رزگار رانگور

https://www.facebook.com/profile.php?id=100073491703111


گەشتکردن بە ژیاندا (بەشی سێیەم)

Wednesday, 03.09.2022, 1:49

2498 بینراوە


ئێمە لەگەشتەکەمان بەژیاندا بەردەوامین

 لەکارکردندا هەموو شتێک وەک ئەوەی نەخشەی بۆ کێشراوە جێبەجێ ناکرێت ، بەتایبەتی نوسین و گفتۆکردن لەسەر ڕابردوویەکی چەندین ساڵ ، هەر ئەوە نا بەڵکو ڕووداوە چاوەڕواننەکراوەکانی ڕۆژانە لەجیهاندا ڕوودەدەن ، لەناو ئەم دنیایەدا کە بۆتە گوندێکی زەبەڵاح ناتوانی تۆش بەشدار نەبیت و لەگەڵیدا نەڕۆی ، نمونەی جەنگی ئۆکرانیاو ڕوسیا .. جگە لەوە نیشتمان و ژنکوشتن و چەنەبازی مەلا دەمبوسەکان و هەڵوێست و بەرخوردی دەسەڵاتداران و ڕووداوە پڕشەرمەزاریەکانی ناو ووڵاتەکەمان، لەگەڵ ئەو قەیرانە دروستکراوانەدا هەروەها باسی کارەسات و هەواڵەکانی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و چەنەبازی کۆمەڵێک بەتاڵ، بۆتە هۆی ئەوەی پڕۆژەی گفتوگۆکانمان کەمێک دوادەکەون. ئەمە بەو مانایە نا کە ساردبوبینەوە ، بەڵام کورد ووتەنی شتگەلی تر خۆیان فەرزکرد و نەدەبوو فەرامۆشی بکەین ، ئەم بەشەمان کۆمەڵێ پرسیارە لەسەر پیشەی موختاری و بەراورد کردنی موختاری کۆن لەگەڵ سەردەمی ڕژێمی بەعس و دەسەلاتی کوردیدا ... هیوادارم ئێوەش هاو سەفەرمان بن و بە پێشنیار و گفتوگۆکانمان بابەتەکە دەوڵەمەندتر بکەین ..
هەمووجارێک بەکاک کەمال دەڵێم : تەمەن بەساڵەکان ناپێوین، بەڵکو بەجۆری ژیان سەیری دەکەین .... فەرموون لەگەڵ بەشی سێهەمی گەشتێک بەژیاندا.

پ: باپیرت دەبێتە موختار لەگەڕەکی دەرگەزێن .. پاشان پێدەچێت موختاری وەک میرات بۆتان مابێتەوە .. جیاوازی موختاری ئێستا لەگەڵ ئەو سەردەمەدا هەبووە ، دەکرێ گەر بەکورتیش بێت هەندێک باسی کەسایەتی موختارو ئەرکەکەیمان بۆ بکەیت ... جارێک گێڕاتەوە کە لەماڵی ئێوەدا ژوورێکتان هەبووە ژنان تێدا زیندانی کراوە .. چۆن؟

- دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، ساڵی ١٩٢١، کە ئینگلیز و فەڕەنسییەکان لە پاشماوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی، چەند دەوڵەتێکی عەرەبییان لە ناوچەکەدا دروستکرد و دوو پارچەی کوردستانیان خستە سەر سوریا و عێراق.
ئەو دەوڵەتەییان لەناو کۆمەڵگایەکی فرە نەتەوە، فرە زمان، فرە ئاین و فرە خێلەکییدا دروست کرد کاتێکیش ئینگلیزەکان هەستیان بەوە کرد، کە ئەم دەوڵەتە نوێیە بەو شێوەیە بۆیان بەڕێوەناچێت و ناتوانێت هەروا بمێنێتەوە، بۆیە گەڕان بۆ سیستەمێکی گونجا تا ئەو دەوڵەتە دروستکراوە بەڕیوەبچێت، بۆ سەرکردە و رابەڕێک گەڕان کە بە دڵی خۆیان بێت، بۆیە لە حێجازەوە بنەماڵەی هاشمیان هێنا و هاوشێوەی سیستەمی پادشایی بەریتانیا فەیسەڵیان کردە پادشای عێراق، سیمایەکی دیموکراتی و پەرلەمانیان کرد بە بەردا، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیان پێک هێنا و زۆربەی کاربەدەستەکان لە نمونەی (نوری سەعيد، رەشيد عالي گەیلانی، جەعفەر عەسكەری، یاسین هاشمی، عەبدولوەهاب بەگ، تۆفیق وەهبی، ئەمین زەکی بەگ.. هتد)، ئەمانەیان هێنایە پێشەوە، کە پێشتر خاوەن پۆست و کاربەدەستی سەردەمی عوسمانییەکان بوون، زۆربەشیان کورد بوون، ئەوانە توانیان هاوکار بن لە دروستکردنی دەوڵەتی عێراقدا و سوپایان بۆ رێکخستن. 
من سەرەتا ئەمەم بۆیە گێڕایەوە تا بیبەستمەوە بەوەی کە شارەکانی ئەو سەردەمەی عێراق زیاتر پێویستی بە بەڕێوەبردن بوو، تا خەڵکی هێور بکەنەوە، بەتایبەتی لە کوردستان، کە شێخ مەحمودی حەفید، تا ماوەیەکی زۆر جەماوەرێکی زۆر لە سلێمانی و گەرمیان و کەرکوک لە دەوری کۆبوونەوە. ئەو بەشەی باشوور بە حکومەتی ئینگلیزەکان لە بەغداد رازی نەدەبوون، داوای دەولەتی کوردیی و سەربەخۆییان دەکرد، بۆ زانیارییتان هەر راپرسییەک لەو سەردەمەدا کرابێت، شاری سلێمانی دەنگی بە دەوڵەتی عێراق نەداوە و لەگەڵ ئەوەدا نەبوون کە سلێمانی ببێتە بەشێک لە عێراق، بەڵام  دوای راپەڕین  پارتیی و یەکێتیی توانیان بە فەرمیی رای خەڵکی بەرەو ئاڕاستەیەکی دیکە و عێراقیی بوون بەرن.
لەو سەردەمەشدا ئینگلیزەکان ویستیان بە رووکەش عێراقێکی دیموکراسی دروست بکەن و خەڵکی بە حکومەتی خۆی بزانێت، هەرچەندە بە بەراورد لەگەڵ ئەمرۆ و سەردەمی بەعس تا رادەیەک وا دەرچوو، بۆیە لە دانانی پۆست و دەسەڵاتدا بۆ پارێزگاکان (ئەو کاتە لیوایان پێدەگوت)، جگە لە پارێزگار (متصرف)، مدیر ناحییە، و قەزا، زۆربەی پۆستەکانی دیکە لە خەڵکی ئەو شار و ناوچانە هەڵدەبژێردران، ئەویش لە رێگای دەنگدانەوە، خەڵکی دەنگیان پێدەدان لەوانە سەرۆکی شارەوانیی و موختار. بۆ ئەوەی لە باسەکە دوورنەکەومەوە، من تەنیا لەسەر پیشەی موختار قسە دەکەم.
موختار بە کوردی مانای هەڵبژێردراو، ئەو کەسەی دەبووە موختار، بە زۆرینەی دەنگی دانیشتوانی گەڕەک دەبووە موختار، حکومەت داینەدەنان. کەسایەتی موختار، کەسایەتییەک بوو رێزی لێدەگیرا. من لە بیرمە منداڵ بووم لەگەڵ باوکم، کاتێک بە گەڕەکێدا دەڕوێشتین، خەڵکی لەبەری هەڵدەستان، بە رێزەوە فەرمویان لێدەکرد، بۆ هەندێک کاروبار پرس و راوێژیان پێدەکرد. موختار وەکو کۆمپیوتەری ئەو سەردەمە پڕ بوو لە زانیاریی، ناوی یەکە بەیەکەی هەموو دانیشتوان دەزانی، شەجەرە و ناوی باوک و باپیری زۆربەیانی لەبەر بوو... هتد.
زیندانی ژنان لە ماڵی موختار بوو، ئەمە لە کاتێکدا زیندانەکانی سەردەمی پادشایی عێراق، وەک لە دەمی زۆر کەس دەمانبیستەوە، ترسناک بوون، پڕبوو لەکەسانی سیاسیی و ناڕازیی و  ئەندامی حیزبی شیوعی و حیزبە عێراقییەکانی تر، کە دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، ئەمانیش دروست بووبوون، کە دژی سیستەمی پادشایی عێراق بوون. ئافرەتی زۆریش زیندانی دەکران. لە سلێمانی زیندانی ژنان نەبوو، بەڵام هەر کەسێک زیندانییەکەی درێژخایەن بوایە، ئەوا دەیانناردنە بەغدا، هەر ژن و ئافرەتێک بگیرایە، سەرەتا لە ماڵی موختار دادەنرا، ماڵی موختار ژوورێکی تایبەتی جیاوازیی هەبوو، دوور لە ژن و ماڵ ومنداڵی موختارەکان، دوو پۆلیس چاودێری زیندانی ژنانی دەکرد، وەکو بۆیان دەگێڕامەوە ئەمەش لەبەر ئەوە زیندانی کاتیی بۆ ژنان لە سلێمانی نەبووە، چونکە وا باوبوو لە پۆلیسخانەکان دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژنان، بۆیە  بۆیە لە یەکێک لە ماڵی موختارەکان دادەنران، هەندێک جاریش ژنی شێتیش، دەبرایە ماڵە موختار، تا دوایی دەیانناردنە بەغدا و لە شێتخانە دایاندەنان. موختار موچەی نەبوو، بە نامەی پشتگیریی بۆ هاوڵاتییەک مۆر دەکرد، بەو پارەیە ژیانی خۆی بەڕیوە دەبرد، جاری وا هەبووە، موختار لە مانگێکدا پارەی چەندین موچەخۆری دەستدەکەوت، هەروەها حکومەت مانگانە موچەی بەو ماڵە موختارە دەدا، کە ژنە زیندانییکراوەکانی گرتبووە خۆی.
وەکو بۆیان گێڕاومەتەوە، کە دایک و ژنی خولە پیزە دوو منداڵی پێ بوو، لە ماڵی ئێمە زیندانی بوون، ئەو کاتە من تەمەنم ساڵێک بووە. ژنەکەی خولە پیزە لەگەڵ هەردوو کورەکەی خۆیدا شیریشی بە من داوە.

پ: دەتوانیت لەسەر خولە پیزەش هەندێک قسە بکەیت؟

- ئەو کاتە حکومەتی پادشای عێراق، وا پرۆپاگەندەیان دەکرد، کە گویا خولە پیزە چەتە بووە و دەیان پۆلیسی کوشتووە. بەڵام وەکو دوایی دەرکەوت کە بەو شێوەیە نەبوو، لەو بارەیەوە کۆمەڵێک سەرچاوە لەسەر خولە پیزە وا دەگێڕنەوە، کە خولە پیزە وەک خەڵکی گوندی (چەمیاڵە) بووە لە سنووری شارباژێر نزیک گوندی نۆڕک و دەورو بەری وڵیاوا خێزانکی هەژار و دەست کورت بوون و ژیانێکی کوللە مەرگیان بە سەر بردووەو بە کشتو کاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریک بوون. بەو جۆرەش وازیان لێ‌ نەهێناوە کە بە هۆی مردنی باوکیەوە ئەرکی بەخێو کردنی خێزانەکەیانی لە ئەستۆدا بووە. کوڕێکی تریان دەبێت بە ناوی تاهیر ئەو لەگەڵیاندا ناژی، کاتێک مەفرەزەی پۆلیس لە چوارتاوە دەچن بۆ گرتنی بە هۆی دوا کەوتنی خزمەتی سەربازیی، خۆی دەشارێتەوە لە ماڵەکەیان و دایکییشی کە ناوی پیزەیە بە قورئانێکەوە دەچێتە پێشوازی پۆلیسەکان و داوایان لێ‌ دەکات واز لە خولەی کوڕی بهێنن و بۆ سەربازی نەبەن. چونکە کەسیان نییە بە خێویان بکات. پۆلیسەکانیش زۆر بێ‌ رێزی بە پیزەی دایکی دەکەن، پاڵی پێوە دەنێن و قورئانەکەی لە دەست دەپەڕێت. کاتێک خولە پیزە ئەو بێ‌ رێزیە دەبینێت کە بەرامبەر بە دایکی و کراوە خۆی پێ‌ ناگیرێت بەو تفەنگە کۆنەی کە هەیان بووە، کە ئەوسا زۆرتر تفەنگی (ماهێڕ) و (سێ‌ تیر) و (یانزە تیر) بووە لە شوێنی خۆ حەشار دانەکەیەوە تەقە لە پۆلیسەکان دەکات و سەردەستەکەیان کە ئازاری دایکی دابوو بە ناوی (حەمە ئەمین بانی شاری) دەکوژێت و ئەوانی تری لە ترسا رادەکەن و خولە پیزەش قاچاغ دەبێت، دەچێتە شاخ کۆمەڵێک خەڵکی ئازای خزم و ناسیاوی خۆی لە دەوری کۆدەبنەوە، حوکمەتی ئەوسای عێراقیش لە ساڵانی سیەکان و چلەکاندا هەمیشە بە هێزی سەربازی و پۆلیس و جاش کە پێیان دەوترا (غیر نیزامی) لە هەوڵی لە ناوبردنیدا بوون، بەڵام بەهۆی ئازایەتی و لێهاتووی خۆی پارێزگاریی لە خۆی کردووە،دژایەتی هەردوو دەوڵەتی عێراق و ئێرانی کردووە کە بە هاوکاری یەکتر هەوڵی لە ناوبردنیان داوە و لە دەیان شەڕدا توانیویەتی خۆی دەرباز بکات. لە شەڕێکی سەختدا لە شاخی بەردەبەکۆزی نزیک سورکێو تاهیری برای کە لەگەلیدا بووە بریندار دەبێت و بە برینداری دەیبەنە گوندی (چەمپاراو)ی ئێران نزیک گوندی (سیاگوێز) لە ناحیەی گەرمک لە ماڵێک دای دەنێن، برینەکەی ساڕێژ دەکرێت. بەڵام دوایی لەلایەن خۆفرۆشێکەوە خەبەری لێ‌ دەدرێت و هێزێکی زۆری جاش و پۆلیس دەچنە چەمپاراو و دەوری ماڵەکە دەگرن و پاش گەڕان بە برینداری دەست گیری دەکەن و ئێوارە درەنگ هێنرایە مەخفەری پۆلیسی گۆڵێ‌. لەبەر درەنگی کات و لە ترسی پەلاماری خولەی برای ئەو شەوە نەبرایە پێنجوێن و لە مەخفەری گۆڵێ‌ هێڵرایەوە و پۆلیسێکی زۆر ئێشکی مەخفەرەکەیان گرتبوو. لەترسی پەلاماری خولەی برای ئەو شەوە لەلایەن خەڵکی (گۆڵێ‌)وە خواردن و جل وبەرگی زۆری بۆ برا بەڵام رێگە چارەو دەستەڵاتێک نەبوو بۆ ئازاد کردنی و بە داخەوە رۆژی دواتر برایە پێنجوێن و دواتر بۆ سلێمانی و دوای دادگایی کردنی لە لایەن دادوەرێکەوە بە ناوی (حاکم عبدالباقی) لە بەر دەم سەرای سلێمانی فەرمانی کوشتنی جێ‌ بە جێ‌ کرا و لەو سنوورەدا تا ئێستاش وەک کارەساتی بریندار بوون و گرتنەکەی وەک گۆرانی ماوەتەوە و دەوترێتەوە. لە بەیتە شیعرێکدا ئەو گۆرانییەی بەسەردا وتراوە:

ماشێنێک هاتووە شینی قەزوانی
تایەریان تێکرد بۆ سلێمانی

تابووتی بۆ بکەن لە توڵی لاولاو
تایەری تێکەن بەرەو چەمپاراو

دوای ئەوەی تاهیری برای خولە پیزە لە سێدارە دەدرێت، خولە پیزە نەی هێشت خوێنی تایەری برای بە فیرۆ بڕوات، جگە لەوەی کە چەندین کەسی لە پیاوانی رژێم کوشت بڕیاری دا تۆڵە لەو حاکمەش بکاتەوە، کە فەرمانی کوشتنی تایەری برای دەرکردبوو. بۆیە لە کاتێکدا حاکم عبدالباقی بۆ دەوام لە سلێمانیەوە دەچێتە پێنجوێن، لە سەر پردەکەی ناڵبارێزی ئێستا بۆسەی بۆ دا دەنێت. کاتێک حاکم عبدالباقی دەگاتە ئەو شوێنە تەقەی لێ‌ دەکات و لە تۆڵەی تایەری برایدا دەیکوژێت. دوای ئەوە ماوەیەکی تر بەردەوام بوو لە شاخەوە بۆ شاخ ھەروەھا گوند بە گوند و رژێمی ئەوسای عێراقیش هەم هەوڵەکانی چڕتر کردبووەوە و هەم هێزەکانیشی زیاد کردبوو بە مەبەستی لە ناو بردنی تا سەرئەنجام لە شەڕێکی دەستەو یەخەی قارەمانەدا لە شاخی کەتوو لە ناوچەی شارباژێڕ ئەکوژرێت و کۆتایی بە ژیانی دێت، بەڵام تا ئێستا ناوی لەسەر زاران هەر ماوە....
هەندێک کەس تا ئێستا خولە پیزە بە پیاو کوژ دادەنێن و بە چەتە و رێگری دەزانن بەڵام خولە پیزە وەک سەدان خێزانی ئەو سەردەمە لە لایەن پیاوانی ئەوسای رژێمی عێراقەوە ستەمیان لێ‌ دەکرا ئەویش یەکێک بوو لەوانەی کە ستەمی پێ‌ قبوڵ نەکرا و دژی ئەو رژێمە چووە شاخ و چەکی کردە شان بۆ پارستنی خۆی. بەڵام پیاوانی رژێم شەو و رۆژ لەشاخ و ئەشکەوت و دەشت و دۆڵەکاندا بە دوایەوە بوون. ئەویش بۆ بەرگری لە گیانی خۆی ناچار بوو ئەوانە بکوژێت کە هەوڵی کوشتنیان دەدا. هەرگیز دژی هەژاران و زوڵم لێکراوان نەبووە و نە جەنگاوە بەڵکو دژی زۆرداران و زاڵمان بووە تا ئەو رۆژەی کوژراوە.
مێردێکی پورم لە زمانی باوکییەوە ، رووداوێک لەو بارەیەوە گێڕایەوە، کە باوکی لە چوارتا فەرمانبەر بووە، پارەیەکی زۆری خەزێنەی پێدەبێت، دەبوایە پارەکە بگەیەنێتە سلێمانی، ئەو رۆژە باوبەفرێکی زۆر دەبارێت، لەگەڵ کاروانێکدا کە ژن و منداڵیشیان پێ دەبێت، بە ناچاری دەکەونە رێ، لە رێگا خولەپیزە و هاوڕێکانیان تووش دەبێت، هەموو لە ترساندا هاوار دەکەن، کە نەیاکوژن، خولە پیزە پێیان دەڵێت، نەک ناتانکوژین و پارەکانتان نابەین، بە سەلامەت دەتانگەیەنینە نزیکی سلێمانی. هەرواش دەکەن، تا نزیکی سلێمانی پاریزگاریان لێدەکەن.

پ : ئێمە دەزانین لەشارێکی وەک سلێمانیدا لەهەموو گەڕەکێک مختار هەبووە ، بەڵام ناونیشانی موختار بۆ ئێوە بۆتە ناونیشانێک بۆ ناسینتان ، دەکڕێ هۆکارێک هەبێت کە ئەم تیتڵە "موختار" هۆکاری چینێت ؟

- لەسەردەمی پادشایی و سەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا، زۆربەی پیشە و کار و خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەتی وەکو (دکتۆر، پارێزەر، ئەندازیار، مامۆستا، بەڕیوەبەری شارەوانی، موختار، فەرمانبەر، مەلا، خەتیبی مزگەوت و قازی) لەلایەن خەڵکەوە رێزی تایبەتیان هەبوو، ئەوانە خەڵکی شار بوون، یەکترییان دەناسی، کەسانی خائین و دز و ناپاک نەبوون. لە دوای هاتنی کودەتای بەعس بەسەر عەبدولکەریم قاسمدا، بەتایبەت لەسەردەمی ئەحمەد حەسەن بەکر و سەدام، هەروەها هاتنی پارتیی و یەکێتیی، ئیتر ئەو رێزگرتنە بۆ هیچ کەس نەما. وەکو پێشتر وتم بەڕیوەبەری شارەوانی و موختارەکان، کە بە دەنگی خەڵکی هەڵدەبژێردران، ئیتر لەسەردەمی بەعسدا زۆربەی موختار و سەرۆکی شارەوانییەکان دەبوو بەعسی بوونایە. دوای سەردەمی بەعس و ئیستاش موختار و بەڕیوەبەری فەرماناگە و قوتابخانەکان دەبوایە سیخوڕی بکەن، مەختارەکان سەر بە ئەمن و ئیستیخبارات بوون، ئیستاش دەبێت سەر بە دەزگای زانیریی و پاراستن بن. کار لەگەڵ دەزگا هەوڵگرییەکانی ئەو دوو حیزبەدا بکەن. باوکی من لەو سەردەمانەدا کاری نەکردووە و دەمێکیشە کۆچی دوایی کردووە.
بۆ مەسەلەی کە بۆچی ناوی موختارم کردۆتە پێناسەی خۆم، ئەویش دەگڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی، کە من هەر لە منداڵییەوە چاوم کردۆتەوە لە گەڕەک و قوتابخانە و ناو هاوڕێکانمدا بەو ناوە بانگ کراوم، بە دەستخۆم نەبوو، بۆ ئەمڕۆش ناوی موختارم بە ئاسایی وەرگرتووە، ئەگەر عەقڵی منداڵی ئەوسام، وەکو بیرکردنەوەی ئیستام بوایە، رەنگە نەک ناوی موختار بەڵکو ناوە عەرەبییەکەشم لە خۆم دەکردەوە، هەرچەندە لە سوید ئیستا ناوێکی جیاوازم هەیە، ئەویش پەیوەندیی بە چەند رووداوێکەوە هەیە.
- کوڕە گەورەکەم بە ناوی (نامۆ) بەر لە چەند ساڵ گەشتێک یۆنان دەکات، لە فڕۆکەخانە لە وەڵامی پرسیارێکدا گومانی ئەوە دەکەن، کە رەنگە تورک بێت، بۆیە گێچەڵی پێدەکەن و دەڵێن تۆ ناوی باوکت کەمال و باپیری باوکت مستەفایە، بۆیە کاتێک گەڕایەوە، ئیتر ناوی خۆی گۆڕێ و نازناوێکی دیکەی لە پاشگری ناوەکەی خۆی نا. منیش بۆ خۆم کە ناوی سیانییم (کەمال جەمال مستەفا)یە، ساڵی 1994 بە رێگای تورکیا گەڕامەوە بۆ کوردستان، لە فڕۆکەخانەی ئەستەمبوڵ توشی سەرئێشەی زۆریان کردم، وتیان تۆ ناوت کەمال مستەفایە، چۆنە تورکی نازانیت، هەر دەبێت بە تورکی وەڵام بدەینتەوە. چونکە ناوەکەت وەکو ناوی (مستەفا کەمال)ـە. منیش لە کاتی گەڕانەوەمدا بۆ سوید، ناوی خۆمم گۆڕی. من ناوی کوردیی بە پێناسەی کەسایەتیی و نەتەوەبوونی خۆم هەڵدەسەنگێنم، هیچ منداڵێکم ناوی عەرەبییم لێ نەناون، تەنانەت زیادرۆیی ناکەم ئەگەر بڵێم رام وایە، کە هەرچەندە ناوی سیانی بریتییە لە (ناوی کەسێک + باوک + باپیر) لە هەموو دنیادا وایە، بەلای منەوە مادام ئێمە لە دایک و باوکمان بووین، راستترە هەموومان  بیکەینە ناوی دوانیی و سیانی و پاشگری خۆمان، (کەسەکە + دایک+ باوک).
ناو پێناسەیە بۆ ناسینەوەی کەسێتی، کەسایەتیی هەموو کەسێک پەیوەستە بە خاک و نیشتیمان و گەلەکەی، هەموو نەتەوەیەک ناوی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەو ناوەوە کەسەکان دەناسرێنەوە، لە زۆربەی خێلەکانی ئەمازۆن و ئەفەریقاش هەندێک ناو هەن، یەکسەر ئەو کەسانەی پێی دەناسرێنەوە، کە سەر بەکام خێل و ناوچە و شوێنە، لای خۆشمان تا رادەیەک وایە، هەندێک ناو هەیە لە ناوچەکانی کوردستان، کە لە شوێنیکی دیکەی کوردستان ئەو ناوە بەکار نایەت.
 بۆ ئەمڕۆ ئەو ناوەی هەمە، لە ناچارییدا پێی رازییم، کە سەرباری ئەو ناوە عەرەبیی و ئیسلامییەی لێم نراوە، من وەکو زۆربەی نووسەر و میدیاکار و رۆژنامەنووسەکان نییم، کە ناوی عەشرەت و گوندیان بە خۆیانەوە ناوە و شانازیشی پیوە دەکەن. لە دەرفەتێکدا قسە لەسەر ئەمەش دەکەین.