ڕەمەزانی بێ ماریا

Tuesday, 12/04/2022, 0:05

15823 بینراوە


پێکەوەژیانی ئایین و باوەڕەکان و ڕێزگرتنی هەموویان، پێویستییەکی کۆمەڵایەتی و مرۆییەو ئاستێکە لە هۆشیاریی کە گرنگە پێ ی بگەین. بەڵام ئەوە ناکاتە ئەوەی کە دەمی ڕەخنە، لەسەر دیاردە نامرۆییەکان دابخەین و ئەبێ تێبگەین لەوەی کە ڕەخنە لە دین ناکاتە دوژمنایەتی و دژایەتی دین، بەڵکو شتێکە بۆ قازانجی بەشەریەت کە ئەشێ خوداش هەر ئەوەی بوێت.
ڕەمەزان و ڕۆژوو شتێکی تایبەتی موسوڵمانەکانەو جێگای ڕێزە، بەڵام ئەونەی جەخت لەسەر وردەکاری و تەفاسیلەکانی ڕۆژو ئەکرێتەوە، ئەونە گرنگی بە خودی ژیان بدرایە، ئەوکات کوشتن نەئەبووە سیمای ئەم ناوچەیە. دەیان موجەڵەدو کتێب و دوکتۆرا لەسەر ئەوە نوسراوە کە دەستنوێژ بەچی ئەشکێ و بەچی ناشکێ، لەکاتێکا کە ئەو وردەکارییانە هیچ کەلێنێکی ئەم جیهانە پڕناکەنەوە،، لەبری ئەوە بیر لە یەکسانی و پێگەو ڕۆڵ و ڕێزی ژن بکرایەتەوە، ئەوکات ژنکوشتن نەئەبووە نەخۆشییەکی درێژخایەنی ئێمە.
ئەبوو ڕێك پێچەوانەبێت، ئەو شتانەی کە زۆر ڕۆچووینەتە وردەکارییەکانییەوە، ئەبوو سادەو سەتحی وەریگرین و ئەو شتانەشی ناچین بەلایدا، یان سادەو سەتحی لێ ی ئەڕوانین، ئەبوو زۆر وردو قووڵ ببینەوە تێیاندا. 
ئەگەر لەبری ئەو هەموو وردەکارییەی تارات و سەرئاو، گرنگیمان بە زانست بدایە، ئێستا جێدەستمان لە مەریخ بوو. لەبری ئەو هەموو تەفاسیلەی ڕۆژو بەچی ئەشکێ و بەچی ناشكێ، گرنگیمان بە عەدالەت بدایە، ئێستا ژیانی خەڵکەکە ماقوڵ و سیستەمی سیاسیشمان ڕووی مەجلیسی هەبوو. لەبری خۆ خەریککردن بە جل و تەنوورەی کچانەوە، ئەگەر خەریکی فکرو فەلسەفەو هونەرو پرسی ئازادی بووینایە، ئێستا ئینسانەکان خەریکی بنیاتنانی شتی گەورەبوون و لەسەر شتی بچوك خۆیان و دنیایان وێران نەئەکرد.
ڕۆژووی هەمووان قبوڵبێ، بەڵام ئەگەر لەبری باسوخواسی خورما، خەریکی پرسی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی بووینایە، ئێستا ماریا لەناوماندابوو.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە