گرفتەکانی مێژووناسی و مێژوونووسینی ڕوداوەکان

Thursday, 10/03/2022, 2:12

5898 بینراوە


مێژووناس بەوە پێناسە دەکرێت، کە ڕوداوەکانی مێژوو بە چاویلگەی زانستیانە دەهزرێنێت (دەنرخێنێت)، توێژئنەوە لەچوارچێوەی فاکت و بەڵگەنامە زانستییەکانی مێژوودا بەرپادەکات. فاکتە زانستیەکان دەکاتە بناغەی هەلسەنگاندنە مێژووییەکان، بە وردی و ویژدانی مرۆیی کار لە ڕووداوەکاندا دەکات، زیادە ناخاتە پاڵیان و کورت و بێچێژ و ئاوەژویان ناکاتەوە. ویژدانی مێژووناس لەوەدا پێناسە دەکرێت، سەنگی فاکتە زانستیەکانی و شیکار و گەرگومێنتەکانی بە بەڵگەنامەی زانستی و فاکتی مێژيیی دەخاتە بەردەم خوێنەرانی، ئازار و ڕەنجکێشان و خۆشی سەرکەوتنەکان بە نۆرم و پێوانەی زانستیانە دەپێوێت. مێژووناس یان توێژەری مێژوو کەسێکی زانستکارە (زانکارە)، کە ئەکادێمیانە و تەنها لە چاوگ و ئەدەبیاتی زانستییەوە بەشوێن ڕووداوەکاندا یان فێنۆمێنەکاندا دەگەڕێت، بەچاوی ڕەخنەوە شیکاریان دەکات، ڕێگە بەخۆی نادات، سۆزەکیانە لەگەڵیاندا مامەڵە بکات، فاکتە مێژووییەکان لەگەڵ هەڵاتلێدان (ئیدیعاکردن)دا بەیەکتر دەچوێنێت، تاکو بڕیاری کۆتاییان لەسەر دەدات. مێژووناس مێژوو بۆ دەسەڵاتداران ناهۆنتەوە، ڕووداوەکان بە دەستپاکیەوە دەگوێزیتەوە، فاکتە مێژووییەکان لە خۆێنەر ناشارێتەوە، بە زانیاری لەخودهەڵێنجراو (ئاوەژووکراو) و فشەوفیشاڵ خوێنەر هەڵناخڵەتێنێت. گەر پێویست بکات لێکچونە مێژووییەکان لە سەردەمی جیاوازدا بە نموونە دەهێنێتەوە، لێ یەکێک لە خەسڵەتەکانی مێژوو دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانێتی. مێژووناس/مێژووزان یان توێژیاری مێژوو سەرقاڵی ڕابردوو یان ڕووداوەکانی مێژووە. 
بە پێوەری زانستی ئەمڕۆ ئەو مێژوونووسانەی، کە لەسەر مێژووی ئەنتیک، سەدەکانی ناوەند و مێژووی تازەش کاریانکردووە بە توێژیار و مێژووناس ناوزەد ناکرێن،. بەم جۆرە کەسانە دەوترێت مێژوونووس یان دیرۆکنووس (Historiograf) ڕەنگە مێژوونووسە کۆنەکان لەم کاتیگۆرییەدا ناوزەدبکرێن. مێژووناس لە وشەی یۆنانی کۆن (Historiker) ەوە وەرگیراوە و بەمانای توێژەر/لێکۆڵەر (Erforschung) یان ناسینەوە (Erkennung) دێت. مێژووی توێژینەوەی زانستیانەی مێژوو بەشێکە لە زانستی مێژوو، لێ مێژووی نووسینەوەی مێژوو لە سەرتای ئەنتیکەوە بوونی هەبووە لەچوارچێوەی مێژوونووسیندا، بەڵام توێژینەوەی مێژوو بەشێوە سیستێماتیکەکەی لە سەدەی 19 بەدوواوە دەستیپێکردووە. لە ڕەوتی (ڕێڕەوی) مێژووی نووسینی مێژوودا نووسەرانی جیاوازیش کاریان لەسەری کردووە و پەرەیان بەم بوارە داوە، بەڵام سەرتای مێتۆدی مامەڵەکردن لە پێداچونەوەی بابەتە مێژووییەکان بەوە پەیوەندیدارکراوە، کە داخۆ مێژووناسان بۆ توێژینەوەکانیان لەچ نووسینێکی پێش خۆیان سودیان وەرگرتووە. گەر بنەمای شیکاری ڕوداوەکان لەسەرچاوەی زانستییەوە هەڵنەهێجرابن، مێژوونووسان بە شێوەی بابەتی (ئۆبیەکتیڤ) ڕوداوەکان ناخەنە بەر دەمی خوێنەرانیان. 
مێژوونووس (دیارە مەبەست لە هەموو مێژوونووسێک نییە) بەوە پێناسە دەکرێت، ڕووداوەکان/ناسینەوەکان لەچوارچێوەی زانستیدا شیکار ناکات، بەڵکو ڕووداوەکان هەندێجار بەمەیل و ئارەزووەکانی خۆی دەهۆنێتەوە، زیادە دەخاتە پاڵیان، چاودێرییە مێژووییەکان لە چاویلگەکانی خۆیەوە دەبینێت، ڕوداوەکان بێبەرن لە فاکتی زانستی و ئەرگومێنتەکانی لە بنەما زانستییەکان. ڕەنگە گەلەک ڕووداوی مێژوویی و بەسەرهات و ئەنجامەکانیان لەلایەن مێژوونووسانەوە بەبێ شیکار و فاکتی زانستی نووسرابێتنەوە. مێژووی ڕووداوەکان هەندێجار لەدیدی دەسەڵاتدارانەوە هۆنراونەتەوە، مێژوونووسەکان هەندێجار ڕوداوەکانیان بە ئارەزو حەزەکانی ئەوان نووسیوەتەوە. چەواشەکاری ڕاستیەکان لای خوێنەرانی دەبنە فاکتێک بۆ ڕووداوە مێژووییەکان. مێژوو لێرەدا دەبێتە فیداکەری چەند پێنووسێکی بێویژدان. لە ڕاستیدا هەمووکەسێک دەتوانێت ببێتە مێژوونووس، لێ مێژوونووسی پیشەیەک نیە، کە لەلایەن یاساوە پارێزراوبێت، هەرکەسێک سەرقاڵی مێژوونووسین بێت، یان کەسێکی ڕۆژنامەوان بێت، دەتوانێت خۆی بە مێژوونووس ناوزەدبکات، بەڵام کەسی مێژووناس دەبێت بە فاکتی زانستی ڕووداوەکان هەڵسەنگێنێت/معالەجەیان بکات.مێژوونووسانی کۆن خۆیان بە سەرهەڵدان و جوڵانەوە و چالاکیەکانی فیگەرە مێژووییەکانەوە سەرقاڵکردووە و لەسەریان نووسیون. مێژووی چەرخە کۆنەکان، مێژووی بابلیەکان، ئاشوری و میسری و فارسەکان، لە چاوگ و لەسەر بنەمای شیکاری زانستییەوە هەڵنەهینجراون، بەڵکو زۆرجار ڕوداوەکانیان بە شێوەی "حیکایەتخوازی" و بە سیستەمی دەماودەم لەنەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر ڕاگواستۆتەوە. لێرەدا ڕاوەستەیەک دەکەین و دەپرسین: دەبێت لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا چ ناهەقییەک بەرامبەر بە خودی مێژوو و مێژووی ڕووداوەکان کرابێت. دەبێت چەند کەسی بێتاوان بە تاوانی هەڵچنراو و بەدەر لە فاکتی زانسیتی و ڕاستپەرستییەوە حوکم درابێتن. بۆ نموونە نووسینەوەی مێژووی ڕووداوەکانی هێرشی مەنغۆلەکان بۆ ناوچەکانی جیهان، یەکەم و دووهەم جەنگی جیهانی ، مێژووی قەتڵوعام (کۆمەڵکوژییە) کانی ئیسلامی و فتوحاتی ئیسلامی، ڕوداوەکانی جێنۆسایدی ئەرمەنیەکان لە جەنگی جیهانی یەکەمدا بێبەرنین لە هەڵگەڕانەوەی ڕاستیەکان و ئارەزووماندانەی دەسەڵاتدارانی ئەو کاتە.
لەم نێوەدا ئاڕاستەی کۆمپلێکسێک دەبینەوە، کە لێرەدا بەکۆمپلێکسی مێژوو ناوزەدی دەکەین، کۆمپلێکسێکی ئاڵۆ ز و پڕکێشەیە، ئاخر ئێمە چۆن لە ڕوودا و بەڵگەنامە و فاکتەکانی مێژوو تێبگەین، گەر ئەم مێژووە بەهەڵە و تەزویر و نازانستیەنە هۆنرابێتەوە، بە ئارەز و بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتداران و ئاییندارەکان و بەناو پیاوچاکانەوە نووسرابێتنەوە. چالاکوان و هەرزەکارە خوێنگەرمەکان چۆن لەم هەڕەمە مێژووییە تێبگەن و ئاگاداریان بن، گەر ڕاستیەکانیان لێ ئاوەژووکرابێت. دەسەڵاتدارانیان لێکرابێت بە خواپیاوان و ئایندارانیان لێکرابێتە پیاوچاکان، هەژاریان لێکرابێتە سوڵتان و دەوڵەمەندان بە پاتریۆت. ئەمانە گیروگرفتەکانی ئەم کۆمپلێکسەیەی مێژوون.
پێش هەر باسێک لەم نێوەندەدا باشترە پێناسە ی ئەم دوو تێگەیە/مەفهومە بکەین. مێژووناس و مێژوونووس. مێژووناس بە لاتینیەکەی دەبێتە "Historiker, Geschichtswissenschaftler". ئەو ئامرازەکانی نووسینەوەی مێژوو و ڕوداوەکانی لەسەر بناغەی فاکت و شیکارە زانستییەکان بەرنامەڕێژ دەکات، دوورن لە بەرژەوەندی کەسی و ئارەزوومەندی و بەرژەوەندی دەسەڵاتداران. ڕوداوەکان بە مێژووی پێش خۆیان و سات و کاتی ترەوە گرێدەدەن. "کون و کەلەبەریان" تێدا نیە، فاکتەکان تەنها لە ڕوانگەی زانستییەوە شیکاردەکەن. بابەتگەران و بەویژدانی مرۆڤپەروەرانە کاریان تێدا دەکەن.
دەبێت ئەوەش بخرێتەڕو، کە لەهەمان کاتدا مەرج نییە مێژوونووسان هەموویان ناڕاستبێژییان لە ڕووداوەکاندا کردبێت و ئاوەژو و خودمەندانە دەسکاریانکردبێت، بەڵکو تەنها ئەوەیە کارەکانیان بێبەرن لە فاکت و بنەمای زانستی، چونکە هەندێک لە مێژوونووسان هەمیشە بەدوای بنەما زانستیەکاندا نەگەڕاون و نەیانکردۆتە مێتۆدی نووسینەکانیان.
لێرەدا گرنگە، کە چەند ڕووداوێکی مێژوویی بە نموونە بهێنینەوە، کە تاکو ئەم سەردەمەش بەشێوەی جیاواز لە ڕاستیەکانیان باسدەکرێت. دوو جەمسەری ناکۆک لەنوسەرانی، لێرەدا مەبەست مێژووناسان و مێژوونووسانی ڕووداوەکانە، ئەم مێژووە بە شێوەی جیاواز شیکار دەکەن، هەندێکیان مێژوونووسانی ڕووداوەکانن، کە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتداراندا ڕووداوەکانیان هۆنیوەتەوە. دیارە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری، بەرژەوەندی بازرگانی و دیپلۆماتی لە پشتی مەرامەکانیانەوەبوون. لەسەر هەمان ئەو ڕووداوانە کەسانی مێژووناسیش لەسەریان نووسیون، بەڵام بە بەڵگەنامە و توێژینەوە لەسەر بنەمای فاکتەکانی ئەو ڕووداوانە. یەکێک لە ڕوونترین ڕووداوەکانی دووسەدەی ڕابردوو گێنۆسایدی (ناسراو بە قەتڵ و عام یان کۆمەڵکوژی) ئەرمەنەکانە لەپێش تاکۆتایی یەکەم جەنگی جیهانی. مێژوونووسانی سەر بە ئیمپڕاتۆری عوسمانی و سوڵتان عەبدوولحەمیدی دووەم/٢ مێژووی ڕووداوەکانیان لە بەرژەوەندی سیاسی، ئابوری و دیپلۆماتی ئەو سەردەمە هۆنیوەتەوە. دیارە مێژوونووسانیش توێژینەوەیان لەسەر ڕووداوەکان کردووە و بە شوێن بنج و بناوانی، واتە ڕاستیەکان و هۆکاری ڕووداوەکاندا گەڕاون. 
ئەگەر ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی زیمبۆلی دەسەڵات و هێز یان مێژووی (پاڵەوانەکانی) تۆمار کردبێت، ئەرکی مێژووناسان و توێژینەوەی مێژوو لەسەر ڕووداوەکان بێگومان ئەوە نییە، لایەنگری دەسەڵاتداران و حکومداران بکات، بەڵکو توێژینەوەیەکی زانستیانە و ڕەخنەگرانە دەبێتە ئەرکی ئەو کەسانەی مێژووی ڕوداوەکان تۆمار دەکەن. مێژووناسان دەبێت لە هۆکارەکانی (بزواندن و هاندەرەکان)ی، لە ڕەوت و شێوازی سیاسی و ئابورییەکانی ڕووداوەکان بکۆڵنەوە ڕەخنەگرانە کاری تێدابکەن. ئەمەش دەمانگەیەنێتە تێمای (بابەتی) خێر و شەڕ. خاوەندەسەڵات لە هەر سێکتەرێکی کۆمەڵدا بێت، بەدەوڵەمەندەکانیشەوە، نابێت هێزەکانی/هێزەکانیان وەک دەسڵاتنواندن و بەکارهێنانی زەبروزەنگ بەرامبەر کەمینەکان بەکاربهێنێت، بەڵکو پێویستە لەڕێگەی ئاوەزمەندێتی (عەقڵەنییەت) و لۆگیکی بەخشندەییەوە ئاڵوگۆر و هاوسەنگیەکانی ئەم دەسەڵاتە پێناسەبکات و دابەشیان بکات (مەبەست دابەشکردنی هێزەکانە بە شاقوڵی و ئەستونی).
ئەگەر سەرچاوە زانستییەکان و توێژینەوە ڕەخنەییەکانی مێژووی ڕوداوەکانی جێنۆسایدی ئەرمەنەکان لە ستاندارتێکی مێژووییەوە وەربگرین، زۆر زوو بۆمان ڕوندەبێتەوە، کە مێژوونووسانی تورکی عوسمان و لاوانی تورکی دوای سوڵیان مەحمودی دووەم ٢ ڕوووداوەکان لەبەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە و پارێزەرانی کۆمارەکەیەندا هۆنیوەتەوە. بەرامبەر درۆ و ئاوەژووکردنی ڕاستییەکان گەلەک سەرچاوە و فاکتی مێژوویی هەنە، کە لەسەر بناغەی زانستی و چاوەدێرییەکانەوە ئەم ڕووداوە مێژێییە هەڵدەسەنگێنن. یەکێک لەو چاوگە زانستیانە، کە باس لەم ڕووداوانە دەکات کتێبە بەناوبانگەکەی یۆهانس لێپسیۆس (Johannes Lepsius)1ە، کە بەڕونی تاوانەکانی سوڵتان مەحمودی دووەم ٢ بەرامبەر ئەرمەنیەکان ئاشکرادەکات و دڕندەییەتی دانیشتوانی سیڤیلی تورکی ئەو سەردەمەمان بۆ ڕوندەکاتەوە. یۆهانس لێپسیۆس ئەو کاتە خۆی چاودێری ڕووداوەکانی کردووە و بەشێوەیەکی ڕاستگۆییانە و بەویژدانانە لەسەر ڕووداوەکانی نووسیوە. لە کتێبەکەیدا زۆرێک لە فاکتە مێژيییەکان و هۆکاری ئەم "قەتڵوعامە" ڕوندەکاتەوە. 
لێپسیۆس بەم شێوەیە باسی ڕووداوەکانی ساڵی 1895 دەکات: "ڕاوەدونانی ئەرمەنیەکان لە تورکیا لە پایزی ساڵی 1895 وە دەستیپێکرد" 2 و لەپاشدا لێپسیۆس وەکو شاهێدێکی زانستکاری ئەو سەردەمە لە کتێبەکەیدا دەنووسێت: "ئەمەش بووە کوشتار و خوێنڕشتن تادەگات بەکۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان لەزۆر ناوچەی جیاوازدا لە لایەن تورکەکانەوە.3  لەماوەی دوو ساڵ (1894 بۆ 1896)دا 312.000 ئەرمەنی لەناوبران. لە کۆتایی ساڵی 1897 دا تەنها لە ناوچەی کیلیکیەن (Kilikien) 2500 گوندی ئەرمەنی و 500 کەنیسە وێران و تاڵان (فەرهود) کران. 300 کەنیسە کرانە مزگەوت و 50.000 منداڵی ئەرمەنی باوانیان لەدەستچوو.4
زۆرینەی گەلی تورک و بانگێشەی فەرمی حکومەتە یەک لەدوایەکی کۆماری تورکیاش تاکو ئەم ساتەش دانیان بە گێنۆسایدی (کۆمەڵکوژی) ئەرمەنەکاندا نەناوە و بەڕەسمی داوای لێبوردنیان لەگەلی ئەرمەن نەکردووە. لێرەدا زۆر بەڕونی دیارە، کە تورکەکان بەرامبەر هەڵە مێژووییەکانیاندا نەوەستاونەتەوە و شێرپەنجەی خوێناوی مێژوویان بۆ نەوەکانی داهاتویان بەدەمارەکانی جەستەی ناسیۆنالیستی و شۆفێنیستی تورکیدا گواستۆتەوە. مەخابن کە لە وڵاتەکەیاندا ملیۆنەها ئەرمەنی بوونەتە قوربانی سیاسەتی سوڵتان و تورکە لاوەکانی کۆماری تورکیا. 
پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، نەوەی ئێستا و لاوەکانی مۆدێرنی تورک چۆن بڕواننە ڕووداوێکی مێژوویی وڵاتەکەیان، ئەگەر فاکت و توێژینەوە زانستییەکان بەژێر گۆڕدا کرابن، ڕاستییەکانیان لێئاوەژوو کرابن. لاوان گەلێک توانای بووژاننەوە و جڤاکی کۆمەڵایەتی و مێژوویییان هەیە، کە مێژووی ڕووداوەکان بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو و ڕاستبێژی لەبەر دەستیاندا بێت و کاری تێدابکەن. 
دیارە مێژوو تەنها لەلایەن مێژوونووسانەوە تۆمار نەکراوە، بەڵکو مێژووناسان توانیویانە بەشوێن سەرچاوە زانستیەکانی ئەم ڕووداوانەدا بگەڕێن و بیروڕای خۆیانی لەسەر بدەن. 
مێژوو ئاوێنەیەک نیە، کە ڕووداوەکان کتومت بپەرچێنێت، بەڵکو کۆمپلێکسێکی کرفتلەخۆگرە و ڕووداوەکانی پێویستیان بە هزری ڕەخنەگرانە و توێژینەوە هەیە. هەڵسەنگاندیان چاوانی تیژبین و ویژدانی مرۆڤانەیان گەرەکە. گەر بەراوردێکی مێژوویی لەتەک ڕووداوەکانی مێژووی قەتڵوعامی ئەرمەن لە تورکیادا بە ڕووداوەکانی دووەم جەنگی جیهانی لەلایەن نازییەکانی ئەڵمانیاوە لە ڕوانگەی شکاری زانستیانەوە بکەین، ڕون و ئاشکرا دەبێت، کە هەندێک لە مێژووناسانی ئەڵمانی (لێرەدا مەبەست لە سەرچاوە ئەڵمانیەکانە، کە بۆ ئەم نووسینە سودی لێوەرگیراوە) توانیان ڕوداوەکانی جێنۆسایدی جوەکان لە دووەم جەنگی جیهانیدا بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە و بە مێتۆدی زانستیانە شیکار بکەن، کە هێزی شەڕانخوازی نازییەکان بەرامبەر ئەوان کردوویانە. نەک مێژووناسانی ئەڵمان، بەڵکو بەشێکی زۆرینەش لە گەلی ئەڵمان دانیان بە شرۆڤە ڕەخنەییەکاندا هێناوە، هەستیان بەو هەموو تاوانە بەرامبەر گەلان و کەمینە و کەمئەندامان و کەسانیتر کردووە. ئەڵمانەکانی دوای جەنگ گەلەک بە خێرایی دەستیان هەڵبڕی و داوای لێبوردنیان لە جیهان و لە گەلانی ناوچەکە و لە جوەکانی هەموو جیهان کرد. تورکەکان تاکو ئەم ساتەش دان بەتاوانەکانی قەتلوعامی ئەرمەنەکان ناکەن، چجا داوای لێبوردن. مێژووناسانی ئەڵمان دیارە کارێکی زۆر و کاریگەریەکی زۆریان هەبووە لەم "ڕاستبێژییەی مێژووەکەیاندا". ئەوان توانیان ڕوداوەکان بە پێوەرێکی زانستی و ویژدانێکی مێژووییەوە شیکاربکەن و ڕەخنەیان لێبگرن، بۆ ئەوەی ئەو هەڵە مێژووییە دووبارە نەکەنەوە. ڕەنگە ئەمە بە "هەستیاریکردن بەرامبەر بە مێژوو" پێناسەبکرێت و حیکمەتی/هۆژمەندی لێوەربگیرێت. 
گێرهارد ڕیتە (Gerhard Ritter)5 یەکێکە لەو مێژووناسانەی ئەڵمان، کە بە مێتۆدێکی زانستیانە و ڕاستگۆیانە ناوەڕۆکی ڕوداوەکانی مێژووی جێنۆساید و بەربەرێتی ڕژێمی نازیەکانی ئەڵمانیای شیکار کردووە و بەکۆمەڵگەی ئەڵماننی و جیهانی ناساندووە. ڕیتەر زۆر بەڕوونی و بەبێ پێچوپەنا ئەم هاوکێشە پڕگرفتە لەم ڕستەیەدا دەهۆنێتەوە. "مرۆڤایەتی ئەوروپا لە هەموو سات و سەردەمەکاندا خولیا و مەفتونی دەسەڵات بووە، کە ئەویش بەشێک بووە لەو هۆشدارییە ترسنهێنەرە و دووفاقەئاساو چەتوونیەی دەسەڵات "6
ڕاستبێژی و ویژدانی دادپەروەرانەی مێژووناسێکی وەک ڕیتەر دەنگێکی بەرز و ڕاچڵەکانێکی ویژدانی و مێژوویی بوون بۆ گەلێکی وەکو ئەڵمان، کە دوو جەنگی جیهانی بەرپاکردبوو. ئەو پێیان دەڵێت هەڵەکانمان تەنها بە ڕاستبێژی و ویژدانی مرۆڤپەروەرانە ڕاستدەکەینەوە. ئەگەر ڕەخنەگرانە لە ڕوداوەکان نەڕوانین، لەسەر هەڵەکانمان بەردەوام دەبین. دیارە گێرهارد ڕیتەر تەنها مێژووناسێکی ئەڵمان نەبووە،کە لەسەر ئەم ڕووداوانەی نووسیبێت، زۆرێک لە نووسەران و فەیلەسوفان و مێژووناسانی تری ئەڵمانی بەچاوی ڕەخنەگرانە لەسەر ڕوداوەکانیان نووسیوە.
نەک لایەنە فەرمییەکان، بەڵکو زۆرینەی گەلی ئەڵمانیش دانی بەم تاوانەدا ناوە وداوای لێبوردنیان کردووە، کە ڕۆڵی مێژووناس و ڕۆشنبیرانی گەلێک نیشاندەدات. ئەوان ڕاستی ڕووداوە مێژووییەکان لەبەر چاودەنێن و هێما و هێڵە سەرەکییەکانی ئاشتیخوازانە بەیەکتر دەگەیەنن.
ئەگەر چاوێک بە مێژووی پەنجاساڵ لەوەپێشدا بخشێنین، جارێکی تر ڕوبەڕوی هەمان گرفت و کۆمپلێکسی مێژوویی دەبینەوە، پرسیار دەکەین ئایا مێژوو کێ دەینووسێتەوە، دەسەڵاتداران و کاربەدەستەکانیان، یان مێژووناسان و ڕۆشنبیر و ئەکادیمێکانیان؟ ئەمە گرفتەکەیە، کە زۆرێکی ڕوداوە مێژوییەکان بنەمای زانستی مێژوویی ئەوتۆیان نیە، کە مێژووناسانی سەردەم بیکەنە بنەمای پێداچونەوەکانیان و بیروڕای خۆیانی لەسەر بدەن. گەر بە کۆنکرێتی چاوێک بەم مێژووەدا بخشێنین، بە ڕوونی دەبینین، کە حکومەتە یەکلەدویەکەکانی دەوڵەتی تورکیا تاکو ئەم ساتەوەختەش بەردەوامن لەهەڵە مێژووییەکانیاندا و پەلاماری گەلانی ناوچەکە دەدەن. زۆرجار دەڵێن "مێژوو عیبرەتە"، ئایا گەلان سودیان لەم عیبرەتە وەر نەگرتووە، یان مێژوو دووبارەبوونەوەیەکی خەڕەکئاسایە و دەبێت دووبارە و چەندبارەی بکەینەوە؟

1. Lepsius J.: Armenien und Europa. Eine Anklage-Schrift wider die christlichen Großmächte und ein Aufruf an das christliche Deutschland Berlin Westend 1896.  ئەرمێنیا و ئەوروپا. سکاڵانامەیەک دژی وڵاتە زلهێزە مەسیحییەکان و بانگەوازێک (جاڕنامەیەک) ئاڕاستەی ئەڵمانیای مەسیحی. 
2. یۆهانس لێپسیۆس لە 15.12.1858 لەدایک بووە، لە 03.02.1926 دا کۆچی دوایی کردووە. تیۆلۆگێکی پڕۆتێستانت و ڕۆژهەڵاتناسێکی (ئۆرێنتالیست)ی باش بووە، بەتایبەتی لەسەر مێژووی گەلی ئەرمەنی. لە ساڵی 1880 دا دوکتۆرای لەبەشی فەلسەفەدا بەدەستهێناوە و لەکۆتاییدا سەرقاڵی دراساتی تیۆلۆگی (زانستی خوداناسی) بووە. ئەندامی دامەزرێنەری "پەیامبەرانی مەسیحی ڕۆژهەڵاتناسانی ئەڵمانیا" بووە. لە نزیکەوە و بە شێوەیەکی زانستی توێژینەوەی لەسەر جێنۆسایدی ئەرمەنەکان لە تورکیادا کردووە.
3. هەمان سەرچاوە لا 33
4. هەمان سەرچاوە لا 124ـ123
5. G. Koutcharian: Der Völkermord an den Armenier und seine Auswirkungen. In: Pogrom Nr.: 72/73, 1980, S. 9-20, hier Seite 10 کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان و ئاکەمەکانی، لە گۆڤاری پۆگڕۆم، ژمارە 73/72 دا، ساڵی 1980، لاپەڕەی 10
6. Gerhard Ritter: Die Dämonie der Macht. Beitrag über Geschichte und Wesen des Machtproblems im politischen Denken, Heinrich F.C. Hansmann Verlag Stuttgart, 1947 گێرهارد ڕیتەر، دێوەزمەی دەسەڵات: تێڕوانین بە مێژوو و چیییەتی گرفتەکانی دەسەڵات لە هزری سیاسی سەردەمی نوێدا.
7. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 197
دیارە دەبێت لێرەدا ئەوە لە یادنەکەین، کە کوردەکان و هەندێک لە عەشیرەتەکانی کوردیش بەشداری ئەم تاوانەیان کردووە، سوارەی حەمیدی و هەندێ لە کاربەدەستە کوردەکانی ئەو سەردەمە، بە عەشیرەتە کوردەکانیشەوە، لەژێر فەرمانڕەوایی سوڵتان حەمیدی دووەم/ ٢ دا لە هەندێک ناوچەدا قەتڵوعامی ئەرمەنیەکانیان کردووە. گەر ئێمەی کوردیش پەند لە ئەزمونە مێژووییەکانی خۆمان وەرگرین، دەبێت بە فەرمی و کۆلێکتیڤ داوای لێبوردن لەگەلی ئەرمەنی بکەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە