هەر لە نێو ئەم سیستمەدا، کە ماف و ئەرکی هاوڵاتی و حکومەت دیاری کراوە، ئەرکی حکومەتە خزمەتگوزاری تەندروستی و کۆمەڵایەتیش بۆ هەمووان دابین بکات، جا بە خۆڕایی بێت یان نیمچە خۆڕایی.
لێرە بە دواوە ئەرکی خەڵکیشە هەرچی ئەنجام ئەدەن و پەیدا دەکەن، حکومەتی لێ ئاگادار بکەنەوە و بە پێی یاسا و ڕێنماییەکان ئەنجامی بدەن و باجی خۆشیان بە حکومەت بدەن.
لە وەها سیستمێکدا کەس بۆی نیە بە ماتۆڕسکل یان عەرەبانە کۆڵانە و کۆڵان یان لە سەر شۆستە و قەراخ جادەکان، شت و مەک و خواردەمەنی بە ئارەزووی خۆی و بە دەر لە یاسا و ڕێنماییە تەندروستییەکان و بە بێ مۆڵەت بفرۆشێت.
لەم وڵاتانەدا ئەوانە بە جۆرێک لە جۆرەکان وەکو دەستگێر یان عەربانەگێڕ یاخود بە ئۆتومبیلی تایبەت لە گۆڕەپان و شوێنە گشتییە تەرخانکراوەکاندا کاری فرۆشتنی خۆراک و شت و مەک ئەکەن، مۆڵەتیان هەیە و لە ژێر چاودێری تەندروستیدان و باجی خۆشیان دەدەن. واتا بە فەرمی، ئەوانە خاوەن ئەو پیشەو کارانەن. دواجاریش لە پاداشتی ئەوەی بە پێی ڕێنماییەکان کار دەکەن و باج دەدەن، لە دۆخی لە دەستدان یان زیان کردن لەو کارەدا، هەم قەربوو ئەیانگرێتەوە و هەم بیمەی بێکاری و لە حاڵەتی بەردەوامیش خانەنشینی ئەیاگرێتەوە.
ئەمە کورتەی ئەو سیستمەیە کە لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوادا، بە جیاوازییەکی کەمەوە پیادە دەکرێت. لێرەدا حکومەت و هاوڵاتیانی خۆی لە یەک دۆڵ دان و حکومەت باوک و دایکی ڕاستەقینەی میللەتە و میللەتیش خۆی بە خاوەنی حکومەت ئەزانێ. بە گشتیش لەم سیستمە یەکانگیرە تەواوەدا، حکومەت و هاوڵاتیانی، هەردوو لایان، ئاگایان لە یەکترییە و فێڵیش لە یەکتر ناکەن.
بەڵام ئەگەر تەماشایەکی سەرشەقام و ناوبازاڕ و گوزەرانی هەرێمی کوردستان بکەیت، دەبینیت کە پڕ پڕە لە دەستگێڕ و عەربانەگێڕ و مۆتۆڕسکیل سوار و کاسبکارانی سەر شۆستە و چوارڕێیان و فوڵکەکان.
خەڵکانێکی زۆر بە بێ مۆڵەت و دوور لە ڕنمایی تەندروستی و ڕێگەپێدان کار دەکەن و پیشە و هەلی کاریان بۆ خۆیان ڕەخساندووە. هەرچەندە ئەمانە لە ڕووی سیستمی بەڕێوەبردنەوە، نا یاسایی و نا تەندروستی و ناشارستانین، بەڵام بە هیچ جۆرێک حکومەت مافی ئەوەی نیە، دەست بێنێته ڕێگەیان و دەستەبەر و عەربانەکانیان بسووتێنێ و مۆتۆڕسکیلەکانیان دەستەبەسەرا بگرێ و ڕێگە لە کاسبی سەر شەقام و شۆستەکان بگرێ. چونکە لە هەرێم حکومەت لە دۆڵێک و هاوڵاتیانیشی لە دۆڵێکدان. حکومەت باج و خەراجی ئەوێ و هیچ خزمەتێکیش پێشکەش ناکات. جگە لە مووچەخۆرانی خۆی هیچ کام لە فەرمانبەر و کاسبکارانی مافی بیمە و مۆڵەتی نەخۆشی و بیمەی بێکاریان نیە. لێرە حکومەت حکومەتی (هەر بێنە و هیچ نادەم)ە. بۆیە دەبێ وەها حکومەتێک چاوەڕوان بێت، سەر شۆستەکانی پڕ بن لە عەرەبانە و سەکۆ و دەستگێڕ و ڕەمەزانانیش هەر ژنە و بە پەرەمێز و تەشتێ هەویرەوە لە بەر ڕەحمەتی تۆز و مێش و مەگەز خەریکی ناوساجی فڕۆشتن بن.