مەسعوود پیاوێک، ڕۆشنبیرێک لە بیر و وشە و هەڵوێست و بوێری!، شۆرەسوارێکی نەگلاوی مەیدانی فیکر و فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی و زمانەوانی، فەیلەسووف و بیرمەندێکی هەقویست و ڕاستی پەرستی مرۆڤ ویست و ئارەزوومەندی بەدەستهێنانی بەختەوەری ڕاستەقینە بۆ مرۆڤایەتی. ئەقڵێکە خوێندنەوەیەکی مێژوویی دەکات بۆ ڕۆڵی گرنگ و باڵا دەستی یەکلاکەرەوەی مرۆڤ لە ڕووداوەکانی سەر شانۆی ژیاندا بەسەر سرووشت دا. وەک دەزانین ئەم لایەنەی ژیانیش بۆ خۆی، هەستیارترین و قورسترین و پێچەڵپێچترین بواری تێڕامان و فیکر و سیاسەتە و دیدگایەکە لە ڕامان و تێڕامان بە تایبەتمەندی و پرنسیپی سەربەخۆی خۆیەوە.
وەک بیرمەندێ سەرەتا لە چوارچێوەی حیزبەوە ـ پارتی دیموکراتی کوردستان ـ ، دەچێتە سەرشانۆی سیاسەت، هەر زوو ناکۆکی و نەگونجانی لەگەڵ ئاڕاستە و بیرکردنەوەی حیزبەکەیدا بەدیار دەکەوێ و ڕێک ناکەون و لە حیزب خۆی دەکشێنێتەوە. دەبێت دۆست و نەیارانی مەسعوود محەمەد هەر لەم پنتەوە ئەوە بزانین، ئەگەر ناوبراو بە دووی بەرژەوەندی و ناوی خۆیەوە بوایە، دەیتوانی حیزب دامەزرێنێ و جەماوەریش لەخۆی کۆبکاتەوە. بەڵام ئەوە ناکات، چونکە تێڕوانینی ئەو بۆ پرسی نەتەوەکەی شتێکی ترە و باوەڕی بە یەک هێزیی کورد هەبووە، بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە پیرۆزە گەورەکە. لەمەش گرنگتر مەیلی بەلای ئەو مۆدێلی حیزبایەتییەدا نەچووە، کە کرۆکی توندوتیژی بووە و بە خوێنی خەڵک بەڕێوە چووە. ئەم خەسڵەتەشی دەگەڕێتەوە بۆ قوڵایی ئەو پرسە نەتەوەیی و فیکرییانەی تانوپۆی کرۆک و گەوهەری مەسعوود محەمەدیان چنیووە.
بەڵێ، کاتێ وازی لە حیزب هێناوە وەک بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و هۆشیارییەکی سیاسی و سەلماندنی بێگەردی بێنیازی خۆی بۆ خزمەتکردن، ڕازی نەبووە حیزبی دیکە دامەزرێنێ و حیزب کەرت بکات و ریز و وزەی نەتەوەکەی تێک و لاواز بکات. ئەمەش بە پێوەری ئەورۆژگارە و هی ئەمڕۆش بە چاوێکی پڕ بەنرخەوە هەڵدەسەنگێندرێت. ئەم هەڵوێستە هۆکارێکی خودیشی هەیە و پەیوەستە بە قەناعەتی فکری و جیهانیی خۆیەوە کاتێ دەڵێ: من خۆم دەناسم بەرپرس بوونی شتی گەورەم پێ هەڵناگیرێ چونکە ناتوانم خەڵق بۆ ئاستەنگان هەڵدێرم کە دەزانین سیاسەتی ئەم جیهانەی سێیەمە نزیکە بریتی بێ لە خەڵق بە فەنادان،دەنا هیچ ئامانجێک لەوانە نابێت بەرو پێک هاتن بێت. ل٣٥٥...
دوای ئەم کورتەیە چوونە نێو جیهانی فراوانی کەسایەتی مەسعوود محەمەدەوە.. ئینجا ئێمە هەوڵ دەدەین لە بەرەوە سواڵە و مەڵۆ لە خەرمانی ژیان و ئەزموون و گەشتەکەی نووسەر و بیرەوەریی و بۆچوونەکانی پێشکەش بە ئێوە بکەین.
دەڵێن: " کەسێک دەستی لە گیرفانیدا بێت، ناتوانێ بەسەر پەیژەدا سەرکەوێ ". جا بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لێرەدا بێ گرفت سەرکەوین، ئەوا ئێمە دەستمان دەردەهێنین و بۆ چڵەپوشێکیشی درێژ دەکەین، تاوەکو دەگەینە لوتکە و لەم گەشتەدا خوێنەر بە بیر و بەرهەمەکانی مەسعوود محەمەد ئاشنا دەکەین..
کتێبێکی 514 لاپەڕەیی بەخۆڕایی ڕەش نەکراوەتەوە و مەسعوودیش لەبەرئەوەی کەسایەتییەکی هەڵکەوتوو بووە، ژیانی لە بۆشاییدا بەسەر نەبردووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە نزیکەوە و زۆر نزیکەوە ئاگاداری بەشێکی گرنگی مێژووی ڕووداوەکانە لەسەر ئاستی بەرز. پێگەی فکری مەسعوود هێندە بەرز و گرنگ بووە، لات سەیر نەبێت کەوا هیچ وتار و کتێبێکی نییە، ورووژان و هەرای بەدوای خۆیدا نەهێنابێت. بەداخەوە لە دەگمەن دەگمەنتر وەڵامی بابەتی و ئاوەزمەندانەیان داوەتەوە یان لەگەڵیدا بە نووسین و دیالۆگ کەوتوونەتە ململانێی فیکر و باوەڕەوە.. مەگەر هەر لە دوورەوە بەردەفڕکێی بەرامبەر کرابێ!!.. یان بە ناوی خوازراوەوە، تۆمەت و بوختانی بۆ داتاشرا بێت !!. خۆ ئەگەر وانەبوایە و بەو میتۆد و ترادیسیۆنە کارمان بکردایە، کە پێویست بوو کار بکرایە، وا هەنووکە هەم بەرهەمگەلێکی تریشی پێشکەش دەکردین و هەمیش زەمینەی کوولتورێکی شارستانی و تەندروستمان لەبەردەست دەبوو، کە بتوانین بیکەینە گۆڕەپانی تاودانی بیروڕا جۆراوجۆرەکان و ژینگەی ئازادانەی دەربڕینیان و سەکۆیەکی مەحکمە ئاڵوگۆڕ و گەنگەشەی پرسە چارەنووسسازەکان. فێردەبووین گوێی لە یەکتر بگرین و بیروڕای جیاوازیش ڕێگە پێ بدەین، پێشبڕکێکیەکی تەندروستنمایشت بکەین.
نووسەر وەک بیرمەندێک قورسایی خۆیی و قەڵەم و دەنگ و زمانی چڕ و ئامادەگی بە چەندین بەرهەم لە کایەی ڕۆشنبیریی کوردیدا هەیە و کتێبخانەی کوردی بە بەرهەمی شاکار و تاقانە ڕازاندۆتەوە. ئەوەی جێی بایەخە ئەوەیە تێکڕای ئەو باسانە بە جۆرێک لە جۆرەکان سوود و پەند و وانەیەکی تێدایە بۆ لێوەفێربوون و چێژ لێ وەرگرتن.
مەسعوود محەمەد کوڕی بنەماڵەیەکی دیار و ھەڵکەوتووی خاوەن پێگەی فێرگە و پەروەردە و ئایین و زانست و زانیارە، ناوبانگیان سەرتاسەری کوردستانی گەورەی تێپەڕاندووە. ھاوکات پێگەی ئەدەب و ڕۆشنبیریی . لەدەرەوەی ئەمانەشەوە مەسعوود محەمەد بۆخۆی زوو دەبێتە کەسایەتییەکی دیار و ھەڵکەوتووی واقعی کتومت کوردی، کوڕی باژێڕێک هەم سیما شارستانێتی پێوە دیارە و هەم گوندیی. مەسعوود پەروەردە و قاڵبووی دەستی هەردووکیانە. بە شێوازێکی دەرەوەی بارە تەقلیدییەکەی باو و باپیرانی..
مامۆستا مەسعوود بە دیدی خۆی هۆکاری ئەم بێ سەروبەرەییە، دەگێڕێتەوە بۆ : " بە پێی باوەڕی من بەرەی چەپ و پێشکەوتنخواز لەو دروشمانەی هەڵی دەگرت و ئەو هەنگاوانەی دەیهاویشت و ئەو تێکهاویشتنە ناوەکییەی دەینایەوە،یەک داوی پێوەندیی بە واقیع و بەرژەوەند و پلەی خەبات و قۆناخی مێژووییەوە نەبوو. دەروێشییەکی ئایدۆلۆجی گیان و مێشکی ئەو خەباتکەرانەی وەها داگیر کرد بوو سەد خۆزیم بە دەروێشایەتیی قاپیی گەیلانی، خۆ هەر نەبێ گوێت لە دەفەزەنییەک دەبێت. خەیاڵاتی بەتاڵ و بێبنەما لەسەر هەندێ ڕایەڵەی چەپایەتی تەنافبازیی بە هەواوە دەکرد کە ئەگەر جیهانی تەسلیم کرابایە نەیدەزانی شێلم چۆن دەچێنرێت و کەنگێ مەڕ دەدۆشرێت. لەوە بگەڕێ کە هیچ ئاگای لە واقیعی ژیان و گوزەران و بەرهەم و ئەو حەق و حیسابانە نەبوو. تەنانەت نەیتوانی لەگەڵ خۆی برادەر بێت.. لەسەر کاغەز دوژمن دیاری دەکرا،لە کووچە و بازاڕ و دەمی چالاکی یەخەگیری یەکتر دەبوون.. چەند وردە حیزب،کە هیچ جوداوازییەکی ئەوتۆ لە بیروڕایاندا نەبوو(...) ڕاستییەکەی باری کۆمەڵایەتی لەوەدا نەبوو(جەماوەر) بزانێت حیزبایەتی لە کوێوە بە پێویستی چاکە و گوزەرانی گشتی لە قەڵەم دەدرێت.. جەماوەر نەیدەزانی ڕۆژنامە بخوێنێتەوە،لە دەشت و دەر خوێندنەوە لەدایک نەبووبوو، کەچی خەباتگێڕەکان لە بریکاری / وەکالة ئەو جەماوەرە یەخەگیری یەکدی دەبوون بەناوی حیزبایەتی".ل٢٥٢
زستانی 1946-1947 دەبێتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان و قبوڵی دەکات و ناوی نهێنی " هوشیار" ی پێ دەدرێ. ئەمەش وەرچەرخانێکی گرنگ دروست دەکات، لە مەیدانی چالاکی و ئەزموونداری ژیانی فکرییەوە. مەسعوود محەمەد لەنێوان ساڵانی 1945-1952 دا بۆ ماوەی 7ساڵ دەچێتە خەڵوەتخانەی خوێندنەوە و فێربوون و بیرکردنەوە و تێڕامان وخۆ دروستکەردنو پێگەیاندن. وەک بڵێی سرووشی بۆ بێت.. لەو ماوەیەدا دوای قوڵبوونەوە و لێکدانەوەی زۆری بابەتە فکری و فەلسەفییەکان، تێڕوانین بۆ ژیان و پێگە و بایەخ و ڕۆڵی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارە و ناو ئەم گەردوونەدا، بەردی بناغەی ئەو کۆشکە فکرییە دەدەڕێژێ کە پاشان بە درێژایی تەمەنی فکری خەریکی هەڵچنینی بوو. لەم ڕووەوە دەڵێ: " حەفت زستانی سەخت نێوان ١٩٤٥ـ١٩٥٢ بۆ من بووە قاڵبێکی کە بنیادەمی تێدا دادەڕشترێت: بنەمای بیروڕا و قەناعەتی دواڕۆژم بەرانبەر زۆرینەی پرسیارە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ وڕووژێن لە شەوانی ئەو زساتانەدا گەڵاڵە کران هێندێکیشیان یەکجارەکی بنیات نران وەک کە بە عەرەبی نووسیبووم":
١ـ لیس قصاری العقل ان یتمتع عن تفسیر الاشیاء التی لا یفهمها ولکنە یفسرها تفسیرات خاطئە.
٢ـ یفعل الانسان ما یعتقد انە مصلحە مادیە او معنویە وقد تکون مهلکە فی حقیقتها.
٣ـ العقل عامل التطور التاریخی ولاجتماعی..ولیس الحاجە المادیە والا کانی الحیوانات کلها تتطور کالانسان لانها جمیعا تشابە الانسان من حاجاتە المادیە الاساسیە مثل الجنس ولاکل و لحمایە...