هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


کە ھاتنەوە

Tuesday, 08/03/2022, 23:25

6011 بینراوە


پێشئەوەی لە دەروازەی سنورەوە خۆیان بکەن بە شاردا، دووجۆر لیستی ناویان ئامادەکردبوو:
1- (فاتیح بەگ)، 2- (شێخ نەبەز)، 3- (ئەرشەد ئاغا)، 4- (تەحسین شامەرد)، 5- (زرار خۆشناو)، 6- (ئەبو سیداد) 7- و .... هتد.... هەموو بەگ و ئاغا و خاوەن نفوز و خاوەن عەشرەتەکانی تر لە لیستی یەکەمدابوون!
هەرچی ناوەکانی لیستی دووهەمیش بوو بریتیبوون لە:
1- (سەبریەی مامان)، 2- (حەسیبەی سستەر)، 3- (ڕەعنای خەیات)، 4- (نەهلە بێوەژن) و 5- (نەسرینی ڕیعایە) و سەدانی تر!
نامەی برایەتی و خۆشەویستی و پێکەوەکارکردن و بانگهێشتکردن بۆ ناو حیزب، لەلایەن سەرکردە باڵاکانی شۆڕشەوە گەیاندرا بە  ناوەکانی لیستی یەکەم و ناوەکانی لیستی دووهەمیش  تەسلیم بە لیژنەی ئیغتیالاتی شۆڕشکران!

لەبیرمدێت کە سەرکردەکانی شۆڕش خۆیانکرد بە شاردا، بەرلەوەی سەردانی ماڵی میمکە تەلە بکەن کە چوار کوڕی بۆشۆڕش کردبوو بە  قوربانی،  چوونە ماڵی برایم بەگ، کە چوار نەوطولشوجاعەی لەسەردەمی ئەنفالدا وەرگرتبوو!
 ئەو شەوە زیاتر لە پانزە سەر ئاژەڵ لە ماڵ برایم بەگدا سەربڕان ودوو کارتۆن ویسکی سپێشیالیشیان لە نادی موەزەفینەوە بۆ ڕۆیشت!
 لەبیریشم دێت کە حەسیبەی مامانیان لەبەردەم مزگەوتی گەورەدا کوشت،  سەمونێکی وشکی بە تاڵێک کەوەری سیسەوە ئەخوارد.
 حەسیبە خەڵکی شارەکەی ئیمەبوو، بۆ سواڵکردن جاروبار ئەڕۆیشتە شاری سلێمانی و خاوەنی پینج مناڵی وردبوو، دەنگۆیەک هەبوو کە گوایا ئەو ژنە پەیوەندی لەگەڵ کارمەندێکی عەرەبدا هەبووبێت کاتی خۆی!
ئەو ڕۆژەش کە نەسرینی ریعایەیان کوشت، کاک ئازادی مێردیان ناچارکرد کە خۆی تەرمەکەی بنیژێت و پرسەشی بۆ دانەنێت!
کە هاتنەوە، هەموو شتە جوانەکانیان برد،  ژنە جوانەکانیان لە خشتەبرد، سەیارە جوانەکانیان خستەژێر خۆیان، خانووە جوانەکانیان داگیرکرد و بەها جوانەکانی ئەم میللەتەشیان برد!
گڵۆپەکان کوژانەوە، دارتەلەکان  بە تەلەکانەوە ئاودیوکران، ئاژەڵە کێویەکان قەلاچۆکران و  شاریان کرد بە باخچەیەك بۆ ئاژەڵانی بەرەڵا!
ئۆتۆمبیلەکانی پاکژکەرەوەیان هەرزانفرۆشکرد و و شەقامەکانیان کرد بەزبڵخانە،  نیشتیمانپەروەریان لە هزری خەڵکیدا کرد بە ژەنگ و خۆیان بوونە پیاوی بێگانە!
کە هاتنەوە، نیشتیمانێکیان ڕزگارکرد و گەلێکیان کرد بە کۆیلە، سۆزانیەکیان کرد بە سکرتێرە و ئەو دایکە گەرمیانیەی کە تا ئێستاش ئێواران بەر لە خۆر ئاوابوون لە سەربانی خانوە داتەپەیوەکەی گوندەکەیەوە ڕوو لە بیابانەکانی باشور دەکرد و دەستێکی کردوە بە سێبەری چاوی، کرد بەو ژنەی کە بۆ رۆژانی بەر لە حوکمی شۆڕش بە دەستتا بدات!
کە هاتنەوە، شاریان پڕکرد لە بالەخانەی بەرز بۆ مرۆڤی بچوک،  کەناڵە تیڤیەکانیان پرکرد لە ژنی بوکەڵە و بە سلیکۆن ئاخنراو و گۆڕستانێکی بێناونیشانی دوورە دەستیشیان پرکرد لەو ژنانەی کە بەئەوان و بە قەبیلەیان گوت: نا!
کە هاتنەوە،  خاکەنەزیان لە دەستی جوتیارەکان سەند و کڵاشنکۆفی حیزبیان دایە دەستیان.
کە هاتنەوە، ڕۆن و کەرە و ماست و دۆی نیشتیمانیان کرد بە مادەی یاساخ و  نیشتیمانیان کرد بە زبڵخانەی ساغکردنەوەی مادەی ماوە بەسەرچووی دەوڵەت داگیرکەر و دوژمنەکانی کورد.
کە هاتنەوە، ئاڵای وڵاتیان لە سەر گرد و تەپۆڵکەکان بەرزکردەوە و خۆشەویستی نیشتیمانیان لە ناخی تاکی ئەم نەتەوەدا ناشت!
کە هاتنەوە، وەک ئەوەی ئەم خاکە موڵکی باب و باپیریان بێت بە تاپۆی ڕەش، هەرچی بەکەڵک هات کردیان بە ناوی خۆیان و منداڵ و خزم و نەوەکانی خۆیانەوە.
کە هاتنەوە، نەوتیان برد و دوکەڵەکەیان کرد بە قوڕگی خەڵکیدا، دەسەڵاتیان برد و هەڵاتن و ئاوارەبوونیان پێشکەشی نەوەی شەهیدەکان کرد.
لە ساڵیادی لە دایکبوونیاندا، ئۆتۆمێیلی گرانبەها و کۆشکی شاهانەیان پێشکەش بە بوکەڵە دەستکردەکانیان کرد و  لە سەر شەقامە گشتیەکەی شاریش هەموو ئەو ژنایەن دایە بەر دەستڕیژی فیشەک کە تاکە داواکاریان ئەوەبوو: تکایە لێمگەڕین باوەک مرۆڤێک بژیم!

حسێن علي شريف


ڕووداوە_مێژووییەکان

کاک حسێن گیان..
بێنە پێش چاوت سەرزل و کەللە زرکەتاڵەکانی نیشتیمان  خۆیان ھەموویان جنسییەی ووڵاتانیان هەیە و ھاوڵاتی ئەمریکا و بەریتانیا و سوید و نەرویج و هەموو دنیان، لێرەش بە پلەی هەرە باڵا دەوام دەکەن و  بۆ پشووەکان دەچنەوە بۆ ئەو وڵاتانە و بۆ پارە دزین دێنەوە بۆ کوردستان، لەوێ  زەریبە دەدەن و لێڕە زەریبە لە میللەتێکی نەخۆش و بێهۆش دەسێنن، کەچی لە کۆشک و تەلارەکان ، تەسریحاتی دژ بە میللەتێکی هەش بەسەر دەدەن..
ئەمانە لە بەرانبەر دوژمن و داگیرکەر ڕێوین و ، بۆ میللەتە کزۆڵە  کڵۆڵە  باخەڵ چۆڵەکەی خۆیان شێرن.

دیسان هەم شێرن ، کام شێر؟

شێری ناو مەلهەکانی بەرلین و ستوکهوڵم و ئەمیستەردام و تۆکیۆو واشنتونن..
لە نیشتیمان هاووڵاتی بێ ئاوە و خۆشیان شەراب و ویسکی و شامپانیا و ڤوتکە دەنۆشن..
بیهێنێرە پێش چاوت سیی ساڵە نەوتەکەت دەدزن ، کەچی نەوتی سیی ڕۆژت نییە و بە سکی برسی وڵات جێدێڵێ..
بانکەکانیان پڕ لە دۆلارە و ئەو خەڵکەش چاوەڕێی دووسەد ملیارە دینارەکەی عێراقە. قاچاخی سنور و تیجارەتی مەشروب و جگەرە و دار و دنیان لەم وڵاتەدا قۆرخکردووە، کە داھاتی لە نەوت زیاترە، تەنانەت قۆرخی تیجارەتی ھێلکەی ئێکسپایەریشیان کردووە.!
ھەریەکە و گردێک و ھەریەکە  سەدان دۆنم زەوی گرنگی شار و ھەریەکە و ھەزاران چەکداری لە دەوری خۆی بۆ پاسەوانی راگرتووە...
تۆ نازانی کە شۆڕگێڕ، بوو بە سیاسی و سیاسیش بوو بە بازرگان، ئەوسا چ دۆزەخێک دروست دەبێت..؟ وەک دروستیان کرد؟  بۆ جاش و خائینەکانیش بە هەشتە و بۆ خەڵکە پاک و نەتەوەدۆستەکە چ  دۆزەخێکە؟
تۆ حیکایەتی نەتەوەیەکی کوێرت نەبیستووە..؟ کە ساڵانێکی زۆرە دوو ئەسپی کوێر و کەڕو لاڵ ڕایدەکێشن؟!
وەکو لاستیک پڕ بە پێست و مەیڵی ناحەزان و چۆن بیانەوێ و چۆن بۆیان بلوێ  ڕایدەکێشن  بۆ هەڕاج ، بۆ مەساج  بۆ ژوانی شەوگارەکانی دووبەی و لوبنان و قەراغی دەریاکانی تورکیا و تاران و مەغریب..؟

 ئیتر ئەو خەڵکە ئەبێت خوێندنەوەی هەبێت ..

ئەبێت بیخوێتەوە ئینجا تێدەگا شۆڕش چ درۆیەکی گەورەبوو لە ژیانی ئێمەدا، چ فریودانێکی مەزن بوو،  تێدەگات چۆن کۆنە پێشمەرگە ئەبێت بە بازرگانی کچی سینی و لەشفرۆشی فلیپینی و مەساجی لوبنانی!
ئەمانە لە چەوساندنەوەی میللەت هەر ئەوانەن کە پێڵاو و پاتەکانی  شاخیان کردە جامی مەی و پارەکەشیان لەسەر ئێمە حساب کرد و بەدەم مەستییەوە دۆنم دۆنم خاکی کوردستانیان فڕۆشت....
تۆ چوزانی سەرانی ئەم دوو کۆمپانیایە کچە مۆدیل بەرهەم دەهێنن و لە یانە و مەلهە شەوانیەکاندا مەست و بێهۆش و مەی نۆش وتەڕپۆشن.!
مەگەر شەوانە سەدان دەفتەرە دۆلار نادرێت بە کچە مۆدیلە سۆزانیە عەرەب و تورک و فارسە لەشفرۆشەکان؟
لەولاشەوە شەڕەسەگی بانگەشەی کوردایەتیی و نەتەوەیی، لەسەر دەسەڵات و پۆست بەمنی گێلەکورد دەکەن و خۆیان بە زمان ناوگەڵی سۆزانی دوژمنانی کورد دەلێسنەوە...

کاک حسێن گیان 

تۆ هێشتا چیرۆکی سۆشیال عەشایەرت نەبیستووە..؟
 تۆ جەنەراڵی بێ ئەستێرە و سەرۆکی نەخوێندەوارت نەبینیوە..؟
تۆ نازانی بەرزبوونەوەی کۆشکی سوڵتانێک بە ئاسماندا، لەسەر حسابی سەدان ماڵە هەژارو هەتیوی برسی و بێوەژنی لێو بەبارە..؟

جا تۆ چیت دیوە ئازیزم؟

 تۆ نازانی هەزاران ساڵە ئێمە منداڵ دەخەینەوە و پەروەردەیان دەکەین و دەیاندەینە دەست بازرگانەکانی کوردایەتی و ئەوانیش لەناو قومارخانەی مێژوودا دەیدۆڕێنن..
تۆ نازانی کاتێک دڵ و قودسی کوردستان ئەبێ بەقاسە، بە خاک و خەڵکەوە دەفرۆشرێن و بەبای خەیاڵیشیانا نایەت؟
ئێمەش چەشنی کاوەی ئاسنگەر ملیۆنان ساڵە مۆخی جوانترین گەنجەکانمان دەخەینه سەر برینی زوحاکەکانی کوردایەتی و کەچی زاڵمانە هەر ئارامییان بۆ نایەت!...

گیانی من 

گەر ئەمجارە دانیشتینەوە من باسی نانەڕەق و 
ئای چیرۆکی میمکە تەلەت بۆ بیرکەوتەوە ..! ئەو ژنەی کاتێ لەبێ پارەییدا کوڕە تاقانەکەی دەبێتە پێشمەرگە و هەر لە هەفتەی یەکەمی پێشمەرگایەتیدا لە شەڕی ناوخۆ و لە کڵاوقاسم کوژرا و ئێستاش کەس نەیزانی لەپێناوی چیدا کوژرا..؟
باسی ماڵی حاجی عەلیت بۆ دەکەم کاتێک پێشمەرگە نایەڵن بێتەوە ناوشار و ئیتر بەر شاڵاوی بەر ئەنفال دەکەوێت و بەعسیەکان هەر سێ کچەکەی حاجی دەبەن و تا ئێستاش سۆڕاخیان نیە. بۆت دەگێرمەوە چۆن باوکیان بە حەسرەتی بینینەوەیان هەموو پایتەختە عەرەبیەکان گەڕا و هیچی دەست نەکەوت، ئینجا بە مەراقەوە شەوێک بۆ هەمیشە چاوی لێک نا.
باسی دایکیانت بۆ دەکەم، کە چۆن لە چاوەڕوانیدا چاوەکانی نەخۆشکەوت و بازرگانەکانی کوردایەتیش بەهەڵە دەرزیەکی ئاڤاستین یان لێدا و بۆ هەمیشە ڕوناکی هەردووچاوی لەدەستدا.

کاک حسێن گیان

 هەڵاڵەت بەبیر دێ..؟  ئەها ئەو کچەی کە وتی  هەرگیز ئامادە نییە شوبکاتەوە.. ئەو کچە هەڵەبجەییەی، کە بەعس هەموو خانەوادەکەی بە کیمیایی شەهید کرد و حیزبێکی کوردیش ئانگوستیلە و ملوانکەی ملی لێکردەوە و دوواتریش لە شەڕی ناوخۆدا و لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا، دەزگیرانەکەیان خەڵتانی خوێن کرد..!
لێرە دانیشتوم حەزدەکەم باسی چەتە و شەوکوت و ئاودیوکردنی شۆفڵ و ئاساری مێژووییت بۆبکەم.
حەزدەکەم بۆت بسەلمێنم، کە لێرە و لەم نیشتیمانە دزیش ئەتوانێ ببێتە قازی و ئەتوانێت ببێتە سەرۆک.
مەلاش ئەتوانێ عەلمانیبێت.
دیموکرات ئەتوانێ دیکتاتۆربێت.
ئۆپۆزیسیۆن ئەتوانێ خانەنشین بێت.
میلیشیا ئەتوانێ پاسەوانی نیشتیمان بێت ..
ئەوە بۆیە وامان بەسەرهات.
وێنەی ئاژەڵێکی تۆپیو کە هێشتا گیانی تێدا ماوە

سەیوان فایەق



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە