كوشتنی ماریاو قسه‌یه‌كی تر

Sunday, 03.13.2022, 0:38

3226 بینراوە


له‌ سه‌رو به‌ندی كوشتنه‌كه‌ی ماریادا ، كه‌ كوشتنێكی زۆر نائاكاری و ناشرین و هانده‌رانه‌ بوو ، زێره‌ ڤانی له‌ هه‌ولێر كورێكیان كوشت و پۆلیس بیانوی بۆ كوشتنه‌كه‌ هێنایه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ كوڕه‌ ویستویه‌تی ده‌ستدرێژی بكاته‌ سه‌ر خاتونێكی كه‌ گوایه‌ پێكه‌وه‌ له‌ ناو یه‌ك ئۆتۆمبیلدا بوونه‌ ، هه‌ڵبه‌ت تاوانی گه‌وره‌ هێنانه‌وه‌ی بیانووه‌ بۆ كوشتن ، ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جار نیه‌ بیانوو بۆ كوشتن  دروستده‌كرێت ، ئه‌وه‌بۆیه‌ براكه‌ی ماریاش بیانوو بۆ كوشتنه‌كه‌ دێنێته‌وه‌ ، قسه‌كردن له‌ سه‌ر كوشتنه‌كه‌ی ماریا یان شنیار یاخود هه‌ر قوربانیه‌كی تر كارێكی ئاساییه‌ ، به‌ڵام كاتێك كوشتنه‌كه‌ هه‌زار چیرۆك و بڕو بیانوی بۆ دروست ده‌كرێت پێویسته‌ نوقته‌یه‌ك بۆ سیناریۆو چیرۆكه‌كان دابنه‌ین ، ئه‌گه‌ر بیانوی براكه‌ی ماریا ئه‌وه‌ بێت كه‌ ماریا له‌كه‌داری كردون ، ئه‌ی بیانوی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ی تر له‌ پای چی ، ئه‌وه‌نده‌ی بڕوبیانوو بۆ كوشتنه‌كه‌ دۆزرایه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌ سه‌ر كوشتنه‌كه‌ قسه‌ نه‌كرا .
ماریا قوربانی بوو ، قوربانیه‌ك كه‌ به‌ منداڵی و دور له‌ ویستی خۆی ده‌درێته‌ شوو " 13بۆ 14" ساڵ بووه‌ ، ده‌خرێته‌ دۆزه‌خێكه‌وه‌ كه‌ ناچار ده‌بێت لێی رابكات ، باشه‌ با له‌وه‌ش بگه‌ڕێین ، ئه‌گه‌ر ماریا كه‌ خاتونێكی باڵا پۆش بووه‌ ، بۆ ده‌سبه‌رداری بوو ، ئایه‌ ئه‌مه‌یان به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی خزانی ماریاتاوانی ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌ش نیه‌ كه‌ نه‌یتوانیوه‌ ماریا به‌و پابه‌ندیه‌ بهێڵێته‌وه‌ كه‌هه‌ندێك دێن وێنه‌ی دوو سه‌رده‌می جیاوازی ماریا به‌راورد ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ‌ بڵێن تا ماریا نه‌خزا بوو فریشته‌ بوو ، كه‌ خزا بووه‌ شه‌یتان و ده‌بێت شه‌یتانیش نه‌فره‌ت باران بكرێت ، گه‌لۆ له‌ ناوه‌ڕۆكا ئه‌مه‌ به‌شێك نیه‌ له‌ هاندان بۆ كوشتن ، ئه‌مه‌ بیانوو نیه‌ بۆ كوشتنه‌كه‌ .
هه‌ڵبه‌ت كوشتنه‌كه‌ بووبه‌ بیانوی ئه‌وه‌ش كه‌ به‌شێك دۆخه‌كه‌ بقۆزنه‌وه‌ بۆ لێدان له‌ شه‌ڵته‌ره‌كان ، رێكخراوه‌كانی ژنان و هتد ، ئامانج له‌م هێرش و په‌لاماره‌ هه‌رچیه‌ك بێت ، بۆ ئه‌وه‌یه‌ بگوترێ‌ ئه‌م رێكخراوانه‌ مرۆڤی یاخی دروست ده‌كه‌ن ، وه‌ك ئه‌وه‌ی ماریا یاخی و تاوانبار بێت ، ئه‌مه‌ش دیسان بیانوو هێنانه‌وه‌یه‌ بۆ كوشتنه‌كه‌ ، هه‌موو ئه‌م بیانوانه‌ خۆ شاردنه‌وه‌ی له‌ تاوانه‌كه‌ ، یان راستتر شاردنه‌وه‌ی تاوانه‌كه‌یه‌ به‌و جۆره‌ی هۆكاری زۆر هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ماریا بكوژرێت ، ئه‌مه‌ش هه‌مووی نیشاندانی ماریایه‌ وه‌ك تاوانبار نه‌ك ماریه‌ وه‌ك قوربانی ، شێوازی به‌ شودانی ماریاو كوشتنی ئاره‌زوه‌سه‌ره‌تاییه‌كانی ئه‌و فڕێدانی ئه‌و بووه‌ بۆ ناو دۆزه‌خ ، ماریا سامی ئه‌گه‌ر یاخی بووبێت له‌و دۆزه‌خه‌ له‌و چاره‌نووسه‌ به‌ده‌ یاخی بووه‌ نه‌ك رێكخراوه‌كان یاخی بكه‌ن .
به‌راست با پرسیاری یاخی بوون به‌ جۆرێكی تر بكه‌ین ، گه‌لۆ كچه‌ مۆدێل به‌ به‌رچاوی ماریاو ماریاكانی نیشتمانه‌وه‌ ، له‌ كه‌ناڵه‌كان خۆی بابدات و باسی  ئۆتۆمبیلی 30 ده‌فته‌ری و شه‌وه‌ سوره‌كانی خۆی بكات ، ئه‌مه‌ جۆرێك نیه‌ له‌ وێرانكردنی كۆمه‌ڵگه‌ ، كه‌ به‌ بڕوای من مافیاكانی نه‌وت و سه‌رمایه‌ داره‌ چڵێسه‌ پیسخۆره‌كان كچانی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری پێ له‌ خشته‌ ده‌به‌ن ، كه‌م چیرۆكی سیاسیه‌ پیره‌كانتان بیستووه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و ناشرینیه‌ ، نوكته‌ی سه‌ر ده‌یان به‌رپرس  له‌ باره‌ی ئاڵۆشی و ڤیاگراو شتی دیكه‌وه‌ نه‌بووه‌ته‌  بابه‌تی زۆر دانیشتن و قسه‌و باستان ، كام له‌ ئێمه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌یان چیرۆك و نوكته‌ی ڤیاگرا خۆره‌كانی لانیه‌ ، ئایه‌ ده‌بێت سه‌رزه‌نشتی ئه‌مانه‌ بكرێت ، یان رێكخراوی ئه‌و كچ و ژنانه‌ی لانی كه‌م ده‌یانه‌وێت كه‌سانێك له‌ دۆزه‌خ ده‌رباز بكه‌ن .
تكایه‌  سه‌رنجی ئه‌م چیرۆكه‌بده‌ن ، له‌ كه‌ركوك له‌ رۆژنامه‌ی كه‌ركوكی ئه‌مڕۆ سه‌رنوسه‌ر بووم ، هه‌ر وه‌ها رێكخراوی په‌ناشمان بۆ پاراستنی كچ و ژنی قوربانی دروستكردبوو ، رۆژێكیان یه‌ك دوو كه‌س كیژۆڵه‌یه‌كی زۆر جوانی عه‌ره‌بیان هێنا ، كه‌ له‌ ماڵێكا به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ تیرۆریستی تیایه‌ پۆلیس ئه‌م كچه‌یان بردبوو ، بێئه‌وه‌ی ببرێته‌ هیچ بنكه‌یه‌كی پۆلیس بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژ ده‌ستدرێژی كرابووه‌ سه‌ری ، كه‌ هێنایان وه‌ك بی ناو ئاو ده‌له‌رزی ، خه‌ڵكی پارێزگایه‌كی تر بوو له‌ كۆلیژی پزیشكی ده‌یخوێند به‌ میوانی له‌ ماڵی خاڵی بوو ، وتی مه‌منێرنه‌وه‌ بۆ ماڵی خاڵم و ناچمه‌وه‌ بۆ ماڵی خۆشمان ناچار په‌یوه‌ندیم به‌ په‌ناگه‌یه‌كی سلێمانیه‌وه‌ كردو ناردم بۆ ئه‌وێ‌ ، ئه‌گه‌ر په‌ناگه‌و شه‌ڵته‌ر نه‌بوایه‌ ئه‌و قوربانیه‌مان چی لێكردبا .
ناكرێت یه‌ك دیووی چیرۆكه‌كان ببینین ، ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ پێویستیان به‌ په‌روه‌رده‌و ساڕێژكردنی برینه‌كانه‌ ، ئێوه‌ بۆ ناپرسن ئه‌و هه‌موو هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هاوسه‌رگیریه‌ هۆكاره‌كه‌ی چیه‌ ، كۆمه‌ڵگه‌ شێوێنی هه‌زارو یه‌ك هۆكاری هه‌یه‌ ، له‌مه‌دا پیاوانی ئاینی ، په‌روه‌رده‌ ، پیاوانی سیاسی ، كه‌ناڵه‌كان و زۆر توێژو لایه‌نی دیكه‌ به‌رپرسیارن ، به‌رپرسیار تاڕاده‌ی تاوانباری ،ساڵێك له‌مه‌وبه‌رخاتونێكی هاوڕێ و به‌ڕێز به‌ ڕوومه‌ت ته‌له‌ فونی بۆ كردم وتی ئه‌زانی فڵانكه‌س ، ناوی به‌رپرسێكی زلی هێنا ، پێی وتوم ئیشم له‌ گه‌ڵ بكه‌و له‌ گه‌ڵم به‌ مانگانه‌ تا یه‌ك ملیۆن دۆلارت ده‌ده‌مێ‌ ، كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌م جۆره‌ درنج و دێوه‌ وێرانی كرد ، ماریا قوربانی ده‌ستی ئه‌م درنج و دێوانه‌یه‌ ، ویستی ژیانی خۆش ، ویستی ژیانی باشتر ، ویستی به‌ دیهاتنی خه‌ونه‌كانی ئه‌ویان به‌ڕێیه‌كدا برد ، كه‌ تاوانباری سه‌ره‌كی ئه‌و بارودۆخه‌یه‌ كه‌ خۆمان خوڵقاندومانه‌ ، ماریا قوربانیه‌ ، وه‌ك چۆن برا فریودراوو هاندراوه‌كه‌شی قوربانی .