نامەیەکی کراوە بۆ/ مەسعود بارزانی، نێجیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی

Sunday, 20/03/2022, 13:15

9258 بینراوە


بابەت/ دەستوەردان و گۆڕانکاری ژیاننامەی ئیسماعیل عارف غەفوری باوکم لە لایەن خوشکە پارتییەکەمەوە


ئەنجامی لێکدانەوەی حەدیسی پەیامبەری ئیسلام و ئیجماعی زانایانی ئیسلام و لە دیدی مۆراڵیەوە (سڵاو کردن فەرز نیە و سونەتە، لە کاتێکدا  بە پێچەوانەوە وەڵامدانەوەی سڵاو فەرزە). لەسەر ئەو بنەمایە بە کارێکی نەشیاوی نازانم  سڵاوتان ئاراستە نەکەم. شایانی سڵاولێکردن نیین.
وەك ئەوەی خۆتان ئاگادارن باوکم لە ساڵی ١٩٤٦ وە پەیوەندی بە کۆماری مەهاباتەوە کردووە و(هۆشیارانە یان ناهۆشیارانە) بە باوەرەوە لایەنگرێکی سەرسەختی مستەفا بارزانی بووە، لە ڕۆژە سەختەکانی ژیانی شاخ و زیندانیدا. باوکم تا ساڵی ١٩٧٥ وئاشبەتاڵی پارتی و بارزانی، لە پێناوی سەرکەوتنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان، پشتیوان و دڵسۆزی ماندونەناسی پارتی و بارزانی بووە و دڵسۆز و لەخۆبوردوانە و خۆڕاگر بەردەوامی بە خەبات و تێکۆشان داوە.ساڵانێك ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی لقی چوار بووە، هاوکات سکرتێری مەکتەبی مستەفا بارزانی بووە.  
لە زیندانەکانی نوگرەسەلمان و ئەبو غرێب، ماوەی ١١ ساڵ سەربەرزانە زیندانی کێشاوە، لە کاتێکدا بە تەنها واژویەکی (بەرائە) دەیتوانی ئازاد ببێت. بەڵام شانازی و باوەر بە خۆی و گەلەکەی وایکردووە کە هەرگیز سەر بۆ ئەو واژووە دانەنەوێنێت. ئەندامانی بنەماڵەکەمان بە ڕێزەوە لە خەباتی دەڕوانن، کە هەرگیز توشی ئەو شەرمەزاریەی نەکردوین.
ئەگەرچی من ئەندامیکی دڵسۆزی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بوم و ئەردەڵان و کامەرانی برام پێشمەرگەی دڵسۆز و لەخۆبوردوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بون. بەڵام هەمیشە بە چاوی ڕێزەوە لە باوکی خۆمان و ڕابردوی باوکی خۆمان ڕوانیوە و جێگای شانازیمان بووە. 
باوکم بە هۆی دوریمان لە یەکتریەوە و ژیانی ئەو لە شاخ و ئێمەی منداڵی ئەو لە شار، لە  پەیوەندی بەردەوام و خۆشەویستی و سۆزی منداڵ و باوکێتی مەخابن دابڕابوین و تاکو ئەمڕۆ کە تەمەنم  ٦٠ ساڵی تێپەراندووە کاریگەری ئەو دوری و نەبونەی سۆزی باوکایەتییە لەسەرم ماوە و ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەرمە.  جێگای شانازیمە کە من وەك کوڕی گەورەی بنەماڵەکە لە تەمەنی منداڵیمەوە بە کرێکاری و حەماڵی و کار و رەنجی بێوچان، ئەرکی گوزەران و ژیانی دایکم و خوشک و براکانم لە ئەستۆ گرتووە و جێگرەوە و جێبەجێکەری ئەرکەکانی باوکم بوم. ئەگەرچی مەخابن ئێوەی بەرژەوەندی پەرست و خراپکار و ناڕەوا لە شاخ و شار و ناوەوە و دەرەوەی وڵات هەمنیشە خۆشگوزەران بون و ئاستەمە  لەو جۆرەی ژیان و گوزەران تیبگەن و نرخی بۆ دابنێن.
ماوەیەك لەوە و بەر کەسیکی ناو بنەماڵەکەمان بە ناوی ( هێرۆ ئیسماعیل عارف) کە پێشکەشکاری ئیستگەی تەلەفزیۆنی کوردستان تی ڤی و ئەندامی حیزبەکەتان، هەوڵیدابو کە یادەوەریەکانی باوکی کۆچکردوم بە چاپ بگەیەنێت. بەڵام دەزگا نزم و شەرمەزارکەر و چەواشەکارەکانی حیزبەکەتان، داواکار بو کە گۆڕانکاری و کەم و زیادکاری لە یادەوەریەکانی باوکم  ئەنجام بدرێت، ئەوسا مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی دەدەن.  بە پێی ئەو زانیاریانەی بە دەستمان گەیشتووە ناوبراو بە هۆی سودمەندی خۆی و هاوسەرەکەی و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیانەوە بڕیاری داوە کە ژیاننامەکەی باوکی کۆچکردوم رادەستی دەزگا چەواشەکارەکانتان بکات و لە ئاستی نرخ و شانازیەکانی داببڕن و وەکو کۆیلەیەکی بنەماڵەکەتان نمایشی بکەن. لە ڕێگای لابردنی تەواوی ڕەخنە و ناڕەزاییەکانی لە یاداشتەکانیدا بەرامبەر مستەفا بارزانی و ئیوەی ئەندامانی بنەماڵەکەی و بەرپرسانی باڵای حیزب و دەزگاکانتان.
لەو ساڵ و کاتە کەمانەی من لە تەمەنی لاویدا لەگەڵ باوکم دوانم کردووە، کەم تا زۆر ئاگادری ڕەخنە و گازندە و نارەزایی و هەڵوێستەکانیم بەرامبەر کەس و روداوەکان لە ئاستە جیاوازەکاندا.
بۆیە لە ڕێگای ئەم نامەیەوە ئاگادارتان دەکەمەوە، هەر گۆڕانکاریەک و هەر نزمکردنەوەیەکی باوکم بە دەستکرد و ناڕەوا ڕوبدات، ئەوا ئێوەی سەرانی پارتی بەرپرسن لێی. ئەنجامی ئەوەش تەواوی لایەنگر و ئەندام وکارمەند و دەزگایەکی باڵا و مامناوەندی و بچوکی پارتی دروستکراو یان پیگەیەندراو لە لایەن ئیوەوە لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات  بەرپرسە لە کردارەکانی ئێوە. 
بۆیە تکاتان لێناکەم، بەڵام داواتان لیدەکەم توشی شەرمەزاریمان مەکەن و ڕێخۆشکەر نەبن و ڕێگر بن  لەوەی ئەندامان یان ئەندامێکی ناو بنەماڵەکەمان بە پشتیوانی ئیوە و  لە بەرژەوەندی خۆیدا تەواوی شانازیەکانمان لێ زەوت بکات.
لە کاتی بێهەڵوێستیتان دڵنیاتان دەکەمەوە کە کاردانەوەی چاوەروان نەکراومان دەبێت. بە تایبەتی خۆتان ئاگادارن کە بەهۆی خزمایەتی و تێکەڵاوی ژن و ژنخوازیمان بە ئەندامانی باڵای بنەماڵەکەتانەوە و بە هۆی هاوکارانی چالاکی هاوڕێیانی بادینانیمان لە زۆر نهێنی و خراپکاری ناو بنەماڵەکەتان بە ئاگاین. 
 
پێشڕەو ئیسماعیل عارف
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤدا پرێس
برۆکسل، ٢٠/٣/٢٠٢٢

تێبینی؛

تەواوی ماڵپەر و ئەکاونت و پەیجەکانی سۆشیال میدیا ئازادن لە بڵاوکردنەوەی ئەم نامە کراوەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە