پتر لە سەدەیەکە 8ی مارس وەکو سیمبۆل و ڕەمزی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژنان، دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی و چەوساندنەوەی چینایەتییە. ڕۆژی پشتگیریی و داکۆکی و هەوڵدانە بۆ بەدیهێنانی مافی یەکسان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و دەستەبەرکردنی هەلومەرجی باشترە لە ژیانی ژناندا.
سەڕەڕای هەوڵ و تێکۆشانی بێوچان و بەردەوامی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز، هێشتا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، لە نێو چوارچێوەی داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و خێزان و شوێنی کار و هتد؛ ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و یاساگەلی مەزهەبی و پیاوسالاریی دژی ژن، مافی ڕەوای ژنان پێشێل دەکەن.
بەشداریی ژنان لە جووڵانەوە سڤیل، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزی و هەروەها هاوبەشییان لە ناڕەزایەتییە مەدەنی و پیشەییە جۆراوجۆرەکاندا، هیوابەخش و جێی سپاس و پێزانینە و دەرخەری ئەم ڕاستییەشە کە ژنانی کورد بەشێلگیرییەوە خەبات بۆ مافی نەتەوایەتی و یەکسانیخوازیی درێژە دەدەن.
"بەرەی یەکگرتووی کورد" پیرۆزبایی 8ی مارس وەکو هێمای خەبات و تێکۆشانی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز دەکات و هەروەها هەوڵ و خەباتی تێکۆشەرانی ئەم بوارە بەرز دەنرخێنێ و گەرمترین پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی تێکوشەر و ئازادیخواز و بەتایبەت ژنانی کوردستان دەکەین.