وانەکانی ڕێگای تێکۆشانمان

Sunday, 03/04/2022, 12:27

7263 بینراوە


وانەی دووەم: سەرکردەی خێڵ لە قاڵبی سەرکردەی حیزبدا

کۆمەڵگای کوردیش وەک هەموو کۆمەڵگەکانی تر، لە خیزان و خزم و هۆز پێکهاتووە، کە بە زۆر داو پێکەوە گرێدراون، تاک خۆی لەناو خیزاندا و خیزانیش خۆی لەناو هۆزدا بینیوەتەوە، کۆمەڵگای کوردی زۆر جارانیش شوێنی نیشتە بوونیان، بۆیان بۆتە یەکەیەکی پێکەوە گرێدراو و کۆمەڵێک خەڵک هەستیان کردووە کە سەر بەو ناوچەیەن.
درێژەکێشانی ئەم سەر بەهۆز بوونە بۆ کورد گرفتاریی زۆری دروست کرد و بەربەستێکی مەزن بوو لەوەدا کە تاکی کورد هەست بەوە بکات سەر (بە نەتەوەیەکە نەک هۆز و عەشیرەت و خێڵێک)، تەنانەت خێڵ هێندە بەهێز بووە کە توانیویەتی نەتەوەکە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە و بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی بەکاری بێنێ و تەنانەت بە کوشتی بدا و بیکاتە قوربانیی مەرامەکانی خۆی.
لەگەڵ گەشەکردنی مرۆڤدا و شارستانەتییەکەی گۆڕانکاری گەورە لە پێکهاتەی کۆمەڵگاکاندا ڕوویان دا و بەڕێوەبەرایەتی و فۆرمی نوێ بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هاتنە گۆڕێ کە زیاتر تاکەکانی کۆمەڵگایان بەستەوە بە نەتەوەوە و چەندین سمبۆلیان کردە مایەی شانازیی ئەم گرێدانە، شوێنەوارە کۆنەکان بوونە هێمایەک بۆ مێژوویەک کە هێدی هێدی دەنووسرایەوە و زۆرجاران، لە مێژووی گەلانی تریشیان دەقرتان و وەک خۆی یا بە سیما و بەرگێکی ترەوە لە قۆناغێکی مێژووەکەی خۆیاندا دەیان گونجاند، بۆ نموونە نووسینەوە مێژووییەکانی( فارس، تورک و عەرەب).
لە ناو کورددا ئەو دەسەڵاتە بەهێزەی خێڵ و لە ناویدا سەرەک خێڵ هەی بوو، لە زۆر حاڵەتدا وەک خۆیی و بە خڕیی گوێزرایەوە بۆ ناو ئەو پێکهاتە نوێیانەی دوای جەنگی جیهانی لە فۆڕمی حیزبی سیاسیدا لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە دیاری کراوی لە سەردەمی پەڕگرتنی بیروڕای چەپدا، دروست بوون.
ئەم حیزبانە لەسەر بنەمانی پێکهاتەی خێل دروست بوون، بۆیە خەسڵەتەکانی خێڵیان گواستەوە و بەرگێکی نوییان لەبەرکرد، ئەمجارە بەناوی نەتەوە و نیشتمانەوە، سەرۆکی خێڵ بووەوە بە سەرۆکی 
(حیزب) و سیستەمی میراتگریی فەرمانڕانیی لە باوکەوە بۆ کوڕ داڕیژرا و درێژەی پێدرا و ئەو ئیمتیازانەی حیزب بە کۆنە سەرۆک خێڵ و تازە سەرۆک حیزبی دا، زۆر لەوانە زیاتر بوون کە خێل و کلتووری خێڵ پێی دابوو.
گواستنەوەی کلتووری خێڵ ( کە تێیدا ڕیش سپی دادوەر بێت) لەگەڵ ئەوەدا کە زۆریش ڕوویداوە، ڕیش سپیانی بە ویژدان و هۆشمەند ئاگری فیتنەی گەورەیان کوژاندۆتەوە، بەڵام ناتوانێت لە هەموو هەل و مەرج و قۆناغێکی کۆمەڵدا چارەسەرێکی گشتی بێت و جێگای یاسا بگرێتەوە، چوونکە یاساکان تایبەتن و مەرجی بنەڕەتییان ئەوەیە هەموو کەس یەکسانە بەرانبەر بەیاسا، کە ئەمە خەسڵەتی بنەڕەتی یاسا شارستانییەکانی ئەمڕۆن، بۆیە پێویستیان بە دەزگای جێبەجێکار هەیە کە دەزگای پۆلیسە، واتە تاک، گشت، حوکومەت و ڕێکخراوەکان، قازی و دادوەر، پاریزەر، وەزیر و گزیر، باش و خراو پلەدار و بێ پلە، کاردار و بێکار، ژن و پیاو.....ناشرین و جوان....هتد، لەبەردەم یاسادا تاوانەکەیان بەبەڵگەوە بەسەردا ساغ دەبێتەوە و بڕیاری دادگا دەبێت جێبەجێبەجی بکرێت، لێبووردن لە جێبەجێکردنی یاسادا شکاندنی شکۆی یاسا و بێ یاساییە، کە لێپرسینەوەی قورسی لەسەرە. 
گواستنەوەی ئەم کلتووری باوکی ڕۆحی، براگەورە ومەرجەعە بۆ ناو ڕێکخستنە حیزبییەکان، کە تێیدا فڵای کوڕی فڵان دەبێتە خاوەنی حیزب و قسەیان دەبێتە یاسا و شمشێریان مل دەپەڕێنی و دەرگای خەزێنەی وڵاتیان بۆ واڵا دەبێت، ڕێکخستنە حیزبییەکانی لە کوردستان کردە ناوەندی برەودان بە ڕق و قین، دوژمنی یەکتر، ڕژدبردن، پارەپەرستی، خۆپەرستی، تۆڕی سیخوڕیی و بڵاوکردنەوەی گیانی چاودێری و سیخوڕی کردن بەسەر بیر و بیرکردنەوەی ئەندامەکانیی و لە کۆتایشدا پەروەردەکردنی ئەندامەکانی کە خوێنی کەسی بەرانبەریان وەک کورد دەڵی: ئاو خواردنەوە بێت لایان.
یەکێک لە ئاکامەکانی بیرکردنەوەی خێڵگەرایی ئاسانکردنی خیانەت بووە لە نەتەوەکە، واتە: بوونە کەواسووری بەر لەشکری یەکێک یان چەند دانە لە هێزەکانی داگیرکەر و دوژمنی دێرینەی کورد.
بۆیە لە زۆر حاڵەتی شەڕی چەکداری کورددا، دەبینین کە سەرکردەیەتی حیزبەکان، بێ سڵکردنەوە لە بەرژەوەندی نەتەوەکە، هێزەکانی خۆیان پێش لەشکری دوژمن خستووە بۆ پاککردنەوەی( بەقەوڵی دوژمنانی کورد) بەشێکی نیشتمانی کورد، لە ئازادیخواز و مرۆڤە تێکۆشەرە کوردستانییەکان و ئەنجامدانی قەتڵعامی بە ئەنقەستی بەشێک لە نەتەوەکە جا خەڵکی شار و گوندەکانی کوردستان بووبێتن، یا ژمارەیەک لە هێزەکوردییەکەی نەیاریان!!.
لەم سی و یەک ساڵەی دەسەڵاتیشیاندا، نۆکەریی و وابەستەیی بوونی خۆیان بە دەزگا سیخوڕیی ولەشکرەکانی دوژمنی دێرینەی کوردەوە بردە لوتکە و باشووری نیشتمانیان کردە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی دوژمنانی کورد و ئابووری نەتەوەکەیان کردە پاشکۆی ئابووری داگیرکەرانی کوردستان و بە ناوی پەیوەندی دبلۆماسییەوە بەشێکی گەورە لە نیشتمانی کوردیان لە باشووردا بە قەواڵەی پەنجاساڵەیی و سەت ساڵەیی بە دوژمنان فرۆشت و ئیمتیازەکەیان دا بە لە شکری داگیرکەران، لە پێناو دەوڵەمەندکردنی خێزانی سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب و ڕاگرتنی دەسەڵاتە ڕزیوەکەیاندا.
بۆیە ئێستا زۆر زاراوەی نوێ هاتۆتە ناو زمانی لێدوانی سیاسی باشوورەوە، کە داهێنانی خەڵکانێکن لە بنەوەی هەرەمی دەسەڵاتەوە بۆ پەیداکردنی قوتی ڕۆژێکیان، زۆر جاران بەر شەق و سووکایەتی پێکردن و تەنانەت کوشتن دەبنەوە لەلایەن دەزگای شڕەخۆری دەسەڵاتەوە، لە وانە پێناسەی حیزب بەمجۆرانە دەکەن:
دزیی و جەتەیی.
مافیاکان
چەتەکانی سەری ڕەش و دەباشان
گەندەڵەکان
کۆمپانی حیزب
دوکانی سیاسی
چایخانەی پەرلەمان
حکومەتی هەرمێ
شەرواڵ پیسەکان
خیانەتمەندەکان
تۆڕی بڵاوکردنەوەی ماددەهۆشبەرەکان
قاچاغچی نەوت
بکوژانی قەڵەمە شەریفەکان
کەواسووری بەرلەشکری داگیرکەران
ڕێوی دەرەوە و شێری ماڵەوە
حوکومەتی چی؟! 
لەسەر پارە و کورسی شەڕیانە، بە ئێمە چی؟!
حوکومەتی پەڕۆ و....هەزار و یەک پێناسەی تری خەڵک بۆ دەسەڵاتێک، کە ڕۆژگارێک بۆ ئازادی هەر ئەو خەڵکە گیان و خوێنی دەبەخشی.
ژیوان بوونەوەی خەڵکی شەرافەتمەند و ئازادیخوازیی بەشێک لە نیشتمانی کورد، نەفرەت نییە لە نەتەوە و نیشتمان و دەسەڵاتی کوردی، بەڵکو نەفرەتە لەو دەسەڵاتە حیزبییە، خێڵەکییە، نەزان و خیانەتمەندە، کە جارێکی تر و بۆ دەیەمین جار فرسەتی ئازادبوون و ڕزگاری بەشێک لە نەتەوەکەی دیسان کردەوە قووربانی، بیری تەسکی سەرکردەیەتی خێڵ و ئامانجە گەورەکەی خەڵک کە ئازادبوون و بوونە قەڵایەک بوو بۆ پشتیوانی تێکۆشانە کوردستانییەکە لە سێ بەشەکەی تردا، کردە وابەستەیی دوژمنان و خاکەکەی هەڕاج کرد و ئابوورییەکەی وێران کرد و کۆمەڵگاکەی شیواند و دەستی سوورکرد بە خوێنی براو خوشکەکانی کوردی بەشەکانی تریی.
بۆیە لەم سات و کاتە زۆر هەستیار و چارەنووس سازەدا، هەوڵدان بۆ دروستکردنی تاقم و دەستە، حیزب و گروپی سیاسی چەکدار، هەوڵدانێکی نەزۆک و دوژمنکارانەیە بەرانبەر بە مەسەلە ڕەواکەمان، دابەشکردنەوەی ئەو بەشەیە لە نەتەوەکە بەسەر دەستە و تاقمی نوێدا، واتە بەفیڕۆدانی زیاتری توانا و ژێریی و کاتە بەنرخەکانی تاکی کوردە، چوونکە لەمڕۆدا و لەسەر ئەو زەمینە چڵکن و پیس و قڕێژەی سەری ڕەش و دەباشان و دەستە ئیسلامییەکان دروستیان کردووە، تەقینەوە و پێکهەڵپژانی دەستەو تاقمی نوێ، چ بە فیتی سەری ڕەش و دەباشان بێت، یا بە فیتی دەزگا سیخوڕیەکانی ناو هەرێم، گەلێک سانا و ئەگەری یەکەم دەبێت، کە کلتووری سەرکردەیی حەفتا ساڵەی حیزبە داڕزاوەکان درێژە پێدەدات و لە مردن ڕزگاریان دەکات، ئەوان کار بۆ ئەوە دەکەن، کە ناکۆکییەکان بەردەوام بێت و درزەکە مەزنتر بکەن و زەمینەی ( یەکێتی نەتەوەیی گەل و نەتەوەکە) بڕمێنن و لە ناوبەرن، بۆیە هەرساتە، گرفتارییەکی نوێ دروست دەکەن و بە پڕوپاگەندەیەکی  دەسکردی خۆیان یا دەزگا هەواڵگرییەکانی دۆستیان، دەیانەوێت ئەو داوەی یەکبوون و نزیکبوونەوەی نەتەوەکە لەیەک، بپسێنن.
بەرژەوەندی ئێستای کورد لە بنی هەرەمی سەرکردەیەتی خێڵ – حیزبەوە، ئەوەیە: کە بیروهۆشیان لە کلتووری سەرکردەیەتی ئەو خێڵ – حیزبانە پاک بکەنەوە و مەودای پەیوەندی خۆیان بەوانەوە، زیاتر و زیاتر بکەن و لە وابەستەیی ئەوان خۆ قوتار بکەن. بەرژەوەندی گشتی بخەنە بەر لە بەرژەوەندی خۆیانەوە و هەوڵ بدەن خۆیان لە ناو بەرژەوەندیە گشتییە نەتەوەییەکدا ڕێک بخەن و گوێ بۆ چیرۆک و مەتەڵی سیاسی و قسەی سۆزداری کەناڵ و مینبەرەکانیان نەگرن، کاتی خۆیان لا بەنرخ بێت و لە بینینە گشتی و کۆبوونەوە گەلییەکاندا سەرفی بکەن. 
ئەو نەهامەتییەی بەهەر هۆیەکەوە ئەمڕۆ داوێنگیری هاوسێکەت بووە، سبەی داوێنی منداڵەکانی تۆش دەگرێت، کەواتە بەرەنگار بوونەوەی هەر خوارییەک و هەر ستەمێک، ئەرکی هەموومانە و لەئەستۆی کووردبوونی هەمووماندایە.
چارەنووسی خێزانەکانی ئێمە لە هیچ خاڵێکیدا لەگەڵ چارەنووس و بەرژەوەندی خێزان و منداڵانی سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبەکان یەکناگرنەوە، مەگەر لەوەدا کە ئەوان ئێمە بکە بەردەبازی پەڕینەوەی خێزانی خۆیان و پەیژەی سەرکەوتنی کوڕ و کچیان بۆ سەر لوتکەی هەرەمەکەی دەسەڵات، کە دەنگدان پێیان لە ژێر هەر ناوێکدا بەتایبەت، پاراستنی ئاسایشی هەرێم، خۆ گێلکردن و خۆ تەفرەدان و دەچێتە قاڵبی نەزانین و تەنانەت هاوبەشی کردنی تاوانە نەتەوەیەکانی ئەوانەوە.
نیشتمان، موڵکی ئێمەیە و ئەوان دەیفرۆشن، نەتەوەکە ئێمە پێکی دێنین و ئەوان دابەشی دەکەن و باشترین ڕۆڵەکانمان دەکوژن. ئێمە قەڵایەکی بەرگریی بووین/ هەین ئەوان لە ناوسکی ئەسپەکانیی تەرەوادەوە، دەبنە ڕێنمای لەشکری دوژمنانمان بۆسەر قەڵای بەرگری نەتەوەییمان.
ئەو کارە خوار و ئەو تاوانە نەتەوەییانەی دەرهەق بە نەتەوەکەی ئێمەیان کردووە، مافی ئەوە بە نەتەوەکەمان دەدات، خەباتی کوردستانی خۆی پتەوتر و تێکۆشانی نەتەوەیی خۆی فراوانتر و دامەزراندنی (داداگای گەل) یی خۆی خێراتر و سووربوون لەسەر ئازادبوونی لە جلخوار و بنیاتنانەوەی نیشتمانی خۆی خوردتر بکات. لە ڕێگای دەستە گەلیی و ئەنجوومەنە ناوچەییکانییەوە کە لە خەڵکەوەن و بۆ خەڵکن، خۆی بەڕێوە بەرێت و دەزگای چاودێری خەڵک و فریاگوزاریی گشتی دابمەزرێنێت و بەرهەمی وڵاتی خۆی خۆی بیخوات و بۆ ئاوەدانی و ئازادی نیشتمانی خۆی بەکاریان بێنێ، لە ئێستاوە گرێبەستە خیانەتکارانەکانیان هەڵبوەشێنیتەوە و ئاکامەکانی بخاتە ئەستۆی سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبەکان و بە ئاشکرا بێبەریبوونی نەتەوە لەو گرێبەستانە 
ڕا بگەێنێت. 
هەموو کارێکی خۆبەخشیانە لە پێناو سوودی گشتدا فێرببێت و بیرو هۆشی خۆی بە مەسەلەی ئازادی خۆیەوە خەریک بکات، نەک بەو هەواڵ و پڕوپاگەندانەی شەڕێکی دەروونییە و سەرکردەیەتی خێڵ- حیزب و دەزگا هەواڵگرییەکانی دۆستی سەرکردەیەتییەکان لەگەڵی دەکەن و مەبەست گومڕاکردنێتی.
بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت: " مرۆ بە ئازادی هەڵە بکات بەشەرەفترە لەوەی بکرێتە عەبدی سوخرەکێشی حەقیقەت، لە هەموو حاڵانیشدا مەرجی ئەساسی ئەوەیە کەس هەڵە و ڕاستی خۆی نەکاتە کۆت و زنجیری گەردن و دەروونی کەس".
کەواتە تۆ کار بۆ نەتەوەکەت بکەیت و هەڵە بکەیت شەرافەتمەندانەترە لەوەی بکەویتە ناو وەهمێکەوە، کە سەرکردەیەتی خێڵ- حیزب، لە تۆی کردبێتە حەقیقەتێکی حەفتا ساڵەیی و بە هەزاران گرێی گەورەو بچووکی لە دروونتدا دروستکردووە.
لەناو نەتەوەکەدا، سەرت بەرز و توانات گەشاوە و هێزی گەل پشتیوانتە و بەرژەوەندی گشت دەتپارێزێ، لەناو خێڵ- حیزبدا، دەستەمۆ و ملکەچ و بێ پشتیوان و بەرژەوەندی سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب دەپارێزی و کاتێ کە کەڵکی پاراستنیشت نەما و لاواز بوویت، سەرکردەیەتی 
خێڵ-حیزب، وەک پارچەکاغەزێکی بێ کەڵک، تاوانێکت لەسەر دەنووسێ و شکۆی مرۆڤ بوون و کوردبوونت لەکەدار دەکات و بە فەرامۆشیت دەسپێرێ. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە