با (کارەساتی هەڵەبجە) بکەینە شینێکی میللیی

Saturday, 12/03/2022, 23:36

5739 بینراوە


جەستەی هەلاهەلای نەتەوەی کورد، برینی ھێندە قووڵی تێدایە، لە ژمارە نایەت.. بەڵام ھیچیان بەئەندازەی کارەساتی ھەڵەبجە ڕەھەندیی ھەرێمایەتی و جیھانیی وەرنەگرتووە.. ھۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جۆری ئەو چەکەی کوشندەیەی تێیدا بەکار ھاتووە. «گاز و چەکی کیمیاوی» قەدەغەی نێودەوڵەتی...ئەم تراژیدیایە، لەسەر ئاستی نەتەوەیی، کاریگەریی خۆی دروست کردووە، لێ ھێشتا بارتەقای ڕووداوەکە نییە... چەند دەقە شیعرێ، بڕەک سروود و گۆرانی، چەند دێڕی ناو ڕۆمان و گێڕانەوەکان بەتەنیا بەس نین..
بە دەربڕینێکی تر، ئەو چانسە نەتەوەییەی ھاتە بەردەم کوشتاری ھەڵەبجە، نەتوانرا، ڕەھەندی گەورە و فراوانی ھەرێمی و جیھانی لێ وەرگیرێ!!..بۆیەکا زۆر پێویستە ئەم ڕووداوە دەوڵەمەندتر بکەین و ڕەھەندی زیاتری پێ ببەخشین!. بیکەینە ڕۆژێکی ماتەم و شینێکی بێ بڕانەوە و سەرچاوەی ئیلھام وزە و جۆش و دینامیکێکی بەردەوامی نەتەوەیی..
لە نموونەدا لە  ئاستی ھەرێمیدا دەکرێ ئەم بەسەرھاتە بکەینە بۆنەیەک، وەک شیعەکان چۆن ساڵانە شینی "حەسەن و حسین" دەکەنە فاکتی زیندوو ڕاگرتنی کارەساتە خوێناوی و دڵتەزێنەکە، جۆشدانی خۆیان و تازەکردنەوەی پەیمان و ڕق ئەستووربوونی زیاتر لە دوژمن و نەیارەکانیان! بەخۆداچوونەوە و یەکگرتوویی و خۆیان.. یاخود وەک جولەکەـ بە کارەساتی هۆلۆکۆستەوە ـ  و ئیرلەندی و پۆلەندی و ھەندێ لە نەتەوەکانی باڵکان، کە ئاینەکەیان کردۆتە ھەوێنی خۆیان! ھەندێ لە نەتەوەکانی تر پرسی زمانیان کردۆتە فاکتێکی گرنگی یەکێتی خۆیان! ھەندێ دەوڵەت خەتە سوورەکەی بەدەورییەوە ناوی سنوورە! ھەندێکی تر لەسەر بستە خاکێک! دوورگەیەکی دوورەدەستی ناو زەریا، یان ئەستێرەیەکی ئاسمان لە ململانێ و خۆ پاراستن ..
دیموگرافیای کوردستان، بە شاخ و داخ و دەشت و دۆڵی زۆرەوە وای کردووە ناوچەی نیشتەجێبوون تا ڕادەیەك لێک دوور بن و پەیوەندییەکان کەم بن. سنووری دەستکردی کوردستانیش زۆرتری لێک جودا و دوور خستووینەتەوە.. شێوەزار و پێکھاتەی کۆمەڵایەتی جیاواز دیاردەیەکی زەقی ترە لە ناسنامەکەمان دا، چونکە تا ئێستا دەزگایەک نەبووە ھەموو جیاوازییەکانی تێدا کۆبێتەوە و بتوێندرێتەوە. دەسەڵاتێکی کوردی سەرتاسەریش نەبووە، یەک جۆری ناسنەمەی نەتەوەیی ببەخشێتەوە و ھەستێکی بەھێزی یەک چارەنووسی بسەپێنێ.
کورد.. بە چەندین دوژمن و دەوڵەتی داگیرکەریش گەمارۆ دراوە و چرکە بە چرکە ڕووبەڕووی بەرنامە و پیانی جۆراوجۆری دوژمنایەتی و ھەڕەشەئامێز دەبێتەوە و (تورک و فارس و عەرەب)، ھەموو لە ھەوڵی ئەوەدان ناسنامەیەکی لەدەست دەربھێنن و بیتوێنەوە و لەبەینی بەرن..
دیارە زۆرینەی ئەم تایبەتمەندییانە ھەر بۆ کورد ڕاست نین. بنۆڕن نەتەوەی ئەڵمان 150 ساڵ زیاترە خاوەنی دەوڵەتە، کەچی ھێشتا سیمای جیاوازی نێوان ھەرێمەکانی (بارڤاریا و براندەنبۆرگ و نۆردڕاین ڤێست ڤالن و بەرلین و ساکسن...هتد)ەوە دیارە.. هەروەها ھیچ دەستێکی دەرەکی و دوژمنێک ناتوانی ختوکەی فیزی ھیچ کام لە ھەرێمەکان بدات.. بۆ جیابوونەوە و شێواندنی یاخود دڕاندنی ناسنامەی نەتەوەییان..
بۆیەکا لەم ھەلومەرجەدا ھەڵبژاردنی بابەتگەلی ھاوبەش لە تەک خەسڵەتەکانی " زمان و مێژوو و نیشتمان و دابونەریت و ھەستی ھاوبەش"، دا تەنیا ئەو کارەسات و تراژیدیانەن، کە سیمبۆلی ھاوکۆی گشت کوردە. چونکە گشت تاک و کۆی کورد بە جۆرێک لە جۆرەکان بەرکەوتە و مارانگازی ئەم ڕاستییەن...
ھەڵەبجە.. دەکرێ تابلۆ گەورەکە و ناونیشانە سەرەکییەکەی کوشتاری (( دەرسیم، چوارچرای مەھاباد و ئاداری قامیشلۆ و ئەنفالی گەرمیان)) و تەواوی قوربانی و شەھیدان و بێ سەروشوێنان و لەسێدارە دراوان بێت.( عەفرین و کۆبانی، سنەی خوێناوی و سەردەشتی) وێرانکراو بێت، (جەزیرەو بۆتان)ی سوتماککراو و (کەرکووک)ی بریندار و (سەفین)ی سەربڕاو بێت..
شاراوە نییە چارەنووسی بوون و ھەبوونی کورد لەبەردەم شەڕی مان و نەماندایە. بێ دیاریکردنی سەنتەرێک بۆ کۆی جیاوزییەکانمان و نەخشاندنی گشتگری ناسنامەکەمان و دیاریکردنی قیبلەنومای دۆست و دوژمن ھەر بە وێڵی لەناو کایەی مێژووی تراژیدیادا ئەمدیوئەودیو دەکەین..
کوردیش دەتوانێ جینۆسایدی ھەڵەبجە، وەک کارەسات و بۆنەیەکی نەتەوەیی و ھاوبەشی گشت تاوانەکانی مێژووی نەتەوە وەرگرێ و سەرجەم کورد لەم ڕۆژەدا ھەست بە ستەم و زۆرداری داگیرکەر بکەن و گیانی تێکڕای قوربانییەکان بەرز ڕاگرن..
ھەر جۆرە چالاکییەکی سیاسی و ئەدەبی و ھونەری و دیبلۆماسی و مێژوویی بکەن ھێشتا بەلایانەوە کەم بێت!..ھێندە کەم بێت کە دەماری ڕق لە داگیرکەر ئەستوور تر بێت. بەرانبەر بە داگیرکەر! و نەخشەی پلانی بەرەنگاربوونەی سیاسەتی دوژمنکارانەی ھەبێت...
لەم ھاوکێشەیەدا دیاریکردن و ناسین و پێناسەی داگیرکەر ئەرکێکی گرنگ و واتادارە... ئەوەی لێرەدا دەکەوێتە خانەی داگیرکەرەوە دەبێت بەر گورزی « ڕقی پیرۆز» بکەوێت..
ڕقی پیرۆز دەبێت وەک چەکێک بۆ ئامانجێکی دیار و چەسپاو بکرێتە کار، ئامانجێک کە وێستگەی کۆتایی ھێنان بێت بە کوێرەوەرییەکان! بە جینۆسایدەکان ..
مێژوونووسی گەورەی ھاوچەرخ (یۆڤال نوح ھەراری) لە میانەی ھێرشی داگیرکاریی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا دەڵێ: " ڕق شتێکی ناشرینە، بەڵام بۆ نەتەوەی بندەس:  ڕق گەنجینەیەکی حەشاردراوە، کە لە قوڵایی دڵدا نێژراوە، کە بۆ چەندین نەوە ھەستی بەرگری بەھێز دەکات".
واقعی سیاسی و ئەزموونی ژیان پێمان دەڵێ: کە ھیچ نەتەوەیەک نییە، وێنەی دوژمنێک یان زیاتری بۆی خۆی نەکێشا بێت!!.. ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی گرێ نەدابێ بە گورزێ ھەڕەشەی دەرەکییەوە!!.. بەداخەوە ھێشتا لە سەر گۆی زەوی بە بۆچوون و بۆچوون و ماناکەی ماتزینی" یەکگرتنی نەتەوەکان" پێک نەھاتووە، بۆیەکا بۆ دروستکردنی سەرچاوەیەک، وزە و ھێز ببەخشێتە جەستەی نەتەوە پەنادەبرێتە  بەر دیاریکردن و کێشانی وێنەی دوژمنی دەرەکی.
ئەم ڕقەی لێرەدا ئاماژەی پێدراوە کتومت "ڕقە پیرۆز"ەکەیە، کە بریتییە لە گیانی شۆڕشگێڕی بەرەنگاری ھەرچی ستەمکارییە! ئەو ھەستەیە کە داگیرکاری پێ ھەرس ناکرێ! ئەو باوەڕەیە ڕەتی بندەستی و بێ مافی دەکاتەوە، ئەو ھیوایە کە بۆ ئازادی و سەرفرازی دەگەشێتەوە. مامۆستا "ھێمن" ی لەمەڕ خۆشمان نیوسەدە لەمەوپێش لە چوارینەیەکدا ئەم مانا بەرزەی بەرجەستە کردووە:

ڕقی پیرۆز
دەمگرێ، ئەمما لە گرتووخانە ڕق ئەستوورترم
لێم دەدا، ئەمما لەسەر داوا ڕەواکەم سوورترم
دەمکوژێ، ئەمما بە گژ جەللادەکەم دا دێمەوە 
کوردم و ناتوێمەوە، ناتوێمەوە، ناتوێمەوە

بگەڕێمەوە بۆ لای تراژیدیا ھەڵەبجە، کە دەرفەتی ھەیە لە دوو بڕگەدا بێتە بەردەبازێکی گەورە بۆ گەیشتن بە ئامانجی  ڕەوا و پیرۆزی کوردایەتی...
دەبێ ئەم کارەساتە بکەینە باڵانمای تەواوی کارەساتەکانی تر، دەبێت ناسنامەی برینداری کوردی لێ ساز بدەین، گەرەکە ڕەنگ و دەنگ و مانای ببەخشینە ھەموو بوونی خۆمان،، جیھان کەڕ کەین ھێندە بڵێین: ئێمە ستەملێکراوین و ئارەزوو و تامەزرۆی ژیانی ئازادین!. ھێزە کۆلۆنیالیستەکانی ڕاستەوخۆ نەخشەکێشی چارەنووسی ئێستای کوردن، ھەراسان کەین قەرەبووی قوربانییەکانمان لە ڕوویی نەتەوەیی و سیاسییەوە بۆ بکەنەوە..
ناوچەکە و جیھان حاڵی بکەین، بێ چارەسەری ڕاستەقینەی دۆزی کورد، ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا مەحاڵە...  ئەمەش هەمووی بە بیرکردنەوە و کاری زۆر و چالاکی جۆراوجۆر دێتە بەرهەم.
لەسەر ئاستی ناوخۆ جیھان: جۆش بدەینە کایەی ئەدەب، شیعر و چیرۆک و ڕۆمان و گەر بەزمانە زیندووەکانیش بڵاو بکرێنەوە، پێداویستییەکە پڕ دەکەنەوە لە بواری ھونەریش گوڕی زیاتر بدەینە خۆمان، جا شانۆ و دراما و فیلم و وێنەکێشان ، کە ڕەھەندێکی جیھانی وەرگرێ...
کوشتنی "George Floyd " ڕەشپێست لە ئەمەریکا لە 25.5.2020 بەشێوەی نامرۆڤانە وەرچەرخانێکی دیکەی لە مێژووی ڕاسیزم دا ھێنایە کایەوە، دەوڵەتانی ئەوروپایی بە شەرمەزارییەکی گەورە لەبەردەم مێژووی تۆمارکراوی ڕووداوکان دا وەستانەوە.. گۆڕانکاری زۆر لە ناو و شوێن و مۆزەخانەکان کرا، ئاخر نەفرەتباران گەیشتە زۆر کەسانی مێژوویی و ڕۆشنبیریی دیاریی ئەوروپایی. پەیکەری فەیلەسووفێکی ھومانیست و رۆشنگەریی وەک «ئیمانۆئیل کانت »یش بێ بەری نەبوو لەھەڵمەتی پەلاماردان.. ئیدی کاتێ کورد ڕاستەوخۆ قوربانی دەستی کۆلۆنیالیزمە کە زۆر قورستر و دژوارتر و گرانترە لە ڕاسیزم، هەقی خۆمان هەرچی پێویست بێت بیکەین و داوای بکەین.  
کەواتە کورد دەرفەتی زێڕینی ھاتۆتە پێش و هێشتا نەچووە بچێ! ـ ئەگەرچی کارەساتی هەڵەبجە ساڵانێکیشی بەسەردا چووە ـ با  بە ئەقڵ و میکانیزمێکی باشتر کار لەسەر دۆزەکەی بکات و بیکەینە شینێکی میللیی و  سروودی هاوبەشی ئێستا و ئایندەمان و پانتاییەکی فراوانی ناسنامەی نەتەوەیی.

برووسکەیەک.. پەلە نییە.. شیعریش نییە.
شێرکۆ بێکەس
بەناوی ھەڵەبجە و پێنج ھەزار "مانگ"ەوە
بەناوی مەولەوی و پێنج ھەزار گوڵەوە.
بەناوی گۆران و پێنج ھەزار کۆترەوە،
بۆ زانا بلیمەتەکانی: وڵاتی پوشکین، وڵاتی جاک لەندن.
وڵاتی بایرۆن، وڵاتی جان دارک، وڵاتی بسمارک.
وڵاتی گاریباڵدی، وڵاتی ڤان کوخ.. وڵاتی.. وڵاتی.. وڵاتی
سوپاس بۆ ئەو دیارییەی کە بە کۆمەڵ سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١٦/٣/١٩٨٨ لە
ڕێگەی بەغداوە بۆ گوڵ و کۆتر و منداڵ و شیعری کوردستانتان ناردبوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە