سەددام دیکتاتۆرێکی جیاوازبوو

Thursday, 07/04/2022, 22:14

15803 بینراوە


دیکتاتۆرو دیکتاتۆریەت واتا حوکمی تاکە کەس و تاکە حیزب. یانی لە سیستمی حوکمی دیکتاتۆریدا، دیموکڕاسی، ئازادی و مافی مرۆڤ وەک پێویست بوونی نییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سروشتی کۆمەڵگا ئەوە یەکلائەکاتەوە کە ئایا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر یان دیموکڕاسیخواز لەگەڵ خۆی دەگونجێنێت. بۆنمونە سروشتی گەلانی ئەسکەندەناڤیا، بوونی هیچ سیستمی دیکتاتۆری هەزم ناکەن. بەڵام تەواوی گەلانی عێڕاق، واڕاهاتوون کە دەبێت بەزەبرو زەنگ حوکمیان بکرێت. وە کۆمەڵگای عێڕاقی هەرگیز ناتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ سیستمێکی دیموکڕاسیی و ئازادی ڕەهادا. چونکە بوونی هەر دیموکڕاسییەت و ئازادییەکی ڕەها، بەهەڵە ئیستیغلال دەکەن. بۆنمونە: کاتێک دوای داگیرکردنی عێڕاق لەلایەن ئەمریکاوە، بەبێ ئامادەکاری بۆ چونە ناو سەردەمێکی تازەو جیاواز، کە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان. ئەوا لەناکاو کۆمەڵێک چەمک بۆ میللەت پەخشکران، وەکو: ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی تاکەکەسی، مافی ژن، دیموکڕاسی و هەڵبژاردن. ئەمانە زۆر چەمکی جوانن، بەڵام بۆ عێڕاقییەکان تازەبوون، وە چونکە کۆمەڵگاکە هۆشیاریی و ئامادەیی تیانەبوو بۆ وەرگرتنی ئەم چەمکانە، بینیمان دەرەنجامەکە بەو جۆرەیە کە، لایەنگرانی حیزبە سیاسییەکان بە بیانوی ئازادی ڕادەربڕین هەرچی سوکایەتی، قسەی قێزەون و تەشهیرە بەیەکتری دەکەن. هەروەها کەسانێک ئازادی تاکەکەسیی بەوە تێگەیشتوون، کە لەشوێنە گشتییەکان کردەوەی نائەخلاقی بکەن، کە ئەمەش ئادابی گشتی تێکدەدات. هەروەها حیزبەکانیش بەوجۆرە لەدیموکڕاسی تێگەیشتوون کە هەرچەندی توانییان تەزویر لەهەڵبژاردنەکان بکەن و کاتێکیش دۆڕان ئەوا هێزی چەکدار ببەنە سەر بارەگاکانی یەکترو یەکتر تیرۆر بکەن. لەسەردەمی سەددام حوسێندا ژیان بەجۆرێکیتربوو، سەددام زۆر باش سروشتی کۆمەڵگای خۆی خوێندبویەوەو لەوە تێگەیشتبوو کە بە دیموکڕاسیی ناتوانێت حوکمی ئەم میللەتە بکات، چونکە ئەگەر زیاد لەپێویست ئازادی بەم میللەتانە بدات و بۆی شل بکات ئەوا میللەت لەناو خۆیاندا بەڕووی یەکترو بەڕووی دەسەڵاتیشدا دەتەقێتەوە. بۆیە سەددام بە زەبروزەنگ حوکمی دەکردو کۆنتڕۆڵی تەواوی پێکهاتەکانی عێڕاقی کردبوو. کەس نەیدەوێرا باسی ناکۆکی بەینی شیعەو سوننەو کوردو عەڕەب بکات. بۆیە ئەگەرچی بۆ کورد باش نەبوو، بەڵام بەگشتی سەددام پیاوێکی ئاقڵ و سەرکردەیەکی بوێرو بەهەیبەت و لێهاتوو بوو، وە لەوە تێگەیشتبوو کە، گەورەترین کێشەی نێوان عێڕاقییەکان بابەتی مەزهەبییە لەنێوان سوننەو شیعە. هەروەها بابەتی قەومیە لەبەینی کوردو عەڕەب. ئەم بابەتانەش زەمەنێکە وەکو قومبەلەی تەوقیتکراون هەر ماوە ماوە دەتەقنەوەو ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی تێکدەدەن. بۆیە سەددام لەوە تێگەیشتبوو کە ئەم کێشانەی بەینی پێکهاتەکان وەکو زێرابێکی بۆگەن وان، ئەگەر ئازادی بەم پێکهاتانە بدرێت و سەرکوت نەکرێن ئەوا سەری ئەم زێرابە لادەچێت و پیسی و بۆگەنی ئەم زێرابە بەتەواوی عێڕاقدا بڵاودەبێتەوەو ئاشتی و ئارامی لەتەواوی وڵات تێکدەچێت. 
بۆیە سەددام حوسێن وتبووی کێشەی بەینی پێکهاتەکانی وەک، کوردو سوننەو شیعە وەکو زێراب و قومبەلە وان، تەنها منیش سەری ئەم زێرابەم داپۆشیوەو ئەڵقەی ئەم قومبەلەیەم گرتووەو ڕێگە نادەم بتەقێتەوەو دەیان جاریش تەقینەوەکەم پوچەڵ کردۆتەوە. وە کاتێک من نامێنم سەری زێرابەکە لادەچێت و قومبەلەکەش دەتەقێتەوەو بۆگەنی زێرابەکەو پڕشکی قومبەلەکە تەواوی عێڕاق دەگرنەوەو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بەتەواوی تێکدەچێت. تەبعەن سەددام تەنها بە زەبرو زەنگ و حوکمێکی توند توانی بۆ ماوەی دەیان ساڵ ئەم کێشە گەورانە خەفە بکات وە هیچ ڕێگەچارەیتری نەبوو، لەنێوان خەراپ و خەراپترو خەراپتریندا، ئەو خەراپی هەڵبژاردبوو. ئەگینا سەددام لەناخەوە کەسێکی دیکتاتۆر نەبوو، وە کەسێکی زۆر دڵسۆزبوو بۆ میللەتانی عێڕاق و وڵاتەکەی. سەددام ناچاربوو بەزەبری هێز کێشەی بەینی پێکهاتەکان خەفە بکات، وە سەددام مەترسی نەبوو بۆ سەر ژیانی هەرکەسێک، کە تەداخولی سیاسەت و بابەتی بەینی پێکهاتەکان نەکات و سیخوڕی لەدژی وڵاتی خۆی نەکات. هەر کەسێک ئەم شتانەی نەکردبایە، ئەوا ژیانی ئەوکاتی عێڕاق بۆ ئەو کەسە بەهەشتبوو. چونکە سەددام میللەتی خۆی زۆر بەباشی دەژیاندو هەموو خزمەتگوزاریەک بەردەستبوو، کارەبای ٢٤ سەعاتی هەبوو، جادەو ڕێگەوبان زۆر باشبوون، ئاوی پاکی خواردنەوە هەبوو، سیستەمی تەندروستی زۆر لەئێستا باشتربوو، یاساو دادپەروەری و یەکسانی زۆر لەئێستا باشتر بوو، ئابوری عێڕاق هێندە باش بوو، تەنانەت لە هەشتاکان خەڵکی وڵاتانیتر دەهاتن لەعێڕاق ئیشیان دەکرد. بەڵام ئێستا ئەمە پێچەوانە بۆتەوەو بەهۆی نەمانی سەددام و هاتنە سەرحوکمی کۆمەڵێک تیرۆریستی سوننی و شیعیی و مافیای کوردی. 
سەدان هەزاری وەکو ئێمە دەربەدەرکراون و وڵاتی خۆمان لێ حەرام کراوە. ئەگەرچی عێڕاقی هەشتاکان وەکو ئەوروپای ئێستا پێشکەوتووبوو، کەچی بەهۆی نەمانی سەددام وڵات پەنجا ساڵ بەرەو دواوە گەڕایەوە. بۆیە لەسەر ئەم بەراوردو بنەمایانە، دەڵێم سەددام لەهەموو سەرکردەکانی ئێستای عێڕاق و کوردستان باشتربوو. سەددام باڵی کێشابوو بەسەر دەیان کێشەداو کەس نەیدەوێرا کێشە گەورەکان بتەقێنێتەوە. تەنانەت دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا کە گەورەترین دوژمنی سەددام بوون. وتی: دەزانن سەددام چی شتێکی زۆر بەباشی ئەنجام دەدا؟ ئەو تیرۆریستەکانی دەکوشت، سەددام کەسانی تێکدەری ڕێک دەکوشت. سەددام ئەم کارەی زۆر بە باشی دەکرد. وە مافەکانی پێنەدەدان، ڕێگەی پێنەدەدان قسە بکەن، ئەوان تیرۆریستن و تەواو بڕایەوە. هەروەها ترامپ تەقریبەن هەمان ئەو قسەی سەددامی بەشیوازێکیتر دووبارەکردەوەو وتی، ئێستا خراپەکاران و تیرۆریستان عێڕاقیان شێواندووە. وە عێڕاق بووە بە بەرهەمهێنەری تیرۆریستان. ترامپ وتیشی، ئەگەر ئەتەوێت ببیت بە تیرۆریست ئەوا بڕۆ بۆ عێڕاق. ئەمانە قسەی سەرۆکی ئەم وڵاتەن کە سەددامیان ڕوخاند بەپاساوی دیکتاتۆریی بوون، کەچی ئێستا خۆیان پەشیمانن و ددان بەوەدا دەنێن، کە سەددام لەئەوان باشتر توانیبووی کێشەکانی عێڕاق خەفە بکات. تەبعەن ترامپ کە وتی تیرۆریستەکانی دەکوشت و سەرکوتی دەکردن، مەبەستی هەموو ئەو سیاسیی و سەرکردانەی ئێستای کورد و سوننەو شیعەبوو، کە ئێستا حوکمی عێڕاق دەکەن و وڵاتیان کردووە بە کارگەیەکی زەبەلاح بۆ بەرهەمهێنانی تیرۆریستان. بەڵام هیچ کام لەئەوان نەیاندەوێرا لە ترسی سەددام سەر بەرزبکەنەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە