خۆشەویستی لە سەردەمی پەتای کرۆنا

Tuesday, 05/04/2022, 0:50

6139 بینراوە


 لەکاتی دەرکەوتن و سەرهەڵدانی پەتای کووشندە ، مرۆڤەکان پێیان وابوە دوورکەوتنەوە لەیەکتری و کەمتر نزیك بوونەوە ڕەنگە ببێتە هۆکاری بڵاونەبوونەوە و دابەزاندنی ڕێژەی مردن و خێراتر کردنی پرۆسەی چاك بوونەوە.. هەر بۆیە گەر پێچەوانەکەیان کردبێ، ئەوا ژمارەی قوربانیان زۆرتر بوە و ئاستی پەتاکەش درێژ خایەن بوە و ماوەیەکی زۆرتر وویستوە تا ئەم پەتایە بەتەواوی بنەبڕ بوبێ و چیتر کاریگەری نەمابێ.
٢ ساڵ لەمەوبەر کاتێ پەتای کرۆنا بڵاو بویەوە جگە لەوەی ترسێکی گەورەی ووروژاند ، توانی زۆر بەئاسانی دەلاقەیەك لە نێوانماندا دروست بکا کە هەموو شتیك بکەین تەنها بۆ ئەوەی تووشی ئەم ڤایرۆسە نەبیبن.. بینیمان کاتێ کەسێك تووشی ئەم پەتایە ئەبوو، ئێتر هەرچی لە چوار دەوری هەبوون لێی دوور ئەکەوتنەوە و تەرا ئەبوون. زۆربەمان گەواهیدەری ئەو ڕووداوانەین کەوا چۆن ئەم پەتایە باوك و دایکی لە مناڵ دوور خستەوە، وەیان بە پێچەوانەوە مناڵ نە ئەچوون بەدەم پێداوویستی باوك و دایك لەکاتی تووشبوونیان بەم پەتایە.. نەك هەر ئەوەش هەمان شت لە نێوان ژن و مێرد، ئەندامانی خێزان تا وای لێهات بە تەواوی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان هیچ بەهایەکی نەماو و ترس جێگای گرتەوە. بیرمانە کاتێ باوك ئەهاتەوە بۆ ماڵەوە گەر تووشی ئەم پەتایەش نەبوبێ، باوەش و ماچی مناڵەکانی نە ئەکرد و لێیان دوور ئەکەوتەوە. هەموو ئەم نمونانە ئەوەمان بۆ دەرئەخا کە مرۆڤ لەکاتی ئەو جۆرە قەیران و پەتا و برسێتی و جەنگ و قات و قڕی یەکەم شت ئامادەیە لەدەستی بدا خۆشەویستیە.لەبەرامبەردا ترس و شۆك جێگای ئەگرێتەوە و تا ماوەیەکی دوور و درێژ ئەبێ خەون بەو ڕۆژانەوە ببینێ کەوا بتوانێ جارێکی تر بتوانێ باوەش و تەوقە و ماچ و خۆشەویستی دووبارە تاقی بکاتەوە.
یەکێ لەو کۆنتراکتانەی نێوان ژن و مێرد وەیان ئەو خۆشەویستیە بێ مەرجەی نێوان دایك و باوك بۆ مناڵەکانیان هەرگیز نابێ لەکاتی ناخۆشی و پەتاو جۆرەکانی تر،پەراوێز بخرێن و بخرێنە ژێر پێ.. ئێ باشە ژن و مێرد گەر تەنها لە خۆشیدا بەشداری یەکتر بن، ئەی کاتە قورس و ئاڵۆز و ناسۆریەکان ئەبێ ڕەچاو نەکەن؟! باوك و دایك کاتێ مناڵ ئەخەنەوە و بەهۆی ئەوانە پێیان ئەووترێ بابە و دایە ناکرێ هەروا بەسانایی لەکاتی ناخۆشی مناڵەکانیان وەلا نێن و پشتیان تێ بکەن. بەداخەوە زۆرمان لەم نمونانە بەرچاو کەوت کە هەرگیز نە ئەبوایە ڕووبدا !
هەموو کات بڕوام وابوە ئەم پەتایە ئەگاتە لای هەموان بەبێ جیاوازی، وە زۆربەمان ئەم ڤایرۆسە دێتە نێو جەستەمانەوە . هەر بۆیە لام سەیر نەبوە گەر منیش وەك هەر کەسێکی تر بەدەست ئەم ڤایرۆسەوە بناڵێنم و بتلێمەوە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ کات لایەنی چارەسەری سروشتی دژ بەم ڤایرۆسەم پەراویز نەخستبوو. پێم وابوە کاتێ تووشی ئەم پەتایە دێم ، پێوستە پێش هەموو شتێ لام ئاسایی بێت و بهێڵم سیستمی بەرگری لەشم هەستێ بەکاری خۆی تا بەتەواوی ئیشی خۆی ئەکا.. هیچ کات باوەڕم ئەوەندە لاواز نەبوە (پێکوتە) وەربگرم پێش ئەوەی نەزانم سیستمی بەرگری خۆم چەندە گونجاوە و بەکارە... هەر بۆیە ئەو پێکوتەیەم لەخۆم نەداو کاتێ تووشی پەتاکە بووم ، گەرچی مانگێکی وویست تا چاك ببمەوە، لێ‌ وازم لەوە نە هێنا کە جەستەی خۆم هەستا بە ڕۆڵی خۆی و توانی زاڵ ببێ بەسەر ئەم ڤایرۆسە. بەڵام ئەوەی لای من زۆر زۆر گرنگ بوو ئەوەبوو کە پێوستە لەکاتی تووش بوون بەم ڤایرۆسە وەیان هەر پەتایەکی تری هاوشێوەی کرۆنا، ئەبێ لەگەڵ هاوژینەکەم پێکەوە دەست لەناو دەست هاریکاری یەکتر بکەین و چەکی خۆشەویستی بەکاربهێنین و هیچمان یەکتر جێ نەهێڵین و پشتی یەکتر بەر نەدەین. ئەوەبوو پێکەوە ئەم پەتایەمان گرت و توانیمان پێکەوە بەرهەڵستی بکەین و دواجار زاڵبووین بەسەریدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە