ئێلیتی سیاسی، باشوور و ڕۆژھەڵاتی نیشتمان

Monday, 03.28.2022, 0:43

1722 بینراوە


بەبۆنەی قسەکردنی بەتاڵی ئێلیتی سیاسی فەرمانڕانەوە، کە ھەموویان لە بەر کامێرکان و میکرۆفۆنەکاندا، دەبنە فریشتەیەکی نەتەوەیی، لە نموونەیان فەرەیدوون عەبدولقادر....و..... ھتد.
 “ھەموو پڕوپاگەندەیەک، ھاوارێک، درۆکردنێک و قینێک بۆ بەرپاکردنی جەنگ، بێگومان: لەو پیاوانەوە سەرچاوەدەگرن، کە خۆیان جەنگاوەر نین.   جۆرج ئۆروێل
سەرەتا، سینارێۆیی فیلمێکتان بۆ دەگێڕمەوە، کە ڕووداوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی شەستی سلێمانی و نووسەرەکەی یەکێک لە دەستەی ئێلیتەکەی سیاسی باشوور بووە و بەدرێژایی ساڵەکانی ئەم کڵۆڵییە، ئەندامێکی کارا بووە و ئەوەی ئەو باسی دەکات، واقعێکە کە خۆی ڕۆڵی سەرەکی تێدا هەبووە، جا بڕوانن و بزانن ئەم سینارێۆییە قسەکانی من دەسەلمێنێ یان نا.
کاک مەحموودی مەلا عیززەت، لە کتێبی گۆشەیەک لە یاداشتەکانیدا کە ناوی(کاروانی بێ کۆتایی)ە، لاپەڕە ١٩٠ پەرەگرافی حەوتەم و دێڕی ٢٦ دا بەمجۆرە باس لە دەسپێکی ناشتنی تۆوی ناکۆکی خوێناویی و ڕق هەڵگرتن و تۆڵەسەندنەوە دەکات: لە ١٧/٧ دا*، برادەرێکم (مستەفای فەقێ عەلی) ژنی دەگواستەوە، من و حەمە چاوشین هەرچەندە بە نهێنی کارمان دەکرد بەڵام پێمان باش بوو سەردانی بکەین، دوایی چوار پێنج چەکداری بەرزانی کە زۆریان (کاژیک مەلایی) بوون شەڕیان پێ دەفرۆشتین و دەیانویست بمانگرن، ئیتر لەبەر خانەقاوە کەوتنە ڕاونانمان، نەخێر وردە تەقە بوو بە دەستڕێژ، ناجار ئێمەیش من و حەمە چاوشین و ئیسماعیل سەلیم، کەوتینە بەرگری لە خۆمان، هەرماوەیەکیش ڕامان دەکرد چەکداری تریان پێوە دەلکان تا بوون بە زیاتر لە پانزە چەکدار، لە شەڕە دەمانچەیەکی زیاتر لە سەعات سەعات و نیویی ئەم کۆڵان و ئەو کۆڵان وئەم ماڵ و ئەو ماڵ لەبەر خانەقاوە بۆ سەرکارێز و ئینجا بەرەو سەیوان، کە خۆمان بە ماڵێکدا کرد تا پشوویەک بدەین، ئیسماعیل چووەوە سەربان و کەوتەوە تەقەکردن و مەشغوڵکردنیان، هاواری لەو چەکدارانە دەکرد، هەی بێ شەرمانە، ئەمانە تێکۆشەری ڕاستەقینەن بۆچی وا دەکەن!؟ ئەوە بوارێکی باشی بۆ رەخساندین و دەرپەڕینەوە دەرەوە دەستڕێژیش گوێی گوێدار کەڕ دەکات، ئێمەش بەرەو گەڕەکی گاوران، باشتر تاومان دایە خۆمان، لەبەر ئەوەی جگەرەکێش بووم، توانای راکردنم کەمبووەوە، کەوتینە ناو کۆڵانێکی تەنگەبەری واشەوە کە بۆ چەند سانییەیەک لێیان ئاوا ببین، بە حەمەم گوت، تا دیار نین با خۆمان بە ماڵیکدا بکەین، گوتی نانا رابکە، دەمانگرن، گوتم کەواتە تۆ بڕۆ بەڵام ئیسماعیل کە هەر بۆ بەرگری  لە ئێمە هاتە ناو کێشەکەوە، گیراو بە لێدان بەرەو حەپسخانەی چوارتا بردبوویان..ئیتر خۆم کرد بە ماڵێکدا. ژنێک بەرزە پێ هەستاو بەترسێکی زۆرەوە لەم دەمانچە بەدەستە، گوتی:
- بیکە بۆ خاتری خوا ماڵم وێران مەکە و بڕۆ.
• گوتم: هیچ چارم نییە، قسەی زیاتریش مەکە، ئێرە جێگەمە تا دنیا تاریک دەبێت، ئەوسا دەڕۆم..... . 
ئیستا ئەم وێنانەی کاک مەحموود کە زۆر ڕاستگۆیانە گواستوونێتیەوە، بێنە بەر چاو و زەینی خۆت، ئەو گەڕەکانەی ئەو باسیان دەکات، بە زۆری گەڕەکە هەژار نشین و قەرەباڵغەکانی شاری سلێمانین، لەناکاو ببێتە تەقە و کۆمەڵێک بە دەمانچەوە شوین یەک بکەون و ببێتە شەڕی بەرانبەر و شەلم کوێرم تەقە لەیەکتر بکەن، ئایا ئەمە فیلمێکی کاوبۆیی بووە، یا خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەیەک؟! . لە پڕ هەڵکوتیتە سەر ماڵێک و بەدەمانچەوە ژنێک دەمکووت بکەیت، ئەم دیمەنە و ئەم حاڵەتە چ خورپەیەک دەخاتە ناو هەناوی ژنێکی کوردی تەنیاوە، کەسێک بە دەمانچەی ڕووتەوە لەبەر دەمیدا و لەناو ماڵی خۆیدا سەوز ببێت؟! چ کاریگەرییەکی دەروونی دروست دەکات و تا ژیانی ئەو ژنە مابێت، ئەم کارەساتە، تووشی چ گرفتارییەکی دەروونی ناکات؟!.
ئەم قۆناغە کە (جەلالی و مەلایی)، بە تایبەتی شاری سلێمانیان کردبووە شانۆی یەکلاکەرەوەی خواستەکانی دەروونی سەرکردەیەتییەکانیان و بە کوڕانی هەژاری ئەم شارە جێبەجێیان دەکردن، کە لە سلێمانی بە ( قڵیشانەوە- باسم کردووە) ناسرابوو، بە سەدان خەڵکی ناو بازاڕ و منداڵ و ژنی کردە قوربانی و سەرەتای ئەو کلتوورە قێزوونەی سەرکردەیەتی ( جەلالی و مەلایی) بوو کە تا هات خوێناویتر و بە ئازارتر بوون و کێشای بۆ هەموو نەهامەتییەکانی حەفتا ساڵ یارکردن بە بوون، چارەنووس و ژیانی ئەو بەشە لە باشووری نیشتماندا....  
ئەوەی دەسەڵاتی بووە و بە ئێلیتی سیاسی کورد ناسراوە، کە خۆیان لە سەرانی حیزبەکاندا دەبیننەوە، ھەر لەسەرەتاوە، لەسەر ناکۆکی و ڕق لەویتر دروست بوون و کوڕان و کچان و لە سالەکانی دویشدا لە زۆر حاڵەتدا 
بە ھەزاران خێزانی کوردیان کردە قوربانی خۆیان و مەرام و سیاسەتی چەوتییان ( ھەڵەبجە و ئەنفالەکان).
ھەموو شتێک لە شێوە و ناوەرۆکی خۆی، بەرھەم دێنێتەوە، بۆیە ئەوان پەرتەوازەیی و ناکۆکی و ڕقیان بەرھەمھێنایەوە، کلتووری ئێلیتی سیاسی کورد لە باشوور و ڕۆژھەڵاتیدا، بە کەڵکی چارەسەری گرفتی نەتەوەکە نەھاتووە/ نایەت. 
مانەوەیان گرفتاری گەورەتر و کڵۆڵی زیاتر بەرھەم دێنێن. دەبێت ئەو بەشە بندەستانە خاڵی کۆتایی بۆ ئەم شانۆگەری خوێنە دا بنێن.
زۆر گرنگە خەڵک خۆی لەو کلتوورانە بەتاڵ بکاتەوە، ئێلیتی سیاسی بارێکی گران و پەیوەندییە گوماناوییەکانیان، نەخۆشییەکی دڕێژخایەن و بیری لاوەکان گومڕا دەکات، خۆ خەریک کردن بەوانەوە، بۆ نموونە گوێگرتن لێیان،هەڵبژاردنیان و نزیککەوتنەوە لەوان،  جگە لە پەرتەوازەیی و ناکۆکی و ڕقی زیاتر و گومان، ھیچی لێ سەوز نابێت بۆ نەتەوەکە.
ئەوان نە زانیارن**، نە بیروبڕوا و نە فکرن، نە پەیامێکی نەتەوەین و نەیش ڕێگایەک بۆ کارکردن.
بەڵکو ئاژاوە و پشێویی و سەرچاوەی گومڕایی و ڕق وگومان دروستکردنن، دوور بوون لەوان، 
ئازاد بوون و سەرفرازییە.
...................

سەرنج/ 

*مەبەستی ١٧/٠٧/ ١٩٦٤ کە مستەفا بەرزانی لەگەڵ عەبدولسەلام، بێ هیچ دەسکەوتێک ڕێکەوتنی کرد.
** وشەی (زانیار) وەک (پرسیار) بریتییە لە (تجرید) بە واتای (معرفة) نەک ناوی کارا بە واتای زانا.
    مامۆستا مەسعوود محەمەد.
من بۆیە هەمیشە، باشوور لەگەڵ ڕۆژهەڵات باس دەکەم، چوونکە دڵنیام، سیاسەتی چەوتی سەرکردەیەتی ( جەلالی و مەلایی) کاریگەریی زۆر نایەتییان ( نەرێنی)، لە سەر بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ڕۆژهەڵات بووە و چەواشەیان کرد و تاوانی نەتەوەیی گەورەیان بەرانبەر بەو بەشە بندەستە لە ڕۆژهەڵات ئەنجام داوە، بەتایبەتی ماڵباتی بەرزانی، خوێنی زۆر تێکۆشەریان ڕشتن و پێشەوایەتی زۆر جەنگی خوێناویان کرد بۆسەر ئەو بەشە داگیرکراوە و لە نووسینەوەی مێژووکەیاندا، درۆ و هەڵبەستراوی بێ بنەمایان لکان بە تێکۆشەرانی ئەو بەشەوە، نموونە زۆرن و شەهید سلێمانی موعینی و هاوەڵەکانی دەستپێک بوون و بەردەوامییەکەشی، بوونە کەوا سووری بەر لەشکری ئاخوندەکان بوو بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی نیشتمان.