جەوانمێر مارابی

https://www.facebook.com/profile.php?id=100041381628594


پێویستیی بایکۆتی نەورۆزی حکومەتی

Wednesday, 16/03/2022, 1:32

4178 بینراوە


کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسەڵاتداری خۆیدا، هەموو ئامرازەکانی سەرکوت، زەبر و زەنگ، قوتابخانە، مزگەوت، راگەیاندن، بەکرێگرتنی کەسانی خۆفرۆش و نیشتمانفرۆش و دەیان و سەدان رێ و رێبازی دیکەی بەکار هێناوە و ساڵانە بە میلیارد دۆلار مەسرەف دەکات بەڵکوو بتوانێ نرخەکانی خۆی بکاتە باوەڕی خەڵک و خەڵک لەگەڵی بکەون، بەڵام ئاکامی هەموو ئەم کارانە، نەتیجەیەکی سەداسەد پێچەوانەی بۆ رژیم بەرهەم هێناوە. خەڵکی ئێران بەگشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت هەر لە سەرەتاوە، تا هاتوون لە نرخ و باوەڕ و بنەما فکرییەکانی رژیم دوو کەوتوونەتەوە. گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەدان بۆنەدا ئەم راستییەیان سەلماندوە. بە کورتی گەلی کورد خۆیان لە بەرامبەر رژیمدا دەبیننەوە.
کۆماری ئیسلامی دەیەوێ لە نەورۆزی ئەمساڵدا بۆ جارێکی دیکە، ئامرازی زەبر و زەنگ تاقی بکاتەوە. دەیەوێ بەربەست بۆ مەراسمەکانی نەورۆز دروست بکات. لە بەرنامەیدایە نەورۆزی ئەمساڵ بکاتە بۆنەیەک بۆ پڕوپاگەندە بەقازانجی خۆی. پێویستە گەلی ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەڵامێکی راشکاوانە بەم پلانەی رژیم بدەنەوە.
١- لە ساڵانی رابردوودا پاش بەڕێوەچوونی مەراسمەکانی نەورۆز، رژیم رێکخەرانی مەراسمەکانی دەستبەسەر دەکرد، بەڵام ئەمساڵ پێش نەورۆز، دەستی داوەتە رەشبگیری و ئەکتیڤیتیستەکانی ئەو بوارە بانگهێشتی ئیتلاعات دەکات، هەڕەشەیان لێدەکات و دەستبەسەریان دەکات. لە کاتی لەم شێوەدا، پێویستە ئاڵقەی دووهەمی رێکخەرانی مەراسمەکان چالاکتر بن، تا هەم زەخت لە سەر ئەو کەسانە کەم بکەنەوە و هەمیش مەراسمەکان رێک بخەن. 
٢- لەم کاتەدا، کەسانی سەر بە داو و دەزگاکانی رژیم، بۆ خۆشیرین کردنی زیاتر، بەدەم داواکارییەکەی رژیمەوە دەچن و رەنگە بیانهەوێ خواستەکانی رژیم لە مەراسمەکانی نەورۆی ئەمساڵدا جێبەجێ بکەن یان مەراسمی حکومەتی بەڕێوە ببەن!! لە حاڵەتی ئاوادا، پێویستە گەلی ئێمە بە تەواوەتی ئەو جۆرە مەراسمانە بایکۆت بکەن، بەجۆرێک کە کەسانی سەر بەرژیم بۆیان دەربکەوێت کە چەندە لە لای گەل بێزراو و تەریک کەوتوون. هەروەها رژیمیش لەوە تێبگات ئەوەی ئەو داوای دەکات، خەڵک لە دژی دەوەستێتەوە.
٣- گەلی ئێمە پێویستە مەراسمی ئەمساڵ بەجۆش خرۆشی زیاترەوە بەڕێوە ببەن. بەڕێوە چوونی نەورۆزی ئەمساڵ لە لایەن گەلەوە، تام و چێژی سەد قات زیاترە لە ساڵانی رابردوو، چونکە پەیامێکی روون و ئاشکرایە بۆ دژایەتی کردنی نورمەکانی رژیم. ئەگەر رژیم زەختەکانی گەیاندە ئاستێک کە ئیزنی بە بەڕێوەبردنی مەراسمی لەو شێوە نەدا، دەبێ گەلی ئێمە بە هەر جۆر و رێ و رێبازێکی کە بۆیان دەکرێت، چ بە فەردی و چ بە گروپ و هەر شێوازێکی دیکە، مەراسمی ئەمساڵ بەرز رابگرن. 
٤- پێویستە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا بە جل و بەرگی کوردییەوە بەشداریی مەراسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ بکەن. هێما نەتەوەییەکان بەرز بکەنەوە و سرودە شۆڕشگێڕانە و نەتەوەییەکان بڵێنەوە.
نەورۆتان پیرۆزی خۆشەویستان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە