کوردی موسوڵمان دەبێت وەکو فارسێک و تورک و عەرەب و ئەفغانی و هەر نەتەوەیەکی موسوڵمانی تر بیربکاتەوە. (موسوڵمانێکی کورد) موسوڵمانبوونەکەی پێش کوردبوونەکەی گرتووە، واتا ئەم مەلا و خەتیبە سەلەفییە کوردانە. نەتەوەکەیان دەخەنە خزمەتی ئیسلامەوە و
خیانەت لە کوردبوونەکەی خۆیان دەکەن، (کوردی موسوڵمان) دەبێت وەکو تورک و فارس و عەرەب بێت، ئاین لە خزمەتی گەل و نەتەوەی خۆیدا لە پێشتربێت. موسوڵمانێکی کورد ئەو کەسەیە کە یارمەتی هەموو موسوڵمانێک دەدات و جەرگی بۆی دەسوتێت بەڵام بۆ کارەساتێکی وەکو عەفرین دەستخۆشی لە برا موسوڵمانە تورکەکەی دەکات کە کورد لەناو دەبات.
ئیسلام بیروباوەڕ و فەلسەفەیە وەکو هەموو ئاین و بیروباوەڕەکانی تر.
من رێزم بۆ هەموو ئاینەکان هەیە. دایک و باوکم ئیسلام بوون، خوشک و برا و کەسوکارم هەموویان ئیسلامن و زۆربەیان نوێژ دەکەن. کورد وەکو موسوڵمان مێژووی کۆنی لە ناو ئیسلامدا هەیە، خزمەتی ئەو ئاینەی کردووە، نزیکەی 90%ی کورد ئیسلامە، من ناتوانم سوکایەتیی بەو ئاینە بکەم، ئەوە رەوشتی من نییە، سوکایەتی لە دەرەوەی هەموو پیرۆزییەکانە، بەشێکە لە ئەخلاق و لە موراڵ. تۆش سوکایەتی بە کوردبوونی مەکە.
من ریزی هەموو ئاینە جیاوازەکان و رێزی هەموو بیروباوەڕێکی جیاوازیش دەگرم،، هەموو کوردێکم خۆش دەوێت، ئەگەر دڵسۆزی خاک و گەلی خۆی بێت، کوردی خائین و دز و بازرگانی بێوژدان، کە پەرۆشی ناوگەڵ و دەستپیس و زمانپیسن، ئەوانەم خۆش ناوێت و هاوڕێی من نیین.
تۆ لەو خاکەدا کە لێی هاتویتەتە دنیاوە دەبێت وەفا و خۆشەویستیت بۆی هەبێت، خیانەتی لێنەکەیت، بۆچی وەکو تورک و عەرەب و فارس نابیت؟ نەتەوەکەت مەکە بە قوربانی ئاینەکەت. تورک لە زمانی داود ئۆغڵۆوە دەڵێت، ئەگەر خوا دەولەت بۆ کورد دروست بکات، لێی یاخی دەبین و بڕوای پێ ناکەین. عەرەب دەڵێت، ئەگەر خوا قورعانی بە عەرەبی نەناردایە، کەسمان نەدەبوینە موسوڵمان، فارس دەڵێت: ئەگەر حەسەن و حسێن شەهید نەبونایە، نە شیعەمان دروست دەکرد، نە فارس دەبوو بەم ئیسلامەی ئەمڕۆ.