سەکردەکانی کورد لەنێوان سەگبوون و گورگبووندا

Sunday, 13/03/2022, 1:19

7119 بینراوە


گورگ ئاژەڵێکی دڕندە و زیرەکە، خاوەنی توانا و هێزە، هەستیارە ماڵی کردنی زەحمەتە، یەکگرتوون لەناو یەکدا، بەکۆمەڵ و بەپلان ڕاو دەکەن. سەگ ئاژەڵێکی دڕندە و زیرەکە، خاوەنی توانا و هێزە، دڵسۆز و بەوەفایە. ئەم وەفایە وای لەمرۆڤ کردووە کە ڕاگیری بکات و خزمەتی خۆی پێ بکات، بیکاتە پاسەوان و پاسی خۆی و سەروماڵی  پێ بکات.
ئاشکرایە گورگ بە بەردەوامی مەترسی بووە بۆ سەر مرۆڤ و ئاژەڵەکانی، ماڵاتەکەی دەیان جار ڕووبەڕووی هێرشی گورگ بووەتەوە، سەدان لەمەڕ و بزن و ماڵەتەکەی لێ خنکاندوون و کوشتوون، کەچی نەک مرۆڤ سوکایەتی بە گورگ ناکات، بەڵکو وەسفی هێز و ئازایەتییەکەشی دەکات، ئاسوودە و سەربەرز دەبێت، ئەگەر پێی بگوترێت گورگ. ئاشکرایە سەگ بەهەمان شێوە بەهێز و دڕندەیە، بەڵام مرۆڤ بەکەم سەیری دەکات و سوکایەتی پێ دەکات (سەرەڕای ئەو وەفا و خزمەتەی کە سەگ بۆ مرۆڤی دەکات)، هەر ئەوەندەش نا، بەڵکو ناوەکەشی وەکو جنێو بەکاردەهێنێت.  بێگومان هەردووکیان سەگ و گورگیش خاوەنی هێزن، بەڵام جیاوازییەکەیان ئەوەیە کە گورگ هێزی خۆی بۆ خزمەتی خۆی بەکاردەهێنێت، لەکاتێکدا سەگ هێزی خۆی بۆ خزمەتکردن و پارێزگاریکردن لەخاوەنەکەی (مرۆڤ) بەکاردەهێنێت. سەگ هەرچەندە مرۆڤ دۆست بێت و زیاتر دڵسۆز بێت و پارێزگاری لەخاوەنەکەی بکات، لەبەرئەوەی ملکەچی قبوڵ کردووە و بووەتە ژێردەستە هەر بەسووک لێی دەڕوانرێت، گورگ هەرچەندە دڕندەتر و خوێنڕێژتر بێت، لەبەرئەوەی ملکەچی قبوڵ ناکات و نابێتە ژێردەستە، زیاتر ڕێزی دەگیرێت.
ئەگەر لەمێژووی خەباتی سیاسی و چەکداری کورد بڕوانین، دەبینین سەرکردەکانی کورد (ژمارەیەکی کەم نەبێت کە لەپەنجەکانی دەست تێ ناپەڕن) گورگ نەبوون، سەگبوون و ئاغایان هەبووە و پیاوی ئەم و ئەو بوون، بەفەرمانی خاوەنەکانیان کاریان کردووە، ئاغاکانیان بۆ خزمەتی خۆیان سوودیان لێ وەرگرتوون، هیچ حسابێکیان نەبووە، بە بەکرێگیراو و بەسووک تەماشایان کردوون، هەندێ جار وەک کارتی سیاسی و زەخت و فشار لەسەر یەکتر بەکاریان هێناون (شەڕە سەگیان پێ کردوون). ئاشکرایە هەر بزوتنەوەیەکی سیاسی و چەکداری لەسەر کۆپانی تورک و فارس و عەرەب درووست بوو بێت، ناتوانێت خزمەت بەخاکی داگیرکراو بکات، جگە لەدرۆ و فێڵ، گەمەکردن بەعەقڵی تاکی کورد هیچی تر نییە. لەکۆتایدا تا سەرکردەکانمان نەبنە گورگ و سەگی بێگانەبن، خەباتی کورد خولانەوە دەبێت لەناو بازنەدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە