وانەکانی ڕێگای تێکۆشانمان

Friday, 18/03/2022, 1:54

9294 بینراوە


وانەی یەکەم

بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد ڕێنمایمان دەکات و دەڵێت: " نەفرەت کردن لە دەسەڵات، ھیچ ناگۆڕێ، ئەگەر دەتوانی ڕێگەی خلۆربوونەوەی بەرەو لوتکەی ھەرەمی لێ بگرە".
شیکردنەوەی ڕێنماییەکە: ھەموو دەسەڵاتە تاکڕەوەکان، لێرەدا باس لە فەرمانڕانیی بنەماڵەیی دەکەم لە بەشێکی نیشتمانە داگیرکراوەکەماندا، کە باشووری کوردستانە، هەرێمی کوردستان. هەموو ئەو دەسەڵاتانە هەوڵ دەدەن ئەرگومێتێکیان هەبێت، واتە هۆ یا شتێک کە بتوانن بەرانبەرەکەیان قەناعەت پێ بکەن لەوەدا کە دەیڵێن و دەیکەن، لەحاڵی نەتەوەی کورددا باشترین و لەبەرچاوترین ئەرگومێنت، نیشتمان و نەتەوەکەیە، چوونکە هەم نیشتمانەکەی داگیرکراوە هەم ئازادیی لە نەتەوەکە زەوت کراوە.
ئیتر بەهەموو ئەو هۆیانەوە کە گشتتان دەزانن، دوو بنەماڵە و چەند وردە بنەماڵە، بەهۆی شۆڕشی کورد، خێڵ، حیزب، وشیارنەبوونی خەڵک و لەهەموویان گرنگتر (خیانەت کردن) کە جەرگ و دڵ و دەروون و پیاوی خۆی دەوێ کە بیان کات، باڵیان بەسەر تەواوی بزووتنەوەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کلتووری نەتەوەکەدا گرتووە و ئەرگومێنتەکەشیان کورد و کوردستان بووە، ئەوە بۆ حەفتا ساڵ دەچێت ئەم شانۆگەرییە هەزار بارە بوویەوە و هێشتا تامی خۆی هەر ماوە و لە نەوەتەکان بەدواوە سیما و بەرگ و لەنجەلارێکی تر فێربووە و زۆر ڕەفتار و ڕێ و ڕەسمی گۆڕیی و پێچەوانەکردەوە و قەبوڵێش کرا.
هۆکە ئەوەیە کە کوردستان داگیرکراوە و نەتەوەکەش ئازاد نییە، ئەم دوو هۆییە هەمیشە نەتەوەکەی دەسخەڕۆکردووە و وەک چۆن کەسێکی لە حاڵی خنکاندا دەست بۆ چڵە گیاکێش دەبات بۆ ڕزگار بوون، نەتەوەی کوردیش لەو زەریای لێ قەومان و خنکانەدا، دەستی بۆ ئەم سەرکردەیەتییەی حیزبەکان بردووە و هەر بە ئامانجی ئەوەی ئێستا نا بەیانی دێنەوە هۆش خۆیان و غیرەت دەیانگرێ!!.
جا وەک مامۆستا مەسعوود دەڵێت:" سیاسەت پیشەیەکی گڵاوە لە کاری مەیموون دەکات" – بەتایبەتی مەبەستی سیاسەتی کوردییە/ ک.ق، ئەوها ئەو مەیموونانەی سیاسەتی کوردی، میللەتەکەیان بەو ناوی ( کورد و کوردستان)ەوە هەڕاج کرد و زەوییەکەیان فرۆشت و قوتەکەیان دزی و دایان بە کۆشک و تەلار و ژنی سلیکۆنی و تا ناو دڵی نەتەوەکەش دەستی داگیرکەرانیان گرت و بە کوردایەتیش بە خەڵکیان فرۆشتەوە!!. 
بڕێک لە خەڵکەکەش کە خەرمانیان بەر بای سەرکردەیەتی ئەو حیزب و بنەماڵە و شێخ و مەلایانە داوە و ئاشیان بەئاوی ئەوان دەگەڕێ، هەتا ئێستاش تا ڕادەی خۆ بە قوربانی کردن ملیان لێناوە و براو خوشکی کوردی خۆیانیان بۆ سەردەبڕن و قەڵەمیان پێدەفرۆشن و بۆ ڕێبازی باپیرانی ئەوان لە سنگی خۆشیان دەدەن. 

چۆن ڕێ دەگرین لە خلۆربوونەوەیان جارێکی تر بۆ لوتکەی هەرەمەکە؟!

1- ببینەوە بە مرۆڤێکی ئازاد.
2- واز لە کلتووری حیزبی بێنین.
3- دوورخستنەوەی ئەفسانەی فڵانە کەس و فلانە ڕیباز لە بیرکردنەوەی خۆمان.
4- کەس زۆری لەکەس نەکردوە، تێبکۆشێت، ئەوەی تێکۆشا و منەتی بەسەر نەتەوەکەدا کرد، ئەوە بازرگانی سیاسییە.
5- تێکۆشان بۆ ئازادی نەتەوە کارێکی خۆبەخشانەیە و کارکردن نییە لە کۆمپانیایەکدا.
6- بۆ ئەوەی جارێکی تر کەسایەتی خۆت بدۆزییەوە و گەورەبیت، دەبێ بگەڕێیتەوە ناو نەتەوەکەت، هیچ ڕووخسارێک تۆ ناکات بەنەتەوەیی، نەجل و جامانە و نە سمێل و نە ئاڵا، ئەم ڕوخسارانە لە دوای گەشانەوەی عەقڵ و پاکژبوونەوەی دەروون، وەک هێماگەلێک ئاماژە بە نەتەوەیەکی تایبەت دەکەن، بەڵام هیچ نەتەوەیەک بەمانە نابێتە نەتەوە، چوونکە سەبارەت بەنەتەوەکەمان، زۆرترین و خراپترین و قێزەونترین خیانەتە نەتەوەییەکان، بەجلی کوردی و لەژێر ئاڵای کوردستاندا ئەنجامدراون.
7- دەبێت لە بازنەی کلتووری حەفتا ساڵەیی حیزب حیزبێنە ڕزگاربین، بەرنامەی خێڵەکی ئەو حیزبانە کە ستایشکردنی سەرکردە و قارەمان و مەرجەعی برەوپێدا گەورەترین زیانی لە مەسەلە نەتەوەییەکەی ئێمە دا و بوویە هۆی بە فیڕۆدانی گیانی باشترین و دڵسۆزترین تاکەکانی ئێمە، ئەوەی دوژمن زەفەری پێ بردن و ئەوانەیشان کە لە شەڕی بەرەنگاریدا رزگاریان بوون، لە شەڕی دامرکاندنەوەی حەزە دەروونییەکانی سەرکردەیەتی حیزبەکاندا، بوونە قووربانی و بەبەراوردیش شەڕی سەرکردەیەتی حیزبەکان کە تێیدا ڕەشەکوژیی کچان و کوڕانی نەتەوەکەیان کرد و سووکایەتی نەما بە نەتەوەکەی نەکەن، خوێناویتر و فرە بە ئێشتر بوون، چوونکە بەناوی کورد و لە ژیر ئاڵایی کوردستاندا خوێنیان ڕژێنرایە سەر ئەو خاکەی کە خۆشیان دەویست.... .
8- بۆیە ڕزگار بوون لەو کلتوورە خێلەکییە قێزەوونە، خاڵی دەسپێکی گەڕانەوەیە بۆ ناو نەتەوەکە و ئەرکێکی نەتەوەیی زۆر بە پەلە و بنەڕەتییە.
9- ڕوویان لێ وەرگێرن و پشتیان تێ بکەن.
10- مە چنە کۆڕ و کۆبوونەوە و ئاهەنگ و سمینار و جرت و فرتیانەوە، شەرمەزارییە. هەر کوردێک شەرمەزار نەبێت لەوەی کە گوێ بۆ فازیل مەتنی و سەعدی پیرە و عەبدول لەتیفەکان بگرێت، دەبێ گومان لە ئاوەز و ناخی خۆی بکات و تا دەرفەت ماوە خۆی دروست بکاتەوە.
11- ڕزگاریی نەتەوەکە کاری بەردەوام، خۆبەخش، خۆ پەروەردەکردن و جدی دەوێت.
12- لە دەرەوەی ئەڵقەی داڕزاوی سەرکردەیەتی حیزبەکان خۆتان ڕێک بخەن و هەوڵ بۆ گەشەپێدانی یەکێتی نەتەوەیی و هاوکاری و پشتیوانی یەکتر بدەن.
13- بایکۆتی هەموو کاڵا هاوردەکانی کۆمپانیاکانیان بکەن و لییان مەکڕن و کاڵای ناوخۆ و بەرهەمی جوتیار و زەحمەتکێشی کورد مەسرەف بکەن، تەماتەی کورد بخۆن، نەک هی بەندەر عەباسەکان، ئەوەی قوتویە ئاوی تەماتەی ( زێڕ) ی تورکی دەکڕێت، دەبێ بزانێت، کە باربۆی کڕینی فیشەکێکی بۆ سپای فاشستی تورک کردووە و پشتیوانی دارایی ئەو لەشکرە داگیرکەرەیە بۆ شەهید کردنی خوشک و براکانتان، تنۆک تنۆک ئاو بەردی ڕەق کون دەکات.
14- دەنگدان بۆ درێژەدان بە فەساد و گەندەڵی و پۆخڵەواتە کۆمەڵایەتییەکان نزیکە. ئێوە بڕوانن چۆن بەر لە دەنگدان خەریکی چەواشەکاریی و سازدانی زەمینەی ڕاوکردنی سۆزی خەڵکەکەن و بە سەدان گرفتارییان بۆ دروست کردوون، تا لە ڕۆژی دەنگداندا، ڕاوی سۆزی پاکی کوردستانپەروەریی و دڵسۆزیی نەتەوەیتان بکەن و دەیان دوژمنیان بۆ قوت کردونەتەوە، تا ئەو وەهمە لە زەینتاندا، بنەخشێنن کە ناچاربن دەنگیان پێبدەن و بیان کەنەوە بە کەڵگا و بڵێن: ئێمە خەڵک دەنگی پێداوین. لە (ئەلف)ەوە تا (ێ) ی سەرکردەیەتی حیزبەکان، بێ جیاوازی لەبەرەی دوژمنی نەتەوەدان و سەدان داوی دەیان ساڵەیی بە دەزگا سیخوڕییەکانی نەتەوە سەردەستەکانەوە لە کوردستاندا بەستراونەتەوە و هەر بە تەنیا لەم سی ساڵەی فەرمانڕانییان بڕوانن و ئەوە بکەن بە تەرازوو بۆ کێشانی ڕەفتارەکانیان، دەگەنە زۆر ڕاستی کە حاشایان لێ ناکرێت.
15- مەسەلەی ئێمە لە مووچە و مووچەخوازیی زۆر مەزنترە، ئازادیی هەموو تاکێکی کورد ڕۆژانە ورد دەکرێت و کەرامەتی کورد بوونی دەشکێنرێت و مرۆڤبوونی دەخرێتە ژێر پیڵاوی کوڕ و کچ و ژنیانەوە.
16- دەستەو ئەنجومەنەکانی پشتیوانی لە تێکۆشانی کوردستانی خوشک و براکانتان پێک بێنن و لێک نزیک بننەوە و بە ئەو پەڕی ڕیزەوە یەکتر بدوێنن و گوێگرێکی باش و وشیار بن لە یەکتری و ڕەفتاری سەڵتەنەتی و سەرۆک خێڵی و ئەو نموونانەی ئەوان لە تێڤێکانیانەوە پیشانتان دەدەن، کە بریتین لە ژنانی سلیکۆنی، نەفرەت بکەن و گوێ بۆ بەرنامەکانیان مەگرن و کاتی خۆتان کە زۆر بەنرخە و چارەنووسساز، بە تەماشا و گوێگرتن لە بەرنامەکانی ئەوان بەفیڕۆمەدەن، ئەوان لە ڕیگای کەناڵەکانیانەوە، جەنگی دەروونتان دەکەن و گومڕاتان دەکەن و ناشرینتان لا جوان و خراپتان وەک چاک بۆ لێکدەدەنەوە، دەبێت هەمیشە ئەوەتان لە یاد بێت کە: هەرچی ئەوان دەیڵین و دەیکەن، پێچەوانەکەی دروست و ڕاستە، ئەمەش هەر ڕینمایی و دەستووری مامۆستا مەسعوود محەمەدە.
ئەمە وانەی یەکەمی ئەو تێکۆشانە کوردستانییە ڕەوا و شەرافەتمەندانەیە، کە ڕێگر دەبێت لەوەی کە میری سەربڕی کورد، بەناو و دەنگی ئێوەوە، بۆ چەند ساڵی تریش خۆی و خێزانیان بەرەو لوتکەی هەرەمەکە خلۆر بکەنەوە. وانەکان بەردەوامن و لێکۆڵینەوەکان درێژەیان هەیە. 
خوڵقێنەرانی ئەو خوارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی بە ئامۆژگاری و داواکردن و لێبووردن لێیان و تەنانەت چاوپۆشی کردن لێیان، کە هەموویان هەڵە بوون، نەیەنە رەدا، ئەوا بێگومانم کە ئێوە ئامێر و ئامڕازەکانی بەرەنگاری زوڵم و زەووتکردنی ئازادیتان، لە سەردەمی ڕژێمی سەددامدا، ئەزمواندووە و کە کار بگاتە ناچار بوون، ئەزمواندنەوەی کارێکی ئەستەم نابێت لەلاتان، بەهیوای یەکیتی نەتەوەییمان و پشتیوانی مەسەلە ڕەواکەمان، تێکۆشانی کوردستانیی نەتەوەکەمان قۆناغ بە قۆناغ لەگەشە و خەمڵاندن دایە و تاکی کورد دەیەوێت ببێتە بەشێکی زیندوو لە ویژدانیی نەتەوەیی و دادگای میللەتێکی تامەزرۆی ئازادی، کە ئەمەش کاری بەردەوام و دڵسۆزیی و ڕاستگۆیی و لێزانی دەوێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە