هەولێر (بەشی سێیەم)

Wednesday, 13/04/2022, 0:52

7043 بینراوە


هەردوو حیزبەکە رۆڵێکی گرنگیان لەژیانی گشتییدا لەهەولێر بینی، هەردووکیان لە ئیستغلالکردنی نەهامەتییە ئابوورییەکانی دانیشتووانەکەی هەولێردا، بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیان، چالاکبوون (ئەمە بەشێوەیەکی هەندەکیی هاوجوتتبوون لەگەڵ پاڵپشتیکارە بێگانەکانیان). بزووتنەوەی ئیسلامی لەکوردستانی عێراق لەلایەن ئێران و سعودی عەرەبییەوە پشتگیریی دەکرا، ئەوانەی بەرنامەیەکی فراوانیان بۆ هاوکاریی منداڵانی بێ باوک لەشارەکان پێکهێنابوو، لەگەڵ ئەوانەشی کە بەخێویان دەکرن. ئەوان خەریکی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکان و هاندان و بڵاوکردنەوەی پەروەردەی ئیسلامیی بوون.   یەکێک لەپارتە تورکمانییەکان کە پارتی نیشتیمانی تورکمانی عێراقییە، پارەیەکی زۆری لەتورکیا وەرگرتبوو و بەئاراستەی کارکردن لەگەل خاچی سووری تورکیی هەنگاوی دەنا، بۆئەوەی ئەو بانگەشەیەیان بەهێز بکەن کە زۆربەی دانیشتووانی هەولێر پاشخانێکی تورکمانییان هەیە، ئەوان خوێندنگاو پەیمانگای کەلتورییان دامەزراندبوو، هەروەها بەرنامەی هاوکاریی فریاگوزاریی خۆراکیی کراوەیان تەنیا بۆ تورکومانەکان دامەزراندبوو، لەگەڵ ئەوانەش کە ئامادەبوون خۆیان وەک تورکومان رابگەیەنن. لەو رەوشە ئابوورییە فرە خراپەدا، ئەم جۆرە پرۆژانە دەشێت سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنێت، لەم دۆخەدا، دانیشتووانە هەژارە شارەکییەکە دەست بۆ یارمەتی هەرلایەک درێژ دەکات کە خۆراک و یارمەتی و پارەی پی بێت.
جگە لەحیزبە سیاسییەکان، لەهەولێر پارێزگارییلێکەری دیکە دەرکەوتن، چەندین وەربەهێنەری شارەکیی جۆراوجۆرو سەرکردە خێڵەکییەکان، لەگەڵ ئەو موستەشارە دەوڵەمەندانەی کە توانیان قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکە بۆ قازانجی خۆیان بقۆزنەوە. ژمارەیەک لەو بەڵێندەرو وەبەرهێنە ناخێڵەکییەی کە سامانەکانیان لەدەورانی بەعسدا نابووە سەر یەک، پێش راپەڕین روویان لە بەغدا کرد، بەلام هەندێکی دیکەیان لەئەنجامدانی چالاکیەکانی خۆیان بەردەوامبوون، ئەمانە لەماوەی ساڵانی ١٩٨٠کاندا، سامانەکانی خۆیان لەرێگەی بازرگانی جگەرەو خواردنەوە ئەلکهولییەکان و خۆراکەوە کەڵەکەکردبوو، هەندێک لەوانە هێشتا ئۆفیسی کاریان لەدەرەوە، بۆنموونە لەتورکیا، هەیە. هەندێک لەو بازرگانانەی پێشتر لەهەولێر بوون، هێشتا لەبازرگانی نێودەوڵەتییدا کاردەکەن. چیرۆکی بازرگانی نیشتەجێی بەغدا هەبوو کە لەرێگەی ناوچە کوردییەکەو ئێرانەوە، خورمای لەباشووری عێراقەوە هەناردەی قەتەر دەکرد. بێگومان، بەپشێلکردنی سزاکانی نەتەوەی یەکگرتووەکان، چەندین کەیسی دیکەی ئەم شێوە چالاکییە بازرگانییە بەردەوامە هەیە.
لەپاش راپەڕین، لێبوردنی گشتیی بۆ موستەشارەکان دەرچوو و ئەوان هێزی چەکداری خۆیان پاراست، بەوەش هەندێک لەوانە وەک (میرەکانی جەنگیی لۆکاڵیی local warlords) دەرکەوتن، چ لە شارو چ لەلادێکاندا. هەرچەندە، لەبری قۆرخکاریی توندوتیژیی، هەرەیەکە لەپارتی و یەکێتی، بەهۆی رکابەری نێوخۆیان و لەپێناو بەدیهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەوانەدا، پێگەی ئەم جۆرە میرانەی جەنگیان بەهێزترکرد. یەکێک لەناسراوترین و هەروەها دڕترینی ئەو میرە شارەکییانەی جەنگ "مامەند قەشقە" بوو، کە پێشتر پێشمەرگە بووەو دواتر ببووە جاش، ئەو زۆر وریایانە لەنێوان پارتی و یەکێتی مانۆڕی دەکردو هەتاوەکو مرد یان بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە بەتوندیی لەساڵی ١٩٩٥دا بریندارکرا، دەسەڵاتێکی زۆری بەسەر گەڕەکی ئازادییدا لەهەولێر هەبوو. عەلی قەلاب، کە کۆنەموستەشارێکی دیکە بوو، بەهەمان شێوە لەگەل پارتیدا بوو، بەگوێرەی هەواڵێک ئەو لە پێکدادانێکدا لەگەڵ هێزەکانی یەکێتی، کوژرا. بەڵام هەروەها کەسانی دەسەڵاتداری واش هەبوون کە لەگەڵ یەکێتی کەوتبوون، یەکێک لەوانە ناوی فاروق بوو، نازناوەکەی فاقە بوو لەکەسنەزان، ئەوەی کە لەلایەن میلیشیاکانی پارتییەوە کوژران.  
بەمانایەکی دی، مرۆ دەتوانێ ژمارەیەکی زۆر لەو بەرپرسانەی حیزب بناسێت کە چالاکانە دەیانتوانی سوود لە ناجێگیریی ئابووری بکەن و سامان و قازانجەکانیان بە بەکارهێنانی ئەو توانا سەربازییانەی لەبەردەستیاندایە، پەرەپێبدەن. بەڵام پەرەسەندنی زۆر بەردەوامی ئەم سەرکردە بچووکە سەربەخۆیانە بەواتای خزانی هەرێمەکەی دەگەیاند بۆ نێو پشێویی  پاشاگەردانییەکی کۆمەڵایەتی . درێژەی باسی ئەم میرانەی جەنگ دیارنییە، بەڵام بەگشتی هەروەک چالاکییەکانی باندەکانی تاوانی رێکخراوبوون لەشارەکاندا. هەرچەندە، هەواڵی لابەلا هەبوون سەبارەت بەو هەڕەشانەی ئەمانە دژی خەڵکی مەدەنیی ئەنجامیان دەدا. بەگوێرەی هەندێک هەواڵی لۆکاڵی، تەنانەت کەیسی پارەکێشانەوەو سەرانەسەندن و هەڕەشەلێکردنی ئاشکراش روویداوە. باندی چەکداریی لۆکاڵی دەچوونە سەر ماڵە دەوڵەمەندەکان و هەڕەشەی کوشتن یان فڕاندنی منداڵ و خزمەکانیان لێدەکردن، کە ئەگەر بڕە پارەیەکی دیارییکراو بدەن ئەوە پارێزراو دەبن. لەکاتێکی ساڵی ١٩٩٤دا، یەکێک لەو باندە چەکدارانە ئاوی لەگەڕەکی ئازادی بڕیبوو، تەنیا ئەو کاتە ئاوەکەیان بۆ بەردانەوە کاتێک خەڵکی گەڕەکەکە پارەیەکی مۆڵیان بۆ چەکدارەکان کۆکردبۆوەو پێیان دابوون. پێدەچێت، کە خودی میلیشیای حیزبەکانیش لەکاری سەرانەسەندن و پارەکێشانەوە تێوەگلابن. هەواڵی ئەوتۆ هەبوون کە لەکاتی شەڕە درێژخایەنەکاندا بۆ کۆنترۆڵکردنی رێگەی شارەکان. دەست بەسەر ئۆتۆمبێلی شەخسیدا گیراوە لەخاڵی پشکنین و دواتر بە ئێران فرۆشراوە (لەم ماوەیە لە بەشێک لەسەیتەرەکانی سەر رێگە بەئاشکرا سەرانە دەسێنراو زۆرجاریش نەفەرەکانیان رووت دەکردەوەو پارەو کەلوپەلە گرانبەهاکانیان لێدەسەندن/وەرگێڕ). ئەو شەڕانەی لەهاوینی ١٩٩٤دا هەڵگیرسا، بووە هۆی زێدەبوونی پشێویی و فەوزای گشتیی، هەروەها رێژەی ئەنجامدانی تاوان لەوە زیاتر هەڵکشا. هێزی پۆلیس داڕمابوو، جوڵانەوەی دیموکراتی ئاشوری و شیوعییەکان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، چەکداری نێوشاریان پێکهێنابوو کە لەشەودا پاسەوانی هەندێک لەگەڕەکەکانیان دەکرد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە