مرۆڤکوژی لەنێو کوردانی ئێراقدا

Friday, 18/03/2022, 20:35

9096 بینراوە


کوشتنی ماریا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ناخی گەلێک کەسی هەژاند، پەرچەکردارەکانی نووسین، بەتایبەتی لە سۆشیال میدیادا، لێ کەمتر لە سایتەکاندا، دەریانخست کە لەنێو کوردانیشدا هەڵوێستی مرۆڤدۆستانە کەم نین. پێدەچێت لەدژی ژنکوژی زۆرتر پەرچەکرداری ئاشکرا بنوێنرێت، چونکە کردارێکی ڕەگەزییە لەدژی ڕەگەزی مێینە و زۆر کەس لە مرۆڤدیدیی خۆیانەوە قبووڵی ناکەن، چونکە بەئاگان لەوە کە ڕیشەی ئەو تاوانە بۆ ئاین و دەسەڵاتی سیاسی دەگەڕێتەوە.
پرسێکی کرۆکی و گەرەکی دانوستاندن لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە کە دەڤەری جڤاکی و سیاسیی کوردان تەنراوە بە درۆی "مافی مرۆڤ" و دامەزراندنی رواڵەتییانەی "وەزارەتی مافی مرۆڤ" (گەر مابێت، لێ ئەو وەزارەتە هەبوو). ئاشکرایە هەنگاوی بەم جۆرە یەکێکە لە ساختەچێتییەکانی نوێنەرانی کوردایەتیی ڕیال (واتا یاخیبوونی چەکداریی ستەمکارانی کورد) کە بۆ مکیاجکردنی دەسەڵاتیان تێگە و واژەی دامەزراوەییانەی خۆرئاوا وەردەگرن. لە بنەڕەتدا کوردەکان بەگشتی (بێگومان جیهانی کولتووریی ئیسلامیش، لێ ئەمیان بابەتی ئێمە نییە) تا ئەمڕۆ تێگەی "مرۆڤ"یان نییە وەک بوونەوەرێکی گەردوونی کە مافی هەیە مرۆڤێتیی خۆی کرۆکییانە ئاوەڵابکات و بژێنێت، بەڵکو لای ئەوان تاکی مرۆڤ وەک باوک و دایک، خوشک و برا، نەنک و باپیر، پوور و خاڵ و مام و هتد پێناسە دەکرێت. بەڵێ شێوە ژیانی ڕێژەییانە کراوەی کەسان بەدەگمەن جیهانبینییەکی هومانی لە خۆ گرتووە کە دەشێت ببێت بە هومانیزم و سەرجەم کایەکانی ژیان و ڕەفتاری تاکەکەس بتەنێت، کە ئاشکرایە تەنانەت کاریگەری لەسەر شێوازەکانی نوکتەبازی و ڕوانین لە مرۆڤانی پیر، کەمئەندام، معەوەق و دەروونشێواو و هتد دەنوێنێت. ئاخر مرۆڤ لە هومانیزمدا هەرگیز بە هیچ مرۆڤێک ڕانابوێرێت، هەرگیز کێماسێکی جەستەیی ناکات بە بابەتی نوکتە و پێکەنین، تەنانەت دەشێت دەرچوونی "تڕ" لە پیرێکی پەککەوتەوە یەکسەر وەک لەکارکەوتنی کارایی فیزیکییانەی لەش ببینێت نەک وەک تێکەوتنێکی شایانی پێپێکەنین.
ئاشکرایە ئیسلام بەگشتی دوژمنی مرۆڤێتیی مرۆڤە و دەیەوێت ئاڕاستەی هۆش و دەروونی ئەو ڕووەو غەیبانییەتێکی هۆنراوە وەربچەرخێنێت، هاوکات بە ترس و تۆقاندن لە ئەودنیا، یان بە تامەزرۆکردنی بۆ ڕابواردنی ئەبەدی لە ئەودنیا، بیکات بە تەسلیمبوویەکی بێپرسیار. ئیسلام دەیەوێت سەرجەم پەیوەندییە جڤاکییەکان لە بنەما چەسپێنراوەکانی خۆیەوە بنیاتبنێت، ئەوجا گەر بنەماکانی پێویستیان بە ڕوونکردنەوە بێت، ئەو تەنیا بابەت-گەرایانە تەفسیریان دەکات - تاکلایەنە. واتا ئیسلام وەک بابەت-گەرا (کە هاوکات پیرۆزاندنی بەرد و گۆڕ-پەرستیش لە خۆ دەگرێت) هەر داڕشتنێکی نڤیسکی لە کتێبەکەی خۆیەوە وەک بابەت، وەک شت (thing)، دادەنێت و لێوەی سۆفیستییانە، واتا بەهێزی وشەی زارەکییانە گۆکراو، ڕەوایەتی بە ڕێنوماکانی خۆی دەدات. ئەم بابەتگەراییە، یان بەشتکردنە (Verdinglichung / reification) کە بە هێزی زمان ئەنجام دەدرێت، بەتایبەتی سەلەفییەکان تەواو مەبەستمەندانە و بەدەر لە سەرجەم سپیریتوالێتی دەیگەیەنن بە ڕادەیەک کە ئیدی ڕستە گۆتراوەکان وشکهەڵدێن؛ ئەوجا، کەمێک نەرمتر لە ئەوان، نوێنەرانی دیکەی ئیسلامی سیاسی وەک دەستوێژی ڕەوایەتیدان بە ڕێکخراوی سیاسیی خۆیان دەیخەنە بواری پراکسیسەوە؛ پاشان بابەتگەراییەکە لای پیاوانی میللیی ئاین شێوەیەکی کەمێک نەرمتر لە هەردووکیان وەردەگرێت، کە بێگومان ئەمانیش ناوێرن لە هەردوو ڕووەکەی تێکستەوە خۆیان بە بابەتە ئاینییەکانیانەوە خەریک بکەن: لە ڕوویەکی فیزیکییەوە وەک تۆماری سەر کاغەز (یان وەک دەنگ)، لە ڕوویەکی دیکەی هۆشەکییەوە وەک ناوەرۆکی ڕاگەیەنراوی ڕستە کە هۆشێکی لە خۆ گرتووە، یان لەتەک هوسەرل بدوێن، نووسراوەکان لە ڕووی پسیکۆلۆگییەوە وەربگرن و بییانکەن بە پرسی لێوردبوونەوەی "فرەلایەن" و "سەنگاندن"، ئەوجا دانوستاندن. بە شێوەی کۆنکرێت ببێژین: کاتێک لە جوویەتیدا دەگۆترێت کە تەورات یاسای خودایە و ئەرکی مرۆڤ ئەوەیە لە نێویدا بۆ ڕاستی بگەڕێت (ئەم تێڕوانینە هەروەها کریستیانەتیش دەگرێتەوە)، ئەوا لە ئیسلامدا بە پێچەوانەوە دەگۆترێت کە قورئان ڕاستیی ڕەهایە و ئەرکی مرۆڤیش ئەوەیە کە خۆی لە بەردەمیدا بچەمێنێتەوە!!
پیاوانی ئاینییانە چالاکبوو هەروەها بابەتگەرایانە، لە ترسی ژیانەوە، لە تۆقینی پیاوانەیانەوە لە سەرجەم دیاردە و کردارە ئەمڕۆییەکانی فرە گەنجانی نێر و مێ، بەردەوام دەهۆڵی سزا بۆ ئەو کەسانە دەکوتن کە ڕێگەی ئەوان ناگرنە بەر، بەڵێ ئەوانی هاندەر تەنانەت برا لە برا و خوشک نامۆ دەکەن. لێرەوە ئیدی برا ماف بە خۆی دەدات بۆ ئەوەی خوشکی خۆی دارکاری بکات، دیلبکات، تەنانەت بکوژێت، تا بە حساب ناموسی خانەوادە بپارێزێت یان بشواتەوە، لێ ئەو هەروەها خۆی بە خاوەن ماف دەزانێت بۆ ئەوەی ڕاببوێرێت، کچ سووک بکات یان ناوی بزڕێنێت.
ئەوجا لەپاڵ ئایندا دەسەڵاتدارانی سیاسی دێن کە ئەو جۆرە تاوانانەیان کردووە بە کرداری ئاسایی. ئەمان خۆیان، بەتایبەتی مەسئولە خولەچەخماخەییەکانی کوردایەتیی ڕیال، ئاوی تاوانبارییان دەرهەق بە کیژان و ژنانی "بڕێک لاداو" ڕشتووە، چونکە لەو بڕە لادانەدا کە بێگومان لادان نییە، بەڵکو کرانەوەی مرۆڤییە، لەقبوونی زەمینەکانی ژیانی پیاوسالاریانەی خۆیان دەبینن. لە بنەڕەتدا ژنکوژی، کیژکوژی، دەستبردن بۆ شکۆی ژن لەنێو خەبات و لە شوێنی کار، لە کوردایەتیی ڕیال (لە شەڕوشۆڕی چەکداریی نێو شاخ و داخەکان) جیانابێتەوە، ئەوە بێگومان لە هەرە سەرەتاکانییەوە، لایەنی کەم لەکاتی کوشتنی "مارگرێت"ەوە تا دەگات بە ناوزڕاندنی ژنانی کوردایەتیکەری کەمێک کراوە - کردنیان بە "قەحبە".
بەڵێ کاتێک "نزیکەی" لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا باندەکانی تاوانکاریی ڕێکخراو یان مافیایی نهێنین و دەسەڵاتی دادوەری بەدوویاندا دەگەڕێت، ئەوجا گەر بگیرێن، ئەوسا حوکم دەدرێن، ئەوا لای کوردەکان بە پێچەوانەوە ئەو باندانەی تاوانکاریی رێكخراو خۆیان حوکم دەکەن و دەستیانناوەتە بینەقاقای دامەزراوە و دادگەکانەوە – بە ناوی کوردایەتییەوە!
سەرەڕای ئەوە ژنکوژی لەنێو کوردانی ئێراقدا بەشێکە لە مرۆڤکوژی بەگشتی، کە بەدەگمەن وەک تاوان پەرچەکردار دەهێنێت. بۆ نموونە کوشتنی گەنجێک، مەرگی تەمومژاویی کەسێتییەکی وەک "فوئاد یاسین"، ناسراو بە "فوئادە ڕەش"، نزیکەی هیچ پەرچەکردارێکی وەک پراکسیسی خەباتگێڕانە لێناکەوێتەوە، کە ئیدی خەڵک گرووپ گرووپ یەخەی دامەزراوەکان بگرن و داوای ئەنجامدانی ئیجرایان لێبکەن، یان میدیاکارانی بە حساب ڕەسەن بکەونە بەدواداچوون بۆ ساغکردنەوەی هۆی تاوانەکان و بە نووسینی بەردەوام بییانهێننە نێو ئاگایی گشتییەوە. ئاخر نەک تەنیا کوشتنی (؟) چالاکوانێکی وەک فوئادە ڕەش کە جگە لە کاری مرۆڤدۆستانە و ژینگەپارێزی و کولتووری هیچی دیکەی نەکردووە، بەڵکو کوشتنی مرۆڤێکی ئاساییش کە تەنیا ژیانی خۆی بەڕێوە بردووە، ڕووداوی ترسێنەرن کە پێویستە هەڵوێستەیان لەسەر بکرێت، چونکە دەشێت ڕێخۆشکەر بن بۆ تاوانکاران کە بێ سڵەمینەوە کەسانی دی بکوژن. بێگومان ڕاستە کە خەمی نەمانی چالاکوانەکە بڕێک زیاترە، ئەمەش لەو ڕووەوە کە کەسێتییەکە چالاکانە هاتووەتە نێو ژیانی سیاسییەوە (سیاسی لە واتا فراوانەکەیدا) و ویستوویەتی جڤاکییانە و کولتوورییانە سوودمەند بێت، کە ئیدی ئەم هەقیقەتە و مەرگی تەمومژاویی ئەو دەمانبەن بۆ گەلێک پرسیار لەبارەی هۆکاری لەناوچوونی یان دەستێکی بکوژ، بۆ نموونە دەزگایەکی موخابەراتیی بیانی کە دژی کردارە مرۆڤپەروەرییەکانی ئەو بووە، یان هێزێکی سیاسیی ناحەز و هتد. سەرەڕای ئەوە کوژرانی مرۆڤە ئاساییەکەش مایەی راچڵەکینە، چونکە ئەویش سروشتییانە نەمردووە، بەڵکو دەستێک لە دەرەوە کۆتایی بە ژیانی هێناوە، دەستێک کە مافی نییە کۆتایی بە ژیان بهێنێت، لێ گەر بیکات، ئەوسا دەبێت سزای توندی یاسایی بدرێت، ئەوجا گەر هیچ سەروەرییەکی یاسا نەبێت، دەبێت بەگوێرەی یاسای سروشتی بکوژرێتەوە. بەڵێ لەو بنەمایەوە کە هیچ کەس بۆی نییە کەس بکوژێت، گەرەکە وەڵامە پراکتیکییەکانی ئەو جۆرە تاوانانە پەرەیان پێبدرێت بۆ شێوازی دیکەی خەبات لەدژی تاریکیپەرستان و سەلەفییە سێکسیستەکان، بەری مینبەرەکانیان لێبگیرێت و ڕسوا بکرێن، هەروەها لەدژی عەسابە خولەچەخماخەییەکان کە بەردەوام بە ئاشکرا و بە نهێنی تاوان لەدژی کیژان و ژنان، بەگشتی لەدژی مرۆڤانی کورد، ئەنجام دەدەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە