لە کۆمەڵگایەکدا ژن کۆیلە بێت پیاویش لە زینداندایە

Saturday, 12/03/2022, 3:28

8033 بینراوە


فریدریک ئینگڵس (١٨٢٠-١٨٩٥) لە کتێبی (ڕەچەڵەکی خێزان موڵکی تایبەت و دەوڵەتدا) پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، چەوساندنەوەی ژن هاوزەمانە لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆمەڵگای چینایەتی پیاوسالاری . کەواتە دووسەد هەزار ساڵ لەمەوبەر مرۆڤ بونەوەرێکی دەست لە ناو دەم بووەو ڕاوی کردووە و هەرچی کەڵکی خواردنی هەبووایە کۆیدەکردەوە ، نێرومێ پێکەوە کاریان دەکرد و پێکەوە ژیانیان دەگوزەراند ، لەم قۆناغە مێژوویەدا ژن و پیاو پلەو پایەی یەکسانیان هەبوو ، پیاویش بیری لەوە نەدەکردەوە کە سەروەت و سامان کۆبکاتەوە و وەکو میرات بۆ کوڕەکەی بەجێبهێلێت ئەم کۆمەڵگایە کارڵ مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) ناوی نابوو  کۆمۆنیزمی سەرەتایی،کۆمەڵگایەک ژن و پیاو تێدا یەکسان بوون ، کەس خاوەنی هیچ نەبوو ، هەمووان خاوەنی هەموو شتێک بوون ، ڕۆڵی ژن هیچی لە ڕۆڵی پیاو کەمتر نەبوو ، دوای هەزاران ساڵ قۆناغی کشتوکاڵی دێتە بوون . 
فریدریک ئێنگڵس بەم قۆناغی گواستنەوەیە دەڵێت: بەربەریزم کە بناغەی دامەزراندنی کۆمەڵگای چینایەتی بوو . لەقۆناغی کشتوکاڵیدا جیاوازی چینایەتی دروست بوو ،چونکە پیاو لە ژن بەهێزتر بوو ،ئیدی خاوەنداریەتی تایبەت و دابەشکردنی کاریش لە نێوان ژن و پیاودا هاتەئاراوە و شوێن پێی پیاو قایمتر بوو لە ناو خێزاندا و پیاو بووە خاوەن بڕیار لە ناو ماڵدا ،کاتێک کار لە نێوان ژن و مێردا دابەشکرا ئیدی چەوساندنەوەی ژن لەلایەن پیاوانەوە دەستی پێکرد ، ئیدی بە یەکجاری ژن ڕۆڵ و مافی خۆی لە دەستدا و بچوک بویەوە تا ئاستی کۆیلەبوون ! دواتریش قۆناغی کەپیتاڵیزم ژن بووە کەرەستەو ئامرازو خێزان سۆزو خۆشەویستی لە دەستدا ،ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە لە هەر کۆمەلگایەکدا ژن ئازاد نەبوو پیاویش ئازاد نییە، هەر پیاوێک ژن بە کۆیلە ببینێت بۆخۆیشی لە زینداندایە  ، کەمال ئەبو دیب دەڵێ ؛  ئەو پیاوەی لەگەڵ ئازادی ژندا نەبێت نەخۆی ئازادە نەدەتوانێت لە ئازادی سودمەند بێت . 
ئەوە هەڵەیە ئەگەر پێمان وابێت پیاو سالاری دیاردەیەکی کلتوری ئاینییە ، لەپاڵ دیاردە کلتوری و ئاینییەکە پاشخانێکی کۆمەڵایەتیشی هەیە، هەرسێ ئاینە ئاسمانیەکە پیاو سەرداری ژنە ،لە بودایان پرسیووە چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ژندا بکەین؟ گوتویەتی ؛ سەیریان مەکەن . لای هندۆس پیاوانی ئاینی مافی ژنهێنانیان هەیە بەڵام لای بودای بۆیان نییە ژن بهێنن ،  لای هندۆس بەختەوەر کەسێکە ژن و ماڵ و موڵکی نەبێت ، بەڵام ئاهورا مەزدا دەڵێ ؛ پیاوێکم پێ باشترە ژنی هێنابێت وەک لە پیاوی ڕەبەن . لای ئاینی چینییەکان ئافرەت تاریکییەو پیاویش ڕوناکی . کۆنفۆشێوسییەکان لەگەڵ ئەوەدا بوون ژن لە پیاو جیابکرێتەوە ،پێش ئەوەی ئاینەکانیش پەیدا بن ، ژن وەک بونەوەرێکی نزم تەماشا کراوە ، ئەفلاتون پێی وایە کۆمەڵگا هەرچەندە لە گۆرانکاریدا بێت بەڵام ژن هەر بە نوقستانی دەمێنێتەوە . شەعراویش لای خۆیەوە دەیگوت ؛پیاو بە عەقڵ بڕیاردەدات بەڵام ژن بە سۆز، بۆیە ژن بۆ دادوەری دەست نادات . پاپا شنۆدە زیاتر پێ هەڵدەبڕێ و دەڵێت ؛ ژن لە پێناو خۆشی پیاودا خەلق کراوە . هەتا دواتر دکتۆر نەسر ئەبوزەید دەڵێ ؛  قورئان بەسەر قەومێکدا دابەزیووە کە ژنان تێدا نەک هەر هیچیان لە میراتی نەکەوتووە ، بەڵکو خۆیان بەشێکن لە میراتی وەکو موڵک و ماڵ بەسەر پیاواندا دابەش کراوون . 
 عەرەب لە سەردەمی جاهیلی دا ئەگەر گومانیان لەژنێک کردبێت بە پاساوی پاکبونەوەی شەرەف کوشتویانە ، بۆچی لە پێناو پاکبونەوەی شەرەفدا ژن دەکوژرێت و پیاو بێ زیان لێی دەردەچێت ؟! ئەوە نیشانەی سووک سەیرکردنی ئافرەتە کە لە بێشکەوە تا نێو گۆڕ ژن قوربانیەو لە عەزاب دا دەژی ، لەیاسای سزادانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بە پاساوی پاکبونەوەی نامووس ژن دەکوژرێت، ڕێژەی خۆکوشتنی ژن و ژنکوژەکان بە لەبەر چاوگرتنی ژمارەی دانیشتوان لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی دونیا ڕیکۆردی شکاندووە ، لە کوردستان بە هەموو هێزە سیاسی و ڕێکخراو و شەڵتەرەکانی ژنانەوە کە بانگەشەی (ئافرەت نیوەی کۆمەڵە و دایکی نیوەکەی تریشە ) دەکەن بە دەگمەن بە گژ توندتیژی خێزانیدا دەچنە کە ژن لە ژێر گوشاری کۆمەڵایەتی و کلتوری و ئاینیدایە ،ژنان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕووبەڕوی توندوتیژی و سەرکوتکردن دەبنەوە ، ئیدی هەر لە زەوتکردنی ئازادییەکانی تا بەزۆر بە شودان و کوشتنیان بەناوی پاکبوونەوەی نامووس ! بە دەگمەن پیاو لەسەر تاوانی توندوتیژی بەرامبەر ژن سزا دەدرێت ، بەشێکی ئەم زەبروزەنگەی بەرامبەر ژنان دەکرێت حکومەتی هەرێم بەرپرسیارە کە یاسا سەروەر نییە و ئاسانکاری بۆ ژنکوژەکان کردووە و ژنکوژەکان بە ئاسانی دەرباز دەبن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە