بۆچی زیاتر زۆنی سەوز لەدەست دەرچووە؟
Friday, 08/04/2022, 22:12
9287 بینراوە
کە باسی زۆنی سەوز و قەڵەمرٍەوی لەمبەری دێگەڵەوە دەکەیت بێ سەروبەری زیاتر خۆی سەپاندووە، ئەمەش دەڵێین وەنەبێت کە زۆنی زەرد شامی شەریفە و رووی لە پێشکەوتن و ئارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی جێگەی خۆی کردبێت، بەڵام ئەوەی روونە کە هیچ بەراوردێک لە نێوان هەردوو زۆنەکە ناکرێت و حاڵی دەسەڵاتی ئەم ناوچەیە گەیشتۆتە بەرەڵایی و بێ سەرپەرشت و تەنانەت نەبونی دەم سپیەکی دونیادیدەی تا رادەیەکی نیمچەحەکیمیش. ئەوەی راستی بێت ئەم ناوچەیە لە پاش 16ی ئۆکتۆبەرو و دواتر لە پاش 8ی تەموز گەیشتۆتە چڵەپۆپەی بێدەربەستی و بێخاوەنی و وردە وردە پشێویرباڵی بەسەردا کێشاوە و بەرەڵایی سیاسی و زیاتر ئابووری بینا قاقای گرتووە و بەردەوام خراپتر دەبێت و هیچ ئاسۆیەکی تاریکیش بێت لێت دیارنیە. ئەمە بۆچی و خەتای کێیە ؟
* نەبوونی دەمراست و فرەکوێخایی و زاڵبونی کەسانی بەرژەوەندخوازی سیاسی و بازرگانی و دەست تێکەڵی زۆرلایەن لە کایە ئابووری و بازرگانی و کۆمەڵایەتیەکان و هەوڵی هەمەلایەنی لێکردنەوە کێکەکەی گورگە بۆرەکانی نیًو کایەی دەسەڵات و هاوبەشانیان لە سەرمایەداران لەم زۆنە لە لایەک و دابەشبونی دەسترۆیشتوان بەسەر چەند بەرەیەکی دژ بەیەکی نا بەرپرس و سەرقاڵبووی دابەشکردنی میراتیەکە لە پاش مردنی یەکجاری باوە گەورەکانی حوکمداری ئەم ناوچەیە و هێشتنەوەی پاشماوەی بۆ رٍۆڵە میراتگرە چەند جۆرەکانیان.
* دەست تێکەڵبونی سەرمایەدارانی هاوبەشی دەسەڵاتدارانی ناکۆکی ئەم زۆنە بە هەموجۆرێک کە بە تەواوی وایکردووە کار لەسەر دابەشکردنی ئەوەی هەیە بەسەرخۆیاندا بکەن و دەستی میلەتیش لە بنی هەمبانەکەی ئەوان دەرچووە ( ئەمەش واناگەیەنێت کە لە زۆنی زەرد شتی وانەبێت، بەڵام دەستی زاڵی ئەو دەڤەرە وایکردووە کە ئەڵقەکانی حەپەلوش کەمتر بن لەگەلڕ ئەوەی داهات زۆرتربێت و ئەمەش وایکردووە کە زۆرێک لە سەلبیاتی ئەم دەڤەرە لەو دەڤەرەکەی تر بوونی نەبێت) .
* ئەو کێبرکێیەی لە نێوان هەردوو حزبی دەسترۆیشتوودا هەیە وای کردووە کە داهاتەکان زۆر جیاواز لە پێشتر بن و چارەنوسی بەدەست حکومەتەوەی نەمێنێت و حزب زاڵتر بێت لە قۆرخرکردن و داهاتی هەرچەند بێت نەگەرٍێتەوە بۆ حکومەت و، ئەمەش وایکردووە کە دەسەڵاتەکان لە هەردوو زۆنەکە بیر لە سنوری دەسەڵاتی سیاسی و جوگرافی تایبەتی خۆیان بکەنەوە و کورد و کوردستان و پرسەکەی قوربانی ئەو دابەشبونە بن و، بە تایبەتی زۆنی سەوز لەم ترسەدا هەوڵی خستنەلای داهاتەکەی خۆی بێت و زۆنی زەردیش گومانی لێبکات و زیاتر گرنگی بە زۆنەکەی خۆی بدات .
* وادیارە لە پاش کێشە و گیروکرفتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عیراق و مکوربونی پارتی لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە دەرکردنی زۆرێک لە کارتەکان لە دەست یەکێَََتی زیاتر دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز هەست بە لاوازی بکەن و ترسیان لە لاوازبونی زیاتر کردبێت و خۆیان خستبێتە دەست قەدەری جێبەجێکردنی فەرمانی سەرجەمسەرە ناوچەییەکەیان .
* بێ هیوایی دەسەڵاتدارانی زۆنی زەرد بەم زۆنە و یەکلاییبونەوەیان لەوەی لەدەست دەرچوبێت وایکردووە لە دواجاردا پێشنیاری دابەشکردنی دەسەڵاتی هەرێم بەسەر سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیراندا کردووە بەڵکو چارەنوسی داهاتەکەی ئەم ناوچەیە دەربکەوێت و بەخۆیان راستیەکان بدرکێنن.
* ئەوەی زیاتر روونە ئەم زۆنە زیاتر لای حزبێکە کە بە خۆی بەر]وەبردنی خۆی وەکو حزب و ئینجا بەشەحکومەتەکەی یەکلایی نەبۆتەوە و ناوەندێتی بریاری سیاسی تێیدا بزرە و فرە کوێخایی وایکردووە کە هەر لاو کوتلەیەک هەوڵ دەدات بەڵکو بەشی شێر لە داهاتەکەی دەستکەوێت و موچەخۆر و خەڵکیش چش.
* ئەوەی ئاڵۆزی و پشێوی و بەرەڵایی ئەم زۆنەی زەق کردۆتەوە ئەوەیە کە تا رادەیەک داهاتی ئەم زۆنە لەبەر چاوە و هەروەها چۆنێتی حەپەلوشکرنی بە رۆژی نیوەرٍۆ دیارە، بەڵام لەو زۆنەکەی تر تا ئیٍستا کەس هیچ داهاتێکی نازانێت و بە تایبەتی داهاتی نەوت لە دەستێکدایە بە هەزار فلتەردا تێپەربیت نایدۆزیتەوە و تەنانەت بەکار هێنانی کۆمپانیای بیانی بۆ ئەوەیە زیاتر راستیەکان بشارنەوە، ئەگینا حساب و هەڵسەنگاندن و وردبینی نەک بە کۆمانیانی نێوخۆ بەڵکو بە شارەزوایانی ئابووری کوردیش دەکرێت .
بۆیە، تاوەکو دەسەڵات دابەش بوبێت و ناوەندێتی دەسەڵاتی دەڤەری سەوز و قەڵەمرەوی زۆنەکە نادیار بێت و حوکمداری روون نەبێتەوە و فرەکوێخایی زاڵبێت و کێبرکرێی نێوخۆیی حزبی دەسەڵاتدار زیاتر بێت و، دەستوەردانی دەستی دەرەکی و ناوچەیی لە وردەکاری بەرێوەبردنی زۆنەکە زاڵتر بێت لەوەی دەڤەری زەرد ئەوا بێسەروبەری و بەرەڵایی زیاتر و بێخاوەنێتی زیاتر خۆی دەسەپێنێت و بە گۆرٍانێکی ریشەیی نەبێت هیچ چارەسەری نابێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست