشنایی بە ماڤی مرۆڤایەتی ژنێک و هتد. کە چەند دەسەڵاتی زاڵی سیاسەت و دەسەڵاتی ئایین و دەسەڵاتی ڕەگەزی سەرتر، هۆکاری ئەم توندوتیژیییەیە کە لە هەمبەری ژنی کورد. کە لە شێوەی یەک دەیەڵاتی تەبا؛ ماڤی ژن لە بەر چاو ناگرن. 
ئەزموونی توندوتیژی ژنانی کورد لە ئەم سێ ڕێیانەدا؛ بە دوو چەمکی بن دەستی نەتەوە یا شوناس و ڕەگەز؛ لە چوارچێوەی پێناسەی دەسەڵاتی فێمێنێستی ئێراندا لە دژی ژێر دەستی ڕەگەزی و لە چەمکی داخوازی و پێناسەی نەتەوەییدا دەخرێتە پەراوێزەوە، چونکە توندوتیژی دژی ژنی کورد بە تەنیا بەرهەمی سیاسەت یا ئایینەوە نییە، ئەمە بەرهەمی هەر دوو چەمکە کە ڕەنگدانەوە یاسای زاڵە لە ساڵانی ڕابردوودا ژنکوژی بە ناوی کوشتنی نامووسی و چەمکێکی ڕێگە پێدراوی دەدەن و ژن وەکوو نامووسی پیاو دەبێ هەموو مافە ڕەواکانی مرۆڤایەتی لێ زەوت بکردرێت و دەربەست لە خزمەتی پیاودا بمێنێتەوە تا کوو دوچار کوژران نەبێ. ژنی عاقڵ، ژنی بەحەیا ژنی بن ماڵ، دایک، ژنێکی گوێڕایەڵە هەموو دەرکەوتەی دەسەڵاتی زاڵی ڕەگەزایەتییە کە هەموو ڕێگاکان لە ژن تووند دەکاتەوە بۆ چەوسێنەری زیاتر.
لە ڕاستیدا ژنی نەتەوەی زاڵ هیچ کێشەیەکی ئیتنیکی، زمانی، ئایینی و چینی بن دەستی نییە و ئەگەر ئێمە سێ گۆشەیەکمان هەبێ بۆ  پیشان دانی هەڵاواردنەکانی ژنان لە چوارچێوەی ئێراندا ژنێکی فارس زمان لە سەرەوەی سێ گۆشەکەیە و ژنی کورد لە خوارەوەی ئەو سێ گۆشەیە دادەنرێت، لە ڕاستییدا کاتێک باس لە سەر مافی ژنێک دەکرێ لە ئەو بازنەیەدا مەبەست ژنێکە کە لە چینی باڵادەستە کە هەندێ مافی تایبەتی پێی داون، بە دانانی ژن لەم بازنە دیاریکراوەدا، دیارە ژنانی ئیتنیکیتر لەم بازنەیەدا ناگونجن و پەراوێز دەخردرێن. بە لە بەرچاو گرتن و دانانی یاسای هەڵاواردن؛ هەموو ئەو توندوتیژیانەی دژ بە ژن ڕووندەبێتەوە و دەکرێ بە گۆڕانکاری یاساکان ئەو توندوتیژیانەی نێو کۆمەڵگا ئاستی زۆر بهێنرێتە خوار. ڕاستە کە لە سەر ئاستی فەرهەنگی و ڕۆشنبیری کۆمەڵگا دەبێ ئیش بکردرێت و سڕینەوەی نەریتە داڕزاوەکانێک کە لە بیری بەرتەسک سەرچاوە دەگرێ کار بکردرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە یاسا ڕۆڵێکی گرینگی هەیە بۆ کەم کردنەوەی ڕێژەی توندوتیژی لە نێو کۆمەڵگادا.
گرینگی ڕۆڵی یاسا لە بەرەو پێشچوون یان سەرکوتی بزووتنەوی مافخوازی ژنان
بێگۆمان یاسا یەکێک لە ئامرازە هەرەگرینگەکان بۆ بەرەوپێش چوونی بزووتنەوەی یەکسانیخوازانە و مافخوازانەی ژنانە. یاسای بنەڕەتی وڵاتان دەتوانێت کاریگەری ئەرینی یان نەرینی لە سەر بزووتنەوەی ژنان بێت.
کاتێک کە ژنان لە کۆمەڵگایەک هەست بە چەوساندنەوە دەکەن، ئەمە دەرخەری وشیاربوونەوەی کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنانە لەسەر خواست و مافەکانیان. ژنان بەرپرسیارنە دەچنە نێو ڕیزی خەبات لەدژی چەوساندنەوەیان و ئەو هەڵاواردنانەی کە بەرەوڕووی دەبن، هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان وەگەڕ دەخەن بۆ گەیشتن بە مافە ڕەوا و ئینسانییەکانی خۆیان. لەم قۆناغەدا گرینگی ڕۆڵی یاسا دەردەکەوێت، لە ئەگەری ئەوەی کە خواستەکانی ژنان بڕواتە نێو یاساوە و مافەکانیان یان بەشێک لە مافەکانیان ڕەچاو بکات ڕێگا خۆشکەرە بۆ ئەوەی ژنان بە ئامانجەکانیان بگەن و بزووتنەوەکەیان بەهێز دەبێت. وەکوو ئەوەی کە لە وڵاتانی ڕۆژاوایی  و پێشکەوتوو یاسا پاڵپشتی ژنانە و بەشێک لە مافەکانیان بۆ دەستەبەر بووە؛ دەبینین کە بە پاڵپشتی یاسا ڕۆژانێک وەکوو ۲٥ی نۆڤامبر و ٨ی مارس تێکەڵ بە کولتووری ئەو وڵاتانە بوو.
هەڵاواردنی ڕەگەزی جیا لە هەڵاواردنی نەتەوەیی نییە کە دەبێتە ستەم و زوڵمی دووبەرابەر لە هەمبەر ژنی کورد؛ لە ڕاستییدا بزووتنەوەکانی فێمێنیزمی کە دەبێ چەمکی ئازادیخوازی و یەکسانی بپارێزن هەندێ جار دەبینین لە فێمێنیزمی ئێرانیدا؛ هەندێ جار هەڵوێستێکی دوو لایەنەیان لە کەناری باسی بە خاوەن بوونی ژنان لە لایەن ڕەگەزی پیاوسالاریدا هەیە لە هەمبەر ئازادیخوازی ژنی کورددا، دەبینین هەر ئەو ژنانی فمنیست کە سکاڵایان بەرزە لە دژی بە پیاوسالاریدا؛ باسەکە دەگاتە ژنی کورد، زۆر ئاشکرایە لە ڕوانگەی پیاوسالارییەوە، بۆ کێشەکانی ژنی کورد دەڕووانن. ئەو ڕخنانەی کە لە ژنی کورد دەگرن بە هۆی چەک هەڵگرتنی ژنان لە هەمبەرشەڕی داعیش زۆر بێ مانایە بە بڕوای من تەنانەت بزووتنەوەی فێمێنیزمیش دەتوانێ بۆ شەڕێکی ناڕەوا خۆی بە چەک بکات کاتێک هەفپەیڤین لە ڕفاندن و توندوتیژی سکێکسی و کوژران بێ واتایە ژنێک دەبێ داکۆکی بکا لە خۆی.
لە ئێستادا ئێمە لە گەڵ دوو ڕۆانگەی فێمێنیزمییدا ڕووبەڕوو دەبینەوە کە دوای دوو ئاراستە فیکرییدا کەوتوون؛ لیبرالیزم کە بانگەشەی سیستەمی سەرمایەداری دەکا و مارکسیزم کە ڕەخنە دەگرێ لە پێکهاتەی فیکری لیبرالیزم؛ لیبراڵ فێمێنیزم پشتگیری چینی باڵادەست دەکا جیا لە شێوەی دەسەڵاتداری (ڕەنگە فاشیست ، دیکتاتور ..) کە نێو  دەزگا دەوڵەتییەکاندا دەبێتە نوێنەری ژنان و لە سەرچاوە ئابوورییەکان بۆ خۆ سوود وەر دەگرێ، خوازیارە ژنانی چینی باڵادەست لە شوێنە دەوڵەتییەکان ببنە خاوەن کار و پیشەی خۆیان و چینی ژنی هەژار و پایین دەست لە بیر دەکا، بەڵام بە گشتی خەباتی ژنان بە درێژایی مێژوو بۆ دەستەبەر کردنی ماڤە ڕەواکانیان و ڕزگاری لە کۆت و بەندی پیاوسالارییدا بەردەوام بووە و مێژووێکی زۆر درێژی هەیە و هەر لە درووستبوونی شارستانیەت مرۆڤی ئازادیخواز هەوڵی ئەوەی داوە کۆیلەتی و دیلبوون بسڕدرێتەوە و بۆ بە کولتووریکردنی ئەم هەوڵە بەردەوام کەسانێکی ڕووناکبیر لە حەول و تەقەلادا بوون بۆ مسۆگەرکردنی مافی تاک. لە کوردستاندا ژنانێکی تێکۆشەرمان هەیە، ڕەنگە دووچاری زۆر کۆسپ و تەگەرە بن لەم ڕێگایەدا هەر چەند بچووکیش بێ ئەو دەستکەوتانەیان، بەڵام بەردەوامن گەورەترین کێشەی ژنی کورد لە ئەم سەردەمەدا کە گەیشتن بە مافی ڕەوای مرۆڤایەتی دوا دەخات سەڕەتا هەبوونی یاسای دژە ژنە کە یاسا لە ڕووی ئایینەوە ساز کراوە؛ کە دەبوایە  بە پێی ڕەوتی سەردەم گۆڕانکاری تێیدا هەبوایا وەکوو ئەوەی ژن موڵکی پیاوە و دەبێ لە سەر هەموو وردەکارییەکانی ژیانی پیاوێک بڕیار بدات، ئەوەی دیکە هەبوونی نەریت و کولتوورێکی باوە لە ناو خەڵکدا کە ژن بە پێوەرەکانی هەزاران ساڵ لەوەو پێش لە بەر چاو دەگرێ، کە واتە کۆمەڵگا و ئاستی ڕووناکبیری خەڵکەکەی دەبێ گۆڕانکاری بە سەر بێ و گرینگترینیش ئەوەی یاساکان یەکسانی و دادپەروەری لە بەر چاو بگرن و بە پێی مافی مرۆڤی جیهانی شرۆڤەی بۆ بکات. ڕاستە ئەم کێشانە زۆر لە کۆمەڵگای کوردیدا وەکوو زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرچاون و بەڵام پیاو  نابێ چەمکی فێمێنیزم بە شتێکی نامۆ بزانێت و تێفکرینی ئەوەی هەبێ ئەمە وەکوو چەکێک لە دژی پیاو بە کار دەبرێت دەبێ پیاویش هەوڵبدات لە پەراوێز خستنی ژن دەنگی هەڵبڕێت و  داواکاری مافی یەکسانی ژن و پیاو بێ. وەکوو هەندێ کەس کە دەڵێن فێمێنیزم ئەندێشە و تێفکرین و قوتابخانەی ڕۆژئاوایییەکانە و لە کوردستاندا نابێ ئەو قوتابخانەیە وەکوو ئەندێشەیەکی مافخوازانە بە کار ببردرێت. ئەو بڕوایانە هەیە سروشتی ژن لە بنەڕەتدا هەر وایە و نابێ ئەو مافانە بە ئەو بدرێت، کە ئەمانە دیارە سەرچاوە فیکرییەکەی لە ئایینەوە وەرگیراوە کە بڕوایان ئەوەی ئایینی ئیسلام هەموو مافەکانی  مرۆیی بە ژن داوە، ئەمانە دەبێتە بەربەستێک لە بەر دەم بزاڤی ڕزگاری خوازی و یەکسانیدا. بزوتنەوەی ئەندێشەی ژنی ئازاد تا ڕادەیەک کاریگەری داناوە لەوەی کە سیستەمێکی چەوسێنەر و کۆمەڵایەتی و ئابووری زاڵ بە سەر چینی ژناندا پیشان دەدات.
دەبێ بە کردەوەکردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی و دادپەروەری ڕێکارەکان بخرێتە ڕوو، لێرەدا دەبێ شیکردنەوەیەکی بنەڕەتیمان هەبێ لە کێشەکانی ژنان و ئینجا بۆ ڕێکارەکانی بگەڕێین، کە بە هۆی بەربەستی زاڵ هێشتا نەیتوانیوە ببێتە پاشخانێکی فیکری و مەعرەفی لە نێو کۆمەڵگادا. بۆیە هەمیشە ڕووبەڕوومان دەکاتەوە لە پارادۆکسەکاندا، لە میدیاکان بە تایبەت بۆ پێناسەی ژن، بەرنامەیەک داڕژراوە کە ڕەنگە ڕیشەکانی لە لیبراڵیزمدا بدۆزینەوە، دەرکەوتنی ژنێک بە چەندەها نەشتەرگەری جوانکاری و پێناسەی ژنێکی باش لە فیلەر و بۆتۆکس و جۆرەها پرۆتین کە بە لەش و لارییەوە دووراوەتەوە لێرەدا ئەندێشە و زهنییەتی ژن لە پەراوێز یا تەنانەت سڕاوەتەوە و خودی ژن لەم بە کوێلەکردندا ڕۆڵی هەیە. بە کارهێنانی خودی ژن لە خزمەتی سیستەمێک کە بۆ بە کەرەستەکردنی هەر شتێک هەوڵدەدا لە بازاڕەکانی ئابوورییدا. بە کاڵاکردنی ژن هەر خۆی بۆ  پەسەندکردنی لایەنی پیاوانە دایە و دیسانەوە مەیل و خواستی پیاوە کە دەبێتە پێوەر؛ کە بە هەڵە ئەم نەشتەرگەرییە مۆدیڕنانە بە ناوی ماف ناوی لێ دەبەن و ئۆبژەبوونی ژنان لە جیهانی مۆدێڕنیشدا بە شێوەگەلی جیاواز هێشتا درێژەی هەیە.
شێوەی پەروەردە کردنی تاکی ئەم کۆمەڵگا لە ڕووی عادەت و باودا تێپەڕ نەبووە؛ بە شێوەیەک کە بۆ هۆشیار بوونەوەی منداڵەکانمان هەوڵبدەین، پەروەردەکردنی هزر و ئەندێشەیەک کە ڕێز لە هەموو چین و تووێژ و تەنانەت هەموو بوونەوەرکان بگرێت،  کە پرۆسەیەکی درێژخایەنی پێویستە، بەڵام بە گشتی باس لە سەر توندوتیژییە لە سەر چینێکی کۆمەڵگا کە نیوەی ئەو کۆمەڵگایە لە خۆ دەگرێ و بە بیانووی شەرەف و نامووس ژنان بە دەستی پیاوان دەکوژرێن و یا ژن لە چوارچێوەیەکی بێ هێواییدا خۆی دەسوتێنێت و خۆی لە ناو دەبا و لە ڕاستییدا هیچ هەوڵێکی بنەڕەتی و ڕادیکاڵ بۆ لە ناو بردنی ئەو یاسایانە نادرێت کە ژنی کوژراو بە تاوانبار دەزانێ و پیاوی بکوژ دوای ماوەیەک دەستبەسەر کردن ئازاد دەکرێ و یاسا مافی کوشتنی پێ دەدا و لێرەدا دەسەڵاتی سیاسی پەنچە دەخاتە نێو ژیانی تاکەکان هەر وەها کە فوکو ئاماژە بەوە  دەکات باس لە سەپاندنی دەسەڵات بە سەر ژیاندا دەکا؛ ئەگەر زلهێزی بۆ هیچ کەس گونجاو نییە بۆچی پیاو چ بە ڕەوشت و چ لاواز؛ بە شیاو دەزانین کە دەسەڵاتی تەواوی بە سەر ژنێکەوە هەبێ؟ کە گەندەڵی دەسەڵات لێرەدا خۆی پیشان دەدا. یاسای سەردانەواندن لە ئێستادا لە ژیانی هاوبەشی ڕوو دەکاتە ژن، کە پارادۆکسێکە لەگەڵ ژیانی مۆدێڕنی ئێستا و بە هۆی  یاسا و نەریتەکانی نێو کۆمەڵگادا کە هەموو دژە ژنن، ئەوە مسۆگەر نابێ کە دوو  کەس هەموو شتێکی ئەو ژیانە لە بەین خۆیاندا بەش بکەن و کەسێک دەسەڵاتی تەواوی نەبێ و کەسێکی دیکەیان بن دەست بێ بە هیوای جیهانێک پڕ لە تەبایی و یەکسانی و دادپەروەری و هۆشیاری.