هەڵوێست، چۆن لە دەستی داعش ڕزگاری بوو

Monday, 11/04/2022, 23:48

6991 بینراوە


دانا مەغدید_ حەوێجە

چیرۆکی خەمناکی قوربانیانی دەستی داعش زۆر زۆرن، ئەگەر تەنها چەندێکی کەمیان لێ کۆ بکرێتەوە، گەورەترین و دانسقەترین کتێبی لێ دەردەچێت، هەر یەکێک لەو چیرۆکانە، لەوەی تر جیاوازەو مەینەتی و چەرمەسەری هیچ یەکێکیشیان ناتوانرێت، بە نوسین وێنا بکرێت.
بەسەرهاتی هەڵوێست عبدالواحد احمد، کە خەڵکی حەوێجەیە، یەکێکە لەو بەسەرهاتانەی ناخی مرۆڤ دەهەژێنێت، ئەو گەنجێکی دوور لە سیاسەت و مەزهەبگەرایی، لەگەڵ خێزانەکەیدا سەرقاڵی ژیانی ئاسایی خۆیانن، لە پڕ هێزەکانی داعش، پەلاماری شارەکەیان دەدەن و داگیری دەکەن، بە جۆرێک کە دەرفەتی راکردن بۆ کەمترین کەس دەڕەخسێت، کاتێک هەڵوێس، دەیەوێت خۆی بگەیەنێتە ماڵەوە، چونکە لەو کاتەدا بۆ کڕینی هەندێک پێداویستی، چۆتە بازاڕ، لەو سەری کۆڵانی ماڵی خۆیانەوە چەند چەکدارێکی ریش ئاڵۆزی تەپوتۆزاوی دەبینێت، کە چەکەکانیان بە دەستەوەیەو لەماڵی ئەوان دێنە دەرەوە، بۆیە دڵی دادەخورپێت و تێدەگات کارەساتێکی گەورە روویداوە، منداڵێکی کۆڵانەکەیان بانگی دەکات و پێی دەڵێت، ماڵی ئێوە هەموو کوژران، نەڕۆیتەوە تۆش دەکوژن، بەڵام هەڵوێست هەر سوورە لەسەر ئەوەی خۆی بگەیەنێتەوە ماڵ، کاتێک دەبینێت حەوشەی ماڵیان پڕە لە داعشی ترسناک، بەپەلەپڕوزێ دوور دەکەوێتەوەو بە مۆبایل پەیوەندی بە تەواوی کەس و کاریەوە دەکات، کەسیان وەڵامی نادەنەوە، تەنها دراوسێیەکیان وەڵامی دەداتەوەو پێی دەڵێت داعشەکان هەموو کەس و کاری تۆیان لەناو بردوە، تەنها دایک و برایەکت دەربازیان بووە، ئامۆژگاری دەکات کە بەهیچ شێوەیەک لە حەوێجە نەمێنێتەوەو بڕوات، بۆیە بەپێ و بەڕێگای نهێنیدا دەکەوێتە رێگاو چەند شەوو رۆژێک لە رێگادا دەبێت، رەنگە هەڵوێست لەو گوندانەی کەوتونەتە سەر رێگەی، خواردنی خواردبێت، یان کەسانێکی رێبوار، هاوکاریان کردبێت، هەندێک دەڵێن رێکخراوە خێرخوازیەکان لەخۆیان گرتووە، هەندێکی دی دەڵێن، رەنگە خۆی گەیاندبێتە وڵاتێکی ئەوروپی، ئاخر لەوە ترساوە، داعش هەرێمی کوردستانیش داگیر بکات و دەستییان پێی بگات، ئێستا ئەو دڵبریندارو تەعزیەبارەو هیچ شوێنێک ئارامی پێ نادات، لەوانەیە یادگاریەکانی منداڵی و گەنجێتی حەوێجەو ژیان و گوزەرانی لەگەڵ کەس و کاریدا، بەردەوام لە خەیاڵیدا بن، تۆ بڵێی هەڵوێست نەکەوتبێتە دەریاکان و بە خەمناکی سەری نابێتەوە، یان لەسەر سنوری وڵاتان لە سەرماو لە برسان، نەمردبێت؟ کەس نازانێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە