هاوڕێی فەیسبوک و ئازادیی بیروڕا

Saturday, 03.19.2022, 1:00

1628 بینراوە


بۆ ئەو بەڕیزانەی، کە لە فەیسبوکدا بوونەتە هاوڕێم، یان داوای هاوڕێتیم لێدەکەن.
 لە زمانی کوردییدا (هاوڕێ) لە دوو بڕگە پێک هاتووە، (هاو)+ (رێ).
(هاو) واتا: (لە یەکچوو)، یان(وەکو). 
(رێ) واتا: یەک ئامانج و یەک بیرکردنەوەی هاوبەشیان  هەیە لە رەوشت و زەوق و .. بیروباوەڕ و بۆچوونەکانیاندا.. هتد.
جاران کە ئەم تەکنیک و ئینتەرنێت، مەسنجەر و هێڵی پەیوەندیی ئەلەکترۆنیانە نەبوو، هاوڕێ، مانایەکی قوڵتری دیکەی دەگرتە خۆی، کە پەیوەندییەکەی نێوانیان تێگەیشتنی زیاتر قوڵ دەبووەوە، هاوڕێ لە نزیکەوە بەجەستە لە یەکتر نزیکبوون، هەرچەندە کاتی دەویست تا هاوڕێەک بدۆزیتەوە، هاوڕێ تەمەنییان لە یەکتر نزیکتر بوو لەو مەرجانە کە زیاتر دوو هاوڕێی گیانی بە گیانی نزیک دەکردەوە، باشتر یەکتریان هەڵدەسەنگاند، قوڵتر یەکتریان دەناسی.
ئەو بەڕێزانەی وەکو ئێوە کە ئیستا لە واڵەکەی خۆم لە فەیسبوکدا دەبنە هاوڕێم، دەزانم زۆربەتان بەهۆی هەندێک نووسین و پۆستێکمەوە، داوای ئەو پەیوەندییەتان کردووە، کە لە بیرۆکەی نووسینێکدا کۆک بووین و هەستیان بە نزیکبوونەوەیەک کردووە وای لێکردوون داوای هاوڕێتی بکەن. هەر ئەوەشە دەسەلاتی دزەکانی باشوور پێیان خۆش نییە کەس بەو هۆیەوە لە یەکتر نزیک ببنەوە.
ئەوانەی دەبنە هاوڕێشم،  لە فەیسبوکدا مەرجم لەسەر بوونی هاوڕێبوون دانەناوە، ئامانجیش لە هاوڕێیەکی (بێ مەرج) تەنیا بۆ ئەوەیە ئەو نووسینانەی بڵاویان دەکەمەوە، بە زۆرترین کەس بگات و بخوێنرێتەوە. ئەمە مەرجی سەرەکی منە و گرنگە لەلام،
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا من ناتوانم لەبەر خاتری هیچ کەسێک واز لە بیروباوەڕ و بۆچوونی خۆم بهێنم و پاشگەزببمەوە و هەنگاوێک بگەڕێمە دواوە، بۆیە وریابە کاتێک دەبیتە هاوڕێم، هەر نووسینك و قسە و هەڵوێست و بیروباوەڕیکی منت بە دڵ نییە، تەنیا رێگاپێدراویت لە کۆمێنت و نووسینەکانتا، رەخنەی خۆت بگریت، بۆچوونی خۆت دەرببڕە، بەڵام هێرش مەکە، (هەرچەندە تا ئیستا کەم کەس ئەوەی کردووە)، بەڵام ئەگەر دەزانیت بیرکردنەوەمان زۆر لە یەکترەوە دوورە، واز لە هاوڕێبوونەکە بهێنە و بچۆرە دەرێ، ئەگەر زۆر توڕە بوویت بلۆکیشم بکە. چونکە من کەسێکی ئازادم، هێندەی خۆم ئازادی بە تۆش دەدەم، ئەوەندەی بە خۆم دابێت، لەوە زیاتر سنور نابەزێنم و تۆش مەیبەزێنە، ئەو ئازادییەی لێی تێگەیشتوویت  بە شایستە و رەوای خۆم و خۆشت بزانە، با کەسمان هێڵی سوور بە یەکتر نەبەزێنین، چونکە بەزاندنی ئەو هێڵە بەزاندنی ئازادیی هەردولامانە، ئازدیش سنوری خۆی هەیە، جنێودان ئازادیی نییە. سووکردنی ئازادیی و بەڕەڵاییە لە هزردا.
من وەکو تەمەن ئەزمونی زۆری خۆمم هەیە، تەمەنم لە 74 ساڵ نزیک بۆتەوە، رەنگە زۆربەی زۆرتان تەمەنتان لە خوار 30 ساڵ و خوارترەوە بێت، یان سەرووتر. پێشەکی خۆمتان پێدەناسێنم، کەوا (من کوردێکی کوردم)، ئەو بار و زروفە سەختەی کوردی تێکەوتووە، بۆ ئەمڕۆ پێویست ناکات لە کورد زیاتر هیچ شتێکی دیکە بم، رەنگە تۆ لە ناو کەسێتی خۆتدا و لەناو کوردبوونی خۆتدا  شتێکی تریش بیت، هەندێک بیروباوەڕی جیاوازت هەبێت، بۆ نمونە پێت وابێت (کوردێک کە موسوڵمانە) دەبێت تەنیا خزمەتی ئاینەکەی بکات، من لەوەیاندا لەگەڵتا نییم، چونکە هەموو (کوردێکی موسوڵمان) دەبێت موسوڵمانبوونەکەی بەشی کوردبوونەکەشی تێدا بێت. 
جیاوازیی لە نێوان (کوردێکی موسوڵمان) و (موسوڵمانێکی کورد)دا  زۆر جیاوازە. ئەگەر بەڕێزت (موسوڵمانێکی کورد)یت ئەوا لەگەڵ مندا دانووت پێکەوە ناکوڵێت،  جیاوازی ئەو دوانە ئەوەیە، کە(کوردێکی موسوڵمان) کوردبوونەکە لە لای مەرجی سەرەکییە بۆ پەیوەندیی و هاوڕێیایەتی.
کوردی موسوڵمان دەبێت وەکو فارسێک و تورک و عەرەب و ئەفغانی و هەر نەتەوەیەکی موسوڵمانی تر بیربکاتەوە. (موسوڵمانێکی کورد) موسوڵمانبوونەکەی پێش کوردبوونەکەی گرتووە، واتا ئەم مەلا و خەتیبە سەلەفییە کوردانە. نەتەوەکەیان دەخەنە خزمەتی ئیسلامەوە و 
 خیانەت لە کوردبوونەکەی خۆیان دەکەن، (کوردی موسوڵمان) دەبێت وەکو تورک و فارس و عەرەب بێت، ئاین لە خزمەتی گەل و نەتەوەی خۆیدا لە پێشتربێت. موسوڵمانێکی کورد ئەو کەسەیە کە یارمەتی هەموو موسوڵمانێک دەدات و جەرگی بۆی دەسوتێت بەڵام بۆ کارەساتێکی وەکو عەفرین دەستخۆشی لە برا موسوڵمانە تورکەکەی دەکات کە کورد لەناو دەبات.
ئیسلام بیروباوەڕ و فەلسەفەیە وەکو هەموو ئاین و بیروباوەڕەکانی تر. 
من رێزم بۆ هەموو ئاینەکان هەیە. دایک و باوکم ئیسلام بوون، خوشک و برا و کەسوکارم هەموویان ئیسلامن و زۆربەیان نوێژ دەکەن. کورد وەکو موسوڵمان مێژووی کۆنی لە ناو ئیسلامدا هەیە، خزمەتی ئەو ئاینەی کردووە، نزیکەی 90%ی کورد ئیسلامە، من ناتوانم سوکایەتیی بەو ئاینە بکەم، ئەوە رەوشتی من نییە، سوکایەتی لە دەرەوەی هەموو پیرۆزییەکانە، بەشێکە لە ئەخلاق و لە موراڵ. تۆش سوکایەتی بە کوردبوونی مەکە.
تۆیەک، بە پێی ئەو تەمەنە کورتەی کە هەتە، رەنگە پاشخانێکی فیکریی و فەلسەفی قوڵت نەبێت، مامۆستا ئاینییەکانی ئەمڕۆ لە خۆت بە زاناتر و بە عاقڵتر بزانیت، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانیت کە کەسانی تریش هەن، ئەو پۆل و پلە و هەنگاوانەیان بەرەو پێشتر بڕیوە پیویستیان بە مامۆستای زیرەکتر و تێگەیشتووترە،  بیرکردنەوەیان قوڵترە، دەگەڕێن بۆ ئەوەی هزریان فراوان و گەورەتر بێت.. من بە حوکمی تەمەنەکەم، ناتوانم کەسێکی وەکو مەلا هەڵۆ، مەلا کرێکار، عەلی قەرەداغی و عەبدولەتیف... هتد ئەمانە وەکو مامۆستا و رابەری خۆم رابگرم، ئەوانە بە نەزان نازانم، بەڵام لە خۆم بە عاقڵتریان نازانم، بەڵکو  وەکو خائینیش سەیریان دەکەم، جیاوازییەکی تر کە لە خۆم و ئەواندا دەیانبینم، ئەوەیانە ئەوانە مامۆستای دلسۆزی کورد نیین، تا رێگا نیشاندەرم بن لە فکر و خواناسیندا. هەست بە سوکایەتیی دەکەم، ئەگەر بڕوا بەوانە بکەم، کەسی ساویلکە ئەوە کەسەیە کە بە قسەی ئەمانە هەڵدەخەڵەتێت، لەم لاوە باسی دەستپاکی و خواپەرسیی و شتە جوانەکانت بۆ دەکەن، لەولاشەوە پەیوەندییان بە دەزگا هەواڵگەرییەکانەوە هەیە، سەیارە و خانوی کەشخەیان لە ژێردایە، ئەگەر پێم بڵێن، ئەوانە ئیسلامێکی تەواو راستگۆ و خواپەرستن، ئەوا لە هیچ نەگەیشتوون و ساویلکە و سادەن لە ژیان و لە ئاین نازانن، موسوڵمانی راستگۆ بە راستیی و بە عەقڵ دەبێت بیربکاتەوە، لە ئاستی خوداپەرستییدا بێت، ئەوانە بازرگانی ئاینن، ئاینیان کردۆتە سیاسەت، سیاسەتیش بۆ خزمەتی دوژمنی کورد بەکار دەهێنن، ئەوانە دەیانەوێت هەمووتان  موسوڵمانێکی کورد بن، ئامادەتان دەکەن وەک سیخوڕ و نۆکەری داگیرکەر. چۆن رێگا بە خۆت دەدەی بڕوا بە دوعا و نوشتەکانیان بکەیت،  بڵێن میزی وشتر بخۆرەوە، پەرداخێک میزی بۆ نۆش دەکەیت، لای من مرۆڤ زۆر پیرۆزترە لەوەی ئەو خەرافیات و قسانە لە دەمی ئەوانە وەربگرێت و پەیڕەوییان بکات. ئەوە سوکایەتییە بە تۆ دەکرێت، کەسایەتییت تێک دەشکێنرێت، من لە رێگای ئەوانەوە خودا ناناسم، بە عەقڵی خۆم، خوای خۆم دەدۆزمەوە. کاتێک عەقڵ دەبێتە رابەر، پێویستت بە مەلایەک نابێت رێگای بەهەشت و دۆزەخت پیشان بدات، کاتێک تۆ زانیت یەک و یەک دەکاتە دوو، ئەوسا دەزانیت راست و چەوت لە کوێی ئەو لێکدانەوە ماتماتیکەدا جێگای دەبێتەوە، هەروەها لە کوێدا خودا دێتە رۆحتەوە، لە کوێشدا شەیتان دوور دەخەیتەوە.
من ریزی هەموو ئاینە جیاوازەکان و رێزی هەموو بیروباوەڕێکی جیاوازیش دەگرم،، هەموو کوردێکم خۆش دەوێت، ئەگەر دڵسۆزی خاک و گەلی خۆی بێت، کوردی خائین و دز و بازرگانی بێوژدان، کە پەرۆشی ناوگەڵ و دەستپیس و زمانپیسن، ئەوانەم خۆش ناوێت و هاوڕێی من نیین.
تۆ لەو خاکەدا  کە لێی هاتویتەتە دنیاوە دەبێت وەفا و خۆشەویستیت بۆی هەبێت، خیانەتی لێنەکەیت، بۆچی وەکو تورک و عەرەب و فارس نابیت؟ نەتەوەکەت مەکە بە قوربانی ئاینەکەت. تورک لە زمانی داود ئۆغڵۆوە دەڵێت، ئەگەر خوا دەولەت بۆ کورد دروست بکات، لێی یاخی دەبین و بڕوای پێ ناکەین. عەرەب دەڵێت، ئەگەر خوا قورعانی بە عەرەبی نەناردایە، کەسمان نەدەبوینە موسوڵمان، فارس دەڵێت: ئەگەر حەسەن و حسێن شەهید نەبونایە، نە شیعەمان دروست دەکرد، نە فارس دەبوو بەم ئیسلامەی ئەمڕۆ.
کورد هەمیشە لە مێژووی دوور و درێژی ئیسلامدا بە دوای سێبەری مێژووی داگیرکەرانییەوە بووە، لەوان زیاتر بڕوای بە ئیسلام کردووە و خواپەرستییکەشی بۆ داگیرکەران بووە، بە بەڵگەی ئەوەی کە ئەو تۆی کوشتووە، وتوویەتی کورد شەیتانە و بۆ دۆزەخی دەنێرین.
ئەم نووسینەم لە کۆمێنتی یەکێکەوە سەرچاوەی گرت، کە بۆی نووسیبووم، کەوا لەو نووسینەی پێشووترم (هەرەسی ئەخلاق) قسەم بە مامۆستا عەبدولەتف و مەلا هەڵۆ و ... ئەوانی تر وتووە، پێی وابوو ئەوانە نوێنەری خوان، نەک نوێنەری ئۆردوگان و قەتەر و ئیمارات و ئێران، کە بە پێی رێنمایی ئەوان کوردیان گێژ و حۆل کردووە. 
لێرەدا ئەوەشی بۆ زیاد دەکەم، کە من ئەمانە بە گەورەترین خائین و ناپاک دەزانم، دەبێت دەستی دادگای گەل بگاتە ئەم خائینانەش.
خواپەرستی بە بێ  ئەمانە راست و جوانە.
بۆ ئەوەی بزانێت خودا هەیە، بە عەقڵی خۆت بۆی بگەڕێ و بیدۆزرەوە، نەک لەسەر قسەی سەر زمانی ئەوان بڕوا بە بوونی بکەیت.
ئەوان بەهەشتیان بۆ کردوویت بە مەلها و شوێنی رابواردن، کردوویانە بە دیسکۆ و خواردنەوەی مەشروب و سەفا کردن.