زانا کوردە موسڵمانەکان چۆن نەورۆزیان پیرۆز کردووە!

Thursday, 24/03/2022, 19:30

6413 بینراوە


مەلای گەورەی کۆیە کە مامۆستای کاک ئەحمەدی موفتی زادە و مامۆستاو باوکی بیرمەندی گەورە مەسعوود محەمەدە ، ئاوا باسی نەورۆز دەکات و لە نەورۆی نەتەوەکەدا ھاوبەشی دەکات:
" بەڵێ ئەمڕۆ رۆژی مرادە، نەورۆزی گەلە، حەقە، رۆژی زۆر موبارەکە. ئەوەڵی بەهارە، یەکی ئیعتیدالی لەیل ونەهارە، جەژنە جەژنی ئۆممەتە، جەژنی محەبەت و ئولفەتە". 
مەلا محەمەدی جەلیزادە (مەلای گەورە) 
 1938-03-21 رۆژی دوو شەممە ، بەردەرکی سەرای شاری کۆیە.
ئێمە وەک کورد لە دایک دەبین، لە دایک و باوکێکی کورد، لە نیشتمانێک ناوی کوردستانە، دایکمان بە زمانێک پەروەردەمان دەکات، ناوی زمانی کوردییە، کلتورێکی مرۆڤدۆستانەی ھەزاران ساڵەمان فێردەکات، پێی دەڵێن کلتووری کوردی، چاکەکان و خراپەکانمان بە کوردی فێردەکات.
باپیرە، باوەگەوەرە، مامەکانمان، خاڵەکانمان، پورەکانمان، میمییەکانمان، ژنەکانمان، شووەکانمان، براژنەکانمان، بووکەکانمان، زاواکانمان و ھەموو ( زاکان)، کە نەوەی ئەوانن، کوردن و کورد بوون.
ئێمە لە ناو خەڵکانێکی زۆری تردا، گەشەی جەستەیی و فکریی دەکەین کە ھەموویان کوردن.کەواتە یەکێکین لەو نەتەوانەی کە لەسەر گۆی زەوی و لە ژێر ئاسمانێکدا، میلیۆنانین.
وەک ئەو ھەزاران نەتەوانە، ئێمەیش لە( مرۆڤ) و سیستەمە گەردوونییەکە، ورد بووینەتەوە و ھەوڵمان داوە تێیبگەین.
چۆن لە ڕوخسار و زماندا جیاوازین لە نەتەوەکانی تر، لە لێکدانەوە و بۆ چوونیشدا، جیاوازین. بە ھەزاران خاڵی ھاوبەشمان ھەیە، بەھەزاران خاڵی جیاوازیشمان ھەیە، بۆ نموونە لە گرنگترین خاڵدا کە زمانە، لە نەتەوەکانی (تورک و فارس و عەرەب) ناچین، ئەمەش خاڵی بەھێزی جیاوازیی نەتەوەکانە و لە ھەموو خاڵەکانی تر جوانتر و کاراترە. 
ھەر بۆیە ئەم جیاوازییە، کە خاڵێکی کرۆکی و گەوھەرییە، بۆتە ھۆی یەکەمی پێشکەوتن و گەشەکردنی نەتەوەکان، بۆ نموونە: ئەو ئەدەبیات و ھونەرە بەرزەی گەلان. 
بەلام ئێمە وەک کورد، جودا لەو نەتەوانەی دەورییان داوین، گرفتارییەکی مێژوویمان بۆ دروست کراوە:
نیشتمانی ئێمەیان، دابەشکردووە، بەبێ خواستی خۆمان، بە سەر ئەو سێ نەتەوەیەدا، ئەو نەتەوانەش، بەسپاسەوە، ئەم دیارییەی ئیمپریالیزمی جیھانی و ویستی سەرمایەدارییان قەبوڵکردووە و ھەموو چەواشەکاریی وھێز و توانای: ئاینی، زانستی، سیاسی، سەربازیی، دیبلۆماسی، ڕۆشنبیریی، ئابووری، ھونەر و ئەدەبیات وکۆمەڵایەتی خۆیان بۆ: 
* تواندنەوە، ناشرینکردن، بچووککردنەوە و دزینی کلتووری ئێمە بەکارھێناوە و تاوانی مرۆیی گەورەیان بەرانبەر بە کورد ئەنجامداوە و کۆیان لە سووتاندنی، قورئان و مرۆڤ و مزگەوت و کڵیسا و منداڵ و دار و تووتکە سەگی کوردستانیش نەکردۆتەوە و زۆرینەی ئەم تاوانە ئاسمانی و زەمینیانەشیان بە ناوی ئاین و خواوە ئەنجام داوە.
بۆیە پێشەوایانی بیری نەتەوەیی کوردان، کە بە زۆریی پێشەوایانی ئاینیش بوون، وەک ڕۆشنبیرانی سەردەمەجیاوازەکان، زوو ھەستیان بەم ( چەواشەکارییە) کردووە، بۆیە بوونەتە: 
* ڕێبەرانی ڕابوونە نەتەوەییەکە و لە پێناوی ئازادیی نیشتمان، یەکسانی نەتەوایەتی و سەربەخۆیی مرۆڤی کورددا،کە ئەمانە ئەرکێکی ئاسمانی و یەزدانین، ڕاپەڕیون و بە (ڕەفتار و بە گفتار) ، پێشەوایەتی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەیان کردووە.
ئەوان لەوە تێگەیشتوون کە بە ڕەگەز کوردن، بە بڕوای مەعنەوییان موسڵمان، نە باوباپیرانی خۆیان ئینکار کردووە، نە نەتەوەکەیان کردۆتە قوربانیی بڕواکەیان، چوونکە ئەوانە پێچەوانەی فەرمانەکانی یەزدانن.
 سەبارەت بە فکری کاک ئەحمەد وایە کە ئێمە " بەر لەوەی موسڵمان بین کوردین، کورد بوون، بوونی ئێمەیە، موسڵمان بوون باوەڕی مەعنەوی".
بەلام ئەمڕۆ، پێشەوایانی ئاینی کورد، بە تایبەتیی لە باشووری نیشتماندا( زۆرینەیەکی دیارییان)، بەھۆی دوورکەوتنەوە، لە فەرمانەکانی خوا و وەک جێبەجیکارێکی ئەجندای سیاسی نەتەوە سەردەستەکان، لە ڕێگای ئامڕازیی لەشکر و دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتانی نەتەوەی سەردەستەوە لە نیشتمانی کوردا، بە مشکی و جلی کوردی و زمانێکی بیگانە وەک زمانی یەکەمیان و زمانی کوردی (زمانی دایکیان) وەک پاشکۆی زمانی یەکەمیان، ھێرشێکی مەترسیدار و بەبەرنامەیان بەڕێ خستووە، بۆ لێدانی، ھەرچی شتێک کە سەر بە کوردەوارییە:
* نەفرەتکردن لە ڕەگەزی کورد.
* نەفرەتکردن لە باپیران و داپیرانمان.
* بێ بەھاکردنی زمانی کوردی.
* لێدان لە ھەموو نەرێتێکی ڕەسەنی کوردی.
* بە کۆیلەکردنی نەتەوەیەک بۆ بڕوایەک کە لێکدانەوەیەکی نامۆیە و دوورە لە لێکدانەوەی پێشەوایانی ئاینیی کورد.
* توندکردنەوە و ڕەواجدان بە کلتووریی جوێندان بە نەتەوەکە.
* بڵاوکردنەوەی خورافیات و دوورخستنەوەی فکری لاوانی کورد، بۆ ناسینی خوای خۆیان، کە خودای ھەمووبوونەوەرانە.
* کۆکردنەوەی ئاین و بڕوا بوون بە خوا لە چەند کتێبی نووسەرانی بێگانەدا، کە نەک ھەر بە کورد بێگانەن، بەڵکو بەڕەوتی ناسینی میللەتانیش بە یەکتر بێگانەن، کە ناسینی میللەتان، لە فەرمانە بنەڕەتییەکانی یەزدانن، بۆ ڕێگرتن لەکۆیلەکردنی نەتەوەکان بۆ یەکتر و سڕینەوەی، ھەبوونی نەتەوەی بن دەست و نەتەوەی سەردەست، واتە پاراستنی سەربەخۆیی و وەک یەک بوونی نەتەوەکان.
* تێکدانی ئاسایشی فکریی و کۆمەڵایەتی نەتەوەی کورد و ھەوڵدان بۆ بەپاشکۆکردن و بچووککردنەوەی مرۆڤی کورد.
* جویندان بە خوشک و دایکی کورد، لەو جوێن و سوکایەتی کردنانەی، کە لەھەموو ئەو دەوڵەتانەی، مەلای کورد بە (بلادی کوفر) ، ناویان دەبەن، لێپێچینەوەی یاسایی قورسی لیدەکرێت و بەیاسا قەدەغە کراون، لە پێناو پاراستنی کەرامەتی ئینسانیی مرۆڤدا.
* خراپ سوود وەرگرتن لە پەیامی خوا، بۆ ناشرینکردن و سڕینەوەی بوون و کلتووری یەکێک لە نەتەوەخۆشەویستەکانی خوا، کە کوردە.
لە کۆتایدا، سپاسی خوای گەورە دەکەم، کە بە کورد خوڵقاندمی، نیعمەتی زمانی کوردی پێبەخشیم، فەرمانی پێکردم بە عەقڵێکی کوردی کراوە و زمانێکی کوردی پاراو بە پلەی یەکەم لە خزمەتی نەتەوەی خۆمدا بم ، تا لەو ڕێگایەوە خزمەت بە ھەموو خەڵقی خودا بکەم و ھاوبەش بم، لە:
* بەرگریکردن لە حەق و وەستانەوە بەرانبەر بە ناحەق و ستەم
* چاک بیر بکەمەوە، چاک بڵێم و چاک ڕەفتار بکەم.
* کە ئەوانەش کرۆکی ئەو بڕوایەن، یەزدان بە پەیامبرانی خۆی ڕاسپاردووە.
لێرەوە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لەھەموو ڕێبەرانی نەتەوەیی و ئاینی ڕاستەقینەی نەتەوەکەم دەکەم.
پیرۆزبایی جەژنەکانی ڕەمەزان و قوربان و سەری ساڵی زاینی و کۆچی و ھەموو بۆنە نەتەوەیی وئیناسانییەکانیان، لێ بێت.
ئەوەی ڕەوایە و مرۆڤ دڵخۆش دەکات، خواش شادمان دەکات، خوا دڵشادیی بە کۆمەڵی خەڵقی خۆی دەوێت وپەیامەکانی بۆ دڵخۆشکردنی ھەموو خەڵقی خۆیەتی.
تێکۆشان بۆ ڕزگاریی مرۆڤ، لە ناویاندا نەتەوەکەی خۆت، ئەرکێکی ئاسمانییە و ھەموو دژایەتی کردنێکی، شادبوونی مرۆڤەکان، سوکایەتی کردنە بە پەیامەکانی خوا.
تێکۆشەرانی ڕزگاریی نەتەوەکان و بەدیھێنەرانی یەکسانیی نێوان نەتەوەکان، خۆشەویستانی پلە یەکی خودان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە