تێڕوانینێکی زانستی بۆ شمشێر و تیغ لەخۆدانی دەروێشەکان و هەندێ هەڵسوکەوتی دیکەی سەیر و ناوازە

Friday, 18/03/2022, 2:12

11885 بینراوە


بەدرێژایی مێژوو لە گشت کۆمەڵگەکاندا بە جیاوازی شوێن و سەردەم و فەرهەنگ و بیروباوەڕیان، کەسانێک هەن چەند هەڵسوکەوتێکی سەیر و ناوازە ئەنجام دەدەن. سیحر و شمشێربازی و لەخۆدانی تیغ و چەقۆ لە زگ و سەر، دەم و زمان، کوونکردنی ڕوومەت، خواردنی شووشە، ڕۆیشتن لەسەر پشکۆ و چەندان شتی دیکەی جۆراوجۆر، لە گەلەک وڵاتانی جیهان دەبیندرێن. هەرچەندە زۆربەیان بابەتەکە دەگێڕنەوە بۆ (پرسێکی گیانی)، کەچی لەڕاستیدا پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە ئاینەکانەوە نییە، لەبەرئەوەی ژمارەیەک لە کەسانی بەناوبانگ هەن ئەم کارانە دەکەن و خۆشیان بە باوەڕدار ناناسێنن.
ئەوەی نەتوانێ ڕاڤەیەکی گونجاو بۆ ئەم هەڵسوکەوتانە بدۆزێتەوە، پێی وایە شتانێکی ناسروشتین و ئەوانەی بەو کارە هەڵدەستن مرۆگەلەکی نائاسایین و هێزێکی شاراوە یارمەتییان دەدات. بەڵام ئێمە ئەمڕۆکە لە جیهانێکی کراوە دەژین کە پڕە لە زانیاری زانستی و بواری هەمەجۆر، بۆیە هەر کاتێک تێگەیشتنمان بۆ دیاردەیەک نەبوو، پێویستە بەدوای تۆژینەوە و شیکردنەوە زانستییەکان بگەڕین و یەکسەر بە شتێکی لەئاسابەدەری نەبینین.
دەبێ بزانین کاتێک هەواڵێک، یاخۆ دیمەنێکی لەخۆدان، لەلایەن دەزگەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێنەوە، بەبێ ئاماژەکردن بە چۆنەتی ئەنجامدان و ڕاڤەیەکی پزیشکی، ئەوا دەبێتە بانگەشە بۆ بابەتگەلەکی ناسروشتی و هاندانی گەندەزانست و فڕوفێڵکردن لەوانەی شارەزاییان کەمە لە بوارە زانستییەکان. ئەو دەمەشی خوڕافەپەرستەکان هەڵی دەقۆزنەوە و بەرگێکی ئاینی پێ دەبەخشن و بەپیرۆز دەکرێن، دەرەنجام زیان بە کۆمەڵگە دەگەینن و پتر دای دەبڕن لە زانستی ڕاستەقینە.
دەروێشایەتی و سۆفیگەریی دیاردەیەكی ڕەسەنی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە لە كۆمەڵگەکەی ئێمەدا، دوو ڕێباز، یاخۆ تەریەقەتى سەرەکى هەن لە کوردستان، ئەوانیش دەروێشانی قادرى (کەسنەزانی) و سۆفییەکانی نەقشبەندین. لەلای ئەواندا لەخۆدان شێوازێکە بۆ خواپەرستی و دەربڕینێکە بۆ خۆشەویستییەکی قووڵ بۆ خوا و شێخەکانیان، پێیان وایە شێخی گەورەی پێشەوایان ئەو کارانەی کردووە، ئەمانیش بە هۆی ئاستی بەرزی باوەڕدارییان دەتوانن ئەم هەڵسوکەوتانە بەبێ زیان و ئازار پێگەیشتن ئەنجام بدەن. ئاینداران بەتایبەتیش موسڵمانان ئەگەرچی ئەو شتانە بە باشیش نازانن، کەچی لەو باوەڕەن کە جنۆکە و شەیتانەکان یارمەتییان دەدەن، کەواتە ئەوانیش دەیبەستنەوە بە هێزیکی نادیار.
گەلەکمان بیستووە کەوا دەروێشەکان شمشێر لەسەر دڵیان دەدەن و هیچیان بەسەردا نایەت، یان بە دەیان گولـلە بەخۆیان وەدەنێن بەبێ ئەوەی زیانیان پێ بگات، یاخۆ هەیانە بستێک چەقۆ دەباتە ناو کەلـلەی هەر هەستیشی پێناکات! بەڵام ئەوەی زانراوە کە زۆربەی جار بنچینەی ئەم هەواڵانە خەڵکانێکن خۆیان نەیان بینیووە، بەڵکوو پشت دەبەستن بە گێڕانەوەی کەسانی دیکە، هاوکات بۆ سەرنجڕاکێشان زۆر شتیشی بۆ زیاد دەکەن.
 دەمانەوێ لە سەرەتاوە ئاماژە بەوە بدەین کە ئێمە نامەنەوێ لێرەدا دژایەتی هیچ ئاینێک بکەین وەک پێوەندییەکی گیانی لە نێوان مرۆڤەکان و خواکەیان، لەبەرئەوەی دەزانین کە زۆرینەی ئەو دەروێش و سۆفییانە ئاینداری بێکێشەن و دوورن لە تووندڕەویی و شەڕانگێزیی. ئەوەی مەبەستمانە تەنیا ئاشکراکردنی فڕوفێڵ و بانگەشەی ئەوەی هەڵسوکەوت و لەخۆدانەکان شتانێکی لە سروشت بەدرن، زانستیش هیچ ڕاڤەیەکی بۆیان ئەم نییە. 
هەوڵ دەدەین بە پشتبەستن بە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان و لایەنە پزیشکیی و گوتەی کەسانی نێزیک لێیانەوە، بەوردیی لە نهێنی ئەم بابەتە بکۆڵینەوە، تا بزانین ڕاستە ئەم لەخۆدانانە شتگەلەکی نائاسایین، ئەنجامدەرانیش ئازار ناچێژن و هیچ زیانێکیشیان پێ ناگات.

لەخۆدانی شمشێر و تیغ و شتانێکی دیکە

ئەگەر پێشەکی لە لەخۆدانەکانی بێ بوونی ئازار ورد ببینەوە، پێویستە زۆر بەچاکی لە هۆکارە دەروونییەکان تێبگەین، چونکە ئەوانە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لەلای ئەو دەروێشانە لە ڕاهاتن و کەمکردنەوەی هەستکردن بە ئازار.
هەستی ئاینیی و باوەڕداریان، ئامادەبوونی شێخەکان، شوێنی تایبەتی لەخۆدانەکانی وەک تەکیە و خانەقاکان، هاندان و هاواری جەماوەر و چەندان بابەتی دیکە، کاریگەرییەکی زۆریان هەیە لەسەر دەروێش و سۆفییەکان، وایان لێ دەکەن بێئاگابن و هۆشیان بەتەواوی لای ئازار نەمێنێت. لەپاڵ ئەوانە، شێوازی جووڵان و سەر ڕاوەشاندنەکەشیان، دەبێتە هۆی چوونی خوێن بە ڕێژەیەکی زیاتر بەرەو سەر، بەمەش هەست بە سڕبوون دەکەن.
لێکۆڵینەوە زانستییەکان پێمان دەڵێن، ئەوانەی لە ساتی ئازارکێشان خەریکی کارێکی دیارکراو بن و هۆشیان لای شتێکی دیکە بێت، ئازاریان گەلەک کەمتر دەبێتەوە. هاوکات پێشبینیکردن و زانینی سەرچاوە و کاتی کۆتایی هاتنی ئازارەکان، هۆکارێکی دیکەی سەرەکییە بۆ دەست بەسەرداگرتنی ئێش و ئازار. واتە ئەگەر کەسی بریندار زانیاری هەبێ دەربارەی کاتی تەواوبوونی ئازارەکەی و پێشتر بەو جۆرە ئەزموونە تێپەڕی بێت، ئەوا سوودی هەیە بۆ ڕاهاتن و کەمکردنەوەی ئازارەکەی. دوای ئەمانە نەبوونی ترس و بڕوابەخۆبوون یارمەتیدەرێکی چاکە بۆ خۆڕاگری ئەوانەی ئازاریان پێگەیشتووە لە ئەنجامی لەخۆدانەکان.
لەتەک پرسە دەروونییەکان، لەلایەنی لەشیی و شوێنی لێدانەکانیش بۆ کەمکردنەوەی ئێش و ئازار چەند هۆکارێک هەن، لێرەدا بە پشت بەستن بە هەندێ زانیاری پزیشکیی ئاماژەیان پێ دەدەین.
لەڕاستیدا ئەو برینەی دەرەنجامی کونکردن پەیدا دەبێت، بە شێوەیەکی گشتی خوێنی کەمتر لێ بەردەبێ بە بەراورد بە برینەکانی دیکەی وەک، بڕین و کرانەوەی پێست، بۆیەش زۆربەی برینی دەروێشەکان بە هۆکاری کونکردنی شمشێر و تیغەوە دەبن. ڕێژەیەکی زۆریان لە تەنیشتەکانی زگیان دەدەن، لە زگیشدا ئەو شوێنانە هەڵدەبژێرن کە زیاترین چینی چەوری لەخۆ دەگرن، بەمەش ئازار و زیانیان کەمتر دەبێتەوە. 
لە توێکاری لەشی مرۆڤدا، چینەکانی زگ لە ڕووی دەرەوەی تا دەگاتە قووڵایی لە پێستە (Skin) و شانەی ژێر پێستە (Subcutaneous tissue) پێک دێت. شانەی ژێر پێستەش دەکرێتە ئەم چەند بەشە؛
- پێچەک (Fascia) کە دوو چینە، چینێک لە چەوری ژێر پێستە بە ناوی پێچەکی کامپەر (Camper's fascia - fatty superficial layer)، چینی ڕیشاڵی قووڵ ناونراو بە پێچەکی سکارپا (Scarpa's fascia - deep fibrous layer).
- ماسوولکەکان دەبنە: ماسوولکەی لاری دەرەکی (External oblique abdominal muscle)، ماسوولکەی لاری ناوەکی (Internal oblique abdominal muscle)، ماسوولکەی ڕاستی زگەکی (Rectus abdominis)، پانە ماسوولکەی زگەکی (Transverse abdominal muscle)، ماسوولکەی هەڕەمەکی (Pyramidalis muscle).
- پانە پێچەکێکی تەنک دەکەوێتە ژێر ماسوولکەکان و سەرووی پریتۆنیۆم. 
- پەردەى پریتۆنیۆم (Peritoneum)، ئەو پەردە ناوەکییەیە ئەندامەکانی ناو هەناو دادەپۆشێت و لە شوێنی خۆیاندا جێگیریان دەکات.
بە زانیارییە پزیشکییەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ یەکێک لەو کەسانەی ماوەیەکی درێژ لە نێزیکەوە ئەو هەڵسوکەوتانەی بینیووە و خۆیشی گەلەک جۆری ئەنجام داوە، بە شێوەیەکی گشتی لە زۆربەی لەخۆدانەکان، تێبینی ئەم چەند خاڵانەیان تێدا کراوە؛
- تێبڕینی تیغ و شمشێر لە زگ: باشترە لە ماددەیەکی ڕەق بن وەک ئاسن و ستیل، نوکەکەیشیان تیژ بێت، هاوکات تیژایەتی لێوارەکانییان لابراون تا لە کاتی تێبڕینیان ئەملاو ئەولای پێستە هەڵنەزڕێنن. شمشێر و تیغ بە لایەکی زگ کە چینێکی ئەستور چەوری لەخۆ گرتووە دەنێردرێنە ژوورە، بە شێوەیەک زیان نەگات بەو بەشانەی ناوەوە کە ئاماژەمان پێیان کرد وەک، ماسوولکەکان و پەردەی پریتۆنیۆم. ئازاری پتر ئەو دەمەیە کە شمشێر، یان شیشەکە دەچێتە ژورەوە، پاشان ئێشی بەرەبەرە کەمتر دەبێتەوە.
- کاتێک چەقۆیەک لە کەلـلەی سەر دەدرێت: چەند ملیمەترێکی کەمی نووکەکەی دەچێتە ناو ئێسک، تەنیا بۆ وەستاندنی چەقۆکەیە و هەرگیز ناگاتە مێشک. لاربوونەوەی چەقۆکە، یان تۆزە جووڵانێکی کەسەکە، وا دەکات چەقۆکە بەرببێتەوە (چەندان جار بینراوە)، ئەمەش دەبێتە هۆی خوێن بەربوون و ئازارێکی بەهێز و مانەوەی شوێنەواری برینەکەی بۆ ماوەیەکی درێژ.
- کونکردنی ڕووخسار: برینەکانی کونکردنی ڕوومەت زوو چاک دەبنەوە، ئەگەر بەشارەزایی و بە لەبەرچاوگرتنی شوێنە مەترسیدارەکان ئەنجام بدرێت، ئەوا زیانێکی زۆری لێ ناکەوێتەوە، لە هەمان کاتدا بڕینی هەندێ دەمار لەلای ئەواندا کێشەیەکی مەزن نییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش چەندانێک دانیان بەوەدا ناوە کە تووشی ئازاری تووند بوونەتەوە و بۆ چەند ڕۆژێک نەیانتوانیووە بەچاکی نان بخۆن. ئەوەی زۆر بە ئازارە کونکردنی زمان و پێداهێنانی چەقۆ و لەتکردنیەتی، بەتایبەتیش ئەو دەمەی شیش، یان پارچە ئاسنێکی تێ دەبڕدرێت (لەبەر بوونی کۆمەڵێک دەماری زێدە هەستیار لەم شوێنانەدا).
- تێئاخنینی تیغێکی درێژ بۆ ناوەوەی زگ: وەک ئەوەی (میرین داجۆ) دەیکرد، ئەمەیان کارێکی گەلەک سەخت و مەترسیدارە و دەگمەنە لای دەروێشەکان. دەبێ بە دانایی و شێوەیەکی ورد ئەنجام بدرێ، چونکە تیغەکە بە ڕێڕەویکی تایبەتی و بە تەنیشت ئەندامەکانی ناوەوە تێدەپەڕێت، بەبێ ئەوەی زیانی گەورەیان لێ بدات.
- خوێن نەهاتن: ئەو دەمەی لەخۆدانەکان خوێنیان لێ نایەت، دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی هەموو کاتێک لە هەمان شوێنەوە شمشێر و تیغەکەی پێدا دەکەن. جاری یەکەم خوێنی لێ دێت و دەمارەکانی دەبڕدرێن، ماوەیەکی پێ دەچێت و پێش ئەوەی بەتەواوی چاک ببێت، دیسانەوە ئەو شتانەین تێدەبڕن، تا کونبەدەر دەبێ. گرنگ ئەوەیە کەسەکەی شمشێر و تیغەکەی دەدرێتە دەست، لەخۆیانە و شارەزایە و دەزانێت لەکوێی لەشی دەروێشەکان دەدات. میرین داجۆ بەو شێوازە لەشی خۆی لەمەسەر بۆ ئەوسەر کونبەدەر کردبوو، بۆیە شیش لەخۆدانەکەی نە ئازارێکی زۆری هەبوو نە خوێنیشی لێ دەهات.
- شمشێر ناردنە ناو گەروو: دوور لە هەڵسوکەوتی دروێشایەتی کەسانێکی دیکە هەن، شمشێر یان شیشێک دەنێرنە ناو دەمیان و گەروویان تا دەگاتە گەدەیان. ئەمەشیان خەریکبوون و ڕاهێنانێکی باشی دەوێ بۆ ئاگالەخۆبوون و نەهێشتنی کرداری بەرپەرچدانەوە و ڕوونەدانی هێڵنج لێهاتن و ڕشانەوە.

داجۆی بوێر و چاونەترس

میرین داجۆ (Mirin Dajo 1912 - 1948)، کەسێکی هۆڵەندایی بوو کە بە پیاوە خاوەن دۆشەکە دەرزیلەدارەکە دەناسرا، لەڕێی ئایندار و سۆفییەکی هیندی فێرە لەخۆدان کراوە و زۆر شتیشی لە فەلسەفە و هەڵسوکەوتە گیانییەکانی خۆرهەڵات وەرگرتووە. هاوشێوەی دەروێشەکان شیش و شمشێری لە زگ و ڕوومەت و شوێنی دیکەی لەشی خۆی دەئاخنی، گوێزانی قووت دەدا و شووشەی دەخوارد، هەندێ جار کاری یەکجار مەترسیداری ئەنجام دەدا. بە نموونە، شیشێکی دەکردە زگی و بە تەنیشت ڕیخۆڵەکانی دەینارد و تا لە پشتی دەهاتە دەرەوە، یاخۆ تیغێکی دەبڕییە ملی لە نێزیک گەروویەوە.
بێگومان ئەوی داجۆ دەیکرد گەلەک ترسناک و شێتانە بوو، بەڵام داجۆ هەردەم دووپاتی ئەوەی دەکردەوە کە لەلایەوە ئاساییە و هیچ ئازارێکی بۆی نییە. خەڵکانی ئەو سەردەمە بە شتگەلەکی تۆقێنەر و ناسروشتییان دەبینی و پێیان وابوو بوونەوەرە نەبینراوەکان و هێزە دەرەکییەکان یارمەتی دەدەن. 
پاش بەناوبانگبوونی داجۆ، شارەزایان و پزیشکان تووشی سەرسڕمان بوون و دەیان پرسی، چۆن دەبێ یەکێک شمشێرێک بکاتە شوێنی زۆر هەستیاری لەشی و هیچ زیانێک بە ئەندامەکانی ناوەوە و ئێسک و دەمارەکانی نەگات؟ گەیشتە ئاستێک پزیشکەکان داوایان لە داجۆ کرد لە بەرچاویان و لە ژێر تیشکی ئێکس (X-ray) نمایشتێک ئەنجام بدات، ئەوە بوو داجۆ هەڵسا بە تێبڕینی شیشێکی ئاسنین لە پشتییەوە و دەرچوونی لە سنگییەوە.
پزیشکەکان بە پشکنینی تیشکی ئێکس، نهێنی بابەتەکەی داجۆیان بۆ ڕوون بووەوە. بە سەرنجدان لە وێنەکان، بینیان کە یارمەتیدەرەکەی داجۆ بەوردیی و شارەزایانە ئەو کارانە دەکات. لەوانەشە پێشتر داجۆ پرسی بە پزیشکان کردبێ، بۆ چۆنەتی لەخۆدانەکان و هەڵبژاردنی جێی تایبەت لە لەشیدا، تا نەهێڵێت ئەو شتەی بەکاری دەهێنێ بەر هیچ شوێنێکی هەستیار و گرینگی ناوەوە بکەوێت. واتە بردنی ئەو شتانە بۆ ناو زگی بە گۆشەیەکی دوور لە ئەندامەکان، وای کرد نەک تەنیا خەڵکانی ئاسایی، بەڵکوو پزیشکانیش هەڵ بخەڵەتێنیت.
داجۆ خۆی بە کەسێکی ئاسایی نەدەبینی، پێی وا بوو پەیامهێنی ئاشتییە بۆ مرۆڤایەتی، بە هەمووانی دەگوت، دەبێ بزانن کە گەردوون تەنیا ماددە نییە و ژیانێکی گیانی و هێزێکی دەرەوەی سروشتیش بوونی هەیە. 
بە ئاشکرابوونی فڕوفێڵەکەی داجۆ و بوونی مەترسی لەسەر ژیانی، ئەنجامدانی ئەو کارە ترسناکانەی لێ قەدەغە دەکرێت لە هۆڵەندا. بەڵام ئەو هەرگیز گوێی لە ئامۆژگاری کەس نەدەگرت، بۆیە دەچێتە سویسڕا و لەوێدا درێژە بە خۆنمایشکردنەکانی دەدات.
لەگەڵ ئەوەی داجۆ وەک گوتمان خۆی بە بێهاوتا و خاوەن هێزێکی نادیار دەناساند، کەچی بەداخەوە هەر ئەو جۆرە کارانەی بوونە هۆکاری مردنی لە تەمەنی گەنجایەتیدا، ئەو دەمەی بزماڕێکی ئاسنین قووت دەدات و دەبێتە هۆی دڕین و خوێنبەربوون لە شادەماری سەرەکی (ئائۆرتایی - Aorta).

ڕۆیشتنی سەر پشکۆ

رۆیشتن لەسەر ئاگر و پشکۆی دار و خەڵووز لە گەلەک وڵاتانی جیهانی وەک هیندستان و ئەمریکا و ئەوروپادا هەیە، ئەمەشیان لای خەڵکانێک بە بابەتێکی ناوازە و دەرئاسا دەبیندرێت. بەڵام زانست شتێکی دیکەی تەواو جیاوازمان پێ دەڵێ و دەتوانێت ڕاڤەیەکی گونجاومان دەربارەی ئەو دیاردەیە پێ بدات.
چەندان تۆژینەوە لەسەر ئەو بابەتە کراون، وەک ئەوەی کۆمەڵەی زانکۆی لەندن پێ هەستا، کاتێک ژمارەیەکی زۆری لە کەسانی سەربە ئاین و بیروباوەڕی جیاجیای هێنا، بۆ بەشداربوون لە ڕۆیشتنی سەر پشکۆ. دەرنجامی ئەو ئەزموونە نیشانی داین کە هیچ یەکێک لە بەشداربووان دووچاری سووتانێکی گەورە نەبووەوە، ڕۆیشتن لەسەر خەڵووز واتای ئەوە بەدەستەوە نادات کە ئەنجامدەرەکەی خاوەنی گیانێکی ئاینیی بەهێز و ناوازەیە. پاش تەواوبوونی تۆژینەوەکە، لێکۆڵەوەکان توانیان بەگوێرەی بواری زانستی تایبەت بەو پرسە، هۆکاری نەسووتان و ئازار پێ نەگەیاندن ڕوون بکەنەوە.
بەگوێرەی یاسا فیزیکییەکان، وزەی گەرمی لە تەنێکەوە بۆ یەکێکی دیکە بە سێ شێواز دەگواسترێتەوە ئەوانیش: گەیێنەری گەرمی، تیشک، پێکگەیشتنی ڕاستەخۆ.
هەردوو جۆرە گواستنەوەکانی گەرمی نێوان توخمەکان و شلەمەنی و گازەکان، بڵاوبوونەوەی گەرمی بەهۆی تیشکە کارۆموگناتیسییەکانی هاوشێوەی تیشکی خۆر کە گەرمیمان پێ دەدات، لێرەدا بابەتی ئێمە نین.
شێوازی سێیەم باسی لە گوێزانەوەی گەرمییە بە پێکگەیشتنێکی ڕاستەخۆ کە دەکارێت نهێنی ئەو دیاردەیەمان بۆ ئاشکرا بکات. ئەمەیان دەبێژێت، هەمیشە وزەی گەرمی لە تەنە پلە گەرمییە بەرزەکانەوە دەچێتە تەنە گەرمی کەمترەکان، تا گەیشتن بە هاوسەنگیی. بڕی وزەکەش دەوەستێتە سەر دوو فاکتەر، ماددەی هەردوو تەنەکە و کاتی خایەندراوی پێکگەیشتنەکەیان.
ئێستە ئەگەر بە پشت بەستن بە فیزیا لەو بابەتە بکۆڵینەوە، ئەوا دەزانین ڕاستە کە گەرمی لە پشکۆیەکەوە بەرەو بنی پێ دەچێت، بەڵام زیان و ئازاری زۆر کەمە، لەبەر ئەم هۆکارانە:
- ئەوانەی بەم کارە هەڵدەستن بۆ ماوەیەکی دیارکراو ئاگر دەکەنەوە، پێش ئەوەی دارە سووتاوەکان ببنە پشکۆیەکی گڕگرتوو بەسەریدا تێدەپەڕن، واتە ڕۆیشتنەکەیان لەسەر پشکۆیەکەیە نەک ئاگرێکی بڵێسەدار. 
- شوێنی ڕۆیشتن بەسەر پشکۆیەکان زۆرینەی بە خۆڵەمێش داپۆشراوە کە گەیەنەرێکی باش نییە. ئەو چینە خۆڵەمێشە بە ڕۆژ باش دەبیندرێت، بۆیەش بەردەوام بە شەو، یان جێیەکی تا ڕادەیەک تاریک هەڵدەبژێرن بۆ شاردنەوەی ئەو شتە و بەدەرخستنی درەوشانەوەی پشکۆیەکان.
- خەڵووز گەیێنەرێکی خراپە و گەرمییەکی کەم دەمژێت، بەکەمیش دەیداتەوە ئەو تەنەی بەری دەکەوێت، بەمە ئەو بڕە گەرمییەی بە ژێر پێیەکان دەگات کەمە.
- پێستەی مرۆڤ وەرگرێکی باش نییە بە بەراورد بە کانزاکانی وەک ئاسن و مس، ئەمەش وا دەکات ئەو ڕێژە کەمەی وزەی گەرمی نەبێتە هۆی سووتان و ئازارکێشان.
- کاتی بەرکەوتنی ژێرپێ و ئاگر لە گشت هەنگاوەکاندا نێزیکەی چارەکە چرکەیەکە، ئەو کاتە کورتەش بەشی ئەوە ناکات، بڕێکی زۆری گەرمیی بگوێزرێتەوە و هەست بە سووتان بکرێت.
- درێژی شوێنی تایبەت بە گڕتێبەردانی خەڵووز بۆ لەسەر ڕۆیشتن خۆی لە دوو مەتر دەدات، ئەو دوورییە دیسانەوە بوار بەوە نادات، گەرمییەکی تەواو بچێتە پێی ئەنجامدەرەکە.
- زۆربەی جار دەوروبەری شوێنەکە شێدار و بە گژوگیایە، تا پاش ڕۆیشتن لەسەری، ڕاستەوخۆ پێی کەسەکە سارد ببێتەوە. 
پێویستە بەردەوام هەمووان ئاگادار بکەینەوە، ڕۆیشتن لەسەر ئاگریش کارێکی مەترسیدار و زیانبەخشە بۆ ئەوانەی ڕاهێنانیان بۆی نەکردووە و شارەزاییان کەمە لە چۆنەتی خۆپاراستنیان.

شووشە خواردن

چەندان تۆژینەوەی زانستی جۆراوجۆر کراوە، بۆ ڕاڤەکردنی ئەم دیاردەیەی خواردنی شووشە. یەکێک لە لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان دەربارەی کاریگەری شووشەی هاڕدراو لەسەر لەشی مرۆڤ، ناڕاستی ئەو بۆچوونەیان دەرخست کە ماوەیەکی درێژ باو بوو، بەوەی شووشە مەترسی ژاراویبوونێکی کوشندەی لێ دەکەوێتەوە. پزیشکان سەلماندییان شووشەی هاڕاو، یاخۆ تا ڕادەیەک زبریش، زیانێکی گەورەی بۆ کۆئەندامی هەرسکردن نییە، گەدە دەتوانێت بەدرێژایی ڕیخۆڵەکان پاڵ بەو شووشەیە بنێت و دواجار لەگەڵ پاشەڕۆدا فڕێی بداتە دەرەوە. دەشێ شووشەی وردی کەمێک زبر، گەدە و ئەندامەکانی ناوەوەی لەش بڕوشێنێت و برینداریان بکات، بەڵام دیسانەوە نابنە خوێنبەربوونێکی زۆر و کێشەیەکی مەزن. 
خواردنی شووشە فڕوفێڵێکی تا ڕادەیەک سادەیە، چونکە کەسیان ناتوانن شووشەیەکی پتەوی ئەستوور و تیژ بخۆن، بگرە هەردەم پارچەی تەنک بەکار دەهێنن، دەبێ بەباشیش پارچە شووشەکە لەناو دەمیاندا بهاڕن، تا بەبێ زیان قووتی بدەن. لەگەڵ ئەوەش پێویستە بەوریایی ئەم کارە بکەن، لەبەرئەوەی مەترسی گەورەکە ئەو دەمەیە کە پارچە شووشەیەک دەخەنە ناو دەمیان، بۆیە دەبێ لەسەرەخۆ بیهاڕن. گومانی تێدا نییە، ئەوانەی شووشە دەخۆن، لە سەرەتای دەستپێکردن و ڕاهێنانەکانیان گەلەک جار ناو دەمیان بریندار بووە.
 ئەوەی لێرەدا شایەنی ئاماژە پێکردنە، بەسەر شووشە ڕۆیشتنیش هیچ مەترسییەکی نییە، چونکە تێکڕای پارچەکان کۆنن و بەتەواوی لێوارەکانیان چاک کراون و تیژایەتییان لابردراوە.

گولـلە بەخۆوەنان

گوللـە لەخۆدان یەکجار مەترسیدارە و دەبێ بەوریایی بکرێت، بەڵام دیسانەوە هاوشێوەی ئەوانەی دیکە ئەگەر لەلایەن کەسانی بەئەزموونەوە بەڕێوە بچێت، گوللـەنانەکە دوورە لەشوێنی هەستیار و ئازارایشی کەمە.
ئەوانەی لەنێزیکەوە گولـلە لەخۆدان دەبینن، دەزانن کە زۆربەی جار وا نیشانی خەڵکی دەدەن گولـلەکە زگی ئەنجامدەرەکەی بڕیووە، کەچی لەڕاستیدا بە تەنیشت زگەوە تێدەپەڕێت و تەنیا ڕوشانێکی بچووکی بێ ئازار دروست دەکات. خۆ ئەگەر لە زگیش بدرێت، ئەوا گوللـەکە وەک تیغ و شمشێر لە تەنیشتەکانی زگ و چینە چەورەکان دەدرێت و ناگاتە ئەندامەکانی ناوەوە.
لگەڵ ئەوەش گەلەک جار هەڵە ڕوو دەدات و گولـلە بەخۆوەنانەکە برینداربوونێکی سەخت و بەئازار و خوێنبەربوونی زۆری لێدەکەوێتەوە، بەتایبەتی لەلای ئەوانەی بێئەزموونن و تازە دەستپێ دەکەن.

کاریگەرییە نەرێییەکان

پاش دەرخستنی چۆنەتی و نهێنی شێوازی لە خۆدانەکان و بەدەستهێنانی ڕاڤەیەکی زانستی و گونجاو بۆ ئەو هەڵسوکەوتانە دەشێ پرسیارێک بکەین، ئاخۆ مەبەست و سوود لە ئەنجامدانی ئەو کارانە لای دەروێش و سۆفییەکان و ئەوانەی دیکە چییە؟
ئەگەر دەرخستنی توانای ناسروشتی و یارمەتی هێزی دەرەکی بێت، ئەوا بۆمان ڕوون بووەوە کە ئەو بانگەشەیە لە ڕاستییەوە دوورە، چونکە هەر هەمووی کۆمەڵە فڕوفێڵێکی سادە و ساکارن، کەسیش تا ئەمڕۆکە هیچ بەڵگەیەکی نییە لەسەر بوونی شتگەلەکانی دەرەوەی سروشت. کاتێکیش خۆمان دیان بینین، یان سەرنج دەدەینە ڤیدیۆکانی تیغ و شمشێر و گولـلە لەخۆدانەکان، زۆر جار لە کەسەکاندا ئازارکێشان و خوێن لەبەرڕۆیشتنیان بەئاشکرا پێوە دیارە، کەواتە نائاسایی و ناوازەییەکەیان لەکوێدایە؟
ئەوانە گەر ڕاست دەکەن کە بە حاڵ و زکر ئاوایان لێدێت و هیچ شتێک کاریان تێ ناکات، با بێن شمشێر و تیغەکەیان بدەن بە یەکێک کە لەخۆیان نەبێت، بۆ ئەوەی شمشێرێک بئاخنێتە سنگیان و بچێتە ناو دڵیان، ئینجا بزانین لێی دەردەچن؟ بەهەمان شێوە، کەسیان تێدا هەیە هێندە بوێربێ و گوللـەیەک بەسەری خۆیەوە بنێت؟ کەی ئەمانەیان بۆ کرا لەبەردەم پزیشکان و شارەزایان، ئەوا ناچار دەبین بڕوا بە ناسروشتیی و دەرئاسایی ئەو هەڵسوکەوتانەیان بێنین. بێگومان هەرگیز ئەمانەیان بۆ ناکرێت و کارەکانیان تەنیا فێڵ و هەڵخەڵتاندنی هەندێ کەسی سادە و نەزانن.
لەگەڵ هەموو ئەمانەش زانراوە کە زۆرینەی ئەو لەخۆدانانە بەبێ ئازار نەبوونە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لە سەرەتای لەخۆدانن و ئەزموونیان کەمە، ئەگەرچی هەوڵیش بدەن ئێش و ئازارەکانیان بشارنەوە. زیانیان پێ دەگات و شوێنەواری برینەکانیان هەتا ماون دەمێنێت، چەندانێکیشیان دووچاری ڕووداوی ترسناک بوونەتەوە و گەیاندراونەتە نەخۆشخانە، پاشان چیان لێ هاتووە، ڕزگار بوونە یان مردوون، کەس نازانێت.
دواجار ئەوەی پێویستە لەبیری نەکەین کە بەداخەوە ئەم هەڵسوکەوتانەی دەروێش و سۆفییەکان هاوشێوەی دیمەنە ترسناکەکانی لەخۆدانی شیعەکان، گەلەک جار لەبەرچاوی منداڵان ئەنجام دەدرێ، یان منداڵانیش بەشداری تێدا دەکەن، بێگومان ئەمە کاریگەرییەکی نەرێیی زۆر خراپی دەبێ لەسەر باری دەروونی ئەو تەمەنانە و ڕەفتاری دواڕۆژیان.
لەکۆتاییدا دەکارین ببێژین، ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە لایەنی بەرپرس سنوورێک بۆ ئەنجدامدانی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە زیانبەخش و ناشارستانییانە دابنێت؟
.............
سەرچاوەکان؛


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە