بە دەربڕینێکی تر، ئەو چانسە نەتەوەییەی ھاتە بەردەم کوشتاری ھەڵەبجە، نەتوانرا، ڕەھەندی گەورە و فراوانی ھەرێمی و جیھانی لێ وەرگیرێ!!..بۆیەکا زۆر پێویستە ئەم ڕووداوە دەوڵەمەندتر بکەین و ڕەھەندی زیاتری پێ ببەخشین!. بیکەینە ڕۆژێکی ماتەم و شینێکی بێ بڕانەوە و سەرچاوەی ئیلھام وزە و جۆش و دینامیکێکی بەردەوامی نەتەوەیی..
لە نموونەدا لە ئاستی ھەرێمیدا دەکرێ ئەم بەسەرھاتە بکەینە بۆنەیەک، وەک شیعەکان چۆن ساڵانە شینی "حەسەن و حسین" دەکەنە فاکتی زیندوو ڕاگرتنی کارەساتە خوێناوی و دڵتەزێنەکە، جۆشدانی خۆیان و تازەکردنەوەی پەیمان و ڕق ئەستووربوونی زیاتر لە دوژمن و نەیارەکانیان! بەخۆداچوونەوە و یەکگرتوویی و خۆیان.. یاخود وەک جولەکەـ بە کارەساتی هۆلۆکۆستەوە ـ و ئیرلەندی و پۆلەندی و ھەندێ لە نەتەوەکانی باڵکان، کە ئاینەکەیان کردۆتە ھەوێنی خۆیان! ھەندێ لە نەتەوەکانی تر پرسی زمانیان کردۆتە فاکتێکی گرنگی یەکێتی خۆیان! ھەندێ دەوڵەت خەتە سوورەکەی بەدەورییەوە ناوی سنوورە! ھەندێکی تر لەسەر بستە خاکێک! دوورگەیەکی دوورەدەستی ناو زەریا، یان ئەستێرەیەکی ئاسمان لە ململانێ و خۆ پاراستن ..
دیموگرافیای کوردستان، بە شاخ و داخ و دەشت و دۆڵی زۆرەوە وای کردووە ناوچەی نیشتەجێبوون تا ڕادەیەك لێک دوور بن و پەیوەندییەکان کەم بن. سنووری دەستکردی کوردستانیش زۆرتری لێک جودا و دوور خستووینەتەوە.. شێوەزار و پێکھاتەی کۆمەڵایەتی جیاواز دیاردەیەکی زەقی ترە لە ناسنامەکەمان دا، چونکە تا ئێستا دەزگایەک نەبووە ھەموو جیاوازییەکانی تێدا کۆبێتەوە و بتوێندرێتەوە. دەسەڵاتێکی کوردی سەرتاسەریش نەبووە، یەک جۆری ناسنەمەی نەتەوەیی ببەخشێتەوە و ھەستێکی بەھێزی یەک چارەنووسی بسەپێنێ.
کورد.. بە چەندین دوژمن و دەوڵەتی داگیرکەریش گەمارۆ دراوە و چرکە بە چرکە ڕووبەڕووی بەرنامە و پیانی جۆراوجۆری دوژمنایەتی و ھەڕەشەئامێز دەبێتەوە و (تورک و فارس و عەرەب)، ھەموو لە ھەوڵی ئەوەدان ناسنامەیەکی لەدەست دەربھێنن و بیتوێنەوە و لەبەینی بەرن..
دیارە زۆرینەی ئەم تایبەتمەندییانە ھەر بۆ کورد ڕاست نین. بنۆڕن نەتەوەی ئەڵمان 150 ساڵ زیاترە خاوەنی دەوڵەتە، کەچی ھێشتا سیمای جیاوازی نێوان ھەرێمەکانی (بارڤاریا و براندەنبۆرگ و نۆردڕاین ڤێست ڤالن و بەرلین و ساکسن...هتد)ەوە دیارە.. هەروەها ھیچ دەستێکی دەرەکی و دوژمنێک ناتوانی ختوکەی فیزی ھیچ کام لە ھەرێمەکان بدات.. بۆ جیابوونەوە و شێواندنی یاخود دڕاندنی ناسنامەی نەتەوەییان..
بۆیەکا لەم ھەلومەرجەدا ھەڵبژاردنی بابەتگەلی ھاوبەش لە تەک خەسڵەتەکانی " زمان و مێژوو و نیشتمان و دابونەریت و ھەستی ھاوبەش"، دا تەنیا ئەو کارەسات و تراژیدیانەن، کە سیمبۆلی ھاوکۆی گشت کوردە. چونکە گشت تاک و کۆی کورد بە جۆرێک لە جۆرەکان بەرکەوتە و مارانگازی ئەم ڕاستییەن...
ھەڵەبجە.. دەکرێ تابلۆ گەورەکە و ناونیشانە سەرەکییەکەی کوشتاری (( دەرسیم، چوارچرای مەھاباد و ئاداری قامیشلۆ و ئەنفالی گەرمیان)) و تەواوی قوربانی و شەھیدان و بێ سەروشوێنان و لەسێدارە دراوان بێت.( عەفرین و کۆبانی، سنەی خوێناوی و سەردەشتی) وێرانکراو بێت، (جەزیرەو بۆتان)ی سوتماککراو و (کەرکووک)ی بریندار و (سەفین)ی سەربڕاو بێت..
شاراوە نییە چارەنووسی بوون و ھەبوونی کورد لەبەردەم شەڕی مان و نەماندایە. بێ دیاریکردنی سەنتەرێک بۆ کۆی جیاوزییەکانمان و نەخشاندنی گشتگری ناسنامەکەمان و دیاریکردنی قیبلەنومای دۆست و دوژمن ھەر بە وێڵی لەناو کایەی مێژووی تراژیدیادا ئەمدیوئەودیو دەکەین..
کوردیش دەتوانێ جینۆسایدی ھەڵەبجە، وەک کارەسات و بۆنەیەکی نەتەوەیی و ھاوبەشی گشت تاوانەکانی مێژووی نەتەوە وەرگرێ و سەرجەم کورد لەم ڕۆژەدا ھەست بە ستەم و زۆرداری داگیرکەر بکەن و گیانی تێکڕای قوربانییەکان بەرز ڕاگرن..
ھەر جۆرە چالاکییەکی سیاسی و ئەدەبی و ھونەری و دیبلۆماسی و مێژوویی بکەن ھێشتا بەلایانەوە کەم بێت!..ھێندە کەم بێت کە دەماری ڕق لە داگیرکەر ئەستوور تر بێت. بەرانبەر بە داگیرکەر! و نەخشەی پلانی بەرەنگاربوونەی سیاسەتی دوژمنکارانەی ھەبێت...
لەم ھاوکێشەیەدا دیاریکردن و ناسین و پێناسەی داگیرکەر ئەرکێکی گرنگ و واتادارە... ئەوەی لێرەدا دەکەوێتە خانەی داگیرکەرەوە دەبێت بەر گورزی « ڕقی پیرۆز» بکەوێت..
ناوچەکە و جیھان حاڵی بکەین، بێ چارەسەری ڕاستەقینەی دۆزی کورد، ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا مەحاڵە... ئەمەش هەمووی بە بیرکردنەوە و کاری زۆر و چالاکی جۆراوجۆر دێتە بەرهەم.
لەسەر ئاستی ناوخۆ جیھان: جۆش بدەینە کایەی ئەدەب، شیعر و چیرۆک و ڕۆمان و گەر بەزمانە زیندووەکانیش بڵاو بکرێنەوە، پێداویستییەکە پڕ دەکەنەوە لە بواری ھونەریش گوڕی زیاتر بدەینە خۆمان، جا شانۆ و دراما و فیلم و وێنەکێشان ، کە ڕەھەندێکی جیھانی وەرگرێ...
کوشتنی "George Floyd " ڕەشپێست لە ئەمەریکا لە 25.5.2020 بەشێوەی نامرۆڤانە وەرچەرخانێکی دیکەی لە مێژووی ڕاسیزم دا ھێنایە کایەوە، دەوڵەتانی ئەوروپایی بە شەرمەزارییەکی گەورە لەبەردەم مێژووی تۆمارکراوی ڕووداوکان دا وەستانەوە.. گۆڕانکاری زۆر لە ناو و شوێن و مۆزەخانەکان کرا، ئاخر نەفرەتباران گەیشتە زۆر کەسانی مێژوویی و ڕۆشنبیریی دیاریی ئەوروپایی. پەیکەری فەیلەسووفێکی ھومانیست و رۆشنگەریی وەک «ئیمانۆئیل کانت »یش بێ بەری نەبوو لەھەڵمەتی پەلاماردان.. ئیدی کاتێ کورد ڕاستەوخۆ قوربانی دەستی کۆلۆنیالیزمە کە زۆر قورستر و دژوارتر و گرانترە لە ڕاسیزم، هەقی خۆمان هەرچی پێویست بێت بیکەین و داوای بکەین.
کەواتە کورد دەرفەتی زێڕینی ھاتۆتە پێش و هێشتا نەچووە بچێ! ـ ئەگەرچی کارەساتی هەڵەبجە ساڵانێکیشی بەسەردا چووە ـ با بە ئەقڵ و میکانیزمێکی باشتر کار لەسەر دۆزەکەی بکات و بیکەینە شینێکی میللیی و سروودی هاوبەشی ئێستا و ئایندەمان و پانتاییەکی فراوانی ناسنامەی نەتەوەیی.